تشرینی یەکەم 15, 2021

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

جێگری بەرپرسی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی : زیاتر لە ٣٠٠ هەزار دەنگدەری عەرەب لە کەرکووک زیادی کردووە

دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، لە دیدارێکدا لەگەڵ "هەولێر" رایگەیاند، دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر تەعریب لە شاری کەرکووک بەشێوەیەکی چڕ دەستی پێکردووە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار دەنگدەری عەرەب لە شارەکانی دیکەوە هاتوونەتە کەرکووک، لەگەڵ ئەوەی لە هەندێک شوێن وێنە و لافیتەکانی کاندیدەکانی ئێمە لێ کراونەتەوە، ئەوانەی ئەو کارە دەکەن ترسیان لە ئامانجی پارتی هەیە، لەبەر ئەوە دەیانەوێ لەمپەر بۆ کاندیدانی پارتی دروست بکەن، داوا لە خەڵک دەکەین رۆژی هەڵبژاردن بە چڕی روو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی بدەن، بۆ ئەوەی لە بەغدا نوێنەرایەتی ئەوان بکات و ئەو ئێش و ئازارەی کە هەیانە نەمێنێت.

کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بۆ ٣ بازنە دابەش کراوە، بازنەی باشوور، کە سنووری حەویجە دەگرێتەوە، سێ کورسی پەرلەمانی بۆ دانراوە، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی هاتوونەتە کەرکووک و کارتی بایۆمەترییان گواستووەتەوە و لە سەنتەری شار دەنگ دەدەن.
* بارودۆخی کەرکووک چۆنە؟
- لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە دۆخێکی نائاسایی لە کەرکووک هاتۆتە ئاراوە و ئیدارەیەکی سەربازی لە شارەکە هەیە و چەندین هێزی جیاواز لە شارەکە هەن.
* بۆچی تا ئێستاش تەعریب هەر بەردەوامە؟
-تا ئێستاش تەعریب لە کەرکووک بەردەوامە، بەو عەقڵیەتە شۆڤێنییە بەرامبەر بە ئێمە هەنگاو دەنێن، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار خەڵکی عەرەب لە حەوێجە و شارەکانی دیکەی عێراقەوە هاتوونەتە کەرکووک، کە بەشێکی زۆریان کارتی نیشتەجێبوونیان بۆ کراوە و فۆرمی خۆراکیان گواستووەتەوە، لە کەرکووکیش دەنگ دەدەن، کەواتە ئەوە تەعریبێکی دیراسە بۆ کراوە، بۆ ئەوەی دەنگی کورد کەم بێت و دەنگی عەرەب زیاد بێت.
* دەستان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە؟
- هەر چەندە بارەگاکانی ئێمە داگیرکراون، بەڵام لە کەرکووک و دەوروبەری دەستمان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە، نووسینگەیەکمان کردووەتەوە، لەو نووسینگەیە ئیش و کارەکانمان لە چوارچێوەی رێنماییەکانی کۆمسیۆن دەکەین، لە داهاتوودا چەند نووسینگەیەکی دیکەش دەکەینەوە و هەوڵ دەدەین رەوشی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و کێشەکانی شارەکە چارەسەر بکەین.
* رێگری لە کاندیدەکانی پارتی دەکرێت؟
- تا ئێستا هیچ رێگرییەک لە کاندیدەکانی پارتی نەکراوە، بەڵام لە هەندێک شوێن کێشەیان بۆ دروست کردووین، وێنە و لافیتەکانی کاندیدەکانی ئێمە لێ کراونەتەوە، رەنگە ئەو کەسانە ئەوانە بن کە گوێڕایەلی حکوومەت نابن، یان ئەو خەڵکانە بن کە لە شارەکانی دیکەوە هاتبن و بەناوی حەشدی شەعبی و بەشێوەیەک لە شێوەکان کێشە بۆ ئێمە و خەڵکی ئێمە دروست بکەن، کە ترسیان لە ئامانجی پارتی هەیە، لەبەر ئەوەش دەیانەوێ لەمپەر بۆ کاندیدانی پارتی دروست بکەن.
* لە کەرکووک دەنگی پارتی زیاد دەکات؟
- خۆشەویستیی خەڵکی کەرکووک بۆ پارتی لە هەموو ماڵێکە، بۆیە بە تەئکید دەنگی پارتی هەمیشە زیادی کردووە، بەپێی تەمەنی پارتی، ساڵ بە ساڵ پارتی گەورەتر دەبێت، خەڵک زیاتر لە دەوری پارتی کۆ بووەتەوە، بۆیە لەم هەڵبژاردنەش دەنگی پارتی زیاد دەکات.
* چ چاوەڕوانییەکتان لە خەڵک هەیە؟
- لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەردا غەدرێکی زۆر لە خەڵکی شاری کەرکووک کراوە، پێیان وایە تاکە حزب کە لە ئێش و ئازاریان دەگات و بەرگریان لێ دەکات پارتییە، بۆیە چاوەڕێی شتی گەورە لە خەڵکی کەرکووک دەکەین، چونکە خەڵکی کەرکووک نیشنمانپەروەرن، هیوادارین دوای هەڵبژاردن ئێش و ئازارەکانیان بڕەوێتەوە و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و کۆتایی بە کێشەکان بێت و کەرکووک و هەموو ناوچەکانی دیکە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە خەڵک دەکەین رۆژی هەڵبژاردن بە چڕی روو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی بدەن، بۆ ئەوەی لە بەغدا نوێنەرایەتیی ئەوان بکات و ئەو ئێش و ئازارەی کە هەیانە نەمێنێت".

© 2017 Hawler