حوزەیران 01, 2020

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

شوعلە حەبیب، كوردێكی كارزان لە تاراوگەوە: کاتی ئەوەیە چەمکی سەربەخۆیی بکەینە ستراتیژ

عەبدولقەهار هەولێری ـ هۆڵەندا

 

 

 

زۆر جار ئەوە گوتراوە کە تاکی کورد لەهەر وڵاتاتێک بێت، شوێنی خۆی دەکاتەوە و، بوونی خۆی دەسەلمێنێت. ئەم مۆراڵەش زۆرترین نموونەی ئەرێنی لەسەرە، یەکێک لەو نموونە شایستانە، شوعلە حەبیب کە هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستانی باشوورە، لە ساڵانی کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە لە وڵاتی هۆڵەندا نیشتەجێیە و خودان کەسایەتی شیاوە و هەر زوو بەوە رازی نەبووە کە یارمەتی سۆسیال لەو وڵاتە وەربگرێ، بەڵکو خۆی پێگەیاندووە لە بواری تەندروستی وەک فەرمانبەرێک جێگەی خۆی کردۆتەوە و بۆتە شوێنی رێز و تەقدیری هاووڵاتییانی هاوشاری هۆڵەندی، ڕۆژنامەی هەولێر بە چەند پرسیارێک بەسەریکردەوە و ئەویش بە ڕاشکاوی بەرسڤی خۆی دایەوە.

* چ جۆرەکارێک دەکەیت؟
- بە وتەیەکی دێکارت دەستپێدەکەم دەڵیت من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم، لە دوای ئەوەی کوردستانم جێهێشت لە ساڵی ١٩٩٧ دا، کە ئەوکات کارمەندی فەرمانگەی رۆشنبیریی سلێمانی بووم، ژیانی نامۆییم لە هەندەران دەست پێکرد . دوای چەند مانگ چوومە قوتابخانە بۆ فێربوونی زمانی هۆڵەندی، دوای فێربوونی زمانێکی سەرەتایی، بیرم کردەوە کە بە ژیانی دەست ڕاگرتنەوە ڕازی نەبم واتا بە پارەی سۆسیال نەژیم. لەبەر ئەوە بڕیارم دا لە ڕشتەیەک دا بخوێنم، مەبەستم دیپلۆمایەکم هەبێت بۆ کار کردن .

* بۆ ئەم کارەت هەڵبژارد؟
- دوای تێرامان و تەماشاکردن لە نیشتمانی نیشتەجێ بوونم دا، هەڵبژاردەکەم بۆ چاودێر و یاریدەدەری تەندروستیی مرۆڤ بوو، کە پێنج ساڵ دەرسم خوێند و بە سەرکەوتوویی دیپلۆمام بەدەست هێنا . "ئەم هەڵبژاردەیەشم لەو پێشینەیەوە بۆ هاتبوو کاتی جەنگی عێراق /ئێران لەو سەردەمەدا هەموو فەرمانبەرێکی ئافرەت کە دادەمەزرا لە فەرمانگەکانی ئەو کاتەدا، بە یاسا دەبوو بە سێ مانگ خولێک لە بواری تەندروستی، واتە شێوەی پەرستار ببینێ کە پێیان دەووتین ( فەرمانبەری میری)، دواتر دەبوو یەک ساڵ لە نەخۆشخانەکانی شاردا کارمان بکردایە پاشان دەگەڕاینەوە بۆ فەرمانگەکانمان". ئەم پێشینەیە هانیدام زیاتر ڕۆبچم لەو بوارەدا .
توانیم بە دیپلۆماکەم دەست بەکاربم لە سەنتەری تەندروستی و خزمەت گوزاری مرۆڤ دا بە گرێبەستی ساڵێک لەو ساڵەدا تواناکانم زۆر جێگای رەزامەندی بوو، پاشان گرێبەستەکەیان بۆ کردم بە کاری هەمێشەیی وەک هاووڵاتی .

* چەند ساڵە لەتاراوگە ژیان بەسەر دەبەی؟
- ماوەی بیست و سێ ساڵە لە وڵاتی ئەرزە نزمەکانی ئاستی دەریا، واتە هۆڵەندا دەژیم، لە ئەنجامی تواندنەوەی شەختە سەهۆڵی نێوان دوو کولتووری جیاوازدا و لەو ماوە زۆرە دا، بەشداریی چەندین ۆرک شۆپ و خولم کردووە کە ئەزموون و بۆچوونەکانم فراوانتر بوون لەوەی کە هەمبوو.
لە شوێنی کارم ڕێزی زۆرم لێ دەگیرێت بەو بڕوایەی کە مشەخۆر نیم لەسەر گەلەکەیان، بەڵکو لەگەڵیان دا بەردێک دادەنێم لە بینای ژیانی پێکەوەیی لە وڵاتیکی فرە کولتووردا و، باوەڕم بە یەکسانیی مافەکانی مرۆڤ هەیە . من وەک ئافرەتی کورد روویەکی شارستانی گەلەکەم بەشانازییەکی زۆرەوه‌، سەربەرزییه‌وە نیشان داوە . هەمیشە داکۆکی کار بووم لەوەی ئێمە گەلێکین تێدەکۆشین بۆ مافی ڕەوامان . ئێمە لە سەردەمی ڕژێمی داپلۆسێنەری بەعس دا پەراگەندە بووین لە نیشتمانمان .

