ئەم پەڕەیە چاپ بکە

یه‌كێتی به‌ڵێنده‌رانی هه‌ولێر: له‌ هه‌ولێر ٢٢٤ پڕۆژه‌ی وه‌ستاوی به‌ڵێنده‌ران وه‌گه‌ڕ كه‌وتوونه‌ته‌وه‌

چواس خالید - هەولێر

 

له‌ دیمانه‌ی تایبه‌تی هه‌ولێر، سه‌رۆ ئیسماعیل دزه‌یی سه‌رۆكی یه‌كێتی به‌ڵێنده‌رانی هه‌ولێر،باس له‌ دۆخی به‌ڵێنده‌ران و هاوكارییه‌كانی حكوومه‌ت ده‌كات، له‌مه‌ڕ وه‌گه‌ڕكه‌وتنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ وه‌ستاوه‌كانی به‌ڵێنده‌ران، كه‌ پێشتر له‌ هه‌زار و ٢٠٠ پڕۆژه‌، ٩٠%یان وه‌ستابوون. ئه‌و ده‌ڵێ :له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تدا هه‌نگاوی باش نراوه‌.


هه‌ولێر: چه‌ند به‌ڵێنده‌ر له‌ یه‌كێتی به‌ڵێنده‌رانی هه‌ولێر تۆماره‌؟
دكتۆر سەرۆ ئیسماعیل دزەیی، سەرۆكی یه‌كێتی بەڵێندەرانی هەولێر: ژماره‌ی ئه‌و به‌ڵێنده‌رانه‌ی لای ئێمه‌ تۆمارن‌، هه‌زار و ٥٢٦ به‌ڵێنده‌رن‌، كه‌ له‌ كاتی ته‌نگژه‌كان نزیكه‌ی ٤٥٠ به‌ڵێنده‌ر له‌ كار دابوون.

هه‌ولێر: ته‌نگژه‌كانی ڕابردوو كاریگه‌ریی قورسی له‌سه‌ر به‌ڵێنده‌ران دانا، ئێستا دۆخیان چۆنه‌؟
سەرۆ ئیسماعیل دزەیی، سەرۆكی یه‌كێتی بەڵێندەرانی هەولێر:له‌گه‌ڵ دروستبوونی ته‌نگژه‌ی دارایی و شه‌ڕی داعش و هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌، هاوشێوه‌ی حكوومه‌ت، به‌ڵێنده‌ران كه‌وتنه‌ گێژاوی ته‌نگژه‌كانه‌وه‌، كه‌ به‌ هێكجار پڕۆژه‌كانی وه‌ستاند. به‌ڵام دوای نه‌مانی شه‌ڕی داعش و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌، به‌ڵام هێشتا وه‌ك پێویست نییه‌ و به‌گشتی به‌ڵێنده‌ران له‌ دۆخێكی دژواردا ده‌ژین و مایه‌ی به‌زه‌یین، كه‌ جگه‌ له‌ كه‌مێكیان نه‌بێت ئێستا كار ده‌كه‌ن.

هه‌ولێر: به‌هۆی ته‌نگژه‌كانه‌وه‌ چه‌ند پڕۆژه‌ وه‌ستان؟
سەرۆ ئیسماعیل دزەیی، سەرۆكی یه‌كێتی بەڵێندەرانی هەولێر: له‌ كۆتایی ساڵی ٢٠١٤دا و له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی ته‌نگژه‌ی دارایی، له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، نزیكه‌ی هه‌زار و ٢٠٠ پڕۆژه‌ له‌ جێبه‌جێكردندا بوون و ٩٠%یان وه‌ستان، كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌ڵێنده‌ران زۆر زه‌ره‌رمه‌ند بوون، كه‌ خه‌ڵكانێك مایه‌ پووچ ده‌رچوون و تووشی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بوون.

هه‌ولێر: ئێستا حكوومه‌ت چه‌ندی به‌ڵێنده‌ران قه‌رزداره‌؟
سەرۆ ئیسماعیل دزەیی، سەرۆكی یه‌كێتی بەڵێندەرانی هەولێر: له‌ مانگی تشرینی پێرار، ملیارێك دۆلار لای حكوومه‌ت بوو، به‌ سوپاسه‌وه‌ حكوومه‌تی پێشتر به‌ دوو جار، ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی بۆ به‌ڵێنده‌ران خه‌رج كرد، كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك گوزه‌رانی به‌ڵێنده‌رانی باش كرد، به‌ڵام له‌ مانگی ئاداری پاره‌وه‌، جگه‌ له‌ وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك، هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك خه‌رج نه‌كراوه‌.

هه‌ولێر: پێشتر بڕێك له‌ پاره‌ی به‌ڵێنده‌ران به‌چه‌كی بانكی خه‌رج كرا، كه‌ پێویستبوو ده‌ستی لێنه‌درێت، هێشتا ئه‌و چه‌كانه‌ هه‌ر ماون؟
سەرۆ ئیسماعیل دزه‌یی:زۆربه‌ی به‌ڵێنده‌ران پاره‌یان لای حكوومه‌ته‌ و پێشتر له‌به‌ر خراپی باری دارایی حكوومه‌ت، له‌ ساڵی ٢٠١٤، چه‌كی بانكی به‌ به‌ڵێننامه‌یان به‌ به‌ڵێنده‌ران دا، كه‌ پاره‌كانیان ته‌نیا به‌ ژماره‌ له‌سه‌ر هه‌ژماری بانكییان داندرا، تا له‌ چاكبوونی باری دارایی حكوومه‌ت، چه‌كه‌كان سه‌رف بكرێت، به‌ڵام هێشتاكه‌ خه‌رج نه‌كراوه‌، زۆربه‌یان له‌به‌ر خراپیی باری داراییان، چه‌كه‌كانیان به‌ زیان فرۆشته‌وه‌.

