ئەیلول 20, 2019

شێخ تاهیر عەبدولغەفوور شووشـــــــــی- تێكۆشـەر و كـەسایـەتی ناسراو: مەسعوود بارزانی وەكــو پێشمەرگە و كەســـایەتییــەكـی سیاســــی و سـەربــــــــــــــــازی ڕۆڵێـــكی گرنگی هەبووە لە مێـــژووی بزاڤـی ڕزگــــاریخوازی كورددا

بەشی سێيەم

* لە ژیانی مەدەنی و حوكمڕانی و بنیاتنانی دامەزراوە شەرعی و یاساییەكان رۆڵ و پێگەی مەسعوود بارزانی دیارو لەبەرچاوە، بەتایبەتی لە یەكەمین پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان، پێت وانییە ئەم ئەركەش كەمتر نییە لەئەركی پێشمەرگایەتی و پارتیزانی و بەرخودان؟
_ لە بەیانی رۆژی 19|5|1992 بە چاودێری چەند دەزگا و ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی هەڵبژاردن دەستی پێكرد بە بەشداری كردنی چەند پارت و كەسایەتیەكی كورد لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك و لە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەدا ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان كەوتە كار و پاشان سەرۆكی حكوومەت و وەزیرەكان دەست نیشان كران و لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانیەوە هەموو دەزگاكانی میری و پارێزگاكان و كارمەندانی حكوومەت دەست بەكاربوون.
* شەڕەكانی عێراق بۆ كورد دەرفەتێكی زێرین بوو بۆ ئەوەی دوای ئەم شەڕانە بەشێك لە ماف و ئاواتەكانی بەدەست بهێنێت، ئایا مەسعوود بارزانی وەكو سەركردەیەكی دیارو لەبەرچاوی گەلی كوردستان چۆن لەم قۆناغەدا بەتایبەتی لەجەنگی دووەمی كەنداو مامەڵەی كرد؟
_ پاش جەنگی یەكەمی كەنداو و چەسپاندنی ناوچەی دژە فڕین و (ناوچەی ئارام) لەلایەن هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی ریفراندۆم و دامەزراندنی حكوومەتی كوردستان، هەموو ئەمانە بووە هۆی ناڕەزایی و توڕەبوونی ڕژێمی بەعسی عێراقی و دەستی كرد بە چنینی پیلان و دانانی كۆسپ و تەگەرە بۆ تێكدانی ئەو ئەزموونە وەك كشانەوەی كاربەدەست و كارمەندانی لە كوردستان و چەسپاندنی ئابلووقەی ئابووریی لەسەر كوردستان و بەكارهێنانی سیخوڕ و جاسووسەكانی بۆ تێكدانی ڕەوشی ناوخۆیی كوردستان و رێخۆشكردن بۆ شەڕی ناوخۆ.
لە پاش ڕاپەڕینی بەهاری 1991ی كوردستان، هەموو حزب و ڕێكخراوەكان و ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و بەرپرس و سەركردەكانی، روویان لە كوردستان كرد. مەسعوود بارزانی لە هەموو كۆبوونەوەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە لەندەن و نیویۆرك و سەلاحەددین ڕۆڵێكی گەورەی بینی بۆ یەكخستنەوەی ریزەكانی لایەنەكان و داڕشتنی رێگا چارەیەك بۆ كێشەكانی عێراقی دوای سەددام. تەنانەت مەسعوود بارزانی لە چاوپێكەوتن و سەردانی بەرپرس و كاربەدەستانی بیانی و نێودەوڵەتیدا، ماف ء مەزڵوومیەتی میللەتی كوردی پێ ئاشنا دەكردن و داوای یارمەتیدان و پشتگیری زیاتری بۆ خەبات و تێكۆشانی ئەم میللەتە دەكرد.
لە كاتی دەستپێكی جەنگی دووەم كەنداوی لە سەرەتای ساڵی 2003 لەسەر فەرمانی سەرۆكی ئەمەریكا جۆرج بۆشی كوڕ، سەركردایەتی كوردستانی باشوور هەموو ئامادەكاریەكی بۆ ئەم جەنگە كرد و بەهەماهەنگی و هاوكاری خەڵك و پێشمەرگەی كوردستان بەشداریی ئەو شەڕەیان لە دژی رژێمی سەددام كرد و كوردستان بووە جێگای متمانە بۆ هەموو هێزەكانی هاوپەیمانان.
پاش سەركەوتنی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە رووخاندنی رژێمی گۆڕبەگۆڕ رۆڵی سەركردایەتی كوردستان بۆ بنیاتنانەوەی عیراقێكی تازە و سیستەمێكی تازەی حوكمڕانی دیموكراسی، لە پێكهێنانی (مجلس الحكم) بەشداریان كرد و دامەزراوە مەدەنی و سەربازی و دیبلۆماسییەكان و یارمەتیدانی (پۆل بریمەر) لە هەموو بوارەكانی سیاسی و ئابووری و حوكمڕانی كە بەڕێز مەسعوود بارزانی یەكێك بوو لە ئەندامانی (مجلس الحكم) و ڕۆڵێكی شایستەی لەو سەردەمە هەستیارەی مێژووی عێراقدا گێڕا، بەتایبەتی لە چەسپاندنی حوكمڕانی فیدرالیەت لە عێراق و كوردستاندا.
