تشرینی یەکەم 15, 2021

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

مەحموود محەممەد: هەندێک لایەن ترسیان لە بەشداریکردنی پارتی لە هەڵبژاردن لە کەرکووکدا هەیە

مەحموود محەممەد، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات و دەڵێت: "هەندێک لایەن ترسیان لە بەشداریکردنی پارتی لە هەڵبژاردن لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان هەیە". داواش دەکات لەو ناوچانە هەلی یەکسان بۆ هەموو بەربژێر و حیزبەکان لە مەسەلەی بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردن هەبێت".
 
مەحموود محەممەد، کە بەبۆنەی دامەزراندنی پارتی قسەی بۆ رووداو کردووە، سەبارەت بە کاتی بەستنی کۆنگرەی پارتی، گوتی: "دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەر کاتێک دەرفەت گونجاو بوو کۆنگرە دەبەستین".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەحموود محەممەد، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی
 
رووداو: 75 ساڵ بەسەر یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت، لەو یادەدا چ پەیامێکتان هەیە؟
 
مەحموود محەممەد: سەرەتا پیرۆزبایی 75 مین ساڵ لە سەرۆک و جێگر و هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و کادر و ئەندامان و لایەنگرو جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم، هەروەها لە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان.
 
75 ساڵ خەبات و تێکۆشان لە پێناو گەلێک کە ستەمی لێکرابوو، دامەزراندنی حیزبێک لە پێناوی ئەوەی ئەم گەلە چیدیکە ستەمی لێنەکرێت، لە ماوەی ئەو 75 ساڵە کۆمەڵێک دەستکەوتی باشی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ خەڵکی کوردستان بەدیهێناوە.
 
ئەو 75 ساڵە پڕ بووە لە هەوراز و نشێو، پڕ بووە لە کێشە، پڕ بووە لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی کادر و پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پێناو مافە رەواکان و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان.
 
بۆیە ئەم رۆژە رۆژێکی پیرۆزە، وەکو رۆژێکی مێژوویی دیار و زیندوو بەرجەستەکراو مامەڵەی لەگەڵ کراوە، چونکە لە کاتێکدا بووە کە دونیا رەشبینییەکی یەکجار زۆری بەسەردا کێشرابوو لە دوای جەنگی جیهانی دووەم. کاتێک بووە کە دۆخێکی زۆر ناخۆش لە سەرتاسەری کوردستان هەبووە.
 
بۆ یەکانگیری هەموو تواناکان و یەکگرتنەوەی هەموو هێز و توانای خەڵکی کوردستان ئەم حیزبە دامەزرا، لەو پێناوەشدا تاوەکو ئێستا قۆناخ بە قۆناخ توانیویەتی خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی، ئیعلامی و چەکداری لە پێناو ئەم گەلە ستەمدیدەدا بکات و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
ئومێد دەکەین لەمەودواش بتوانین بەردەوامبین لەسەر ئەو رێبازەی کە بارزانی نەمر دیاریکردبوو، هەروەها لەسەر کۆی ئەو ستراتیژ و فەلسەفەیەی کە پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر دامەزراوە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.
 
رووداو: یادی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراق، چۆن خۆتان ئامادەکردووە؟ بڕیاروایە ئەمڕۆ بە کردەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن، کەی لە هەرێمی کوردستان دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن؟
 
مەحموود محەممەد: چونکە ئەمجارە هەڵبژاردنەکە کراوەیە و وەکو جارانی پێشوو نییە، کە تەنیا مانگێک یان 20 رۆژ لە پێش هەڵبژاردن بێت.
 
لە دوای دیاریکردنی بەربژێرەکان و پێدانی ژمارە پێیان، رێگە بە بانگەشە درا، ئێمەش کۆبوونەوەکانی خۆمان بۆ ئەو مەبەستە کراوە، هەروەها ئەو شتانەی کە پێویستە بۆ چۆنیەتی ئاگادارکردنەوەی خەڵک و ئەندامان و لایەنگرانی خۆمان و جەماورەی خۆشەویستی کوردستان، کاری پێویستمان کردووە. لە زۆر شوێن زووتر بانگەشە دەستیپێکردووە، لە هەرێمی کوردستانیش و ناوچە دابڕێندراوەکانیش بە حوکمی کۆمەڵێک کێشە کە لەوێ هەیە، لەوانەیە هەندێک دواکەوتبێت، بەڵام لە دوێنێوەش لە هەندێک شوێن بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە.
 