* تا چ رادەیەک پەیوەندیت لەگەڵ کوردەکانی تاراوگە هەیە؟
- توانیومە، نەک هەر لەبواری کارەکەم، لە چەند شوێنی کە خۆبەخشانە کاربکەم بۆ نیشتمانی زێد و بوونم ئەو ئەزموونگەلەم خستۆتە خزمەتی بیر و هەستی نەتەوەییم، ئەوەی لە توانام دا بووبێت بێ دوودڵی هەرگیز دەستەوەستان نەبووم، بۆ نیشتمان و گەلەکەم کردوومه‌، ئەڵبەتە لە ناوەو و دەرەوەی وڵات، وە بەردەوامیش دەبم هەتا کۆتاییم .
* پێت باشە کوردەکان چۆن بن و چ جۆرە کارێک بکەن تاکو خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن؟
- هیوادارم هەموو ئەو کوردانه‌ی لە تاراوگە دەژین، خۆیان و مناڵەکانیان جۆرێک بە باربهێنن کە هەمیشە نیشتمانێک هەیە کە نیشتمانی دایکە ( کوردستان )، لە خزمەتی دا بین، رۆژێک هەر دەبێت بگەڕێینەوە ئامێزی نیشتمان.
* هیوات چییە بۆ هەرێمی کوردستان ؟
- ناتوانم نکوڵی بکەم لەوەی کە باشووری کوردستان هەرێمێکی نیمچە ئازادە، بەرامبەر بە پارچەکانی تری کوردستانی داگیر کراومان، بەڵام ئامانجم بۆ سەربەخۆیی یەکجارییە کە دەوڵەتێکمان هەبێت و سنوورمان لەسەر نەخشەی جیهان چەسپابێت و، ئاڵاکەمان بەفەرمی لەنەتەوەیەکگرتووەکان هەڵکرابێت.
بیری نەتەوەییم وای لێکردووم بە هەمیشەیی لەگەڵ ئەندێشەی نیشتمانم دا بژیم . وەک ئافرەتێکی باوەردار بە مافی جێندەری لەگەڕان و بەدواچوونم بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان. ئەو بیر وباوەڕە و ڕیبازەی کە ڕۆچووی ناو ناخم و گوزەرکردنی لە ئەندێشەم دا هۆکارە بۆ کارکردنم، لە دەرەوەی کاری بژێوی ژیان لەگەڵ ڕێکخراوی ئافرەتان و، کارکردن لە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی کولتووری و خێرخوازی لە گەڵ خاتوونێکی ئازیز کە هاوڕێیەکی خۆشەویستمە . هەموو ئەم کارانەم بەیەکەوە کردۆتە مەشخەڵیک بۆ گەیشتن بە کوردستانێکی سەربەخۆ و مافی یەکسانی گەل.
بۆ پشتگیری کردن لە بوون بە دەوڵەت و چەسپاندنی شوناسی نەتەوەییمان، بەئەرکی لە پێشینەی هەموو تاکێکی دەزانم بەشداربێت لە بنیاتنان.

* حکومەتی هەرێم چی بکات تاکو کوردەکان لێکتر نزیک بکاتەوە؟ یان پێت باشە حکوومەتی هەرێمی کوردستان چ پەیوەندییەک دروست بکات لەگەڵ کوردانی دیاسپۆرا و ئەوانەی شارەزای بواری نەتەوەیین؟
- خوازیارم لەتاراوگەدا، پسپۆڕان و شارەزایانی بواری بیری نەتەوەیی بتوانن لۆبییەک بنیات بنێن، کە مانیفێستەکەی ڕاگەیاندنێک بێت و پایەکانی سەرەتایەک بێت بۆ وەرچەرخانێکی نوێ لە چەسپاندنی بوون و شوناسی نەتەوەیی لەسەر ئاستی ستراتیژی کوردایەتی .
کاتی ئەوەیە چمکی بیری سەربەخۆیی بکەینە ستراتیژ لە ڕووی تیۆرییەوە و، دامەزراندنی دەوڵەتەکەمان لە ڕووی پراکتیکەوە.
لە دیاسپۆراوە هاواری بە دەوڵەت بوونمان بگەیەنینەوە بە کوردستانی بەشکراو و داگیرکراومان . پێش دابڕانی سەرمەدیم هەتا بتوانم تێدەکۆشم بۆ ئامانجم، کە سەربەخۆییە.

© 2017 Hawler