* مەسعوود بارزانی بەردەوام شانازی بە پێشمەرگایەتی خۆی دەكرد، ناچار لەبەر قۆناغە هەستیارەكە و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد خۆی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژارد، پرسیار ئەوەیە لەم سەرۆكایەتییەدا دوژمنەكانی كورد زیاتر هێرشیان كردە سەر كورد بۆیە هەرچی قسە و ناوزڕاندن و هێرشێك هەبوو روویان كردە پۆستی سەرۆكی هەرێم چونكە دەیانزانی سەركردەیەكی خاوەن مێژوویەكی وا گەورە و بەناوبانگ و بەئەزموون چ مەترسییەكی بۆ سەر پرۆژە شۆڤێنیەكانی ئەوان هەیە، ئایا مەسعوود بارزانی چۆن هەڵسوكەوتی لەگەڵ ئەمەدا كرد؟
_ بە تەواو بوونی دەزگاكانی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە دامەزراوە تەشریعی و تەنفیزی و قەزائییەكان ڕۆژی12/6/2005 پەرلەمانی كوردستان، مەسعوود بارزانی هەڵبژارد بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بۆ جاری دووەم بەڕێزیان بە گشتپرسی گشتی لەلایەن خەڵكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرایەوە بەتەواوی دەسەڵاتەوە لەوانە "فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان" و بڕیاردەرەی لێبوردنی تایبەت بە زیندانییە حوكمدراوەكان و ڕەزامەندی و واژووكردنی پڕۆژە بڕیارەكانی پەرلەمانی كوردستان و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی باڵای نیشتمانی و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی كوردستان و كاركردن بۆ بەهێزكردنی دەزگا ئەمنیەكان و پاراستن و زانیاری و گەلێك دەسەڵاتی تر.
لێرەدا دەبینین ڕۆڵی سەرۆك بارزانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەستیارتر دەبێت لە ڕاپەڕاندنی ئەرك و بەرپرسیاریەتیەكانی ناوخۆیی و دەرەوە بەتایبەت چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق و پاراستنی مافەكانی میللەتی كورد و پەرەپێدانی رەوشی ئابووری كوردستان و بیناكردنی دەزگا ئیدارییەكان و قەزائییەكان و دادوەری و بەهێزكردنی دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش و هێزی زێرەڤانی و پێشمەرگەی كوردستان و بایەخدان بە دادوەران و كەرتی كۆمەڵایەتی و پشتگیری كردن لە سێكتەرەكانی تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا.
لە ڕۆژی 20|8|2009 سەرۆك بارزانی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی بۆ جاری دووەم خوارد كە لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە هاتبووە هەڵبژاردن و ئەرك و بەرپرسیاری بەڕێزیان هێندەی دیكە قورستر بوو لە وانەش جێگیر كردنی بڕگەكانی دەستووری تازەی عێراقی بە چەسپاندنی مافە ڕەواكانی میللەتی كورد لە شەراكەتی فیعلی لە حوكمڕانی عیراقدا و جێبەجێ كردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراقی سەبارەت بە ئەنجامدانی سەرژمێری و ریفراندۆم بۆ گەڕاندنەوەی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی تری كوردستان و مسۆگەر كردنی بەشی كوردستان لە بودجەی ساڵانەی دەوڵەتی فیدرالی عێراق.
گفتوگۆكانی حكوومەتی عێراق و ئەمەریكا سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە خاكی عێراق بابەتێكی گرنگ بوو لەلایەن مەسعوود بارزانی و حكوومەتی كوردستان بەتایبەتی لە رووی پاراستنی كوردستان و بەرژەوەندییەكانی ئەمنی و سیاسی و ئابووری كە واژوو دەكرێت لەنێوان هەردوو حكوومەتدا، لەلایەكی تر پاشەڕۆژی پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و كوردستان لە گۆڕەپانی گفتوگۆی جدی و سەرنج ڕاكێش دابوون لە نێوان بەرپرسانی هەردوولا.
هەر لە 2009 وە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لەلایەن بەڕێزان مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی پەسەندكرا و پاشان واژوو كرا، بە ڕێككەوتنێكی گرنگ و سوودبەخش بۆ یەكخستنی نێوماڵی كورد و نەهێشتنی دوو ئیدارەیی دەژمێردرێ كە زۆر خاڵی گرنگ و بەرهەمداری لەخۆ گرتبوو لەوانە نەهێشتنی شوێنەواری دوو ئیدارەیی و یەكخستنەوەی دام و دوەزگاكانی حكوومەت و دەزگا ئەمنییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە و داكۆكی كردن لەسەر پەرەپێدان و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی میللەتی كورد لە بەغدا و دابەشكردنی پلە و پایەكانی بەرپرسانی كورد لەناو ئیدارەی حكوومەتی ناوەند و بۆ یەكەمین جار كەسایەتییەكی ناوداری كورد وەكو "مام جەلال تاڵەبانی" هەڵبژارد وەك سەرۆك كۆماری عێراق و شەراكەتی هەردوو حزب بەیەك لیستی هاوبەش لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كوردستاندا و لە بەڕێوەبردنی دامودەزگاكانی حكوومەت و دەزگاكانی ئەمنی و پاراستن و زانیاریی و هێزەكانی پێشمەرگە و بەڕێوەبردنی بەرژەوەندیەكانی تر كە بەباشی بەڕێوە دەچوون و هەموو خەڵكی كوردستان لەو ڕێككەوتنە سوودمەند بوون.
