ئەیلول 21, 2019

شێخ تاهیر عەبدولغەفوور شووشـی- تێكۆشـەر و كــــــــەسایـەتی ناسراو: مەسعوود بارزانی وەكــو پێشمەرگە و كەســـایەتییــەكـی سیاســــی و سـەربــــــــــــــــازی ڕۆڵێـــكی گرنگی هەبووە لە مێـــژووی بزاڤـی ڕزگــــاریخوازی كورددا

بەشی دووەم
هەر لە درێژەی دوژمنایەتییەكانی حكوومەتی عیراق دژی میللەتی كورد، هێنانی هێزێكی سەربازی بەهێزی وڵاتی سووریا بوو لە ساڵی 1963 بە فەرماندەیی ئەفسەرێكی شارەزا و گەورەی سوپای سووری بەناوی (فهد الشاعر)، كە جێگیركران لە دەشتی سلێڤانەیی لە نێوان شاری دهۆك و زاخۆ، پاشان لە شەڕێكی خوێناویدا لەگەلأ پێشمەرگەی كوردستاندا لە ناوچەی كواشێ و زنجیرە چیای سپی ئەو هێزە شكستی گەورەی هێنا و لە ساڵی 1964 بەسەر شۆڕی گەڕانەوە سووریا.
جەنگی دڕندانەی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی بەعسیەكان زۆر بە دڕندانەیی بەردەوام بوو لە دژی میللەتی كورد و شۆڕشی ئەیلوول بەشێوەیەك، كە كوشتن و ماڵ وێرانی هاووڵاتی كورد ببوە جێی شانازی بۆ سەركردەكانیان، بۆ نموونە وەزیری بەرگری عێراقی ئەوسا (صالح مهدی عماش) جەنگەكانی لە شار و گوندەكانی كوردستان بە جووڵانەوەی گەشتوگوزار ناوی دەبرد، (ان الجیش العراقی یقوم بنزهە فی شمال العراق) وەسف دەكرد و، هەروەها جەردە و پیاوكوژەكانی بەعسی، كە بە (حرس قومی) ناودەبران كوشتار و ماڵوێرانیەكی زۆریان ئەنجام دا لە شارەكانی كوردستان بوونە هۆی زیندانی كردن و ئەشكەنجەدانی هاووڵاتیانی زۆربەی لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان و كوردە دڵسۆزەكان، بۆیە ئەمە كاردانەوەیكی بەهێزی بەدوای خۆی هێناو لە لایەن هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق و لە ساڵی 1964 عەبدولسەلام عارف هەڵسا بە كوددەتایەكی سەربازیی و حكوومەتی بەعسیەكانی گۆڕی و هەموو بنكەكانی (حرس قومی) داخست و لەناویانی برد و جموجوڵی بەعسیەكانی نەهێشت و فەرمانی دا شەر لە دژی شۆڕشی ئەیلوول رابگیرێت و گفتوگۆ لەگەلأ سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوول بكرێت.
عەبدولسەلام عارف وەك سەركردەكانی پێشووی عێراق بڕوای بە چارەسەری دۆزی كورد نەبوو، بۆیە لەدەرفەتی گونجاو دەگەڕا بۆ بەهێزكردنی هێزە چەكدارەكانی خۆی بۆ لێدانی شۆڕشی كورد، بۆ ئەم مەبەستەش 1966 هەڵسا بەناردنی عەبدولڕەحمان عارفی برای (سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق)ی ئەو كاتە بۆ یەكێتی سوڤیەت بۆ كڕینی چەك و لەلایەكی ترەوە خۆیشی هەڵسا بە سەردانی كردنی شارەكانی عێراق بۆ بانگەشەی جەنگ دژی كورد و بەدەستهێنانی پشتگیری عەشایەرە عەرەبەكان و هەروەها هاندانی گەنجان بۆ چوونە ناو ریزەكانی سوپا، بەڵام هەموو هەوڵەكانی عەبدلسەلام عارف بەفیرۆچوو كاتێك خۆی و چەند سەركردەیەكی تری حكوومەتەكەی لەناو هەلیكۆپتەرەكەیان بە سووتاوی لە شاروۆچكەی قوڕنەی سەر بە پارێزگای بەسرە كەوتە خوارەوە و هەموویان لە ناوچوون.
