تشرینی یەکەم 15, 2021

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

مەحموود محەمەد: بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆناوە نەدەکرا رێکارەکانی خۆپاراستن بشکێنرێن بۆیە وادەی کۆنگرە چەندجــــارێک دواخرا

مەحموود محەمەد، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دیداری ''خەندان''دا، کۆمەڵێک پرسی گرنگ دەخاتەڕوو. دەربارەی کۆنگرەی پارتی و پێوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەی کوردستان و عێراق، وە پرسی ئابووریی سەربەخۆ و دەستووری عێراق و باس لە هۆکاری ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی پارتی و پەکەکەش دەکات؛

بەستنی کۆنگرەی ١٤ی پارتی
سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کۆردستان، ڕایگەیاند، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو ساڵە نیازی بەستنی کۆنگرەیان هەبووە، بەڵام بەهۆی هاتنەپێشی کۆمەڵێ ئاستەنگ بۆ گرتنە بەری ئەو ڕێوشوێنانەی کۆنگرە پێویستی پێیان هەیە، نەکراوە، تەنیا ئەوەی توانیویانە بیکەن، پێکهێنانی لیژنە بووە، تا ڕوئیای پارتی بۆ چوار ساڵی دابێت دیاری بکرێت، یان بابەتی پەیڕەوی نێوخۆی پارتی، کە هەمووی ئەوانە ئامادە کراون.
مەحموود محەمەد، ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە کە کوردستانی گرتەوە، نەکراوە ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن بشکێنن، بۆیە بەستنی کۆنگرەیان دوا خستووە، کاتێ کۆنگرە دەبەسترێت، پێویستی بە کۆبوونەوەی زۆر هەیە، نموونەش بە هەریەکە لە کۆبوونەوەی لیژنەکان و هەڵبژاردنەکان دێنێتەوە، کە هەمووی ئەوانە پێکەوەبوون و تێکەڵاوبوونە.
دەشڵێت؛ بەداخەوە چەندین کادیری بەتوانا و دڵسۆزیان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەدەست داوە، ئەوەش وێڕای تووشبوونی زۆرێک لە کادیر و ئەندامانیان بە ڤایرۆسەکە. هەربۆیە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پەتایە ڕێگر بووە لە بەستنی کۆنگرە و، لە بوارێکدا کۆنگرە دەبەستن کە نیگەرانی تەندرووستیی هەڤاڵ و ئەندامانیان نەبن.
ئاماژەیشی بەوە دا کە ئەوان هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ بەستنی کۆنگرە کردووە، دووپاتیشی کردەوە کە لیژنەشیان بۆ ئەو مەبەستە پێک هێناوە و خودی خۆیشی وەک مەحموود محمەمەد ئەندامی لیژنە بووە و سەرپەرشتیی کارەکانیان کردووە، هەوڵیشیان داوە کە کۆنگرەکە بە شێوازێکی زۆر مۆدێرن ببەسترێت، بەڵام گەیشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ هەرێمی کوردستان، هۆکاری دواخستنی بووە. ڕەتیشی کردەوە جیا لەوە هیچ هۆکارێکی دیکە لە پشت دواخستنی کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان بووبێت.
سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی ئایا سەرۆک مەسعوود بارزانی دەبێتەوە سەرۆکی حیزب، گوتەبێژی فەرمیی پارتی ئاماژەی بەوە دا کە دەمێنێتەوە سەر ڕای خودی جەنابی سەرۆک و ئەو پرسەش بۆ ئەوکات دەمێنێتەوە و لە کۆنگرەدا باس دەکرێت. ڕەتیشی کردەوە، گەر بێت و سەرۆک واز لە پۆستەکەی بێنێت، بیریان لەوە کردبێتەوە، کە هەیکەلیەتی حیزبی بگۆڕن. بۆیە گوتی: "لەسەر ئەو بابەتە ئێمە هیچ گفتوگۆیەکمان نەکردووە، چونکە جەنابی سەرۆک هەم بارودۆخی تەندرووستیی باشە، هەم لە کاروبارەکانی حیزبیشدا بەجددی موتابعێکی باشە".
پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی
لەمەڕ پرسیاری ئەوەی گوایە بڕیار بووە کۆبوونەوە لە نێوان سەرۆک مەسعوود بارزانی و لاهووری شێخ جەنگی بەڕێوە بچێت، مەحموود محەمەد، ئەو دەنگۆیەی ڕەت کردەوە کە لە ڕاستیدا وەها کۆبوونەوەیەک نەبووە، بەڵام کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەبووایە بکرایە، کراوە و چەندین کۆبوونەوەش کراون، جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەی ئەو ئاستە، نە بڕیاری لەسەر دراوە و نە ڕەتیش کراوەتەوە، ئەوەیشی هەبووە لەسەر ئەو باسە، تەنیا تەکەهوناتی ڕاگەیاندنەکان بووە، ئەوەشی ڕوون کردەوە، بۆ وەها کۆبوونەوەیەک لەسەر ئەو ئاستە، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی تا چەند زەمینەی بۆ خۆش دەبێت، وەک لەوەی ئێستا هەیە.
ئەوەشی ڕاگەیاند؛ بەو پێیەی پارتی و یەکێتی لە دەسەڵاتدان، هەندێ گرفت دێنە پێش کە وەها کۆبوونەوەیەک لەسەر ئەو ئاستە نەکرێن. ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان پارتی و یەکێتی، یان پارتی و گۆڕان کراون، بە ڕێککەوتنێکی باش وێنای کردن، بەڵام نەیشاردەوە کە لە هەندێ بەشی ڕێککەوتنەکەدا یەکێتی خۆی بە مولزەم بەرانبەر بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە نازانێت، هەندێ جاریش کارتی گوشار بۆ هەندێ بابەت بەکار دێنێت، لە کاتێکدا ئەو بابەتە خاڵێکە لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوانمان.
مەحموود محەمەد بۆچوونی وایە، گەر بێت و ئەو ڕێگری و گرفتانە نەمێنن، ئەوا کۆبوونەوەکان دەکرێن، بەو پێیەی هەردوولا وەک دوو حیزب لە هەرێمی کوردستاندان و مونافیسی یەکدین. جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێ مونافەسەکان مونافەسەی سیاسی و لەسەر بنەمای تێڕوانین و پڕۆژە و کردەوە و بەرهەم بن، چ لە بواری سیاسی، یان کۆمەڵایەتی، یان ئابووری، نەک بوونی هەندێ فەوزای سیاسی کە ڕێ لە کارە گرینگەکان دەگرن.
مەحموود محەمەد، بوونی هەندێ فشاری یەکێتی ڕوون کردەوە و نموونەی بەوە هێنایەوە کە یەکێ لەو خاڵانەی هەردوولا لەسەری ڕێککەوتوون، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بەڵام بە سەرسوڕمانەوە گوتی: "لەلایەن هەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی ئەوانەوە، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد هەرێمی دیکە دابمەزرێت! تەنانەت کۆکردنەوەی ئەو هەموو واژوویەش بۆ ئەو مەبەستە، بە چاونوقاندن و ڕێپێدانی ئەوان کۆ کرایەوە بۆ ئەوەی هەرێمێک لە سلێمانی دابمەزرێت و لە هەرێمی کوردستان جیا بێتەوە"!
لەبەر ئەوەی جەختی کردەوە کە دەبێ یەكێتی باش بزانێت هەندێ شت هەن هەروا دەرباز نابن، هاوکات نموونەیەکی دیکەی پابەندنەبوونی یەکێتی بە ڕێککەوتنی نێوانیان دێنێتەوە کە ئەویش حوکمڕانیی هەرێمی کوردستانە و دەبێ سەرتاسەری بێت، بەڵام یەکێتی پێیەکی لە حکوومەتە و پێیەکی لە ئۆپۆزسیۆنە، "ئەوەندەی ئەوان هێرش دەکەنە سەر حکوومەت، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش ئەوەندە هێرش ناکەنە سەر حکوومەت"!
