ئازار 31, 2020

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

فازڵ میرانی: ئه‌گه‌ر عه‌للاوی كاندیدی هه‌رێم قبووڵ نه‌كات ئێمه‌ش ئه‌ومان قبووڵ نییه‌

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، باس لە مەرج و داواکاریی کورد دەکات بۆ بەشداری کردن لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی و بژاردەکانی بەردەم کورد، دەشڵێت ئەم بۆچوونانە بۆچوونی کوردستانییە کە لەکۆبونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لەسەرۆکایەتیی هەرێم خستمانەڕوو. "

"نه‌ك هه‌ر ئێمه‌ به‌ڵكو لای ته‌واوی هێزه‌كانی عێراق له‌ شێوازی مامه‌ڵه‌ی عه‌لاوی ڕازی نیین."
میرانی، لەسەرەتای وتووێژەکەدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، ڕایگەیاند:" من وه‌ك پارتییه‌ك قسه‌ ناكه‌م، به‌ڵكو وه‌كو كوردستانییه‌ك قسه‌ ده‌كه‌م. عه‌لاوی وا ده‌زانێت له‌ مه‌ریخه‌وه‌ هاتووه‌، نازانێت " ئه‌صله‌ن " عێراق وڵاتێكه‌ له‌ساڵی 1958 وه‌ له‌سه‌ر سێ كوچكه‌كه‌ی سوننه‌ و شیعه‌ و كورد دروستبووه‌ كه‌ عبدالكریم قاسم هاتووه‌ته‌‌ سه‌ر حوكم، محەمەد نەجیب ڕوبەیعی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، سوننه‌ بووه‌، محەمەد مه‌هدی كوبه‌ شیعه‌ بوو، خالید بن نەقشه‌به‌ندی كورد بووه‌. ئه‌م هه‌موو حیزبانه‌ خه‌باتیان كردووه،‌ به‌تایبه‌تی ئێمه‌ی كورد شۆڕشمان كردووه‌، دنیایه‌ك " شه‌هیدمان " داوه‌، ئه‌كرێ ئه‌مڕۆ حه‌قی ئه‌وه‌مان نه‌بێ وه‌كو كیانێكی فیدڕاڵی كاندیدی خۆمان دابنێین كه‌ نوێنه‌رایه‌تیمان بكات له‌ عێراق؟!" له‌به‌ر ئه‌وه‌، ئه‌مه‌ ڕه‌تكراوه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر لای ئێمه‌ به‌ڵكو لای ته‌واوی هێزه‌كانی عێراق و، له‌ شێوازی مامه‌ڵه‌ی عه‌لاوی ڕازی نیین، هه‌ندێكیان بێ ده‌نگن، هه‌ندێكیان قسه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان له‌وانه‌یه‌ ڕازی بن. به‌ڵام له‌ڕاستیدا، ئه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌مان بۆ قبووڵ نه‌كات، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئێمه‌ش ئه‌ومان(عەلاوی)" قبووڵ نییه."