رووداو: لە ناوچە دابڕێندراوەکان کێشەتان بۆ دروست نابێت؟ بە تایبەتی کێشەی ئەمنی؟
 
مەحموود محەممەد: راستییەکەی ماوەی 5 بۆ 6 مانگ دەبێت ئێمە خەریکی ئەو بابەتەین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین، چونکە دەزانین هەندێک پێیان خۆش نییە ئێمە بەشدار بین، هەندێک حەسوودیان هەیە و هەندێکیش ترسیان هەیە لە بەشداریکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەوانەیە هەندێکیان شەرم بکەن لەو بارودۆخەی کە دروستیان کردووە لەسەر مەسەلەی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان، کە پارتی دەبینن ئەو شەرمە دەیانگرێتەوە.
 
بۆیە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و دامودەزگا ئەمنییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان باسی ئەو بابەتە کراوە، دەبێت هەلی یەکسان بۆ هەموو بەربژێر و حیزبەکان هەبێت لە مەسەلەی بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردن، ئەمە پرۆسەیەکە پێویستی بە بانگەشەکردن هەیە، کە بانگەشەش دەکرێت، دەبێت بۆ هەموو لایەنەکان وەکو یەک وابێت.
لەوانەیە ئەو ئیشانەی تاوەکو ئێستا کراوە لەگەڵ ئەوان پەیوەندی کراوە، کێشەیەکی ئەوتۆ نەهاتووەتە پێش، ئەو کێشانەی کە هەشن بە گفتوگۆ چارەسەریان دەکەین.
 
رووداو: پێشتر پەیامێکتان هەبوو بۆ لایەنە عێراقییەکان، بە تایبەتی رەوتی سەدر کە بەشداری ئەوان لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بە پێویست دەزانن؟ پێتانوایە ئەو پەیامەتان بگاتە شوێنی خۆی؟
 
مەحموود محەممەد: پەیامەکە بۆ رەوتی سەدری و لایەنەکانی دیکەش بوو کە 26 لایەنن، لە راستیدا بۆ هەموویان بوو. پەیامەکە لەو روانگەیەوە هات، ئەوەی ئێمە لە مێژووی عێراق خوێندوومانەتەوە، عێراق بەردەوام کێشەکانی لەسەریەک کەڵەکە کردووە و چارەسەری نەکردووە، ئەوە بووەتە کولتوورێک، لە جیاتی ئەوەی کەلتووری چارەسەرکردنی کێشەکان بێت، کولتووری کەڵەکەکردنی کێشەکانە بەبێ چارەسەر. ئەمەش بەشێکە لەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەو کولتوورە بەردەوام نەبێت.
 
ئەم هەموو کێشانەی لە عێراق هەن، لە رووی دیپلۆماسییەوە، ئەمنی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەمووی کێشەیە، وا بە باش زاندراوە ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت و حکومەتێکی نوێ پێکبهێندرێت، رەنگە بەشێک لەو کێشانە چارەسەر بکرێن. ئێمەش لە روانگەی ئەوەی ئەو کێشانە هەندێکی چارەسەر بکرێت و لەسەر یەکدی کەڵەکە نەکرێن وەکو پێشوو، پێمان باشبووە هەڵبژاردن بکرێت و خۆشمان ئامادەکردووە و هانی خەڵکی دیکەش دەدەین بۆ ئەوەی بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بکات.
 