لە بەرانبەر داواکردنی باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییاندا، مەحموود محەمەد جەختی لەوە کردەوە کە پارتی داوای ئەوەی کردووە و، هاوکات ئەوەشی باس کرد کە نوێنەرانی یەکێتییش لەنێو حکوومەتدا هەن، با بزانین ئەوان دەتوان بژێوی هاووڵاتییان باش بکەن و مووچە بەبێ لێبڕین دابەش بکەن؟! ئەگەر بڕیار وایە و حکوومەت دەتوانێت ئەوە بکات، با قوباد تاڵەبانی ڕای بگەیەنێت کە حکوومەت دەتوانێت ئەو کارە بکات و پارتی ناهێڵێت؟! بۆ ڕای ناگەیەنێت؟! ڕوونیشی کردەوە کە قوباد تاڵەبانی ڕاستییەکە دەزانێت، هەروەها وەزیری دارایی، ئەویش پارتی نییە و سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە، یان سەرجەم وەزیرەکانی دیکەیان، خۆ بڕیاری بڕینی مووچە بە تەنیا لایەنێک و کەسێ ناکرێت، بەڵکوو بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت، هەربۆیە نابێ لە ڕێی ڕاگەیاندنەوە بەو شێوەیە پێشان بدرێت کە گوایە بە تەنیا بڕیاری لایەنێک بووە و لایەنی دیکە لەگەڵ وەها بڕیارێکدا نییە!
گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نەیشاردەوە کە کێشەکانی نێوانیان لەوێوە دێن؛ چ بە دوورخستنەوەی نێوانیان، یان تێکشکاندنی متمانەی نێوانیان لەگەڵ لایەنەکانی بەشداری حکوومەت و، دووپاتی کردەوە، دەیان جار ئەو نیگەرانییانەیان گەیاندووەتە ئەوان، بەو پێیەی کە سێ حیزب بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کردوویانە و لەسەر بنەمای ئەو کارنامەیەی لەسەری ڕێک کەوتوون و کابینەیان پێک هێناوە، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کار بەو کارنامەیە بکەن کە دراوەتە دەست نوێنەرانی هەرسێ حیزب، چاوەڕێی ئەوە بووین هەمووان پێکەوە پاڵپشتی حكوومەت بن تا بتوانرێ ئەو کارنامەیە جێبەجێ بکرێت و لە کوێش تووشی ئاستەنگ بوو، ئەوا هەموان پێکەوە توانای خۆمان وەگەڕ بخەین تا حکوومەت ئەو ئاستەنگانە تێ پەڕێنێت.
بۆچوونی پارتی لەسەر هاوپەیمانیەتیی نێوان یەکێتی و گۆڕان
لە وەڵامی ''خەندان''دا، مەحموود محەمەد بەستنی هاوپەیمانیەتیی نێوان یەکێتی و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی دابێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵی بە ئاسایی ناو برد، بەو پێیەی ئەوە ڕێککەوتنی نێوان دوو حیزبە، ئەگەر بێت و لەسەر حیسابی لایەنی دیکە و هەندێ بابەتی گشتی نەبێت.
سەبارەت بە کاریگەریی ئەو هاوپەیمانیەتییە لەسەر دەنگدەرانی پارتی، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان واسقن لەسەر دەنگدەرانی خۆیان، نموونەیشی بەوە هێنایەوە کە هەر لە ساڵی ١٩٩٢ەوە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کراوە تا ئێستا، بەردەوام جەماوەری کوردستان متمانەیان بە پارتی و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی هەبووە، هەربۆیەشە زۆربەی دەنگەکان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، "ئێستاش هەر بڕوامان بە جەماوەری کوردستان و لایەنگرانی پارتی هەیە کە ئەوەی ئێستا هەیە بەرەوپێشتری ببەن و. ئەو مەوقیعیەتەی وەک پارتی هەمانە، پتەوتریشی بکەن".
هاوپەیمانیەتیی پارتی لەگەڵ لایەنەکان
گوتەبێژی فەرمیی پارتی لەسەر بەستنی هاوپەیمانیەتیی سێ قۆڵی لایەنانی بەشدار لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باسی لەوە کرد کە گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، بەڵام یاسای هەڵبژاردن گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەو پێیەی نە لەسەر بنەمای شارۆچکەیە، نە شارە، نە هەموو عێراقە، بەو پێیەی لەسەر بنەمای بازنەی جیا جیایە، بۆیە مەحموود محەمەد پێی وایە هەر هاوپەیمانیەتییەک بکرێت، ئەوا بەئاسانی سەرکەوتن بەدەست نایەنێت، مەگەر لایەنێک لەبەر لایەنی دووەم کاندیدی نەبێت، یان کاندیدی بکشێنێتەوە، ئەوەشی بۆ پارتی بە ئەستەم زانی، کە لە شوێنێک خەڵکیان هەبێت و کاندید دانەنێن.