پاش لەناوچوونی عەبدولسەلام عارف براكەی عەبدولڕەحمان عارف لە ساڵی 1966 جێگەی گرتەوە و لەسەر هەمان رێچكە پرۆژەی براكەی جێبەجێ كرد و هێرشێكی سەربازی توندی كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە حەوزی رەواندوز بەرەو شاخەكانی زۆزك و هەندرین و پاش شەڕێكی خوێناوی بێ وێنە پێشمەرگە بەسەرپەرشتی ئیدریس بارزانی سوپای عێراقیان بەتەواوی شكست پێ هێناو بە هەزاران كوژراو و بریندار و دیلیان لێ كەوت، پاشان ئەنجامەكانی ئەم شەڕە ناوبانگێكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا لە سەرتاسەری عێراق و وڵاتانی دەرەوە و لە ئاكامدا عەبدولڕەحمان عارف شەڕی راگرت و لە بەرواری 29/6/1966 داوای دانوستاندن و گفتوگۆی كرد لە رابەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بارزانیی نەمر بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد و پاشان دەركردنی بەیاننامەی 29ی حوزەیرانی 1966.
* لەناو ئەو شۆڕشە گەورە و خوێناوییەدا لە شەڕی پارتیزانی و دانوستان و گفتوگۆكان و ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كورددا مەسعوود بارزانی چ ڕۆڵێكی هەبووە، ئەو ڕۆڵەی مەسعوود بارزانی بۆ ئەمڕۆ چیمان پێ دەڵێت؟
_ لە نێو ئەو خوێندنەوە مێژووییە سەختەی شۆڕشی ئەیلوولدا جێی خۆیەتی باس لە ڕۆڵ و تێكۆشانی مەسعوود بارزانی بكەین، كە لە 1962ەوە چووەتە ناو ڕیزەكانی پێشمەرگە و لە هەموو قۆناغە سەخت و دژوارەكانی ئەو شۆڕشەدا بەشداربووە و هاوكار و یارمەتیدەر بووە بۆ (مستەفا بارزانی) و هەموو ئەركە حیزبی و سەربازییەكانی بە هزر و بیرێكی نیشتمانپەروەری و بەرپرسیاریەتییەوە ئەنجام داوە و رۆژ لە دوای رۆژ وەك ئەستێرەیەكی گەش لە ئاسمانی سیاسەت و پێشمەرگایەتیدا دەدرەشایەوە و ڕۆڵی زیاتر دەبوو.
بۆیە مەسعوود بارزانی وەك كەسایەتییەكی سیاسی رۆڵێكی گرنگی هەبوو لە دانوستاندنەكانی رێككەوتننامەی 11ی ئادار1970 و لە هەموو قۆناغە جیاجیاكانیدا بەشداربووە هەتا جێبەجێ كردنی.
یەكێك لە بەهرەمەندی و كارە هەرە گرنگەكانی مەسعوود بارزانی، بایەخدانی بووە بە سێكتەری هەواڵگری و كۆكردنەوەی زانیارییە نهێنییەكان لەسەر جموجوڵی دەزگا ئەمنی و موخابەراتی و سەربازییەكانی عێراق، كە كاریان دەكرد دژ بە شۆڕشی ئەیلوول بە مەبەستی تێكدانی.
بێگومان دەزگای هەواڵگری و موخابەراتی عێراقی هەمیشە كاریان دەكرد بۆ تێكدانی شۆڕشی ئەیلوول بە بەكارهێنانی سەدەها سیخور و، ناردنیان بۆ ناو هێزەكانی شۆڕشی ئەیلوول لە سەرتاسەری كوردستان بە مەبەستی ئاژاوەگێڕی و فیتنە و لەناوبردنی بەرپرسان و هاندان بۆ وازهێنان لە ریزەكانی شۆڕش، هەروەها كڕینی كەسانی نەفس نزم و پوولەكی و كردنیان بە سیخور.