هه‌ولێر:له‌ماوه‌ی ڕابردوو هه‌ندێك له‌ پڕۆژه‌ وه‌ستاوه‌كان وه‌گه‌ڕكه‌وتنه‌وه‌، ژماره‌یان چه‌نده‌؟
سه‌رۆ ئیسماعیل دزەیی: ئێستا، به‌ سوپاسه‌وه‌، حكوومه‌تی نوێ، ده‌ستی كرد به‌ ته‌واو كردنی هه‌ندێك له‌ پڕۆژه‌ وه‌ستاوه‌كان، كه‌ بڕیاریدا ئه‌و ١٤٨ پڕۆژه‌یه‌ی كه‌ ڕێژه‌ی جێبه‌جێكردنیان زیادتر له‌ ٨٥%ه‌، ده‌ست به‌كاره‌كانیان بكه‌نه‌وه‌ و پاره‌كانیان به‌ نه‌ختینه‌ خه‌رج بكرێت. جیا له‌وانه‌ و دواتریش، ٧٦ پڕۆژه‌ی دی كه‌ ڕێژه‌ی جێبه‌جێكردنیان ٧٥%ه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ پاره‌ی نه‌ختینه‌یان بۆ خه‌رج كرا و، ئێستا ده‌ستیان به‌كاره‌كان كردووه‌ته‌وه‌.بڕیاریشه‌ له‌گه‌ڵ باشبوونی باری دارایی حكوومه‌ت، پاره‌ بۆ پڕۆژه‌كانی دیكه‌ خه‌رج بكرێت و ئه‌وانیش ته‌واو بكرێن، به‌ڵام هیوامانه‌ كه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ به‌ڵێنده‌ران خه‌رج بكرێت، كه‌ هه‌لی كار و به‌گشتی جوڵه‌ ده‌خاته‌وه‌ بازاڕ.

هه‌ولێر: چاوه‌ڕێ ده‌كرێت به‌و زووانه‌ سێبه‌ری ته‌نگژه‌ی دارایی له‌سه‌ر به‌ڵێنده‌ران لابچێت؟
سەرۆكی یه‌كێتی بەڵێندەرانی هەولێر: دوو بوودجه‌ی سه‌ره‌كی كه‌ پڕۆژه‌كانی به‌ڵێنده‌رانی له‌سه‌ر كراوه‌، كه‌ ئه‌وانیش بوودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان و بوودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی وه‌زاره‌ته‌كانه‌. له‌ بوودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان، پێوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌ كراوه‌ تا ئه‌وله‌ویه‌تی پڕۆژه‌كانی تایبه‌ت به‌ خۆی پێشكه‌ش بكات، كه‌ حكوومه‌ت له‌ هه‌وڵدایه‌ مانگانه‌ بۆ هه‌ر وه‌زاره‌تێك بڕێك پاره‌ دابین بكات، بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كانی، كه‌ ئه‌وه‌ سوودی بۆ به‌ڵێنده‌ران ده‌بێت. جیا له‌وه‌ حكوومه‌ت پلانی هه‌یه‌ به‌ خستنه‌ڕووی هه‌زار پڕۆژه‌ بۆ گه‌وره‌ وه‌به‌رهێنه‌ران، تا وه‌به‌رهێن له‌ سێكته‌ره‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار بكه‌ن، به‌وه‌ش به‌ڵێنده‌ر و وه‌به‌رهێن، كه‌ ته‌واو كه‌ری یه‌كدین، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ده‌رووی خێر له‌ به‌ڵێنده‌ران بكرێته‌وه‌، که‌ گه‌وره‌ وه‌به‌رهێنه‌ران ئاماده‌ن ئه‌و پرۆژانه‌ جێبه‌جێ بکه‌ن.

هه‌ولێر: پێشتر یه‌كێتی به‌ڵێنده‌ران گله‌یی له‌ ڕێنماییه‌كان هه‌بوو، ئێستاش ئه‌وگله‌ییه‌تان هه‌یه‌؟
سەرۆ ئیسماعیل دزه‌یی: ئێستا ڕێنماییه‌كان بۆ كاركردنی به‌ڵێنده‌ران باشه‌ و چاككراوه‌، كه‌ جاران هی ساڵی شه‌سته‌كان بوو. سیاسه‌تی یه‌ك په‌نجه‌ره‌ش پێڕۆ ده‌كرێت، كه‌ له‌ دانیشتنمان له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، سه‌رۆكی حكوومه‌ت، جه‌ختی كرده‌وه‌، كه‌ له‌مه‌ودوا كه‌س واسته‌ی ناوێت و ڕێنماییه‌كانی حكوومه‌ت، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی به‌ڵێنده‌ران و وه‌به‌رهێناندا ده‌بێت.