* لە شەڕی داعش دا مەسعوود بارزانی بووە سەرۆكی بەهێزترین و كاریگەرترین هێزی زەمینی دژی تیرۆرستان كە هێزی پێشمەرگە بوو، لەمەشدا دەستكەوتی گەورەی بۆ كورد بەدیهێنا دەكرێت باسێكی چیرۆكی ئەم سەركەوتنانەمان بۆ بكەیت؟
_ ئەو پێشكەوتن و ئارامیەی هەرێمی كوردستان و تەبایی خەڵكی كوردستان و پێشوازی كردنیان لە دەستووری عێراقی فیدراڵی و بەرپاكردنی ڕێككەوتننامەی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی و دامەزراندنی حكوومەتی یەكگرتوی كوردستان و تەرخانكردنی بودجەیەكی شایستە بۆ هەرێمی كوردستان و بەرەوپێش چوونی پرۆسەی بیناسازی و باشبوونی ڕەوشی ژیانی هاووڵاتیان ئەمانە هەمووی بوونە هۆكارگەلێكی سەرەكی و كاریگەر بۆ جوڵاندنی دوژمنانی كورد لەناوخۆو دەرەوە كە دەستیان كرد بە داڕشتنی پیلانی جۆراوجۆر بۆ تێكدانی ئەزموونی پێشكەوتووی هەرێم لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئەمینی، یەك لەو دوژمنانە تیرۆریستانی داعش بوو كە مەسعوود بارزانی بە حیكمەت و سیاسەتی ژیرانەی خۆی توانی زۆربەی وڵاتانی دونیا دژی داعش كۆبكاتەوە، بەتایبەتی ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپا بۆ پێشكەشكردنی یارمەتی سەربازی بۆ لێدانی داعش و لەناوبردنیان كە تا ئێستاش ئەو هێزانە شان بە شانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دژی تیرۆرستانی داعش دەجەنگن.
هەڵبەتە ئەو پێشكەوتنانەی هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە بینی و ئەو ئەمن و ئارامی و تەباییەی خەڵكی كوردستان و پێشوازی كردنیان لە دەستووری عێراقی تازە و بەرپاكردنی رێككەوتننامەی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی و دامەزراندنی حكوومەتی یەكگرتووی كوردستان و هەڵبژاردنی مام جەلال بە سەرۆك كۆماری عێراقی فیدرالأ و تەرخان كردنی بودجەیەكی زۆر بۆ هەرێمی كوردستان و ئاوەدان كردنەوەی هەرێمی كوردستان و باشبوونی رەوشی هاووڵاتیان ئەمانە هەموویان بوونە فاكتەرێكی سەرەكی و كارتێكەر بۆ جوڵاندنی دوژمنانی كورد لە ناوخۆ و لە دەرەوە كە دەست بەداڕشتنی پیلانی جۆراوجۆر بۆ تێكدانی پێشكەوتوویی هەرێمی سیاسی لە رووی سیاسیی و ئابووریی و ئەمنییەوە بكەن.
لەتكردنی ریزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و چوونە دەرەوەی گروپێكی ناو یەكێتی بە سەرۆكایەتی "نەوشیروان مستەفا ئەمین" كە یەكێك لە بەهێزترین هۆكار كە لە یەكێتی و مام جەلال جوودا بۆوە و رەوتێكی بەناوی (بزووتنەوەی گۆڕان) دروستی كرد، واژووكردنی مام جەلال بوو لەگەلأ مەسعوود بارزانی بۆ ڕێككەوتننامەی ستراتیژی كە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەو رەوتە (بزووتنەوەی گۆڕان) كادیران و هەوادارانی كەوتنە سەنگەری دژایەتیكردنی پارتی و یەكێتی و بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەی ناڕەوا و بێ بنەما دژی هەر سیاسەتمەدارێكی كورد كە لەگەلأ رەفتار و بەرنامەكانیان نەگونجێ.
وەلێ دوژمن و ناحەزانی دەرەوەیش لەلایەن خۆیانەوە جارێكی تر كەوتنە پیلانگێڕی بۆ تێكدانی رەوشی سیاسی و ئابووری و ئەمنی هەرێم بە كەمكردنی رۆڵی كورد لەناو دامودەزگاكانی حكوومەتی فیدرالأ لە بەغدا و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیی كوردستان و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و دژایەتی كردن لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەكانی دەرەوە و هەر بەوەندە نەوەستان، دەستیان كرد بە بەهێزكردنی تیرۆریستانی داعش و ڕادەستكردنی هەموو جۆرە چەكێكی پێشكەوتووی سوپای عێراق و هاندانیان تا حكوومەت و خەڵكی كوردستان لەناو ببەن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتاوە ئاگاداری ئەو پیلان و بەرنامانە بوو، بۆیە وەك شێر و پڵنگ ئاسا دژی ئەو پەلامارانە وەستا و هەر لە شەوی 3/8/2014 لە ئازادكردنی شارۆچكەی مەخموورەوە تا دوا رۆژی شەڕی باشیك لە مانگی 11/2016 سەرۆك بارزانی وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستان لە هەموو بەرەكانی شەڕی دژی داعش لە "شەنگال تا چیاكانی وەرتك و دەشتی مەخموور و كەركووك" شان بەشانی فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان ئامادەیی هەبووە و بووبووە جێی ورە بەرزی پێشمەرگەی كوردستان.