رەوتی سەدریش، رەوتێکی گرنگە کاریگەرە لەناو پرۆسەی سیاسی عێراقیدا، بە بەشدارینەکردنی کێشە دروست دەبێت، بەشداری نەکردنی لایەنەکانی دیکەش کەموکورتییەک دروست دەبێت، لەو روانگەیەوە ئێمە پێمان باشبوو بانگەوازێک بۆ ئەوان بکەین بۆ ئەوەی هەموویان پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی خۆیان بکەن و بەشداربن بۆ ئەوەی هەموومان بتوانین پێکەوە وەکو هەموو عێراقییەکان چارەسەری ئەو کێشانە بکەین، پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئازاد و پاک بەڕێوە ببەین.
 
رووداو: پەیامی حیزبەکەتان لە یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی پارتی بۆ لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە یەکڕیزی و یەکدەنگی بە تایبەت بۆ پرسی بەغدا چییە؟
 
مەحموود محەممەد: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بە درێژایی ئەو 75 ساڵە لە هەر قۆناخێکدابووبین یەکڕیزی نێو ماڵی کوردیمان زۆر لەلا گرنگ بووە، هەوڵمان بۆ داوە و زۆرجاریش قوربانیمان بە دەستکەوتەکان و شایستەکانی خۆمان داوە لەپێناوی یەکڕیزی نێو ماڵی کوردستانی.
 
ئێستاش ئەوەی کە گرنگە ئێمە یەکڕیزی نێوماڵی کوردە، بۆ ئەوەی بتوانین لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بە شێوازێکی مەدەنیانە رەفتار بکەین لە رێکلامکردن و بانگەشەکردندا، هەروەها لە دوای هەڵبژاردن ئێمە بتوانین وەکو کوردستانیان بە پێگەیەکی بەهێزترەوە، بە پێکەوەییەوە لەگەڵ چۆنیەتی پێکهێنانی کابینە بین بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی خۆمان بکەین. هەروەها ئەو مافانەی کە هەمانە و ئەو کێشانەشی کە هەمانە چۆن چارەسەریان بکەین، کە تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراون و بە هەڵواسراوی مانەتەوە.
 
رووداو: بڕیاربوو ئەمساڵ کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان ببەسترێت، بەڵام بەهۆی دۆخی کۆرۆنا و هەڵبژاردن وادیار بەڕێوەناچێت، پارتی بڕیارە کەی کۆنگرە بکات؟ دوای هەڵبژاردن یان ساڵی داهاتوو؟  
 
مەحموود محەممەد: بەدڵنیایی هەر لە دوای هەڵبژاردن سەرقاڵ دەبین بە بابەتانەی ئامادەمان کردووە، لە رابردوودا هەوڵماندا کۆنگرە ببەستین، بەڵام بە داخەوە مەسەلەی کۆرۆنا کە سەرتاسەری کوردستانی گرتەوە و قوربانی زۆری لێکەوتەوە، بۆ ئەوەی خەڵک تووشی هیچ نەبێت و هەڤاڵانمان تووش نەبن، دوامانخستووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە دوای پرۆسەی هەڵبژاردن بیری لێدەکەینەوە بۆ ئەوەی لە دەرفەتێکی گونجاودا کۆنگرە ببەستین، چونکە پێویستمان بە کۆنگرە هەیە.
 
رووداو: چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ کۆنگرە ببەستن یان ساڵی داهاتوو؟
 
مەحموود محەممەد: تاوەکو ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 10ی 10 رادەگەیێندرێت، کە بە دڵنیاییەوە مانگێکی دەوێت، پێکهێنانی حکومەتیش ماوەیەکی پێویستە، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەو ماوەیە مامەڵە دەکەین.
 
رووداو: چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری تەواو بکرێت لە کۆنگرەی ئەمجارە؟
 
مەحموود محەممەد: هەموو کۆنگرەیەک لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان، هەم لە دیدو بۆچوون گۆڕانکاری کراوە جاری وا هەبووە لە هەیکەل گۆڕانکاری کراوە، لە کەسایەتی و ستافیش گۆڕانکاری کراوە، ئەمە بەرنامەیەکی بەردەوامبوونی نوێبوونەوەیە لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان بووەتە رێچکەیەک و تاوەکو ئێستا لەسەری بەردەوامین.
© 2017 Hawler