ئاب 11, 2020

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان: ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار بۆ بنیاتنانی وێستگەیەک تەرخانکراوە

پاڤین ڕەمەزان - هەولێر

 

کارەبا، لە هەرێمی کوردستان، زۆرترین قسەی لەبارەوە دەکرێت. کابینە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێمی کوردستان، بە ئەندازەی خۆیان، هەوڵی زیادکردن و باشترکردنی کارەبایان داوە. لێ، ئەم هەوڵانە کۆتاییان بە قسە و قسەڵۆک و ناڕەزایی خەڵکی کوردستان نەهێناوە و، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمیش، هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا بەردەوامە. لەم چاوپێکەوتنەدا؛ کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، وەڵامی پرسیارەکانی "هەولێر" دەداتەوە، سەبارەت بە کێشەی کارەبا؛

* نزیکه‌ی ساڵێکە پۆستی وەزیری کارەباتان پێ سپێردراوه‌، کێشە و گرفتەکانی کارەبای هەرێم لە چیدا دەبینن ؟
- کێشەی کارەبا، بە چەندین سێکتەرەوە بەستراوە. لەوانە؛ سێکتەری بەرهەمهێنانی کارەبا، گواستنەوەی کارەبا، دابەشکردن و کۆنتڕۆڵکردن. کێشە لە هەموو سێکتەرەکان هەیە و شتێکی سروشتییە. چونکە ئەگەر، ئەو سێکتەرانەش نەبوونایه‌، ئەو کێشانەش نەده‌بوون. بەڵام، ئێمە بە پێی توانا و ئیمکانییەتی حکوومەتی هەرێم لە هەوڵی کەمکردنەوەی ئەو کێشانەین کە لەو چوار سێکتەرەدا بوونیان هەیە.

* لەکاتی دەستبەکاربوونتانەوە ئامانجتان چی بووە و چیتان کردووە؟
- ئامانجی کابینەی نوێ و کارنامەکەی خزمەتکردن بووە، بە پێی توانای دارایی حکوومەت. ئێمەش لە وەزارەتی کارەبا، لە چوار مانگی یەکەمی دەستبەکاربوونمان، کێشەکانمان دەستنیشانکرد. کە چەندین کێشەی گەورە بوون، وێستگەمان هەبوو لە کارکردن کەوتبوو بەهۆی گرفتی تەکنیکییەوە، وەک؛ دوو وێستگە لە دەربەندیخان و دروستکردنی یەکەکی دیکەش. کە هەڵساین بە تەرخانکردنی بوودجەی ١٦٨ ملیۆن دینار بۆ چاککردنەوەیان کە ئێستا هەردوو وێستگەکە کار دەکەن. ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلاریش بۆ کردنەوەی ویستگەیەکی دیکە خەرجکرا و تەنیا پێویستی بە کاتە تا دەکەوێتە کار. یەکێک لە گرفتەکانی دیکە کە خەرجییەکی زۆری دەوێت "دیزل"ە. ئێمە گۆڕانکاریمان لە گرێبەستێک کرد، بۆ گۆڕینی دیزل بۆ نەفتی ڕەش (ئێچ ئێف ئۆ) قازانجی ئێمە لەم گۆڕانکارییە کەمکردنەوەی خەرجییە بە ڕێژەی دوو لەسەر سێی خەرجی دیزل.

* جگە لەو وێستگانەی بە سووتەمەنی کارەبا بەرهەم دێنن، هەوڵەکانتان چین بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا؟
- ئیستا، لە هەوڵی ئەوەداین لە ڕێگای چەند گرێبەستێکەوە، بێ هیچ خەرجییەک بۆ دابینکردنی سووتەمەنی، وزەی کارەبا بەرهەم بهێنین. بە پێی گرێبەستەکانمان لە ماوەی ٧ مانگدا ١٥٤٠ بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکەین. لەوانەش ١٠٠٠ مێگاوات لە ڕیگای ویستەگەی کاڕ و قەیوان، لە ڕیگای ئەو هەڵمەی دەردەچێت وزەی کارەبا بەرهەم بهێنرێت. ١٦٥ مێگاوات لە گەرمیان لە ڕێگای گازەوە، لەو بیرانەی نەوتیان لێدەردەهێنرێت، ٣٠٠ مێگاواتی دیکە لە ڕیگای ئاوەوە. سێ ویستگەش لە ڕیگای خۆرەوە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەمنزیکانە تەندەرەکانی دابەش دەکەین. ئەم گرێبەستانە، بە باشترین نرخ کراون و بە شیوەیەک دوای چەند ساڵێکی دیکە ویستگەکان بە تەواوی دەبنە موڵکی حکوومەت و پشکی کۆمپانیاکانی تێدا نامێنیت.