" ئه‌وه‌ی عەللاوی دەیکات کودەتای پێنجه‌مه‌" ‌
سەبارەت بەوەی ئەگەر کورد بەشداریی حکوومەتی عێراقی نەکات چی دەکات؟ فازڵ میرانی دەڵێت:" زۆر شت ده‌توانین بكه‌ین، ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ كورد بێ ده‌سه‌ڵات بێت هه‌تا ئێستا چوار کودەتای سەربازی لەعێراقدا كراوه‌، ئه‌مه‌ی عەلاوی دەیکات کودەتای پێنجه‌مه‌، به‌ڵام به‌رگێكی سیاسی له‌به‌ر كردووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق، به‌ كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و ئه‌رمه‌نه‌وه‌، چیتر ڕازی نیین حوكمێكی شمولی، جا قەومی بێ یان تائیفی بێ هه‌رچیه‌ك بێت، قبووڵ بكرێت. گەلی عێراق چیتر ناچێته‌به‌ر حوكمێكی شمولی ئه‌مه‌مان قبووڵ نییە.
میرانی ئاماژەی بەوەکرد:" له‌ بڕیاری ده‌ركردنی هێزە بیانییەکان و هێزەکانی ئەمریکا ته‌نها ده‌نگی شیعه‌ بوو، كورد و سوننه ‌و پێكهاته‌كانی تر به‌شدار نه‌بوون، بەڵام ئەوەتا بڕیارەکە جێ بەجێ نەکرا، حکوومەتی بەتەنها شیعەش هەروای لێدێت."
" ده‌توانین له‌م حكوومه‌ته‌ به‌شدار نه‌بین، بەڵام چەند داواکارییەکی لێبکەین"
لەوەڵامی ئەو پرسیارەیش، کورد دەتوانێت چی بکات ئەگەر بەشداریی حکوومەتی نوێی عێراقی نەکرد بژاردەکانی بەردەمی چی-ن؟ فازڵ میرانی دەڵێت" ده‌توانین له‌م حكومه‌ته‌ به‌شدار نه‌بین، به‌ڵام ئێمه‌ داوای هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌ختەی لێ ده‌كه‌ین، ڕوبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و ئه‌وانه‌ی خۆپیشانده‌رانیان كوشتووه‌ بیانگرن و بیانده‌نه ‌دادگا، "دنیایەیەک"‌ بەڵێنی له‌سه‌رخۆی کردووه‌ته‌ ماڵ‌، لەلایەکی ترەوە مومكین نییه‌ له‌م وڵاته‌ حوكمی یه‌ك قه‌ومی، یه‌ك تایفی، به‌ڕێوه‌ بچێت. كورد میلله‌تی دووه‌مه‌ له‌ عێراقدا، ئێمه‌ فیدڕاڵییه‌كی ده‌ستووریمان هه‌یه‌، سوننه‌ش‌ پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كییه‌، توركمان و ئاشووری پێكهێنه‌رێكن ناكرێ حكوومه‌ت به‌بێ ئه‌م پێكهاتانە سه‌ركه‌وتوو بێت و، به‌ڕێوه‌بچێت." ‌

" بژارده‌كانی به‌رده‌م كورد "
میرانی ڕوونیکردەوە:" بژاردەکانی به‌رده‌م كورد، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ ئێمه‌ داوای مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین. دووه‌میان، وه‌كو عێراقی ئێمه‌ به‌شداری له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌كه‌ین، داوای ئاسایش و سەقامگیری و بنیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەکەین، ئه‌م حوكمه‌ته‌ 2003 وه‌ هیچی نه‌كردووه،‌ به‌سه‌دان ملیار دۆلاری عێراق سه‌رف بووە." عه‌لاوی خۆی كاندیدی دوو حیزبه‌ و ده‌ڵێ نوێنه‌ری حیزبه‌كان قبووڵ ناكه‌م. خۆی كاندیدی لیستی فه‌تح و سائیرونه‌. ئێمه‌ كاندیدی خۆمان به‌ناوی كاندیدانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین. ئێمه‌ هه‌رێمیكین فیدڕاڵیین، ئێمه‌ حیزبێك نیین له‌ به‌غدا دانیشتبیین. یه‌كه‌م، ئێمه‌ میلله‌تێكین نه‌ته‌وه‌ی دووه‌مین له‌عێراق. دووه‌م ئێمه‌ فیدڕاڵییه‌كی ده‌ستووریین، ئه‌وه‌ی حیسابمان بۆ نه‌كات، ئێمه‌ش نه‌ هاوكاری ده‌بیین و نه‌ حسابی بۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌. ئێمه‌ نابیینه‌ ئۆپۆزیسیۆن، چونكه‌ ئێمه‌ شه‌ریكی ئه‌م وڵاته‌ین، به‌شێكین له‌ عێراق و ئێمه‌ فیدڕاڵیمان هه‌یه‌، ئێمه‌ داوای مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین، ئێمه‌ حیزبێك نیین، به‌ڵكو ئێمه‌ كیانێكی ده‌ستوریین و ئێمه‌ میلله‌تێكین. كورد یه‌ك ده‌سته‌ و یه‌ك ڕایه‌، ئه‌و وه‌فده‌ی چووه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌کا نوقێنه‌ری هه‌رێمه‌ و، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش گۆڕاوه‌ و وه‌زعی عێراقیش هه‌م جوگرافی و هه‌م سیاسی گۆڕاوه‌. ئێمه‌ دوا بڕیارمان نه‌داوه‌، به‌ڵام، یه‌كه‌م شت، هه‌رێمی كوردستان مافی ده‌ستووریی خۆی ده‌وێ. دووه‌میش، ئه‌و شێوه‌ی عه‌لاوی ده‌ستی پێ كردووه‌ نه‌ك هه‌رهه‌رێم،به‌ سوننه‌ و شیعه‌ و كورده‌وه‌، هه‌مووان پێی ڕازی نیین. له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ ناتوانیین له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ بگونجێین.عێراق له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایش و سه‌قامگیری هه‌بێ. "
" وه‌فدێكی نوێ ده‌نێرینه‌وه‌ بۆ به‌غداد "
سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشكرایكرد: " ئێمه‌ وه‌ك لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان وه‌فدێكی تازه‌ ده‌نێرینه‌وه‌ بۆ به‌غدا، تا له‌گه‌ڵ ئه‌م پێكهێنه‌رانه‌ی تری عێراق قسه‌ بكه‌نه‌وه‌. سێیه‌م، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌نها لایه‌نه‌ بتوانێ كاندیده‌كانی خۆی ده‌ست نیشان بكاته‌وه‌ بۆ به‌شداری له‌ حكوومه‌ت."