ئەوەی بەلای مەحموود محەمەدەوە گرینگە، ئەوەیە کە هەموان بتوانن بە ڕێکوپێکی و پاکی هەڵبژاردنەکە بەرەو پێشەوە ببەن و سەری بخەن، زۆرجاریش لە دوای هەڵبژاردن دەکرێت رێككەوتن بکرێت کە چۆن حکوومەت پێک بێت، ئەوەشیان لەگەڵ هەریەکە لە یەکێتی و گۆڕان تاوتوێ کردووە کە دوای هەڵبژاردن لەسەر ئەو پرسە زیاتر گفتوگۆ بکەن. ڕوونیشی کردەوە کە لەگەڵ تەواوی لایەنەکانی عێراق بە سوننە و شیعەوە، لەسەر پرسی دوای هەڵبژاردن و چۆنیەتیی حوکمڕانی لە ڕێی شاندی پارتییەوە گفتوگۆیان کردووە.
جەختیشی لەوە کردەوە هەرلایەنێکی عێراقی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان نزیک بێت، ئەوان لەگەڵ ئەو لایەنەدا تەفاهوم دەکەن. نەیشی شاردەوە کە لە هەموو ئەو لایەنە عێراقییانەی گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە، تەیاری سەدر، لە هەموویان نزیکتر بووە لێیانەوە، هەربۆیە پێی وابوو کە لەدوای هەڵبژاردن ئومێد دەکەن تێگەیشتنێک لە نێوانیاندا هەبێت کە حکوومەتێک پێک بێت بەگشتی لە ئاست داخوازییەکانی خەڵکی عێراق بێت.
مەحموود محەمەد ڕوونی کردەوە کە حکوومەتی ئێستا هیچ سوڵتەیەکی بەسەر عێراقدا نییە، بەو پێیەی کە حکوومەتی سێبەر زۆر لە حکوومەتی ئاشکرا سوڵتەی زیاترە، هەموو ئەو بەرنامانەی حکوومەتی عێراق دایدەنێت، حکوومەتی سێبەر دەتوانێ تێکی بدات. ئەوەشی گوت کە لە دانانی کازمیدا ئەوان پشتیوانییان کردووە و ئومێدیان هەبووە، "لە ڕاستیدا دەست و پێی بەستراوە و ناتوانێ ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ هەموو لایەنەکان کردوونی، وەک خۆی جێبەجێیان بکات، چونکە ڕێگەی پێ نادەن".
بوونی کازمی وەک سەرۆکوەیزانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش، بەلای گوتەبێژی فەرمیی پارتییەوە نەبووەتە هۆکاری ئەوەی کە کازمی توانا و دەسەڵاتەکانی جێبەجێ بکات، چونکە لە بەرانبەردا هێزی چەکداری دیکە هەن لە بەرانبەر ئەواندا چەکدارتر و بەتوانا ترن.''
ئابووریی سەربەخۆ و دەستووری عێراق
سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆ، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان بۆ ئەو مەبەستە پشت بە دەستووری عێراق دەبەستن، چونکە لە دەستووری عێراقدا ڕێگە بە هەرێمی کوردستان دراوە لە بابەتی نەوت و بابەتی دیکەدا جۆرێک لە سەربەخۆییی هەبێت کە لە دەسەڵاتی حەسریی حکوومەتی فیدراڵیدا نییە.
ڕوونیشی دەکاتەوە ئەو پرسە تەنیا پەیوەست نییە بە پارتییەوە، بەڵکوو سەرجەمی لایەنە کوردستانییەکان و لایەنەکانی دیکەیش وەک سوننە و شیعە لەسەری ڕێک کەوتوون کە هەرێمی کوردستان جۆرێک لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی هەبێت، وێڕای هەندێ بابەتی دیکەی خزمەتگوزاری. هەربۆیەشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەسەر دەستوور ڕێک کەوتوون، دەبێ جێبەجێ بکرێت، نەک بکرێتە هەڵبژاردە و کام ماددە لە نەفعی کام حیزبە، ئەو جێبەجێ بکرێت و ئەوی دیکە بۆ ئەوان باش نییە، نەکرێت.
مەحموود محەمەد لە درێژەی دیدارەکەیدا و لە وەڵامی ئەوەی کە گوایە هەتا هەرێمی کوردستان پشتی بە ئابووریی سەربەخۆ نەبەستبوو، بەو شێوەی ئێستا تووشی قەیران نەدەبوو، گوتی: "خۆ حکوومەتی فیدراڵی پشتی بە ئابووری و ئەو یاسایانەی خۆی بەستووە و تووشی ئاستەنگیش بووە، فەرموو بڕۆن لە بەغداوە بیگرن تا دەگاتە بەسڕە، لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی خەڵک چۆنە"؟!
