حوزەیران 01, 2020

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

شوان کەریم زراری: بەغداعەقڵیەتێکی شۆڤینی ھەیە کە ھیچ کات ھەست بەوە ناکات ئێمە قەوارەیەکی دەستووریمان ھەیە


هەولێر - شیڤان شێرزاد


پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، بە ڕوونی باس لە کێشە و گرفتە هەنووکەییەکان دەکات و دەشڵێت: دڵنیایی دەدەینە خەڵکی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان شانی داوەتە بەر بەرپرسیارێتیەکی گەورە و خەڵکی کوردستانیش بە تەنیا جێ ناهێڵێت، هاوکات دیالۆگ بە باشترین ڕێگە چارە دەزانن بۆ کۆتایی هێنان بە کێشە و گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
(شوان کەریم زراری) وەک ئەندامێکی لێژنەی کشتوکاڵ و وەبەرهێنان لەم دیمانەیەدا تیشک دەخاتە سەر چەند پرسێکی گرنگ و بە ڕوونی وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەی (هەولێر) دەداتەوە.

• لەگەڵ نەبوونی بودجە و مووچە لە ھەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە سەختانەی ئێستا ڕووی لە کوردستان کردووە پەرلەمانی کوردستان چ پلانێکی لەبەردەستە بۆ دەربازبوون لەو گرفتانە؟
پەیڕەوی ناوەخۆی پەرلەمانی کوردستان، کاری ئێمە چاودێری حکوومەتە، بەداخەوە ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆکی ھەرێمی کوردستانی گرتووە، ئەو پیلانانەی بیری شۆڤینی لە بەغدا قووتی خەڵکی کوردستانیان بڕیووە و چەندین ساڵە ئێمە نەمانتوانیووە بودجەی ھەرێمی کوردستان پەسەند بکەین، تەنانە لە خوولەکانی پێشووش ھەمان گرفت ھەبووە، بۆیەش ئێمە نەمانتوانیووە لە نزیکەوە چاودێری خەرجیەکانی حکوومەت بکەین، ئەوەی ئێستاش لەبەردەستە بڕێکی کەمی مووچەی فەرمانبەرانە و بڕێکی کەمیش بەسەر وەزارەتەکان دابەش دەکرێت، تا بتوانن کەم و کوڕییەکان پێ چارەسەر بکەن.

 


• سەردانی شاندەکەی ھەرێم بۆ بەغدا بە ئەرێنی دەزانن؟
لە ھەموو قەیران و گرفتەکاندا دانووستاندن باشترین ڕێگەیە بۆ دۆزینەوەی خاڵی چارەسەر، بەڵام بەداخەوە لە بەغدا ئێستاش عەقڵیەتێکی شۆڤینی ھەیە کە ھەست بەوە ناکات ئێمە قەوارەیەکی دەستووریمان ھەیە، تەنانەت ھەمیشە ئەوان بیریان لای ئەوەیە وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ ئێمە بکەن، یان بیر لەوە دەکەنەوە لە شارەکانی کوردستان سیستمی لامەرکەزیەت بەکاربێنن، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر دانووستاندن لەسەر ھەموو ئاستەکان و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، مەبەستی ئێمە ڕوون و ئاشکرایە، کە ئەویش دابین کردنی مافە دەستوورییەکانە، کە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ھاتووە، لە حەقی خۆشمان زیاترمان داوا نەکردووە.

 


• دەگوترێت لایەنێکی کوردی بە فەرمی داوای لامەرکەزیەتی کردووە بۆ پارێزگایەک ئەمەیان بەڕاست دەزانن؟
جێگەی داخە ئەوان بە ڕۆژ لە حکوومەتی ھەرێم شەریکی ڕاستەقینەن، کەچی پیلان لەگەڵ نەیارانمان دادەڕێژن بۆ لەبارچوونی ئەزموونی کوردستان، ئەگەر بێینە سەر ڕاستی ئەوان پێویستیان بە لامەرکەزیەت نیە، چونکە خۆیان ئێستا و ڕابردووش مەرکەزیەتی تەواویان ھەبووە، بەڵام نەیانتوانیووە خزمەتگوزارییەکی ھاوشێوەی سنوورەکانی ئێمە پێشکەش بکەن، ئەمەش سەرەڕای ئەو میزانیە زۆرە لەبەردەستیان دابووە، بەڵام خۆیان کێشەیان لە ئیدارە نەدانی ئەو ناوچەیە داھەبووە.

 


• فراکسیۆنی زەرد لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا چی پێشکەش بە خەڵکی کەمدەرامەت کردووە؟
ئێمە وەک فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان ھاوکارییەکی فراوانی ڕێکخراوی بارزانی نەمرمان کرد، تەنانەت پەرلەمانتارانمان بە سەبەتەوە خۆیان دەگەیاندە ماڵە ھەژارەکان و تا ھەنووکەش درێغیمان نەکردووە و دەستخۆشی لە ھەموو ئەندامە بەڕێزەکانیش دەکەم.

 


• ئەگەر نەبوونی مووچە ھەر بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت ئێوە وەک پەرلەمان و حکوومەتی کوردستان چ میکانیزمێک دەگرنە بەر تا بتوانن مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دابین بکەن؟
گرفتی مووچە گرفتێکی گەورەیە، چونکە زۆربەی خەڵکی کوردستان مووچەخۆری ئەو حکوومەتەیە، ئێستا لە وادەی خۆی تێپەڕیووە و دابەش نەکراوە، بەڵام خۆشبەختانە حکوومەت لە چەند لە ئەمڕۆ دەستی کردووە بە دابەشکردنی مووچە و مووچەی مانگێکی دیکەش دابەش دەکات و ئێمەش لە پەرلەمان و حکوومەت وەک یەک تیم کاردەکەین، بۆ ئەوەی دەرچەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەو گرفتە و دڵنیاشم لە ماوەیەکی کورتدا نرخی نەوتیش بەرز دەبێتەوە، ئەو قەیرانە تەنیا ئێمەش ناگرێتەوە، بەڵکو حکوومەتی ناوەندش تووشی ھەمان گرفتی ئابووری بووەتەوە بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت لە جیھان، ھیوادارم بەغداش نەفەسێکی دیکەی ھەبێت بۆ لەیەکتر تێگەیشتن و کۆتایی ھێنان بە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.

• قەیرانەکان لە کوردستان تاکەی بەردەوامیان دەبێت؟
ئێمە لە چوارلاوە بە دوژمن دەور دراوین، بۆیە دەبێت ھەمیشە چاوەڕوانی ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە بین، ھەندێک جار لە نێوخۆشیاندا کۆکنین، بەڵام دژی ئێمە ڕێکدەکەون و ھەموویان یەک پەیامیان دەبێت بەرامبەر بە ئێمە ئەویش ئەوەیە، کە تا سەر ئێسقان دژایەتیمان بکەن.

© 2017 Hawler