تەمموز 10, 2020

فەرماندەیەكی سەربازی پێشمەرگە لە تاراوگەوە: داوام لەخەڵكی بەشەرەفی كوردستان ئەوەیە پەتای كۆرۆنا بەسیاسی نەكەن

عەبدولقەهار هەولێری

زۆرێك لەو كوردانەی كە روویان كردە ووڵاتانی رۆژئاوا بە ویستی خۆیان نەبووە، بەڵام بەهەر هۆكارێك بێت رێگەی ئەوروپایان گرتۆتە بەرو لەوێش ماونەتەوە، بەڵام ژیانی غوربەت نەبۆتە ئاستەنگ لەبەردەم خزمەتكردن، بۆیە لەوێش هەر بە رۆحیەتی خاكی زێدی باب و باپیران لەپاڵ كاری مرۆیی خۆیان خزمەتی كوردستان دەكەن.

تەحسین یاسین كەركووكی، یەكێكە لەو كەسانەی كە زرووفی تایبەتی گەیاندیە ئەوروپا، ئەو لە كوردستان جێگری فەرماندەی لیوا بوو لە سوپای ڕزگاری، لە ژیانی پێشمەرگایتیدا دووجار بریندار بووە لە بنەماڵەیەكی شۆڕشگێڕو كوردپەروەری شاری بابه گوڕگوڕە.

ئەو بۆ رۆژنامەكەمان لە دەمە تەقێیەكدا دەلێ: ‎بەر لە هاتنم بۆ ئەوروپا، لە كوردستان پێشمەرگە بووم، بەپلەی جێگری فەرماندەیی لیوا لەسوپای ڕزگاری. خێزاندارم بەئەسل خەڵكی شاری كەركووكم، ئێستاش لە ئەوروپا خۆم سەرقاڵی كاری خێرخوازی دەكەم ماوەی بیست ساڵە لە وڵاتی هۆڵەندام، چیرۆكی پێشمەرگایەتیم عەشقی كوردایەتی بوو، هەر بۆیە دووجار بریندار كرام و دواتر بە ناچاری بۆ چارەسەری رێگەی ئەوروپام گرتە بەرو دواتر بریاری مانەوەم دا.

تاراوگە چی دەگەێنێ بۆ ی ئێوە...؟

٭تاراوگە بۆ من دوو شت دەگەیەنێ، یەكەمیان ئاوارەیی دوورە وڵاتی لە خاك و نیشتمان دوور لە كەس وكارو ئازیزان. دووەم زەمەنی پەروەردەیی خێزانیم و منداڵەكانم تا گەیشتنە دوا قۆناغەكانی خوێندنی خۆیان.

چۆن لە دووری نیشتیمان و زێدی باب و باپیران هەڵدەكەن ؟

٭ناچار بووین ڕابێین لە دووری خاكی باب و باپیرانمان خۆمان لەگەل غەریبایەتی بگونجێین، كە لە زەهری مار تاڵترە .

ئەو كارەی لێرە ئەنجامی دەدەن لە چوارچێوەی پسپۆری خۆتانە یان شارەزایتان لێ هەیە، یانیش بە ناچاری هەڵتان بژاردووە .؟

٭ئەو كارەی دەیكەم كاری خێرخوازیە، كە پَشتر ئەزموونم نەبووە لەبارەیەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی من بریندار بوومە لە كوردستان و كاری ترم بۆ ناكرێ، بۆیە تاوەكو بەبێ كاری دانەنیشم ئەم كارە مرۆییانەم هەڵبژارد كە زۆر ئاسودەم بەو كارە.

تا چ رادەیەك یارمەتی كوردەكانی تاروگەتان داوە؟

٭هەڵبەتە ئەوەی توانیبێتمان كردوومانە بۆ ئەو دۆست و هەڤاڵانەمان كە هاتوونەتە ئێرە، بەڵام ئەتوانم بڵێم بەپێی توانا هەوڵمانداوە هاوكاری و كۆمەكی خوشك و برا ئاوارەكانمان لە كوردستان بكەین.

