نیسان 05, 2020

سەرۆک بارزانی، لە دیمانەیەکدا لەگــــەڵ رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بەریتانیدا:کەرکووک لەژێر داگیرکاریی سەربازیدایە

 

و: دلۆڤان رەحیم - هه‌ولێر

 

 

سەرۆک بارزانی، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بەریتانی، کە ماوەیەکە ماڵپەری بە زمانی عەرەبیش هەیە و لەسەر پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وردی بابەت بڵاودەکاتەوە، باسی کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە رەوشی عێراق و کوردستان و شەڕی داعش و هەڵوێستی وڵاتان لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان دەکات.

سەرۆک بارزانی، دەڵێت" کەرکووک لە ژێر داگیرکاریی سەربازیدایە و هۆکارەکەیشی کۆمەڵێک خیانەتکارن کە زەلیلی حەشدی شەعبی بوون، هەروەها لەبارەی حکوومەتی عێراقیش، دەڵێت: محەمەد تۆفیق عەلاوی و کەسانی دیکەش ناتوانن لەژێر هەژموون و دەسەڵاتی چەکدار و گرووپەکانی دەرەوەی دەوڵەت سەرکەوتوو بن، بایکۆتی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقیش بە ئەگەرێکی کراوە دادەنێت.
کورد بۆ هیوا و خۆشەویستیی ژیان دەژین، بێهیوایی لای ئەوان کەموکووڕی و کەمتەرخەمییە، وێنەی ئەو ژنەی چەکی لە شانە بۆ بەرگریکردن لە سنووری هەرێم، دژی هێرشی داعش و چەکدارانی حەشدی شەعبی، ئەوە ناگەیەنێت چەک تاکە زمانی لەیەک تێگەیشتن بێت، بەڵکو چاندنی گوڵەکانیشە.
لەنێو پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە ناوەڕاستی شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، سەربازێک بە جلوبەرگی سوپاوە لە پێشوازیت دایە، ئەرکی ئەو لەسەر دوایین سنووری باخچەکە کۆتایی دێت، ئەرکەکەی پاراستنی ئاسایش و رێگریکردنە لە هەر شتێكی گوماناوی، بەڵام پێش ساڵی 1991 ئەم پارکە سەربازگەیەکی فراوانی سەردەمی سەدام حوسێن بوو، تێیدا کورد دەستگیر دەکران و ئەشکەنجە دەدران، ئەوەی بیانویستایە دەیان کوشت یان زیندەبەچاڵ دەکران .
بە پارکەکەدا گەڕام تێیدا چەندین پەیکەری لێ دانراوە، یەکێکیان هی شاعیری گەورەی عێراق محەممەد مەهدی جەواهیری، خەڵکی هەولێر پەیکەرێكی شیاویان بۆ ئەو شاعیرە داناوه‌ و ناوەکەی یاد دەکەنەوە،، لەبەردەم پەیکەرەکەدا چەند دێڕێک لەو شیعرەی ساڵی 1962ی کە لەسەر کورد نووسیویەتی، هاتووە، دەڵێت: دڵ و دەمم بۆ کوردستان خەڵات دەکەم، گەرچی هەژارم و تەنیا ئەو دووەم هەیە". شاعیرە عێراقییەکە ستایشی بارزانییەکان دەکات و کورد بە کوڕی باکوور بانگ دەکات، لەسەر بنەمای پێگە جوگرافییەکەی لە نەخشەی عێراق.
یەکێک لە رۆژنامەنووسەکان لەبارەی پارکەکە، کە بووەتە نەمامگەی گوڵان لەدوای ئەوەی گۆڕستان و زیندانی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی خەڵک لەسەر دەستی سەربازانی سەدام حسێن بوو، دەڵێت" زیادەڕۆیی ناکەم گەر پێت بڵێم لەوانەیە تەرمەکان لەهەموو شوێنێكی باخچەکەدابن، بەڵام ئێمە بڕیارماندا سەربازگەی دەستگیرکردنی پڕ لە خەمۆکی، بۆ باخچەیەکی پڕ ژیان بگۆڕین".
ئاسایش و بێدەنگیی ئێرە، هانت دەدەن بگەیتە ئەو بڕوایەی وێڕای ئەوەی هەولێر تەنیا چەند سەد کیلۆمەترێک لە ئاڵۆزییەکانی بەغدا دوورە، بەڵام هەست بکەی هەزاران میل لێت دوور بێت، ئەوە جگە لە چەند رووداویك لەوانە تیرۆرکردنی جێگری کۆنسوڵی تورکیا لە یەکێک لە رێستۆرانتەکانی، بەربەستە کۆنکرێتییە بەرزەکان لە دەورووبەری هۆتێلەکان، ئەو مووشەکانەیشی کەوتنەخوارەوە و ئێرانییەکان رەوانەی بنکە سەربازییەکەیان کرد بۆ هەراسانکردنی ئەمریکا.