هەرچەند هێرش و رەفتارەكانی داعش زەرەر و زیانێكی گەورەیان لە هەرێمی كوردستان دا و زیاتر لە 1800 پێشمەرگە شەهید و 11 هەزاری دیكەیش بریندار بوون، بەڵام خوێنیان بەفیڕۆ نەچوو، سەربەرزیەكی گەورەیان بۆ میللەتی خۆیان لە هەموو جیهان تۆماریان كرد و بوونە ناونیشانی فیداكاری و مەردایەتی و ئازایەتی.
ئا ئەمەیە مەسعوود بارزانی پێشمەرگە و سەركردە و رابەر و سیاسەتمەدار و كوردپەروەر و ئاشتیخواز، ئەو مەسعوود بارزانییە كە خەونی دوژمنانی وەكو داعش و بەعسییەكان و مالیكی ژێر خاك كرد، وەكو چۆن باب و باپیرانی خەونەكانی كۆنەپەرستانی وەك نووری سەعید و عەبدولسەلام عارف و سەددام حوسێنیان پووچەڵ كردەوە.
* مەسعوود بارزانی لە ژیانی پێشمەرگایەتی و سیاسی خۆیدا خاوەنی چەندین هەڵوێستی نەگۆڕ بووە، ئایا ئەمە بۆ ڕێبازی مستەفا بارزانی سەرۆكی ڕۆحی نەتەوەی كورد و كوردستانییەكان دەگەڕێتەوە؟
_ بە درێژایی خەبات و تێكۆشانی میللەتی كورد هیوا و ئامانجی هەموو سەركردە و تێكۆشەران و پێشمەرگەی كوردستان لە هەر چوار پارچەی كوردستان دا رزگاركردنی خەڵكی كوردستان بووە و گەیاندنی بە ئامانجە نەتەوەییەكانی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بووە.
ئەگەر تەماشای شۆڕشەكانی میللەتی كورد بكەین هەر لە شۆڕشی شێخ عوبێدوڵڵای نەهرییەوە لە 1882 تاكو شۆڕشەكانی بارزان و شێخ مەحموودی حەفید و شۆڕشەكانی ئاگری داغ و بەدرخانییەكان و شێخ سەعیدی پیران و گەلێكی تر بە ئازایانە داوای چارەنووسی میللەتی كوردیان كردووە و بە مەردانە دژی پەلاماری داگیركەران و دووژمنان وەستاون و قوربانی گەورەیان داوە، هەمیشە دژی ڕێككەوتنەكانی دابەشكردنی كوردستان بوونە و دەنگیان گەیاندووە بە دەوڵەت و ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و حكوومەتەكانی زلهێز پێش جەنگی یەكەمی جیهان و پاش ئەو جەنگە هەر لە سەردەمی شۆڕشی عەبدولسەلام بارزانی یەكەم بنەماڵەی بارزانی.
ئەم ڕێبازە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەشەی كردووە و بەرفراوان بووە ناوی دەركرد بەوەرگرتنی هەموو نیشتمانپەروەرەكانی كورد و بارزان بۆتە سەنتەری كوردایەتی ء رێبازی بارزانیی نەمر.
پاش ماڵئاوایی شێخ محەمەد بارزانی لە 1903 دەبینین كوڕی شێخ عەبدولسلامی دووەم جێگای خۆی دەگرێت و دەبێت بە شێخی تەكیەی بارزانی و ڕابەری تێكۆشانی خەڵكی كوردستان و یەك لەدوای یەك گەورەكانی ئەم بنەماڵەیە مەشخەڵی شۆڕشگێڕیان هەڵدەگرن و بە بیروباوەڕێكی خوداناسی و دادپەروەری و كوردایەتی و بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی میللەتی كورد كردووە بە درێژایی زیاتر لە 130 ساڵ بە خەبات و تێكۆشان بەبێ ڕاوەستان و پچڕان و هەر پێنج تێكۆشەرە سەركردە لە شەهید عەبدولسەلامی دووەم دەست پێدەكات و پاشان شێخ ئەحمەد بارزانی و مستەفابارزانیبارزانیی نەمر و ئیدریس بارزانی جوانەمەرگ و سەرۆكی ئێستا مەسعوود بارزانی و، هەموو ئەو سەركردانە رۆڵ و بەهرەمەندی خۆیان هەبووە لە تێكۆشان و شۆڕشی میللەتی كورد لە سەردەمی ڕۆژگاری خەباتی خۆیدا بەتایبەتی میللەتی كورد مستەفابارزانیبارزانیی نەمر كە بەڕێزیان بووەتە خاوەنی قوتابخانەی كوردایەتی و هەڵگری ئاڵای شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕابەری پێشمەرگەی بە ئەمەكی كوردستان.
