نیسان 05, 2020

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژنامەی (لە ریپوبلیکا La Republica ) ی ئیتالی: قەداسەتی پاپا پێزانینی هەبوو بۆ ئەو کارانەی ئێمە لە پێناو لێبووردەیی و بەیەکەوەژیان دەیکەین

لەئیتالیەوە: سامان سابونچی

 

رۆژنامەی بەناوبانگی ئیتاڵی (لە ریپوبلیکا) چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کردووه‌، لە بارەی سەردانەکەی بۆ ئیتالیا و دیدارە گرنگەکەی لە گەڵ پاپا فرەنسیس، پاپای ڤاتیکان و سەرۆکوەزیران و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی ئیتالیا . لەو چاوپێکەوتنەدا، کە رۆژنامەوانی ناسراوی ئیتالی، ڤینچێنتسۆ نیگرۆ کردوویه‌تی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باس لە مەترسییەکانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ئاسایشی جیهان دەکات . ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:

رۆما - ئیتالیا
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی ئەوەی هەڕەشەکانی داعش تا چەند جیددین گوتی: “داعش لەناونەچووە و لەبنەڕەتەوە لەناونەبراون، لە هەندێک ناوچەی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەوبەشەی لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی فیدراڵیدایە، بەردەوام تێرۆریستەکان ئامادەبوونیان هەیە و تەنانەت پەیوەندییان لەگەڵ گرووپەکانی سوریاشەوە هەیە. لە عێراقیش، تائێستا فاکتەرەکانی بەرهەمهێنانەوەی تێرۆر هەرماون”.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتگیریی حکوومەتی ئیتاڵیای کرد، کە لە رووی سەربازی و، بەتایبەتی راهێنان بە پێشمەرگە، زۆر هاوکارییان پێشکەش کردووە . سەرۆکی حکوومەتی هەرێم دەڵێ: “ من لە رۆما به‌ بەرپرسانی ئیتاڵی دەڵێم کە پێویستە ئیتالیا، وەک بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانان، نابێت عێراق و کوردستان بەجێبهێڵن".

• چ زانیارییەکتان لە بارەی داعشەوە بە هاوڕێ ئیتاڵییەکانتان دا ؟
مەسرور بارزانی : "داعش بەتەواوی لەناونەچووە، ئێستا خەریکی خۆرێکخستنەوەیە، هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لە ناوچەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. لە کۆبوونەوەکانماندا لە رۆما یەکێک لەو بابەتانەی باسمان کرد ئەوە بوو کە پێویستە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە عێراق چاک بکرێت، لە پێناو بنبڕکردنی ئەو فاکتەرانەی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن یارمەتیی بەرهەمهێنانەوەی تیرۆریزم دەدەن. هەژاری و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دەبنە هۆکاری نزیکبوونەوە لە رێکخراوە تێرۆریستییەکان و گەشەکردنیان.

• ماوەیەکە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەتان گەیشتووەتە لووتکە، بەتایبەتی دوای کوشتنی جەنەرالی ئێرانی، قاسم سولەیمانی، لە لایەن ئەمریکییەکانەوە
مەسرور بارزانی: ئاشکرایە، ئەو ناوچەیەی ئێمە تێیدا دەژین ناوچەیەکی سەختە و ئاسان نییە . بەڵام دەبێت لەگەڵ رووداوەکاندا هەڵبکەین و تێیدا بژین .

• چۆن پەیوەندیتان لەگەڵ ئەمریکای هاوپەیمان و لە هەمانکاتدا ئێران بەڕێوەدەبەن؟
مەسرور بارزانی : ئێران دراوسێمانە و، وڵاتێکی زۆر گرنگی ناوچەکەیە، ئەوان هەوڵدەدەن بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن، ئەمەریکاش هاوپەیمانمانن، لەشەڕی دژی تێرۆریزم و دواتریش بۆ سەقامگیریی ناوچەکە هاوکارییان کردووین. ئێمە لەناو ناوچەیەکداین هەزاران کێشەی هەیە، بەردەوام هەڵمانکردووە و هەر بەردەوامیش دەبین.