ئەوەیشی گوت کە هەرێمی کوردستان لە بابەتی مووچەدا تووشی کێشە بوو، بەڵام دەستی سیاسیی لەپشتەوە هەبوو، ساڵی ٢٠١٤ کاتێ هەرێم لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش تووشی شەڕ بوو، ئەوکات میزانییە و بوودجەی هەرێمی کوردستانیان بڕی. "لە کاتێکدا دەبوو هاوکاریی هەرێم بکرابووایە، کە ئەوەش خەنجەر لە پشتدانێک بوو، تا هەرێمی کوردستان نەتوانێت بەو بوودجەی کە خۆی هەیەتی ئیدارەی بەرەکانی جەنگی پێ بدات لە لایەک، لە لایەکی دیکەیشەوە نیگەرانی درووست ببێت".
مەحموود محەمەد جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان توانییان بە ئیرادەوە لەسەر پێی خۆیان بوەستن و نەهێڵن، ئەو پلانەی بۆ پووکانەوەی هەرێمی کوردستان داندرابوو، سەر بگرێت، "چونکە هەموو ئامانجەکە ئەوە بوو کە هەرێمی کوردستان نەتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت"!
ئەو دووپاتی دەکاتەوە کە دەیانەوێت دەستوور ببێتە بنەما و لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا ڕێک بکەون، هاوکات بەپێوستی زانی کە لایەنە کوردستانییەکان و سەرجەم لایەنە شیعی و سوننییەکان پشتگیریی ئەو ئاڕاستەیە بکەن کە لەسەر بنەمای دەستوورە، ئەوانیش وەک پارتی، دەستوور چۆن ڕێگەی پێ داون، ئەوە دەکەن و لە هیچ خاڵێکی دەستووریش لا نادەن.
هەندێ لایەنیش کە بە دەستوور ڕازی نین، بیانووی ئەوە دێننەوە کە گوایە کاتێ دەستوور نووسراوە، عێراق لەژێر داگیرکاریدا بووە، یا لە کاتێکدا نووسراوە، کورد باڵادەست بووە، هەندێ لایەنیش داوای هەمواری دەستوور دەکەنەوە، هەموو ئەوانەش بەلای گوتەبێژی فەرمیی پارتییەوە، هەوڵن بۆ نەهێشتن و لاوازکردنی ئەو خاڵە دەستوورییانە کە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانن، ئەگەر پێشیان بکرێت دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستانیش نەهێڵن و بیکەنەوە بە پارێزگا، وەک هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق.
مەحموود محەمەد ڕوونی کردەوە، ئەو ویستە لەنێو لایەنی شیعی و سوننیشدا هەیە، بە بابەتێکی گەورەی سیاسیی نێو برد کە چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو کارە بکەن، ئەوە ڕەنگدانەوەیەکی گەورەی نێوخۆیی و دەولییشی لەسەر ئەو بابەتە دەبێت، "ئەو پرسە پەیوەندیی بە چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە نییە، بەڵکوو لەنێو کوردیشدا هەن کە ئارەزووی ئەوە دەکەن، سلێمانی پارێزگایەکی سەر بە بەغدا بێت و هەولێر و دهۆکیش بە هەمان شێوە، هەرچەندە بۆچوونەکە هەیە، بەڵام ڕایەکی بەهێز نییە، بۆی هەیە لە هەندێ بواردا ئەوانە ببنە فشارێک کە حکوومەتی فیدراڵ بابەتێک بەرانبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکات، کە دەبێ جێبەجێی بکات"!
لامەرکەزی
مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسی لامەرکەزیشی بە پرسێکی نێوخۆییی هەرێمی کوردستان وێنا کرد و ڕەتی کردەوە کە پەیوەندیی بە حکوومەتی فیدراڵەوە هەبێت، جەختیشی لەوە کردەوە هەمووان لەگەڵ ئەوەن لامەرکەزی جێبەجێ بکرێت. ڕوونیشی کردەوە لە ساڵی ٢٠٠٩ کاتێ یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان نووسرا، یەکێ لە ماددەکان باسی لامەرکەزیەتە، هاوکات یەکێ لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لامەرکەزیەتە، هەروەها یەکێ لە خاڵەکانی ڕێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتی، یان گۆڕان پرسی لامەرکەزیەتە.