هەموو سەركردەكان و شۆڕشگێرانی كورد دەیانزانی ڕێگەی خەبات و سەركەوتن زۆر قورس و دژوارە و پێویستە لەگەڵ فشار و پەلاماردانی دوژمنان و داگیركەران بە شێوەی گونجاو داخوازییەكان بە قۆناغی واقعیانە داوا بكەن و بەرەو پێشەوە بیانبەن، هەر لەو ڕوانگەوە ئەوەبوو لە سەرەتای شۆڕشەكانی بارزان لە ساڵی 1903 شێخ عەبدولسەلام بارزانی داوای یەكسانی و مافی سادە و گونجاوی بۆ میللەتی كورد لە دەوڵەتی عوسمانی دەكرد، پاشان هەمان داواكارییەكان شێخ ئەحمەد بارزانی لە ساڵەكانی1927 تا ساڵی 1936 دا لە دەوڵەتەكانی عێراقی و بەریتانی داوا دەكرد و بۆیان دەجەنگی و لە كاتی جەنگی دووەمی جیهانی دا مستەفا بارزانی ئەو ڕێبازەی پیادە دەكرد و لە بەغدا داوای دەكرد بە دابینكردنی مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان وەك خوێندن بە زمانی كوردی لە ناوچە كوردییەكاندا و دامەزراندنی كارمەندانی كورد لە هەمان جێگاكاندا و جێبەجێ كردنی پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنی دادوەریەتی كۆمەڵایەتی لە كوردستاندا وەكو هەموو ناوچەكانی تری كوردستان.
پاش دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 16ی ئابی 1946و، پاشان گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە رووسیا بۆ كوردستان و، دواتر دەستپێكی شۆڕشی ئەیلوولی ساڵی 1961 دەبینین داواكارییەكانی میللەتی كورد بەرفراوانتر و قورستر دەبن هەر لە شەراكەتی كورد و عەرەب لە خاكی عێراقدا و داوای لامەركەزی و خودموختاری و بەرجەستەكردنی سیستەمی فیدراڵی لە باشووری كوردستان دا و دامەزراندنی دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و چەسپاندندنیان لەنێو دەستووری هەمیشەیی عێراقدا، لە ساڵی 2005 بۆ ملكەچكردنی دەوڵەتی عێراق بۆ دابینكردنی ماف و بەرژەوەندییەكانی میللەتی كورد زۆر یاداشت و بەڵێننامە دەرچوو وەك: بەڵێننامەی عەبدولكەریم قاسم كە دەڵێت: (العرب والاكراد شركاء فی هذا الوطن). پاشان بەیاننامەی حوكمڕانیەكانی حزبی بەعس لە ساڵی 1963 بە دابینكردنی حوكمی لامەركەزی بۆ پارێزگا كوردییەكان لە باكووری عێراق، پاشان ڕێككەوتنی 29 حوزەیرانی1966 لە نێوان حكوومەتی عەبدولڕەحمان عارف و سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوول بەدابینكردنی مافە رەواكانی میللەتی كورد و ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 بۆ مسۆگەر كردنی ئۆتۆنۆمی و لە پاشانیش جێگیركردنی حوكمی فیدرالی هەرێمی كوردستان لەناو بڕگەكانی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا ئەویش لە ساڵی 2005.
ئەمە هەمووی خوێندنەوەیەكی خێرا بوو لە قۆناغەكانی پێشوو بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواكانی میللەتی كورد لە باشووری كوردستان دا كە هەموویان زۆر گرنگ و كارتێكەر بوون لە نزیككردنەوەی میللەتی كورد لە رزگاربوون و سەربەخۆیی تەواو و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان پاشی ئەو هەموو كوشتن و ماڵوێرانی و دەربەدەری و ئەنفال و كیمیاباران و زیندەبەچاڵكردن بەدەست هێزەكانی رژێمەكانی عێراقی گۆڕبەگۆڕ و بەخودان و سەرهەڵدانی میللەتی كورد لە بەهاری ساڵی 1991 و دامەزراندنی پەرلەمان و دامودەزگاكانی حكوومەتی كوردستان و هەڵبژاردنی مەسعوود بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005 و كەوتنی ئاسۆیەكی روون و ئاشكرای ناو ڕێبازی كوردایەتیدا و مەسعوود بارزانی و سەركردەكانی تری كوردستان و سیاسەتمەدار و دڵسۆزانی میللەتی كورد هەستیان بەوە كرد كە دەرفەتێكی باش و گونجاو بۆ میللەتی كورد لە باشووری كوردستان رەخساوە و بۆ هاوێشتنی پێنگاوی مەحكەم تر و بەرفراوانتر بۆ سوود وەرگرتن لەو ڕەوش و كاردانەوەكانی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ دیاریكردنی پاشەڕۆژێكی ڕووناك و شكۆمەندتر بۆ تەكامل بوونی ژیان و تێكۆشانی میللەتی كورد و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
مەسعوود بارزانی وەك قوتابی و سەركردە و شۆڕشگێڕی بەئەمەكی قوتابخانەی ڕێبازی بارزانیی نەمر هەستی بەوە دەكات ئەو هەلومەرج و دەرفەتانەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لەناو محافلی نێودەوڵەتیدا رەخساون بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سەرەكییەكان و بەجێهێنانی خەونەكانی باب و باپیران و سەركردە نەمرەكان و رۆحی شەهیدانی كوردستان زیندوو بكاتەوە بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.