هەر لەم روانگەیەوە و بۆ پاراستنی ئاسایشی شۆڕش و دروستكردنی قەڵغانێكی بەهێز لە رووی هەموو خۆفرۆشان و سیخورەكان، مەسعوود بارزانی بە فەرمانی مستەفا بارزانی و بەیارمەتی چەند كەسانێكی بەرپرس و شارەزا وەك (حەبیب محەمەد كەریم – سامی عەبدولڕەحمان – شەكیب ئاكرێی– فەرانسۆ هەریری) لە ساڵانی 1967-1968 دەستەیەكی چالاك و كارای نهێنیان دروستكرد بۆ كاركردن لەسەر دروستكردنی بنچینەكانی دەزگای پاراستنی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی. پاش كاركردنێكی چڕوپڕ و دروستكردنی بنكەكانی ئاسایش و راهێنانی چەندەها كادری بەتوانا و لێهاتوو توانرا لە ساڵی 1972 دەزگای پاراستنی كوردستان دابمەزرێ و دەستكرا بە كردنەوەی بنكەكانی پاراستن لە ناو هەموو لقەكانی پارتی و بارەگای هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە مەبەستی ئەنجامدانی كارەكانیان بە باشترین شێوە.
* دەكرێت باسێكی هەڵوێستی مەسعوود بارزانی بكەیت لە ڕێككەوتنامەی جەزائیری 1975 دا كە وێستگەیەكی گرنگی كاراكتەرە نێودەوڵەتییەكانە بۆ لێدانی گەلی كورد؟
_ ساڵی 1974 ڕژێمی بەعسی عێراقی پاشەكشەی لە جێبەجێ كردنی بەیاننامەی 11ی ئادار كرد و هێرشی سەربازی دڕندانەی بەهەموو جۆرە چەكێكی پێشكەوتوو و فڕۆكە جەنگیەكانییەوە بۆ سەر كوردستان پیادە كرد و بە هەزاران خەڵك كەوتنە ژێر بۆردومانەكانی فڕۆكە و تۆپخانەكانی داگیركەری عێراقی و شەهید و بریندار بوون و بەشێكی زۆریان بەرەو چیا سەركەشەكان دەربەدەر و ئاوارە بوون و بەشێكیشیان بەرەو وڵاتانی ئێرانء دەرەوە كۆچیان كرد.
پێشمەرگەی كوردستان بە بەرگێكی پۆڵایینەوە رووبەڕووی هێرشەكانی لەشكری عێراقی بۆوە و زۆر لە هێزەكانی ئەو لەشكرەی تەفروتونا كرد و زیاتر لە 48 فرۆكەی جەنگی پێكا، یان خرانە خوارەوە و لە زۆربەی زۆری مەیدانەكانی جەنگدا شكستیان پێهێنان و لە زۆر ناوچە پاشەكشەیان پێكرا، ڕژێمی گۆڕبەگۆڕ لەو دڵنیا بوو كە ناتوانێ شۆڕشی كورد بە ڕێگای سەربازیی لەناو بەرێت، لەبەر ئەوە بەرپرسانی رژێم هەوڵیان دا رێگایەكی تر بگرنە بەر ئەویش بە سازشكردن لە ئاو و خاك و سەروەری خۆیان بۆ وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەت ئێران كە لەو كاتەدا یارمەتی شۆڕشی كوردی دەدا، ئەوەبوو بە یارمەتی چەند حكوومەتێكەی هەرێمایەتی و دەرەوە، بە دیداری نێوان سەدام حوسێن و شای ئێران لە شاری جەزائر لە كۆبوونەوەی ئۆپێك دا لە ڕۆژی 5|3|1975 هەردوكیان رێككەوتنی جەزائیریان واژوو كرد و بەو پێیە عێراق دەستبەرداری ئاوی "شەتولعەرەب" و زۆر شوێنی تر لە خاكی عێراق بوو بۆ ئێران بەرامبەر بە راگرتنی هەموو یارمەتییەكانی مرۆیی و سەربازی بۆ شۆڕشی كوردستان و داخستنی سنوورەكان و كاركردنی هاوبەش كە بە هەماهەنگی یەكتر بتوانن شۆڕشی میللەتی كورد و پێشمەرگە لەناو ببەن و ئێران كار بۆ گەڕانەوەی شۆڕشگێڕان بكات بۆ عێراق و خۆیان تەسلیمی رژێمی بەعس بكەنەوە.
سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوول و بەرپرسانی حزبی و پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان ناوەڕۆكی ئەو ڕێككەوتننامەیان ڕەتكردەوە و بە پیلانێكی خیانەتكاری و دوژمنداریان زانی و بڕیاریان دا بەتوندی رووبەڕووی ئەو پیلانە ببنەوە. تەنانەت لە كاتی دەرچوونی ئەو رێككەوتنە ژێر بەژێرەی عێراق و ئێران، بەڕێزان ئیدریس و مەسعوود بارزانی و زۆر لە ئەندامانی سەركردایەتی شۆڕش و فەرماندەكانی پێشمەرگەی كوردستان بڕیاریاندا بە درێژەپێدانی شەڕی پارتیزانی لە سەرتاسەری كوردستان و دەستیان كرد بە جوولاندنی هێزەكان و پێداویستییەكان بۆ شوێن و ناوچەی گونجاو، بەڵام پاش گەڕانەوەی ڕابەری شۆڕش مستەفا بارزانی لە تاران بۆ كوردستان و پاش گفتوگۆیەكی چڕوپڕ و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی كوردستان و ناوچەكەو ڕەوشی نێودەوڵەتی و پاراستنی میللەتی كورد و بەرژەوەندییەكانی، بەشێوەیەكی كاتی بڕیاری راوەستاندنی شەڕیدا و پێداگری لەسەر ئەوە دەكردەوە كە لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا دووبارە شەڕ دژی هێزەكانی رژێمی عێراق دەست پێ بكاتەوە و ئاگری شۆڕشی میللەتی كورد هەموو كوردستان بگرێتەوە.
لە كۆتاییەكانی مانگی چواری ساڵی 1975 مەسعوود بارزانی لە شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی كوردستان كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ 16 ئەندامی پێشكەوتووی پارتی و دەزگای پاراستن پێكهێنا و لەو كۆبوونەوەیەدا باسی بارودۆخی شۆڕشی ئەیلوول و رەوشی كوردستان و رێككەوتنی جەزائیر و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی بە تێروتەسەلی كرد و لەو كۆبوونەوەیەدا چ جای رەتكردنەوەی ڕێككەوتننامەی جەزائیر و ئامادەكاری بۆ بەردەوامدان بە شۆڕش و بەرخودان دووپاتكرایەوە و دەتوانین بڵێن كە ئەو كۆبوونەوەیە سەرەتای خۆئامادەكردن بوو بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، چونكە زۆربەی ئەوانەی لەو كۆبوونەوەدا ئامادەبوون لە پاشەڕۆژ بوون بە ئەندامی سەركردایەتی كاتی.
* بەڕێزت باسی قۆناغێكی نوێت كرد لە ژیانی مەسعوود بارزانی ئەویش شۆڕشی گوڵانە، دەكرێت باسێكی دەستپێكی ئەو شۆڕشەمان بۆ بكەیت؟
_ پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول بەرپرسیاریەتی مەسعوود بارزانی گرانتر بوو، لەلایەك هەوڵی دەدا ئیستیعابی هەلومەرج و كاردانەوەی ئەو رەوشە و چارەسەركردنی ئاریشە و گرفتی ئاوارەكانی ئێران بكات و بەرهەڵستی فشارەكانی هەریەك لە رژێمەكانی عێراق و ئێران بكات و رێگای نهێنی بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش و سەرهەڵدان بكاتەوە، هەرچەندە ئەو ماوەیە كاتی خۆی خستبووە خزمەتی بارزانی باوك و، لە مانگی شەشی ساڵی 1976 لەگەڵ بەڕێزیان بۆ چارەسەری نەخۆشی سەفەری ئەمەریكایان كرد و شۆڕشی گوڵان دەستی پێكرد و پێشمەرگەی كوردستان شێرئاسا رووبەڕووی هێزەكانی رژێم بوونەوە.
لە ئەمەریكا مەسعوود بارزانی بە ژیرانە ئەركەكانی كوردایەتی ئەنجام دەدا و لە پەیوەندی بەردەوامدا بوو لەگەڵ ئیداریس بارزانی و قیادەی موئەقەتە و بەرپرس و دۆستانی كورد لە ئەمەریكا و ئەورووپا و شوێنەكانی تر و سەردانەكانی بۆ سووریا و ئینگلستان و چەند وڵاتێكی تر و ئاڵوگۆڕكردنی بیرو بۆچوونەكان لەگەڵ كەسایەتی و پەنابەرانی كورد.
لە ساڵی 1978 بڕیاریدا بگەڕێتەوە كوردستان و لە نزیكەوە سەرپەرشتی شۆڕشی گوڵان بكات، وەلێ لە كاتی گەڕانەوەیان لە رۆژی 9/1/1979 لە ڤییەنای پایتەختی وڵاتی نەمسا تووشی پیلانێكی سیخوڕەكانی ڕژێمی بۆوە بەڵام بەسەلامەتی دەرچوو پاش بریندار بوونی بەڕێزان ئازاد بەرواری و مامۆستا پیرۆت.