وەک مەحموود محەمەد ئاماژەی پێ دا، لامەرکەزیەت ویستی تەنیا لایەنێک نییە، تا شەپۆلێک بێت و سواری بێت و وەک کارتێک بەکاری بێنێت، بەڵکوو ڕێککەوتنی نێوان هەموو لایەنەکانە، حکوومەت لیژنەی بۆ درووست کردووە و دەسەڵاتەکان شۆڕ دەکاتەوە، هەوڵی بۆ دراوە و لە چەندین کۆبوونەوەی حیزبەکاندا زۆر بەڕوونی باس کراوە، بەتایبەت لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی، نوێنەری هەردوولاش لە حکوومەتدا بۆ جێبەجێکردنی ئەو بابەتە دیاری کراون.
ئەو ئەوەی ڕەت کردەوە کە لامەرکەزی بە مانای دابڕانی پارێزگایەک لە هەرێم بێت، بۆیە وەکوو پارتی دژی ئەوەن و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە هەرشتێک دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بێت و، دژی ئەو هەموو خەبات و خوێنە بێت کە لەپێناوی درووستکردنی هەرێمی کوردستان کراون و دراون، ئەوان قبووڵی ناکەن.
گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک
مەحموود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، لەمەڕ بابەتی گەڕانەوەیان بۆ کەرکووک، بەڕوونی گوتی کە ئەو بابەتەیان بە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی عێراق گوتووە، هاوکات لەگەڵ لایەنەکانی بەشدار لە حکوومەتی فیدراڵ باسیان کردووە، بۆیە ئەوان وەکوو پارتی بەشداریی هەڵبژاردنی عێراق دەکەن، بەڵام دەیانەوێت وەک هەموو لایەنێکی دیکە، بەشدارییەکی ئازاد و بەو شێوەیە بێت کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەری دەکات.
گەڕانەوەی پارتی بۆ ئەو شارە، پەیوەستە بەوەی چۆن لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا ڕێک کەون لەسەر چۆنیەتیی گەڕانەوەی بارەگاکانیان و سەربەخۆییی کارەکانیان، هاوکات بوونی ئەمنییەت و نەهێشتنی ئەو عەسکەرتاریەی لە شارەکەدا هەیە، نەمێنێت و هێزی مەدەنی بتوانێت حوکمڕانیی ئەو شارە بکات.
هەربۆیە گوتەبێژی فەرمیی پارتی دووپاتی کردەوە، کە لە ڕووی عەسکەرییەوە، بێگومان کەرکووک لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و هەندێ شاری دیکەیش، هێزی ئەمنی و سەربازی بەڕێوەی دەبەن، نەک کارگێڕی و ئیداری.
پەیوەندیی پارتی و پەکەکە
مەحموود محەمەد پەیوەندیی نێوان پارتی و پەکەکەی بە خراپ وێنا کرد، بەو پێیەی پەکەکە خۆی بە بەدیلی سەرجەم حیزبەکانی کوردستان دەزانێت، تەنانەت خۆی بە بەدیلی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەزانێت: "پەکەکە وا تەسەور دەکەن، چونکە ئەوان لێرەن، ئیدی دەبێ ئەوان باڵادەست بن! زۆر جاریش بڕوایان وایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانیان ڕابگرن، لە بەرانبەردا ئەنجومەنێک درووست بکەن کە لە پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پەکەکە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ئەم هەرێمە پێک بێت! یا لیژنەیەکی سەربازی بۆ هەمووان درووست بکرێت، وەک ئەوەی هەرێمی کوردستان نە هەڵبژاردنی کردبێت، نە پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی هەبێت، یان یاسا و هیچی نەبێت، پەکەکە دەیانەوێت ئەوان باڵادەست بن"!
دەشڵێت: "سەباری ئەوانەش پەکەکە پێیان وایە ئەوان لەسەر هەقن، ئیدی ئەوەی ئەو نەیڵێ هەق نییە، کێشەکە ئەو خۆبەزلزانین و خۆبەهەقزانینەی ئەوانە. ئەوەیشی ڕەت کردەوە، کە پەکەکە بەفەرمی گوتبێتیان ڕێز لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەگرن و چاویان لەسەری نییە. نموونەیشی بەوە هێنایەوە، گەر وانییە، پەکەکە چی دەکەن لە هەندێ شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، یان ئەو هەموو گوندەی هەرێمی کوردستان، تەنانەت ناشهێڵن ئاوەدان بکرێنەوە! بۆ دەبنە هۆکار بۆ تورکیا، تا بێت و ئەو هەمووە شوێنانە داگیر بکات؟!