بۆ نەهێشتنی زوڵم و زۆرداری، بۆ گۆڕبەگۆڕكردنی هەموو جۆرەكانی چەوساندنەوە و خۆپەرستی و شۆڤینی و دیكتاتۆریەت بووبن بە خاك كردنی خەونەكانی سەددام حسین و عەماش و عەلی كیمیاوی و مالیكی و هەزارەهای دیكە لە دوژمنانی میللەتی كورد. بۆ سەركەوتن و سەربڵندی و سەروەری میللەتی كورد و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لەسەر هەموو شاخ و داخەكانی كوردستان هەموومان لەگەڵ ڕێزدار مەسعوود بارزانی سەرۆكی كوردستانین بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە پیرۆزە.
وا دیارە قسەكانی نووسەری بەڕەگەز كوردی میسری خاتوو "دوریە عەونی" لە جێگای خۆیدا بوو لە ڕۆژی هەڵبژاردنی یەكەم لە پەرلەمانی كوردستان لە 1992 و لە رادیۆی BBC بەریتانی لە لەندەنەوە لە وتارێكی مێژوویی بەناونیشانی (بارزان كارخانەیە بۆ دابینكردنی سەركردەی قارەمان بۆ میللەتی كورد).
لەوانەیە قسەكانی ئەو نووسەرە بەڕێزە لەجێگای خۆی دابووە، چونكە بەدرێژایی 120 ساڵ شێخەكانی بنەماڵەی بارزان سەركردە و تێكۆشەر و قارەمانی میللەتی كورد بوون و هەموو ژیانیان بەخشیوە بۆ ئازادكرنی ئەم میللەتە هەر لە شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی و مستەفابارزانیبارزانی هەتا دەگاتە ئیدریس بارزانی و سەرۆك مەسعوود بارزانی و گەشەكردن و بەڕێوەچوونی رۆڵی بەڕێزان نێچیرڤان ئیدریس بارزانی و مەسروور مەسعوود بارزانی لە چوارچێوەی قوتابخانەی مستەفا بارزانی نەمر دا لە پێشكەشكردنی كار و خزمەتی بێ سنوور بۆ ئاوەدانكردنەوە و بەرەوپێش بردنی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا و دابینكردنی دیموكراسی و ئەمن و ئارامی و ژیانێكی بەختەوەر و ئازاد بۆ هەموو چینەكانی خەڵكی كوردستان بەبێ جیاوازی و فەراهەم كردن و بەرجەستە كردنی زەمینە و مەرجە گونجاوەكان بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.
ئومێدەوارین ڕێباز و قوتابخانەی بارزانی لە ئایندەدا هەر بەردەوام بێت لە بەرهەمهێنانی كەسانی بە ئەمەك و دڵسۆز و كوردپەروەر بۆ نەوەكانی داهاتوو و شكۆمەندكردنی بیروباوەڕ و ڕێباز و دەستكەوتەكانی ئەم قوتابخانەیە. بۆ پێشەوە پێشمان كەوە بارزانی.
* باسی ڕێككەوتنامەی جەزائیرت كرد، لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە كە لەدنیای ئەمڕۆدا زۆر گرنگە ئایا مەسعوود بارزانی چۆن هەڵسوكەت لەسەر پرسە نێودەوڵەتییەكان دەكات بەتایبەتی ئەو پرسانەی كاریگەری لەسەر مافی نەتەوەی كورد هەیە؟
_ ئەوەی ئاشكرا بوو رێككەوتننامەی جەزائیری ساڵی 1975 لەنێوانی سەددام حسێن و شاهی ئێران خیانەتێكی گەورە و كارتێكەر بووە لەسەر شۆڕش و خەڵكی كوردستان، هەموو چینەكانی خەڵك و پێشمەرگە و سەركردەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تووشی شۆك كرد و رۆژی واژوو كردنی ئەو رێككەوتننامە بوو بەرۆژێكی رەش لە مێژووی رزگاریخوازی میللەتی كورددا و هەموو كەس بەتایبەتی رابەری شۆڕش مستەفا بارزانی لەناخەوە هەستی بەوەكرد كە دوژمنانی میللەتی كورد خەنجەریان لەپشتەوە لە رێگای پیلانگێڕانی سیاسی و دبلۆماسی دەرەوە لە تێكۆشانی میللەتی كورد داوە و سەركردایەتی شۆڕشی خستە نێو كاردانەوەی جدی و پێویست بۆ بەدواداچوون و وردبینیەكی بنەڕەتی و فراوان لەسەر هەموو بابەتەكان و پەیوەندییەكانی ناوخۆ و دەرەوە بكرێت و دەستنیشان كردنی هەموو دۆست و نەیارەكان لەگەلأ لێكدانەوەی بەرژەوەندییەكان و خاڵە لاوازەكان لە پەیوەندییەكانی شۆڕشی كورد لەگەلأ دۆست و لایەنەكانی دەرەوە لەگەلأ دیاریكردنی هەڵوێستەكان و ئامانجەكانی نزیك و دوور لە تێكۆشانی میللەتی كورددا.