رێگەی سەری بڵند
لەرێگەدا بۆ هاوینەهەواری پیرمام، ئەو شوێنەی مەسعود بارزانی تێیدا نیشتەجێیە، ئەو سەرکردەی کورد و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستانە، لەوێ بە ناو چیاکاندا تێدەپەڕیت تا دەگەیتە سەری بڵند، وشەکە ئاماژەیەکە بۆ ئەو شوێنەی رابەری کورد تێیدا نیشتەجێیە.
پێش گەیشتنمان، رۆژنامەنووسان باسیان لەوە دەکرد کە دروست لە کاتی دیاریکراودا دەگات، هەر بەوشێوەیەش دەرچوو . لە کاژێر 10ی بەیانی بەبێ دواکەوتن تەنانەت بۆ چەند چرکەیەکیش، چاوم بە پێشمەرگەی جەنگاوەر کەوت، ئەو جەنگاوەرەی کە لە بەردەم دەرگای نووسینگەکەی پێشوازیی لێکردین، بەمەبەستی یەکەمین گفتوگۆی قۆناخی دوای وازهێنانی لە دەسەڵات لە کوردستان.
دەستبەجێ پرسیارم لێکرد، ئێستا چی دەکەیت لەدوای کۆتاییهاتنی وادەی سەرۆکایەتی و رەتکردنەوەی درێژکردنەوەی؟ خشتەی کاری رۆژانەتان چییە ؟ مەسعود بارزانی چی دەکات؟
مەسعود بارزانی چی دەکات؟ زەردەخەنەی کرد و وەڵامیدایەوە: پێشمەرگە بووم ئێستاش پێشمەرگەم و هەرواش دەمێنمەوە.
خەونی سەربەخۆیی بۆ سەرۆک مەسعود لەو کاتەوە سەری هەڵداوە ئەو لەناوەڕاستی دەوڵەتێكدا گەورە بوو، کە لەسەر خاکی ئێران زیاتر لە 11 مانگی نەخایاند، ئەویش کۆماری کوردستانە، ئەو دەڵێت: "بەڵێ ئەوە راستە، کتێبێک هەیە، وڵیەم ئیگڵتۆن، دیپلۆماتکاری ئەمریکی، بەناونیشانی کۆماری مهاباد نووسیویەتی، لە راستیدا وا نەبوو، بەڵکو کۆماری کوردستان بوو، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی سەپاندی بەسەریدا ناوەکەی بۆ کۆماری مەهاباد بگۆڕێت، سەربەخۆیی هاوشێوەی هەر دەوڵەتێكی دیکە، مافێكی سرووشتییە بۆ نەتەوەی کورد، من هەندێجار بەلامەوە سەیرە ئەو مافە بۆ کورد نکۆڵی لێدەکرێت، لەکاتێکدا ئەوە مافێكی سرووشتییە و هەموو کوردێك ئومێدوارە ئەو رۆژە ببینێت".

ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و بێهیوایی لە واشنتن
دەنگدان لەسەر ڕیفراندۆم کۆتایی هات، زۆربەی کورد پشتگیرییان کرد. بارزانی ئەوە بە سەرکەوتنێكی زۆر گەورە دادەنێت و دەڵێت: " ڕیفراندۆم کرا و 93%ی گەلی کورد بە بەڵێ دەنگیان دا، ئەوەش سەرکەوتنێکی گەورەبوو، ئەوە راستییە و بۆ من جێی سەرسووڕمانبوو، من چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد لە ڕیفراندۆم، چاوەڕوانی ئەوە نەبووم رێژەیەکی هێندە گەورەی کورد دەنگ بە بەڵێ بدات، بەردی بناخەی دانرا و هەلومەرج قۆناخی داهاتوو دیاریی دەکات چی دەبێت،، یان ئەم نەوەیە یان نەوەکانی داهاتوو، بەڵام ڕیفراندۆم دووبارە ناکەینەوە".
سەبارەت بە سەربەخۆیی پرسیارم لێکرد، دەڵێت: "ئامانج لە ڕیفراندۆم راستەوخۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی نەبوو، بەڵکو ئامانج ئەوە بوو دەرفەتێك بدرێتە گەلی کوردستان تەنانەت بۆ یەکجاریش بێت لە مێژوو، گوزارشت لە بیروبۆچوونی خۆی بکات، چونکە نییەتی ژمارەیەکی زۆری گەلی کورد و هەڵوێستی زۆرینەی زۆری دەخستەژێر پرسیارەوە. بێگومان ڕیفراندۆم هەنگاوی بنچینەیی و بەردی بناغەیە بۆ سەربەخۆیی".
لە گفتوگۆکەدا بارزانی بە روونی وەڵامی ئەوەشی دایە، ئەمریکا نەتەوەی کوردی بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بێ هیوا کرد، ئەو کاتەی پێش ڕیفراندۆم گوتی هەڵوێستی بێلایەن هەڵدەبژێرم، بەڵام دواتر کاتێك ڕیفراندۆم نزیککەوتەوە و بوو بە راستی، بەئاشکرایی لایەنگری دەسەڵاتی فیدراڵی لە بەغدا کرد.
بارزانی وردتر لەسەر ئەو پرسە قسە دەکات و، دەڵێت : "بەو پەڕی ئەمانەت و راستگۆییەوە وەڵامت دەدەمەوە، ئەمریکییەکان قەت بەڵێنیان پێنەداوین پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان بکەن، سەرەتاش بابەتی ڕیفراندۆممان خستەڕوو لە دژی نەوەستان و گوتیان ئێمە هەڵوێستی بێلایەن دەگرینەبەر، بەڵام کاتێك کە ڕیفراندۆم کرا، ئەوان لایەنگری دەوڵەتی عێراقیان کرد لە بەغدا و بە پێچەوانەی پێشبینییەکانمان، هەڵوێستی ئەوان بێلایەن نەبوو. قەت چاوەڕێی ئەو هەڵوێستەمان لە ئەمریکا نەدەکرد. بەڵێنەکەیان نەبردەسەر لەوەی بێلایەن بن، ئەوە سەرباری ئەوەی ئێمە ریفرادۆممان بۆیان شیکردەوە و پێمان گوتن، ڕیفراندۆم بریتی نییە لە دەستبەجێ راگەیاندنی سەربەخۆیی، ئێمە لەڕێگەیەوە دەچینە نێو دانوستاندنەکان لەگەڵ بەغدا بە چاودێریی ئێوە و نەتەوەیەکگرتووەکانیش، کاتی پێویستی پێدەدەین، بەڵام لەڕاستیدا بەغدا و ئەوانی دیکە دەرفەتەکەیان قۆستەوە و ویستیان بانگەوازی نەفیر عام رابگەیەنن، بەڵام سوپاس بۆ خودا شکستیان هێنا".
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو لە ئاست ڕیفراندۆم بارزانی دەڵێت: "من لە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەب بە گشتی و وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سوپاسگوزارم، هەڵوێستی ئەوان زۆر لە هەڵوێستی ئەو وڵاتانەی پیشبینیمان دەکرد ئەرێنی و بێلایەن بن، شەریفانەتربوو. هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو، مرۆیی، لۆژیک و هاوسەنگ بوو".