* بوونی مەسعوود بارزانی بەسەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان قۆناغێكی تری ژیانی ئەم سەركردەیەیە، هەروەها ئەركێكی زۆر قورس بوو كە لەو سەردەمەدا ئەم سەركردەیە شانی دایە بەری ئایا رۆڵی مەسعوود بارزانی لە رێكخستنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن بوو؟
_ پاش ماڵئاوایی رێبەری گەلی كورد مستەفا بارزانی لە 1/3/1979 و، پاشان گرێدانی كۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راژان لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەوە مەسعوود بارزانی بە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردرا و، بەم ئەركە پیرۆزە، باری سەرشانی قورستر بوو. رووبەڕووی زۆر گرفتی ناوخۆیی و دەرەكی بووەوە و ئەجێندای كارەكانی بریتیبوون لە پتەوكردنی ریزەكانی ناوخۆیی و چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان بۆ رووبەڕوو بوونەوەی دوژمنانی خەڵكی كوردستان و شۆڕشەكەی بەتایبەتی رژێمەی بەعسی عێراقی خوێن مژ و پەیداكردنی دۆستی ڕاستەقینە بۆ پشتگیری كردن لە دۆزی رەوای میللەتی كورد بەتایبەتی لەناو میللەتانی ناوچەكە و ئاشتیخوازان و گەیاندنی دەنگی كورد بە هەموو دەوڵەت و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ئاشتیخوازان و رێكخراوەكانی مافر مرۆڤ. بەڕێز مەسعوود بارزانی بەشەخسی خۆی سەرپەرشتی شۆڕشی گوڵان و قیادەی موئەقەتەی دەكرد و دەستی كرد بە بنیاتنانەوەی رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و پتەوكردنی ریزەكانی پێشمەرگە و بایەخ دان بە ئاوارەكان.
سەركەوتنی شۆڕشی ئایەتوڵڵا خومەینی بەسەر رژێمی گۆڕبەگۆڕی شای ئێران 1979 و دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێران وەرچەرخانێكی گەورە بوو لە مێژووی میللەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لەناوچوونی ڕژێمی شاهەنشاهی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننامەی جەزائیر و هەڵگیرساندنی شەڕ لەنێوان هێزە چەكدارەكانی سوپای عێراق و ئێران و پەرەسەندنی شۆڕشی گوڵان و هاتنی هەزارەها شۆڕشگێڕی خوێن گەرمی كورد بۆ ناو ریزەكانی شۆڕش و وەشاندنی زەبری كوشندە لە هێزی داگیركەری سوپای عێراق.
بێگومان لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو، زەمینەیەكی لەبار هاتە پێشەوە بەتایبەت لە رووی سیاسی و دیبلۆماسی، ئەوەبوو بەڕێزان مەسعوود بارزانی و ئیدریس بارزانی هەوڵی خۆیاندا بۆ سوود وەرگرتن لەو هەلومەرجەی ئەوكاتە، پەیوەندییەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانیان كارا و پتەوتر كرد لەگەڵ پارت و وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەكە وەك كۆماری ئیسلامی ئێران و سووریا و لیبیا و، هەستان بە توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانی هێزەكانی باشوور بە پێكهێنانی بەرەی كوردستانی لە ساڵی 1987 و یەكگرتنەوەی سەنگەری خەبات و تێكۆشان سەرجەم لایەنە كوردییەكان دژی رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ لە هەموو ناوچەكانی كوردستاندا، ئەوەبوو هێزەكانی عێراق بە دڕندەترین شێوە پەلاماری كوردستانی دا و شاڵاوی ئەنفالی ئەنجامدا و چەكی كیمیاوی بەكارهێنا و زیاتر لە چوار هەزار و پێنج سەد گوند و چەندین شارۆچكەی كوردستانی وێران كرد و بە هەزارەها خەڵكی بێگوناهی كوشت و بە كۆمەڵ لە بیابانەكانی باشووری عێراقدا زیندەبەچاڵی كردن و بە چەندین قۆناغ هاووڵاتیانی كوردی لە گەرمیان و هەڵەبجە و بالیسان و بادینان لەناوبران و 182 هەزار كورد بوونە قوربانی ئەو هێرشە دڕندانە لەگەڵ شەهیدكردنی 5 هەزار كەس لە خەڵكی شاری هەڵەبجە و ئەنفالكردنی 8 هەزار بارزانی و زیندەبەچاڵكردنیان لە گۆڕی بەكۆمەڵ لە خوارووی عێراق، لە هەموو ئەو كارەساتانەدا، مەسعوود بارزانی و زۆر لە سەركردەكانی تر دەیانزانی كورد تووشەی نەهامەتییەكی گەورە و بێوێنە هاتووە بەتایبەت دوای راوەستانی شەڕ لەنێوان هێزەكانی عێراق و ئێران لە ساڵی 1988 بەبێ ئاگاداری میللەتی كورد و شۆڕشەكەی، خۆیان جارێكی تر بە تەنیا لە مەیدانی جەنگ لە دژی هێزی زەمینی و ئاسمانی عێراق مانەوە، كە سەددام حوسێن فەرمانی پێیان كردبوو بە كشانەوەیان لە سنوورەكانی ئێران بۆ سەر شار و ناوچەكانی كوردستان و خاپووركردنی ژیان و سرووشتی كوردستان.