هەر لە رۆژانی سەرەتای پاشەكشە كردنی سەركردەكانی شۆڕشی ئەیلوول بۆ ئێران لە بەهاری ساڵی 1975 سەركردەكان ئەو ڕاستیانە لەبەرچاوی خۆیان دانا و دەستیان كرد بەجموجۆلأ و هەولأ و تەقەڵای تازەیان كرد لەگەلأ خۆپاراستنی لە چاودێری و فشارەكانی ڕژێمی ئێرانی و سوودیان لە هەندێك لە چەناڵە پەیوەندییەكانی دەرەوەی بارزانیی نەمر وەربگرن و زۆر بە ژیرانە دەنگی میللەتی كورد بگەیەننە دۆستەكانی بیانی و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و ئاگاداركردنیان لەسەر ئەو كارەسات و نەهامەتیانەی بەسەر میللەتی كورد هاتووە لە ئەنجامی جێبەجێ كردنی رێككەوتننامەی جەزائیر.
گەشتی مەسعوود بارزانی لەگەلأ مستەفا بارزانی بۆ ئەمریكا و مانەوەی بەڕێیان لەوێ بۆ ماوەیەك دەرفەتێكی زۆرباش بوو بۆ بەڕێزیان بۆ كاراكردنی پەیوەندییەكانی شۆڕشی گوڵان لەگەلأ جیهانی دەرەوە و بیناكردنی پەیوەندییەكان لەگەلأ چەند حزب و رێكخراوەكانی بیانی و ناوەڕاست و پاشان سەردانی بەڕێزیان لە ساڵی 1977 بۆ سووریا و چەند وڵاتێكی تر و گەڕانەوەیان بۆ ئەمریكا.
لە ساڵی 1979 گەڕانەوەی مەسعوود بارزانی بۆ چەند وڵاتانی ئەورووپا و رزگاربوونی بەڕێزیان لە پیلانی تیرۆریستانی حزبی بەعس لە ڤییەننا و پاشان گەڕانەوەیان بۆ ئێران و كوردستان و سەركەوتنی شۆڕشی خەڵكی ئێران بەرووخانی رژێمی شاهی گۆڕ بەگۆڕ بووە دەرفەتێكی زێڕین بۆ گەشەكردنی پەیوەندییەكانی سەركردەكانی شۆڕشی گوڵان لەگەلأ جیهانی دەرەوە و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی سەركردەی شۆڕش لەگەلأ جمهوری ئیسلامی ئێران و سووریا و لیبیا و چەند وڵاتێكی تر زۆر فراوانتر و قوڵتر دەبوو و یارمەتییەكان بۆ پێشمەرگە زیاتر دەبوون و رۆژ لەدوای رۆژ مەسعوود بارزانی گەورەتر و شارەزاتر دەبوو و بووە جێگای متمانە و باوەڕپێكراو لەلایەن سیاسەتمەدار و دبلۆماتكارانی نێودەوڵەتی.
پاشگەزبوونی رژێمی سەددام حسێن لە رێككەوتننامەی جەزائیر و بەرپابوونی جەنگی عێراق و ئێران لە 1979 بۆ ماوەی هەشت سالأ و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن هێزەكانی عێراق و كارەساتی ئەنفال و كوشتنی بەكۆمەڵی خەڵكی هەڵەبجە و فەیلییەكان و بارزانییەكان و وێران كردنی شار و دێهاتەكانی كوردستان و داگیركردنی كوێت لەلایەن هێزەكانی سەددام حسێنەوە و بەرپابوونی جەنگی یەكەمی خەلیج لە 1991 و سەرهەڵدانی میللەتی كورد لە هەمان بەهاردا و بەرفراوان بوونی رۆڵی رێكخراوەكانی بیانی بۆ راپەڕینی كاروبارەكانی عێراق و كوردستان بۆ یارمەتیدان و پاراستنی خەڵكی كوردستان و پاشان چەسپاندنی بڕیاری نێودەوڵەتی بۆ دابین كردنی ناوچەی دژی فڕین لە باشووری كوردستان ئەم هەموو رووداوانە بوونەتە بابەتەكانی گرنگ و هەستیار لەلای مەسعوود بارزانی و سەركردەكانی بەرەی كوردستانی بۆ جووڵانەوەی گرفتەكانی خەڵكی كوردستان لەناو دامودەزگاكانی نێودەوڵەتیدا و راكێشانی بەرپرسیارەتی ئەوان بۆ یارمەتیدانی خەڵكی كوردستان.
