نیسان 05, 2020

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوه‌ڕۆكانی هه‌ولێر: مانگانه ‌80 جار ئاوه‌ڕۆكان پاک دەکەینەوە

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

 

ماوه‌یه‌كی زۆره‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوه‌ڕۆكانی هه‌ولێر به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی giz ئه‌ڵمانی هه‌ڵمه‌تێكی سه‌رتاسه‌ری بۆ پاككردنه‌وه‌ی ئاوه‌رۆكانی‌ نێو شاری هه‌ولێربه‌ڕێوه‌برد، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌ندازیار(زه‌رده‌شت عه‌بدولخالق سه‌رسام) به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوه‌ڕۆكانی هه‌ولێرگوتی: مایه‌ی خۆشحاڵیمانه‌ له‌ ماوه‌ی 40 ڕۆژی ته‌واودا هه‌ڵمه‌تێكی سه‌رتاسه‌ری بۆ پاككردنه‌وه‌ی ئاوه‌رۆكانی‌ نێو شاری هه‌ولێر به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی ڕێكخراوی gizئه‌ڵمانی به‌ڕیوه‌چوو، له‌و ماوه‌یه‌دا كرێكاره‌كان توانیان كاره‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێكوپێك به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌ستخۆشیان لێده‌كه‌ین.

خۆتان باش ده‌زانن ئاوه‌رۆكانی شاری هه‌ولێر ده‌مێكه‌ دروستكراون، بۆیه‌ پێویستیان به‌وه‌ هه‌یه‌ زوو زووه‌ پاك بكرێنه‌وه‌، چونكه‌ له‌ كاتی باران بارینی زۆردا كێشه‌ بۆ هاووڵاتیان دروست ده‌كه‌ن، باشه‌ ئێوه‌ چۆن و كه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی له‌و شێوه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن؟
- ئێمه‌ ساڵی جارێك هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوان له‌و شێوه‌یه‌ جێبەجێ دەكەین تا بتوانین هه‌موو ئاوه‌ڕۆكان پاك بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێویستیش بكات ساڵانه‌ دوو جار ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، جگه‌ له‌وه‌ی تیمی سیانه‌مان هه‌یه‌ كه‌ هه‌رده‌م له‌ ئاماده‌باشی ته‌واو دان، بۆیه‌ مانگانه‌ نزیكه‌ی 80 حاڵه‌تی پاككردنه‌وه‌ی ئاوه‌ڕۆكان له‌ كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی شاری هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌ده‌ین.

• بۆچی له‌ كاتی باران بارینی به‌خووڕ زۆر جار له‌ جاده‌ و شه‌قامه‌كان ئاوێكی زۆر هه‌ڵده‌ستێ و هه‌ندێ جار لافاو هه‌ڵده‌ستێ، ئێوه‌ چۆن ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ی؟
- ڕاسته‌ له‌ كاتی باران بارینێكی زۆر ئه‌و حاڵه‌تانه‌ هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاوه‌ڕۆكانی شاری هه‌ولێر زۆر كۆنن و له‌مێژه‌ دروستكراون، داواشمان له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی كردوه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌‌ ئامێرێكی به‌هێزمان بۆ دابین بكه‌ن كه‌ توانایه‌كی باشی هه‌یه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی هه‌موو ئاوه‌ڕۆكانی شار، پاشان ده‌بێ ئه‌و راستیه‌ش بزانین كه‌ دیارده‌ی هه‌ڵسانی لافاو له‌ هه‌موو جێگا و شوێنێك بوونی هه‌یه‌.

له‌ چ گه‌ڕه‌كێك گرفتی ئاوه‌ڕۆتان هه‌یه‌؟
• ئێمه‌ له‌چه‌ند شوێنێكی شار ئه‌و گرفته‌مان هه‌یه‌ وه‌ك گه‌ڕه‌كی گڵكه‌ند و به‌شێكی گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه‌، چونكه‌ گه‌ڕه‌كێكی كۆنه‌ و ئاوه‌ڕۆكه‌ی له‌ ساڵانی حه‌فتاكان دروستكراوه‌، هه‌روه‌ها لای 100 مه‌تری نزیك به‌نزینخانه‌ی ئاكاریش ئه‌و گرفته‌مان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌سه‌ر خه‌تین كه‌ گرفتی شه‌قامه‌كه‌ی لای په‌رله‌مان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، هی شه‌قامی مه‌سیف سه‌لاجه‌ددینیش 65% چاره‌سه‌ر كراوه‌.

© 2017 Hawler