ئامۆژگاریمان بۆ بەغدا
لەناو ئاڵۆزیی شارە عێراقییەکاندا، بە پێچەوانەوە ئارامی لە شاری هەولێر چەسپاوە، کورد بە پرۆژە بەردەوامەکانیان شانازی دەکەن، بە ئازارەوە باس لە هەردوو هێرشی داعش و حەشدی شەعبی دەکەن، یەکەمیان لە 2014دا بوو و دووەمیشیان لە 2017 دا بوو، کاتێک گرووپەکانی حەشدی شەعبی لەشکرکێشییان بۆ سەر کەرکووک کرد.
پرسیاری هۆکاری بوونی ئارامی و ئاسایشم لە هەرێمی کوردستان لە بارزانی کرد، ئەو گوتی: "ئێمە پێشنیارمان بۆ بەغدا کرد نموونەی هەرێم لە بەردەستیدا دابنێین، تا لە شوێنەکانی دیکەی عێراق سوودی لێ ببینن. گرنگترین بابەتی کردمان و هۆکاری یاریدەدەری دەستەبەرکردنی ئەو هەموو دەستەکەوتانە بوو، ئاشتبوونەوەی ناوخۆیی کوردستان بوو. ئەگەر ئەوە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق جێبەجێ بکرابایە، هەموو عێراق وەک کوردستانی لێدەهات، بەڵام بەغدا رەتیکردەوە گوێمان بۆ بگرێت. گەورەترین تەحەدای رووبەڕووی هەرێم بووەتەوە، پێش ڕیفراندۆم و دواتریش و تاوەکو ئەمڕۆش، تیرۆرە، تەحەدای دیکەش هەیە وەک پشێویی ناوچەی عەرەب و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناهاوسەنگیی هێزەکان و دەستتێوەردانی بەردەوام و رەوشی ئابووری، هەموو ئەوانە تەحەدای گەورەن، بەڵام رێگەمان لێناگرن".
لە ئەزموونی هەرێمەکەیەوە دەیەوێت بەغدا سوودی لێوەربگرێت، لەبارەی تیرۆرەوە پرسیارم لێکرد، بەڵام بارزانی بە متمانە و هێورییەوە قسەی دەکرد و، گوتی: "سوپاس بۆ خودا، گەلی کوردستان بەشێوەکی فراوان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە هاریکاریی کردووە و تیرۆر تەنانەت لە دامەزراندنی یەک بنکە یان شانەیەکی تیرۆریستی لە هەر‌ێمی کوردستاندا شکستی هێنا. هەموو هەوڵەکان لەو بارەیەوە بریتی بوون لە دزەکردن و لە ساڵی 2014وە و لەدوای هاتنەناوەوەی داعش بۆ ناو عێراق، شەڕێكی ئاشکرا و راگەیێنراو بوو لە بەرەیەکی شەڕدا کە درێژییەکەی هەزار و 50 کیلۆمەتر بوو".
جارێكی دیکە پرسیارم لێ کرد، بۆچی داعش و حەشدی شەعبی لە دزەکردن بۆ نێو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کورد شکستیان هێنا؟ بارزانی گوتی، "بەرخودانی قارەمانانەی هێزەکانی پێشمەرگە هۆکارەکەی بوو، رێگرییان لە داعش و حەشد کرد لە روودانی ئەو بابەتە، ئێمە بۆمان سەلمێنرا ئەگەر تۆ خاوەن هێز نەبیت، هیچ کەس بەرگریت لێناکات، بەڵکو دەبێت خۆت بەرگری لە خۆت بکەیت،ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە، ئێستا رەوشەکە جۆرێکی دیکە بوو".