سروشتی پەیوەندیتان لەگەڵ كوردەكانی تارواگە چۆنە؟

سروشتی پەیوەندییەكان زیاتر لەڕووی كۆمەڵایەتییەوەیە، توانیومانه لەچوارچێوەی پابەندبوون بە كلتوورو داب و نەریتی زێدی خۆمان درێژە بەو پەیوەندیانە بدەین و بۆ یەكتری سوودمەند بین و هاوكاری و هەماهەنگی یەكتربین.

پێت باشە كوردەكان لە ئەوروپا چۆن بن و چ كارێك بكەن تاكو خزمەت ولاتەكەیان بكەن؟

٭پێم باشە سەرەتا لۆبی كوردی هەبێت هاوشێوەی نەتەوەكانی تر بۆ بتەوكردنی پەیوەندی نەتەوایەتی و خزمەت كردن و هاوكاری حكوومەتی هەرێم. ئەوەش بە كۆ دەنگی دەبێت و ناكرێ هەرەمەكیانە دەستی بۆ بەرین.

چۆن لە تاراوگە پێناسەی پرۆسەی خزمەتكردن دەكەن بە نیشتیمان ؟

ڕەوەندی كورد هەرچەندە لەزۆر ڕوەوە بێ بەشە لە خێروبێری نیشتمان، بەڵام لەكاتە ناسكەكاندا ئەتوانم بڵێم ۹۰٪ ی كورد ئامادەییان تێدا بووە بۆ گەیاندنی دەنگی حكوومەتی هەرێم بە گوێی هەموو جیهاندا. بۆ نمونە لەكاتی بانگەشەی ڕیفراندۆم و لەكاتی هێرشەكانی دوژمنان بۆ سەر هەرێم لە كاتی ڕووداوەكانی ۱٦ی ئۆكتۆبەر ئەوە ڕەوەندی كوردی بوو توانی هەموو ئەوروپا و دنیا بهێنێتە سەر خەت و مەزلوومییەتی كورد بە شوێنەكانی بریار بگەێنێ.

چ جۆرە داواكاریەك لە جەماوەری كوردستان كە ئێستا لە ململانێ پەتای كۆرۆنادان ؟

٭داوام لەخەڵكی بەشەرەفی كوردستان ئەوەیە پەتای كۆرۆنا بەسیاسی نەكەن بەقسەی كۆمەڵێ بازرگان و فەریكە سیاسیەكان نەكەن ئەم پەتایە پەتایەكی كوشندەیە جیاوازی لەنێوان هەژارو دەوڵەمەند گەنج وپیر نێرو مێ ناكات. تكا كارم خۆتان بپارێزن هەتا ئەم پەتایە زیاتر تەشەنە نەكات بڵاوەی نەبێتەوە.

حكومەتی هەرێم چی بكات تاكو كوردەكانی تاراوگە لێكنزیك بكاتەوە؟

٭ئەركی سەرەكی حكوومەتە بتوانێ كوردانی تاراوگە لێك نزیك بكاتەوە، بەڵام بەداخەوەم هەتا ئەو ململانێ نا تەندروستەی نێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستان هەبێت ڕەنگدانەوەی لێرەش بەدی دەكرێت.

پێت باشە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چ پەیوەندیەك دروست بكات لەگەل دیاسپۆرای كورد ئەوانەی شارەزایان هەیە ؟

٭هەڵبەتە نەوەیەك لێرە پەروەردە بوون خاوەنی بڕوانامەو شارەزان لە زۆر بواردا جیاوازتر لە ئێمە، جێی خۆیەتی حكوومەت بایەخیان پێبدات بۆ ئەوەی سوود لە توانا و بەهرەكانیان ببینن بۆ كوردستان و سوود بە گەنجانی كوردستان بگەیەنن.

 

© 2017 Hawler