هەبوونی چەند سفات و خەسڵەتی كەسی لەناو خودی مەسعوود بارزانی وەكو راستگۆیی و مرۆڤ و دۆست و دادپەروەری و یەكسانی و رێزگرتن و شارەزایی لە هونەری سیاسی و دبلۆماسی و ئەزموونێكی نیشتمانپەروەری ئەم هەموو سیفەتانە بەڕێزیان خستە نێو كەسانی دبلۆمات و سیاسەتمەدارەكانی ناسراو و جێگای سەرنجی زۆر لەسەر نووسەری گەورەی جیهان و سەردانەكانی سیاسی مەسعوود بارزانی هەر لە چوارچێوەی عێراق و پایتەختەكانی دەوڵەتەكانی دەوروبەر رانەوەستا بەڵكو سیاسەتی مەسعوود بارزانی بۆ جێگای سەرنجی پایتەختەكانی گەورەی دونیا وەكو واشنتن و پاریس و ریاز و گەلێك شوێنی تر و هاتنی بەسەدەها سەرۆك دەوڵەت و وەزیر و پەرلەمانتار و سیاسەتمەدار بۆ هەولێر نیشانەیەكی زیندووی زەقە لەسەر سەركەوتن و پەرەپێدانی سیاسەتی ڕەوای نێودەوڵەتی مەسعوود بارزانی و بەرزبوونەوەی ڕۆڵی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان.
* ئەم سەركەوتنانە لەسەر چی فاكتەر و واقیعێك درێژەی پێدراوە؟
_ ئەگەر بەووردی پێداچوونەوە و خوێندنەوە لەسەر كەسایەتی مەسعوود بارزانی و هەڵوێستەكانی بێتە كردن، دەبینین هەموو كارە سیاسییەكانی ئەم سەركردەیە لەسەر فاكتەر و واقیعی ئەم بابەتانەی خوارەوە درێژەیان پێدراوە و دۆزی میللەتی كورد لە بوارەكانی سیاسی و دبلۆماسی نێودەوڵەتیدا گەیاندۆتە ئاستێكی شایستە و پێشكەوتوو و متمانەی زۆر لە دەوڵەتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەرگرتووە.
1- شوێنی جیۆپۆلەتیكی كوردستان و كەوتنی كوردستان لە نێوەڕاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خاوەن زەمینەكی فراوان لە شاخوداخ و دەشت و بیابان و ئاو و هەوایەكی گونجاو و سرووشتێكی جوان و پڕ لە سامانە سرووشتییەكان و خاوەن ژینگەیەكی لەبار كە هەمیشە جێگای سەرنج راكێشی خەڵكی بێگانەیە.
2- دەوڵەمەندیی كوردستان بە كانزا و سەرچاوەكانی سرووشتی وەك نەوت و گازی سرووشتی و كانزاكانی تر كە ئەمەش بووەتە هۆكارێكی زەق و گەورە بۆ راكێشانی سەرنجی بێگانە و خەڵكانی تر بۆ داگیركردنی كوردستان و دزینی خێر و خێراتی ئەم وڵات و چەوساندنەوەی خەڵكی كوردستان و واژووكردنی چەندەها رێككەوتننامە لەنێوانی داگیركەرانی كوردستان وەكو بەڵگەنامەی سایكس بیكۆ و رێككەوتنی (سعدئاباد و لۆزان و ئەلجەزائیر) و گەلێكی تر.
دەرهێنانی نەوت و گازی سرووشتی لەلایەن حكوومەتی كوردستان و هەناردەكردنی بۆ بازاڕەكانی دەرەوە و جێگیربوونی باشووری كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهان بایەخێكی گرنگ و هەستیارە بۆ خەڵكی كوردستان و بەكارهێنانیان بۆ دروستكردنی باشترین پەیوەندییەكانی سیاسی و ئابووری لەگەلأ حكوومەت و كۆمپانیای بیانی و دان بەڕەوای مافەكانی خەڵكی كوردستان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی وەئەمەش بۆتە وادەكی بەهێز لە دەستی مەسعوود بارزانی بۆ بەكارهێنانیان بۆ دابینكردنی بەرژەوەندییەكانی میللەتی كورد لەنێوان محافیلی نێودەوڵەتیدا.
3- پەرەپێدانی ئەرزشەكانی دیموكراسی و دادپەروەری لەناو كۆمەڵگەكانی خەڵكی كوردستان و رێزگرتنی لە مافی مرۆڤ و پاراستنی ئازادی سیاسی و ئابووری و كولتووری لەلایەن هەموو لایەنەكانی حكوومی و سیاسی و حزبی و رێزگرتن لە بیروباوەڕی ئایینی و سیاسی و كولتووری و فەرهەنگی هەموو كەسێك و هەبوونی سیستەمی فرە حزبی لە كوردستاندا و رووبەڕوو بوونەوەی هەموو هزرەكی توندڕەوی و بەتایبەتی شەڕی پێشمەرگە دژی داعشی خوێنمژ و هاوكاری و هەماهەنگی هێزەكانی پێشمەرگە لەگەلأ ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی هەموو گرووپەكانی تیرۆرستی و بیروباوەڕەكانیان، ئەمە و وەرگرتنی هەزارەها پەنابەرانی عێراقی و سووری لەلایەن حكوومەتی كوردستان و پێشكەش كردنی هەموو یارمەتییەكانی پێویست بۆیان، ئەمە هەموویان بوونە بابەتەكانی گەرم و گرنگ بەدەستی مەسعوود بارزانی بۆ راكێشانی پشتگیری و یارمەتی نێودەوڵەتی بۆ كوردستان و خەڵكی كوردستان.

 

 

 

 

 

 

© 2017 Hawler