هەرێم و شەڕی دژی داعش و مەتەڵی هێرشەکە
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، بە یەکێک لەو پرسیارانە ئەستەمانه‌ دەمێنێتەوە که‌ گرانه‌ تێیبگەین، هێرشکردنی بۆ سەر هەندێک ناوچە و نەکردنی بۆ سەر هەندێک ناوچەی دیکە، هەستێكی گشتی و خێرات پێدەبەخشێت چەندین وڵات دەیجووڵێننەوە و سوودی لێدەبینن.
لەبەر ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان سەدان کەس لە ئەندامانی ئەو رێکخراوەیان بە دیل گرت و کوشت. لەسەر ئەو بنەمایە من پرسیارم لە بارزانی کرد، ئایا ئەوان لە هۆکاری سەرهەڵدانی داعش تێگەیشتوون؟ ئەو گوتی: "لە هەندێک ناوچە تەرمەکان بەجێدەمان، بە رووخساری ئەو مردووانەدا دیار بوو ئەوان لە چەند شوێنێکی جیاوازی جیهاندا هاتبن، لەوپەڕی رۆژهەڵاتەوە تا ئەوپەڕی رۆژئاوا، لە باکوورەوە تا ئەوپەڕی باشوور. ئەوە نهێنییەکە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین، بێگومان وڵاتان هەن هاوکاریی داعشیان کردووە، بەڵام بەڵگەی پشتڕاستکراومان لەسەر ناسنامەی ئەو وڵاتانە نییە، زیاتر لە وڵاتێک ئاسانکاری و هاوکاریی داعش دەکات و کۆنترۆڵیشی دەکات و ئاراستەکردنی بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان بە هەڕەمەکی نەبوو، بەڵکو بەرنامە بۆداڕێژراو بوو، بە فەرمان و ئاراستەکردنیش بوو".
بەر لەوەی گفتوگۆکەی لەبارەی شەڕی دژی داعشەوە تەواو بکات، کەمێک قسەکانمان بۆ جیاوازیی نێوان هەولێر و سلێمانی گواستەوە، بارزانی ئەو جیاوازییە بە رەوشێكی تەندروست و حاڵەتێكی دیموکراسی دەبینێت و، دانیش بەوەدا دەنێت جیاوازی هەیە، بەڵام یەک روانین لەبارەی بابەتە ستراتیجییەکانەوە هەیە، یەک پەرلەمان و یەک حکوومەتیش هەیە، بارزانی درێژە بە قسەکانی دەدات: " دابەشبوون هەیە، بەڵام نەک لەسەر بابەتە ستراتیژییەکان. لەوانەیە لەسەر هەژموون و رکابەریی حیزبی و هەندێک بابەتی دیکەی سروشتی بێت".
من پرسیارم لێکرد، ئایا ئەوە کاریگەریی لەسەر نەهێشتنی گەندەڵی دەبێت؟ مەسعود بارزانی، رابەری کورد دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە گەندەڵی لە هەرێمدا هاوشێوەی وڵاتانی دیکە بڵاوبووەتەوە، بەڵام بەم دواییانە یاسای چاکسازیی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا دەرچوو، ئەوەش نەخشەرێگەیەکە بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی. حکوومەت دەستی بە جێبەجێکردن کردووە و تەنانەت بەر لە دەرکردنی یاساکەش هەنگاوی جیددی لەو بوارەدا نابوو. ئێمە لەبارەی ئەو بابەتەوە زۆر گەشبینین".

ژنانی کورد لە بەرەی جەنگدا
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، لە 2014وە تا ئێستا بە دیاریکراویش لە ساڵی 2017دا، کاتێک شەڕی دژی داعش و حەشدی شەعبی تووندبوو لەو کاتەی هەوڵی ئەوەیاندا بچنە نێو هەرێم، پرسێکی نوێ لەبارەی جیهانی عەرەبییەوە سەری هەڵدا، ئەویش بەدەرکەوتنی هێزی ژنان بوو بە هەڵگرتنی چەک لە جەنگدا بۆ پارێزگاریکردن لە خاک، لەبارەی رۆڵی ژنان، سەرۆک مەسعود بارزانی بەو شێوەیە وەسفی ژنان دەکات و، دەڵێت: "رۆڵی راستەقینەی ئەوان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورددا رۆڵێکی شەرەفمەندانە بووە، نەک تەنیا ئێستا، بەڵکو بە درێژایی مێژوو و بە دیاریکراویش لە شۆڕشی ئەیلوولدا، کە گەورەترین و درێژترین شۆڕش بوو بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی، چەخماخەی شۆڕشەکە لە 11ی ئەیلوولی 1961دا سەری هەڵدا، سەرتاسەری هەرێمی گرتەوە. لەو شۆڕشەدا سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بەشداربوون. ژنی کوردیش لەو کاتەدا رۆڵی دایک و باوک و مامۆستای بۆ منداڵەکانی دەبینی، تەنانەت کاری جووتیارییشیان دەکرد. منداڵەکانی پەروەردە دەکرد و فێری دەکردن و سەرپەرشتیشی دەکردن، هەم وەکو دایکێک و هەم وەکو باوکێک. لە هەمان کاتیشدا بەشێک لە پێداویستییە خۆراکییەکانی بۆ بەرەکانی شەڕ ئامادەدەکرد. ئەگەر رۆڵی ژنان نەبووایە، زۆر پیاو نەیاندەتوانی بەردەوامی بە خەباتکاری و جەنگ بدەن، بۆیە ژنی کورد رۆڵێکی شەرەفمەندانەی لە شەڕی دژی داعشدا بینی و سەرکەوتن".
کەمێک قسەکانیم پێ بڕی و گوتم، ژن لە کوێ ئەو هێزەی وەرگرتووە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "ئەوان هەستیان بەوە کردووە ئەو پرسە لەبارەی ئێمەوە شەڕی مان و نەمانە، ئەگەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەش بە تایبەتیش پێشمەرگە بەشداریی ئەو بەرگرییە قارەمانانەیان نەکردایە،ئەگەر داعش بیتوانیبا کۆنترۆڵی ناوچەکە بکات، ئەوا دەکەوتینە بەرامبەر مەترسییەکی جیددی لەناوبردنمان ".

پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لە دوای ساڵی 2003وە
لە گفتوگۆیەکدا، لەگەڵ غەسان شربل، سەرنووسەری رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، بارزانی بە شێوەیەکی راشکاوانە دەڵێت، نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، هێندەی سەدام حوسێن و بگرە زیاتریش لە تاوانی ئەنفالی لەلایەن سەدام حوسێنەوە کرا، بەرامبەر بە منداڵ و ژنانی کوردستان کردی. ئەوەش کاتێک بوودجە و مووچە و قووتی خەڵکی هەرێمی کورستانی بڕی. بەڵام ئەمجارە، بارزانی بەبێ ئەوەی ناوی کەسێک بهێنێت، چەند جارێک سەرسووڕمانی خۆی لەو مامەڵەیەی حکوومەتی بەغدا بەرامبەر بە هەرێم دەربڕی و، گوتی: "ئێمە بە شێوەیەکی چالاک رۆڵمان بینی لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێنەوە دروست بوو، چووینە بەغدا و بەشداربووین لە نووسینەوەی دەستوور و دووبارە پێکهێنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەڵام بە داخەوە پابەندی دەستوور نەبوون و پەیوەندییەکانیش سستبوون. ئێستا دەتوانم بڵێم لە ماوەی رابردوو زۆر باشترە، بەڵام وەک ئەوە نییە ئێمە دەمانەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەمەش تێپەڕێنین".
جارێکی دیکە پرسیاری ئەوەم لێکردەوە کە کێ بەرپرسە لە لەنێوچوونی خەونی دەوڵەتی عێراقی نوێ لەدوای سەدام؟ گوتی: "سەختە کەسێک یان لایەنێکی دیارکراو دەستنیشان بکەیت. هەموو کەسێک بەپێی پێگە و بەرپرسیارێتییەکەی بەرپرسیارێتیی لەسەرشانە، بەڵام بەگشتی تێبینیی ئەوەمان کردووە ئاراستەیەک نییە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی، بارودۆخەکە لەبەریەک هەڵوەشاوە و هەمووشیان لێی بەرپرسن".

ئەی لەبارەی کەرکووک چی؟
لەبارەی کەرکووک پرسیارم لە مەسعود بارزانی کرد، ئەو شارەی لەلایەن سەدام حوسێنەوە خەڵکەکەی بە زۆر کۆچیان پێکرا و خەڵکی پارێزگاکانی دیکە و گوندەکان لە شوێنەکانیان نیشتەجێکران، بەوەش رێژەی دانیشتووانی کورد لەو پارێزگایە کە لە سەرووی 76% بوو، بۆ 40% دابەزی. پاشان حەشدی شەعبی بە سەرکردایەتیی ئێران هێرشیان کردە سەر ئەو شارە و ئێستاش بەشێکی لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە.
لەسەر ئەو شارە، کە ساڵانێکی دوور و درێژە لەبەرامبەر هیچ هێرشێکی دڕندانەدا خۆی بەدەستەوە نەداوە، بارزانی دەڵێت: " هەمیشە پێمانوابووە کەرکووک پێویستە نموونەیەک بێت بۆ پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی. ئێستاش هەمان بۆچوونمان هەیە. بێگومان رێککەوتنێک هەیە لەسەر چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک و تەواوی ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەوەی بە ناوچەی کێشەلەسەر ناودەبرێت. لە نێویاندا کەرکووک، خانەقین، شنگال و ناوچەکانی دیکە. ماددەی 140ـی دەستوور، باس لە ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و راپرسی لەخۆی دەکات، دانیشتووانی ئەو ناوچانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن لەبارەی مانەوەیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی یان هەرێم. ئێمەش پابەندی رای دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەبین. ئێستاش ئەمە بە چارەسەری نموونەیی دەبینین. لەبارەی کەرکووکەوه‌ ئێستا شارەکە لەژێر داگیرکاریی سەربازیدایە و حەشدی شەعبی تێیدا حوکم دەکات،کورد لەو شارە سەرکوت دەکرێت، بێگومان ئەمەش ناکرێت بەردەوام بێت و جێگەی قبووڵکردن نییە و دەبێت کۆتایی پێبهێنرێت".
هاوکات، بارزانی لایەنێکی ناوخۆیی لەنێو کورد بە خیانەتکردن لە رۆڵە و نەتەوەکەی تۆمەتبار دەکات و، بە هۆکاریان دەزانێت بۆ هاتنی "حەشدی شەعبی" بۆ نێو کەرکووک و بە "زەلیلی حەشد" وەسفیان دەکات.