* ڕەخنە لە گرانبوونی ئەمپێرەکانی کارەبا و پێوەری زیرەک دەگیرێت، ئەم پێوەرە سوودی چی بووە؟
پیوەری زیرەک، پرۆژەیەکی باشی نیشتمانییە. چونکە، چاکسازیی لە ڕووی ئیداری وژمێریارییەوە کردووە. بەمەش چاکسازی لە سێکتەری کارەبا ئاسانترە. بە بێ کۆنتڕۆڵکردنی خواست لەسەر کارەبا، هەرچەندە بەرهەمهێنانی زیادبکرێت، بێ سوودە. ئەم پێوەرە ڕێگا لە تەجاوزات و بە فیڕۆدانی کارەبا دەگرێت. باشترین پرۆژە، پرۆژەی (سمارت میتەر)ە، پرۆژەکە، دانانی پێوەری زیرەکە بۆ ماڵان، دەتوانین لە ڕیگای ئەو پرۆژەیەوە، خواست لەسەر کارەبا دیاری بکەین، لە پێناو زیادبوونی کاتژمێرەکانی کارەبا. سوودێکی دیکەی ئەم پێوەرە ئەوەیە، عەداد ناچێتە ماڵان(کارمەندی پارە کۆکردنەوەی ماڵان) مانگانە پسوولە دەردەچێت، دوای ٣ یا ٤ مانگ کارمەندی کارەبا دەچێتە ماڵان، هەر لەبەر ئەمەشە خەڵکی وا هەستدەکەن پارەی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە، لە جێگای ئەوەی مانگانە بڕی پارەکە بگەڕیتەوە ماڵان، سێ مانگ یا چوار مانگ پێکەوە دەگەڕیتەوە. سەرباری ئەمەش ڕێگا لە سووتانی محاویلەی کارەبا دەگرێت و زەختی لەسەر کەمدەکاتەوە وناهێڵێت بسووتێت. سەبارەت بە نرخی ئەمپێری کارەباش، هەمان نرخە و هیچ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.

* چەند جۆر بەشدار بووی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای کوردستان هەیە؟
- پێنج جۆر بەشداربووی کارەبا هەیە. ماڵان و دەزگای بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ و کەرتی میری. ئەمانە بەشداربووی کارەبان و بە سەرجەمیانەوە ١ تریلیۆن و ١١٥ ملیار دینار قەرزاری وەزارەتی کارەبان. ٢٤٨ ملیار لای حکوومەتە و ئەوەی دیکەش لەسەر ماڵان و دەزگا پیشەسازی و بازرگانی و کشتوکاڵییەکانن.

* سەبارەت بە گرێبەستەکانتان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا هیچ ئیجرائات و گۆڕانکاری کراوە؟
- یەکەمین هەنگاوی ئێمە، پێداچوونەوە و ڕێکخستنمان بۆ گرێبەستەکان کرد. هەندێکیان ئیلتیزامیان بەرامبەر کارەکان باشتر بوو لە هەندێکی دیکەیان. ڕێکخستنەوە و پێداچوونەوەی باشمان بۆ کردن و بەشێکیان گرێبەستەکانیان تەواو بووە، هەندێکی دیکەیان ماون، ئەم ڕێکخستنەوەیەش لە پێناو قازانجی حکوومەت و خەڵکە.

* نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان بە چ پێوەرێک دیاری دەکرێت؟
- ئێمە سوپاسی خەڵکی دەکەین، کە یارمەتیدەرمان بوون. ئەمڕۆ دەتوانین نزیکەی ١٢ کاتژمێر کارەبا دابین بکەین، کاتژمێرەکانی دیکە، کارەبای مۆلیدەکانی گەرەک پڕی دەکاتەوە. هەرچەندە بابەتی مۆلیدە ئەهلییەکان زیاتر پارێزگاکان ڕینماییان بۆ دەردەکەن و پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە. بەڵام، نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان دوو پێوەری هەیە. نرخی سووتەمەنی و ئەو کاتژمێرانەی مۆلیدە ئەهلییەکان کارەبا دەدەنە خەڵکی. ئەم دوو پێوەرەمان بۆیان دیاریکردووە بۆ دیاریکردنی نرخ.
* بۆ وەرزی هاوین، کارەبا چۆن دەبێت؟ بەهۆی زیادبوونی خواستەوە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت؟
- بە دڵنیاییەوە، دۆخی کارەبا لە هاویندا خراپتر نابێت. توانای بەرهەمهێنانمان ئیستا ٦٧٠٠ مێگاواتە، ئەوەی بەرهەم دەهێنرێت ٣٢٠٠ مێگاواتە، کە نیوەی کەمتری تواناکەیە، هۆکارەکەش کێشەی نەبوونی سووتەمەنییە. بۆ ئەو مەبەستەش، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەرجەم ئەو گازەی بەردەستی تەسلیمی ئێمە کردووە، لەمە زیاتر ناتوانن هاوکار بن و ئیمکانییەتی وەزارەتی داراییش هەر ئەوەندەیە، ئیستا بۆی خەرج کردووین. سوپاسی سەرۆکی حکوومەت و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین کە پشکی شێریان پێداوین و پارەیەکی زۆری بۆ دابینکردووین.
* کێشەی گواستنەوەی کارەبا لە چارسەر کردن نزیکە ؟
- کێشەی گواستنەوەی کارەبامان لە نێوان دهۆک و هەولێر هەبوو، چونکە دهۆک ویستگەی کارەبای تێدایە بۆڕی گازی پێ نەگەیشتووە. چارەسەری ئەمەش هێڵی ١٣٢ کۆتایی مانگی ١٢ کەوتە کار، ٧ ملیۆن و چوارسەد و بیست و پێنج هه‌زار دۆلاری بۆ خەرجکرا. کێشەیەکی ترمان لە سۆران هەبوو، ٨ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلاری بۆ سەرفکراوە، ئیستا کاری تێدا دەکرێت. زاخۆش، بەهەمان شێوە دەستبەکارن بۆ چارسەرکردنی. چەندین وێستگەی دیکەش بە کار کەوتوون.

© 2017 Hawler