" نابینه‌ ئۆپۆزسیۆن، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كوردانه‌ ناكه‌ین، كه‌ ئه‌وان له‌جیاتی ئێمه‌ دایان بنێن، ئه‌وانه‌ ناتوانن نوێنه‌ری كورد بن "
میرانی ڕەتیکردەوە کورد ببێتە ئۆپۆزسیۆن لەکابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی و گوتی:" ئێمه‌ مافی ده‌ستووریمان هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ نابینه‌ ئۆپۆزیسیۆن، مامەڵە جیاوازیی هەیە لەگەڵ دانپێدانان، دەبێت ئه‌م پرسیاره‌ له‌ عێراق بكه‌ین ئایا هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستان عێراقین یان نا؟ ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كوردانه‌ ناكه‌ین كه‌ ئه‌وان له‌جیاتی ئێمه‌ دایانده‌نێن، ئه‌وانه‌ ناتوانن نوێنه‌ری كورد بن . ئه‌وانه‌ ده‌توانن بۆ خۆیان فەرمانبەر بن، به‌ڵام به‌نوێنه‌ری ئێمه‌ قبووڵیان ناكه‌ین."
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختیکردەوە، هەرکوردێک لەکابینەکەی عەلاوی ببێتە وەزیر بێ ئەوەی لایەنە کوردییەکان و حکوومەتی هەرێم کاندیدی بکات، ڕه‌نگه‌ له‌ (تەها محێدین) خراپتر سه‌یری بكه‌ین."
میرانی ئەوەشی گوت:" عێراق ئه‌و عێراقه‌ نییه‌ كه‌ بتوانێت بە ئارەزووی خۆی هه‌رچی بیه‌وێت بیكات، نه‌ له‌ڕووی ئابوورییەوە، نه‌ له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه‌، دووه‌م، ئه‌مڕۆ عێراق ئەندامە لەهاوپەیمانیی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌موویان چاویان له‌سه‌ر عێراقه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ عێراق ناتوانێت به‌جۆرێكی ناته‌ندروست مامەڵە له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی ئه‌م وڵاته‌ بكات."