پاش ڕوودانی چەندین شەڕی گەورە و بێوێنە لەوانە شەڕی چیای خواكورك كە زیاتر لە بیست رۆژ بە سەرپەرشتی مەسعوود بارزانی خۆی ئەنجام درا و بە كوشتنی هەزارەها سەربازی عێراقی تەواو بوو، كەچی دواجار وێڕای لەناوبردنی چەك و تفاقێكی زۆری سەربازی. هەموو كوردستانی عێراق كەوتە ژێردەستی رژێمی گۆڕبەگۆڕی سەددام و كوردستان وێران و رەشپۆش كرا.
* لە ڕاپەڕینی ئاداری 1991 دا مەسعوود بارزانی ڕۆڵێكی كاریگەر و گەورەی هەبوو لەگەڵ بەرەی كوردستانی لە داڕشتنی پلان و ئامادەكردنی جەماوەری پارتی و پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول، دەكرێت باسێكی ئەو ڕاپەڕینە و ڕۆڵی مەسعوود بارزانیمان بۆ بكەیت؟
_ پاش لادانی ئەحمەد حەسەن بەكر لەسەر كورسی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەلایەن سەددام حسین لە ساڵی 1979 سەپاندنی شەخسی خۆی وەك سەرۆك كۆماری عێراق و بیركردنەوە لە ئەمجادی كۆنی ئەنفال و غەزەواتی عومەری كوڕی خەتاب و وەلید و سەعدی كوڕی وەقاص و گەلێك لە داگیركەرانی عەرەب كە خۆی بە واریسی شەرعی ئەوان دەزانی لە سەرەتای پڕۆژەكانی ئەوەبوو دوژمنەكانی لە عەجەم و كورد و ئێرانییەكان لەناوبەرێ و پاشان هەموو وڵاتانی عەرەبی داگیر بكات و بیانخاتە ژێر دەست و هەیمەنەی خۆی و ئاڵای بەعسی سەددام حسین لە هەمو كون و قوژبنێك بەرز بكاتەوە، لە پاش تێكدانی رێككەوتننامەی جەزائیر و هەڵگیرساندنی شەڕ دژی ئێران پاش وێرانكردن و كوشتن و لەناوبردنی هەزارەها خەڵكی عێراق و ئێران لە 8 ساڵ شەڕی خوێناویدا جارەكی تر سەددام حسین ناچار بوو لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی دابنیشێ و ئاگر بەست واژوو بكات بەبێ قازانج.
پاشان رووی كردە كوردستان بە هەموو هێز و توانای خۆی هێزە چەكدارەكانی پاش وێرانكردن و سووتاندی كوردستانیان بە موڵكی خۆیان دەزانی و دەستیان كرد بە دروستكردنی قەسر و ڤێلا و باڵەخانەی سەرنج ڕاكێش بۆ خۆی و كەسوكاری و سەرۆكە عەرەبەكان بۆ ئەوەی وەك دیاری بیانبەخشێ بۆ ئەوەی خۆی بكات بە سەرۆكی هەموو وڵاتانی عەرەب و، پێویستە هەمویان ئەم فەرمانە قبووڵ بكەن و لە سەرەتا دەوڵەتی كوێت لە كاتی قبووڵنەكردنی ئەو فەرمانە لەلایەن كوێتیەكان سەددام حسین لە ساڵی 1990 هێرشێكی سەربازی بردە سەر وڵاتی كوێت و، وڵاتەكەیانی داگیركرد.