• جەنەرال سولەیمانی دانوستاندکارێکی پێداگربوو، وابزانم زۆر جار ئەوتان دیتووە؟
مەسرور بارزانی : داعش هەڕەشە بوو بۆ ئێمە لە کوردستان، بۆ حکوومەتی بەغدا و عێراقیش بەگشتی. کاتێکیش، بووە مایەی هەڕەشەیەکی ترسناک بۆ عێراق، لە هەمانکاتدا هەڕەشە بوو بۆ ئێرانیش، کە دراوسێی ئێمەیە. بۆیە، کاتێک داعش بەشێوەیەکی ترسناکانە هێرشی دەکرد، ئێران هەڵوێستی وەرگرت و پەیوەندییەکانی لەگەڵمان پتەوتر کرد . بەڵێ جەنەرال قاسم سولەیمانی چەندینجار سەردانی کردووین.

• بۆچوونی ئێوە لەسەر کوشتنی ئەوچییە؟ لە نێوان ئەمەریکا و ئێران کامیان هەڵدەبژێرن؟
مەسرور بارزانی : وەکو گوتم، ناوچەکەمان رووداوی زۆری تێدا روودەدا، بەڵام ئێمە ناتوانین لێی دەربچین و جێی بهێڵین، بۆیە هەمیشە رێگاچارەیەکمان دۆزیوەتەوە.

• ئێوە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دووساڵ لەمەوبەر کێشەیەکی جددیتان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا بۆ دروستبوو، کاتێک هەوڵتاندا رێگای جیابوونەوە بگرنەبەر. ئێستە پەیوەندییەکانتان چۆنە؟
مەسرور بارزانی : لەگەڵ حکوومەتی پێشووی بەغدا کێشە و جیاوازی سیاسیمان هەبوو. ئێستا لە بەغدا بارودۆخێکی نوێی سیاسی هەیە، ماوەیەکە بەغدا سەقامگیرنییه‌ و، چارەسەری زۆربەی کێشە سیاسییەکان خاوبووە . هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا قەوارەیەکی جێگیرە و دانی پێدا نراوە. بۆیە، دەبێت دەستوور وەکو خۆی جێبەجێبکرێت.

• مەبەستت لە حوکمڕانی و خۆبەڕێوەبردنی خۆتانە؟
مەسرور بارزانی :بەڵێ، ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک چاکسازیی کارگێڕی و ئابووریمان دەست پێکردووە، بەتایبەتیش ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی ده‌که‌ین و دۆخی ئابووریش باشتر ده‌که‌ین. دەمانەوێ هەماهەنگی زیاتریشمان لەگەڵ بەغدا هەبێت.

• بەڕێزتان لە ڤاتیکان لە لایەن پاپا فرانسیس و سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان، پێترۆ پارۆلین، پێشوازیتان لێکرا، ئەمە گرنگی پێدانێکی گەورە بوو بۆ هەرێمێکی بچووکی وەک کوردستان.
مەسرور بارزانی : ئێمە بە قەداسەتی پاپامان راگەیاند، کە پابەندین بە رێزگرتن لە ئایینە جیاوازەکان و پاراستنی مافی پەیڕەوانی ئایینەکانی وەک کریستیان و ئێزیدییەکان. ئێمە ئێستا میوانداریی هەزاران پەنابەر و ئاوارە دەکەین کە لەدەست چەوسانەوە پەنایان بۆ ئێمە هێناوە. ئێمە شانازی بە پێشوازیکردن لە زیاتر لە ملیۆنێک کەس دەکەین.
سوپاسی قەداسەتی پاپا فرەنسیسمان کرد و، داوای پشتگیری و نزامانکرد لە پێناو ژیانێکی خۆشتر و سەقامگیر. قەداسەتی پاپاش رێز و پێزانینی هەبوو بۆ ئەو کارانەی ئێمە دەیکەین.

© 2017 Hawler