" ئایا ئێمه‌ شۆڕشمان كردووه‌ و "یه‌ك دنیا شه‌هیدمان" داوه‌ بۆ مووچه‌ یان بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی نەتەوەیی؟!"
سەبارەت بەوەی، ئەگەر کورد بەشداریی حکوومەتی عێراقی نەکات، چەندە کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی موچەبڕینی فەرمانبەران و بەشە بوودجەی هەرێمە؟ فازڵ میرانی بەم جۆرە وەڵامی دایەوە و، گوتی" ئایا ئێمه‌ شۆڕشمان كردووه‌ و "یه‌ك دنیا شه‌هیدمان" داوه‌ بۆ مووچه‌ یان بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی نەتەوەیی؟! بۆ كیانێكی قه‌ومی خه‌ڵك ڕێگای خۆی ده‌گرێته‌به‌ر، مالیكیش مووچه‌ی بڕی وای بیردەکردەوە كه‌ میلله‌تی ئێمه‌ دژی ئێمه‌ هه‌ڵده‌ستن‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ مامۆستا به‌بێ مووچه‌ وانەی وته‌وه‌ و هه‌موو فەرمانبەران دەوامی خۆیان کرد. ته‌نانه‌ت پێشمه‌رگه‌ به‌بێ مووچه‌ له‌ ئەرکی خۆیاندابوون. له‌بەر ‌ئه‌وه‌ ناتوانێت هەڕەشەی ئابووری لە ئێمە بکات. ئێمه‌ فێربووین، میلله‌تی كورد میلله‌تێكی ئازایه ‌و میلله‌تێكی خۆڕاگره‌ و مرۆڤ لەگەڵ ناخۆشییه‌وکان ڕادێ، مەسەلەکە تەنها ئیرادەیە. به‌رگری ده‌كه‌ین و دەبێت ئه‌وان بزانن كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئەنجوومەنی ئاسایش و پرەنسیبی دەستوەردانی مرۆیی لەیاسای نێودەوڵەتیدا هه‌یه‌، چیتر ئه‌وه‌ بۆ هیچ حكوومه‌تێك ناچێته‌سه‌ر وابه‌سه‌ر میلله‌تی خۆی بهێنێ. دوو شت هه‌یه‌ هێزی لۆژیکی و لۆژیکی هێز، لۆژیکی هێز ئه‌وانه‌ن كه‌ دەسەڵات به‌كار دەهێنن، هێزی لۆژیکی-ش ئێمه‌ین كه‌ میلله‌تێكین حه‌قمان هه‌یه‌ داوای مافی خۆمان بكه‌ین تا بكرێت به‌ ئاشتی، هه‌ڕه‌شه‌مان لێكراوه‌ بەرگریش مافی ڕەوای خۆمانە."
میرانی دەشڵێت:" ئاگامان له‌خه‌ڵكی خۆمان هه‌یه‌، ته‌جره‌به‌ی ڕابردووی بێ مووچه‌ییمان بینی، خه‌ڵكی ئێمه‌ له‌ ئێمه‌هه‌ڵنه‌ستاوه‌، ئێستاش ئه‌گه‌ر بێ مووچه‌بین، حکوومەتی عێراق به‌ ئه‌نقه‌ست وا بكات، من وای بۆ ناچم و باوه‌ڕیش ناكه‌م میلله‌تی كورد ته‌سلیمی ئیراده‌ی ناحه‌زانی كورد بێت."

" ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی نه‌بێت نه‌ ئێوه‌ مووچه‌ وه‌رده‌گرن و نه‌كه‌سیش ڕێزتان لێ ده‌گرێت."
فازڵ میرانی، لەکۆتایی وتوێژەکەدا، ڕەخنە لەو پەرلەمانتارە کوردانەی دەروەی پارتی و یەکێتی دەگرێت، کە پارتی و یەکێتی بەوە تۆمەتباردەکەن جەخت لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەت دەکەنەوە، گوتی" من لەکۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەسەرۆکایەتی هەرێم باسی ئەو بابەتەمکرد و وتم به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك له‌نوێنه‌ری حیزبه‌كان ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌ به‌غدا مووچه‌ و بوودجه‌مان دابین كردووه‌، پارتی و یه‌كێتیش له‌پێناو دابینکردنی پۆستی وەزارەت کار بۆخۆیان ده‌که‌ن. وتم ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی نه‌بێت نه‌ ئێوه‌ مووچه‌ وه‌رده‌گرن و نه‌كه‌سیش ڕێزتان لێ ده‌گرێت."

دواترین دەستکاریکردن لەسەر یەک شەممە, 01 ئازار 2020 06:14
© 2017 Hawler