نموونەی دیکەیشی هێنایەوە، کە پەکەکە خەریکی درووستکردنی بەلەدیە و جمهووری و حوکمڕانین، یا ڕێ بە پشمەرگە دەگرن تا لەو شوێنانەی پێویستن ئەمنیەت دابین بکەن؟! ڕێگە بە بەڕێوەبەری شارۆچکەکان نادەن بڕۆن کاری ئاوەدانکردنەوە بکەن، یا ڕێ بە جووتیاران نادەن بڕۆنەوە زێدی خۆیان و زەوییەکانیان بکێڵن و بەرهەمی خۆیان کۆ بکەنەوە؟! "پەکەکە تەنیا بۆ چەواشەکاریی خەڵک لە ڕاگەیاندنەوە دەڵێن باوەڕمان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە! گەر باوەڕیان هەیە، دەبێ هەرێمی کوردستان حوکمڕانیی سەرتاسەری بکات، ئەوان ڕایان کردووە و هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و ڕێگەیان بۆ کراوەتەوە، وەک هەر ئەحزابێکی دیکە، دەتوانن لە ڕوانگەی سیاسیی و ڕاگەیاندنەوە مومارەسەی کارەکانیان بکەن، جیا لەوە هیچ وڵاتێک ڕێگە نادات، کە حیزبێک بێتە وڵاتەکەی و بڕوات چالاکیی سەربازی بەرانبەر وڵاتێکی دیکە بکات و بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە و بحەسێتەوە؟! هیچ وڵاتێک ڕێگە بەوەها شتێک نادات".
مەحموود محەمەد جەخت لەوە دەکاتەوە، چ وەک سەرۆک بارزانی، یا وەک پارتی بابەتی شەڕی نێوخۆ بڕاوەتەوە و هەرگیز لەگەڵ شەڕی نێوخۆیی و براکوژیدا نین، بەڵکوو ئەوەی هەیە پەکەکەیە کە شەڕ بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەفرۆشێت، پەکەکەیە بۆ شوێنێکی دیکە درووست بووە و هاتووەتە ئێرە و دەیەوێ حوکمڕانی بکات، "ئەوەی بە خوێن و خەباتی ڕۆڵەکانمان بە دەست هاتووە، پەکەکە دەیەوێت خۆی بکاتە خاوەنی! فەرموو بۆ ئەو شوێنەی درووست بوویت، بڕۆ لەوێ خەبات و تێکۆشانت بکە، ئەگەر کێشەمان بۆ درووست کردی، ئەوکات مافیان هەیە گلەیی بکەن و قسە بکەن، نەک بێن و هەرێمی کوردستان دوای ئەو هەموو قوربانیدانەی بۆی کراوە و ئێستا لە ڕووی دەولی و دەستووری عێراقیشەوە ئیعترافی پێ کراوە و، خاوەنی سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت و پەرلەمانە. بۆچی کێشەی بۆ درووست دەکەیت"؟!
پەکەکە دەڵێن کە گوایە بەرەنگاری داگیرکاریی تورکیا دەبنەوە. گوتەبێژی فەرمیی پارتی لە بەرانبەردا دەڵێت، هەتا پەکەکە نەهاتوون و لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە شەڕیان دژ بەو وڵاتە نەکردووە، ئەوان نەهاتوون داگیری بکەن، کەی و لە پێش ئەوەی پەکەکە لێرە هەبێت، تورکیا هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان؟! نموونەی ساڵی هەشتاکانیشی هێنایەوە، کە وەها بابەتێک ڕووی داوە، ئەوکاتیش هەر لەسەر پەکەکە بووە! دڵنیاییشی دا گەر پەکەکە لێرە نەمێنن، تورکیا لەشکرکێشی ناکات، گەر بشبێ، ئەوا هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیشی ئامادەن بەرەنگاری ببنەوە.
سەبارەت بە بوونی بنکەکانی تورکیاش، مەحموود محەمەد ڕوونی کردەوە، لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەفەرمی داوا کراوە بنکەکانیان نەمێنێت، هاوکات لە لایەک حکوومەتی فیدراڵییشەوە داوا کراوە کە بنکەیان لە باشیق نەمێنێت، بەڵام حکوومەتی عێراقیش پێی دەرناکرێن.