زوڵم و زۆرداری سەددام حسین بۆ هەموو لایەك روون و ئاشكرا بوو لەلایەن هەموو دەوڵەت و ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی ئەم داگیركارییە رەتكرایەوە و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان هاتە سەرخەت و داوای لە عێراق كرد هێزەكانی خۆی لە كوێت بكشێنێتەوە رێز لە خاك و سەروەری كوێت بگرێت، سەددام حسین بانگەوازی نەتەوە یەكگرتوەكانی جێبەجێ نەكرد و گوێی لە كەس نەگرت، ئەوەبوو هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا دژی سەددام حسین درووست بوو و، سەددام حسین بە زەبری هێز لە ساڵی 1991 جەنگی كەنداوی یەكەم لە كوێت دەركرا دوای لەناوبردنی زۆربەی زۆری هێزەكانی.
جەنگی عیراق بۆ كورد و عەرەب لە عێراقدا بووە بە دەرفەتێكی باش بۆ ئامادەكاری بۆ بەرهەڵستی و بەرخودان دژی رژێمی دیكتاتۆری ئەوەبوو لە باشوور و باكووری عیراق خەڵك دەستیان بە سەرهەڵدان و بەرخودان كرد دژی رژێمی سەددام حسین.
لە كاتی هێرشەكانی هێزی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ سەر عێراق بەرپرسانی بەرەی كوردستانی سەرگەرمی ئامادەكردنی جەماوەری كوردستان بوون بۆ یاخی بوون و سەرهەڵدانی جەماوەری دژی رژێمی بەعسی خوێنڕێژ ئەوەبوو لە رۆژی 5|3|1991 سەرهەڵدان لە شاری رانیە و قەڵادزێ دەستی پێ كرد و نەوەستا تاوەكو هەموو شارەكانی كوردستان لە ژێر دەستی رژێمی سەددام رزگاركران لەوانەش شاری كەركووك.
لەو سەرهەڵدانەدا مەسعوود بارزانی رۆڵێكی كاریگەر و گەورەی هەبوو لەگەڵ بەرەی كوردستانی لە داڕشتنی پلان و ئامادەكردنی جەماوەری پارتی و پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و هاندانی هێزی پێشمەرگە بۆ ناو خاكی كوردستان بۆ لەناوبردنی هێز و بنكەكانی ئەمنی و حزبی بەعس و هاندانی جەماوەری كوردستان بۆ سەرهەڵدان و بەرخودان.
سەرهەڵدانی هەموو چین و توێژەكانی كوردستان لە بەهاری ساڵی 1991 بێ وێنەبوو، لە چەند ڕۆژێكی كەم دا، هەموو كوردستان لە هێز و بنكەكانی ئەمن و بارەگاكانی حزبی بەعس پاككرانەوە و پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بەجۆش و خرۆشەوە جەربەزانە یەكیان گرتەوە و نزیك بوونەوە لە سەركەوتنی هەمیشەیی، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان جارێكی تر تووشی نەهامەتی و دڵەڕاوكێ و هەڵاتن بوونەوە ئەویش بە دەستوور دانی زلهێزەكانی نێودەوڵەتی بۆ سەددام حسین بۆ بەكارهێنانی هێزە رووخاوەكەی لە شەڕی كەنداو و رێكخستنەوەی و بەكارهێنانی دژی سەرهەڵدانی باكوور و باشوور لەگەڵ بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی دژی خەڵكی سڤیلی كوردستان ئەوەبوو شاڵاوی كۆچی ملیۆنی دەستی پێكرد و زۆربەی زۆری خەڵكی كوردستان ڕوویان كردە سنوورەكانی ئێران و توركیا لە بەرچاوی كەناڵەكانی راگەیاندنی جیهانی و تەلەفزیۆنەكانی بێگانە و راپۆرتە جۆراوجۆرەكانیان لەسەر ئەو كۆچكردنە، ویژدانی مرۆڤایەتی و بەرپرسانی ئەورووپا و ئەمەریكای هەژاند و سەرۆك و بەرپرسی وڵاتان لە سەرتاسەری جیهان هاتنە سەرخەت بۆ یارمەتیدانی خەڵكی كوردستان و گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دابینكردنی ئەمن و ئاسایش بۆیان بەتایبەت سەرۆك (میتران) سەرۆكی فەرەنسا و (جۆن مێجەر) سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و (جۆرج بۆش)ی باوك سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا و بڕیاری 668 ی نەتەوە یەكگرتوەكان بەدابینكردنی ناوچەیەكی ئارامی بێ فڕینی فڕۆكەكانی جەنگی لە باكووری عێراق یاخود كوردستانی باشوور بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان لە هێرشەكانی سەربازانی عێراق.
هەر لەم رۆژانەدا بوو مەسعوود بارزانی بڕیاری دا هەر لەسەر خاكی كوردستان دەمینێتەوە و بە زیندوویی یاخود بە مردن جارێكی تر مەحاڵە روو لە وڵاتانی دەرەوە بكات و، تا كۆتایی هەناسەی بەرگری لە خاك و خەڵكی كوردستان دەكات و، خۆی و چەندین پێشمەرگەی كوردستان سەنگەریان دژی هێزەكانی رژێمی عێراق قایم كرد و لە شەڕی دەربەندی كۆڕێ كە دەكەوێتە نێوان مەسیف سەلاحەدین و شارۆچكەی شەقڵاوە گەورەترین سەركەوتنی لەشكری بەسەر هێزەكانی عێراق تۆمار كرد كە تا ئێستایش پاشماوەكانی ئەو جەنگە لە تانك و زریپۆشە تێكشكاوەكانی ئەرتەشی عێراقی وەك نمایشگاه لە دەربەندی كۆڕێ ماون و پاش ئەو شەڕە حكوومەتی بەغدا داوای شەڕ راوەستاندن و گفتوگۆ بۆ چارەسەری دۆزی كورد لە عێراق كرد و بۆ ئەم مەبەستە چەند وەفدێكی حزب و لایەنەكانی كوردی سەردانی بەغدایان كرد بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ گرفتەكانی خەڵكی كوردستان، بەڵام ئەنجامی نەبوو و حكوومەتی عێراقی و دەزگاكانی كەوتنە دژایەتی و پیلان داڕشتن بۆ لەناوبردنی خەڵكی كوردستان و شۆڕشەكەی و لە ساڵی 1993 حكوومەتی عێراق بڕیاری دا بە كشانەوەی هەموو كارمەند و بەرپرس و بارەگاكانی دەوڵەت لە كوردستان و بڕینی مووچە و پێداویستیەكانی تر لە خەڵكی كوردستان بەتایبەتی لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك، بە ئاواتی درووست بوونی بۆشاییەكی ئیداری و ئەمنی و ئابووری و تێكبەردانی چینەكانی خەڵكی كوردستان و هێزە سیاسیەكانی پاشان لەناوبردنی ئەزموونی حوكمڕانی لە سەرتاسەری كوردستاندا، بەڵام نەك ئەو هەوڵانەی حكوومەتی عێراقی سەری نەگرت، بەڵكو بووە هاندەرێكی كارا بۆ گواستنەوەی ئەزموونی كورد بۆ ئایندەیەكی گەشتر و شكۆمەندتر ئەویش بە خۆڕاگرتن و رێكخستن و دامەزراندنی دەزگاكانی ئیداری و ئەمنی و سەربازی و خۆ ئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ء دامەزراندنی دەمودەزگانی حكوومەت لە سەرتاسەری كوردستان.
لە بەهاری ساڵی 1991 لە كاتی راپەڕین و بەرخودانی گەورەی میللەتی كورد دژی رژێمی عێراقی گۆڕبەگۆڕ مەسعوود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كۆیە وتارێكی گرینگ و مێژوویی بۆ جەماوەری خەڵكی ئەو شارە پێشكەش كرد و داوای ئەنجامدانی ریفراندۆمێكی ئازاد و دیموكراسیانە و سەرتاسەری كرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی (پەرلەمان و دامەزراندنی حكوومەت و دامودەزگاكانی حوكمڕانی) لە كوردستاندا ئەوەبوو سەركردایەتی بەرەی كوردستانی بڕیاری دا رۆژێكی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەرتاسەری و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی یاخود پەرلەمانی كوردستان دیاری بكات.

© 2017 Hawler