مەحموود محەمەد نایشارێتەوە، پەکەکە بەو سیاسەت و نەهجەی ئێستای هەیەتی، مەترسییە بۆسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی، هاوکات بە مەترسیشی دەزانن بۆ سەر پارچەکانی دیکەی کوردستانیش.
هاوکاریی پەکەکە سەبارەت بە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، کە لەسەر زاری پەکەکەیە، ئەوا لە لای مەحموود محەمەد پرسیارە، کە ئایا هاوکارییەکە بە چەند کەس کراوە؟! نموونەیشی بەوە هێنایەوە، کە دەیان هەزار پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕدا بوون، ئەوان لە دوو بۆ سێ شوێن و داخۆ گرووپێکی بچووکیان هەبووبێت و بەشدار بوون، ئیدی بۆ بوو بە دەستکەوت بۆیان؟! چەند هەزار پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.
بەلای ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، هاوکاری باش لە لایەن پەکەکەوە، ئەوەیە کە دەستکاریی هەندێ بابەت نەکەن، چوون و هاوکاریی هەرێمی کوردستانی بۆ کۆبانێ بە نموونە هێنایەوە، لە دوای ئەوەی پێیان گوترا پێویستیمان بە پێشمەرگە نەماوە، هێزی پێشمەرگە گەڕانەوە، "ئەگەر پەکەکە ئیشی باشی کردووە، دەبوو ئیشە باشەکەی بەو شێوە بووایە، کاتێ هەرێمی کوردستان دوای سوپاسکردنیان داوای لێ بکردنایە، کە بکشێنەوە، دەبوو بکشابانایەتەوە، ئێستاش لە شنگال ماون و بوونەتە کێشە، ئەوەش لە کاتێکدایە ئێمە وەک هەرێم لەگەڵ بەغدا ڕێک کەوتووین تا بارودۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە، ئەگەر ئەوێ ئاسایی بکرێتەوە، دەبێتە دەروازەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی مەخموور و کەرکووک و شوێنەکانی دیکەیش، بەڵام پەکەکە لەوێ بوونەتە کێشە و نایەڵن ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت"!
مەحموود محەمەد ئەو دەنگۆ و تۆمەتانەی پەکەکە ڕەت دەکاتەوە کە پارتی هاوکاری تورکیا بێت بۆ لێدانی پەکەکە، بەوپێیەی ئەو وڵاتە پێویستی بە پارتی نییە، چونکە تورکیا لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە زۆر لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە پشتر و پێشکەوتووترە، لە ڕووی سەربازییشەوە بە هەمان شێوە، توانای ئەوان بەهەمان شێوە، دواجار ئەمەریکاش بە هەموو شێوازێک هاوکاریی تورکیا دەکات، پێشی وایە کە تورکیا لە بەرانبەر پەکەکەدا ڕەنگە پێویستی بە خەڵکی دیکە نەبێت.
پەیوەندیکردن بە ڕیزەکانی پارتیەوە
لە پرسیاری کۆتاییی دیدارەکەدا سەبارەت بەو کەسایەتییانەی دێنە نێو پارتییەوە، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت؛ پارتی سیاسەتێکی دیار و ڕێبازێکی نەگۆڕی لەسەر بابەتە نیشتمانی و نەتەوەیییەکان هەیە، هەندێ لەو برادەرانەی لەنێو لایەنەکانی دیکەدان و پەتپەتێنی سیاسی دەبینن، ئەوکات دیارە کە پارتییان پێ باشە و دێنە نێو چوارچێوەی پارتییەوە، تا خزمەت و خەباتی خۆیان بکەن، ئەویش لەپێناو بەدیهێنانی ئەو دید و بۆچوونە نەتەوەییەی هەیانە، بۆ ئەوەی بەدیی بێنن. ڕەتیشی کردەوە ئەوان وەکو پارتی حاڵەتی تەبشیرییان بۆ ڕاکێشانی کەسانی لایەنەکانی دیکە هەبێت، بەڵکوو هەر کەسێک لە لایەنێکی دیکە خۆی دەگاتە ئەو بڕوایەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدەبژێرێت بۆ خزمەتکردن، گومانی تێدا نییە بۆ ئەوەیان دامودەزگا هەیە بۆ ڕێکخستنەوەیان.

© 2017 Hawler