کێ فەرمانی بە "حەشدی شەعبی" کرد بۆ هێرشکردن و هەڵکوتانە سەر کەرکووک؟
لە قسەکانیدا بێزارییەکی زۆر بە رابەر مەسعود بارزانییەوە دیاربوو لەسەر هەڵوێستی ئەمریکا و، سەرسووڕمانی خۆیشی لەبەرامبەر بێدەنگیی واشنتۆن پیشاندا. ئەو چەک و تانکە ئەبرامزانەی بە سوپای عێراقیان داوە بۆ ئەوەی شەڕی داعشی پێبکەن، یەکێک بوون لەو چەکانەی هێرشی پێکرا بۆ سەر کورد لە کەرکووک، ئەو دەڵێ: "بە روونی دەیڵێم حەشد چەکی ئەمریکی و تانکی ئەبرامزی بەکارهێنا. ئێرانیش رۆڵی هەبوو لە سەرکردایەتیکردنی ئەو هێرشە بۆ سەر کەرکووک".
لە کەرکووکەوە بۆ یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێگە بە خۆکاندیدکردنی کەسەکان دەدات لەسەر بنەمای بازنەی شارۆچکەکان، بارزانی وایدەبینێت یاسا کۆنەکە زۆر باشترە و بە دووریشی نازانێت بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکەن و پێشیوایە ئەمە شتێکە رەنگە رووبدات.
دەچینەوە بەغدا و پرسیار لەبارەی رووداوەکانی ئێستا لە رێبەری کورد دەکەم، چارەسەری ئەو دۆخەی ئێستا هەیە چۆن دەبینێت؟ لە وەڵامدا رایگەیاند: "کاری هەرە لە پێشینەی هەر حکوومەتێک ئەوەیە ئاسایش و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییەکانی دەستەبەر بکات، ئەو ناوچانەی عێراق ئێستا خەڵکەکەی راپەڕیون، ماوەیەکی دوور و درێژە ئەو مەرجانەی بۆ دەستبەر نەکراوە. هەر هاووڵاتییەک لە ماڵەکەی دەربچێت، رەنگە نەگەڕێتەوە، دەڕفێنرێت و دەکوژرێت و کەسیش نازانێت تەرمەکەی لەکوێ فڕێدەدرێت، بێگومان ئەو حاڵەتەش نابێت بەردەوام بێت، خۆپێشاندان مافێکە بۆ داواکردنی مافەکانیان، بۆ نان و خزمەتگوزاری، ئێمە پشتیوانی لە داواکانیان دەکەین لەگەڵ ئەوەشدا تێبینییەکمان هەیە، ئەویش ناکرێت رێگە بدرێت کەسانی هەلپەرست و ئەوانەی بەرپرسن لە گەندەڵی سواری شەپۆڵی ناڕەزایەتی خەڵك بن".
بە رێزەوە قسەکانیم پێبڕی و پرسیارم لێکرد، پێتانوایە کەسانێک هەبن لە هەلپەرستەکان سواری شەپۆلەکە بووبن؟ لە وەڵامدا گوتی، "پێموایە خەڵکی راپەڕیو زۆر هۆشیارن و رێگە بەوە نادەن، بەڵام هەندێکیش هەیە سواری شەپۆلەکە بوونە".

هەلی سەركەوتنی محەممەد تۆفیق عەلاوی
بارزانی بەتێبینییەوە دەڵێت: محەممەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق، كەسێكی بەڕێزە و لە خانەوادەیەكی بەڕێز و ناسراوی بەغدان. بەڵام ئەركەكەی زۆر بەسەخت ناو دەبات و دەڵێت: نە ئەو نە كەسێكی دیكە، وه‌ک ده‌ڵێ، ناتوانن، لەگه‌ڵ بوونی ئه‌و تاقمه‌ چه‌کدارانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسان بێ پره‌نسیپن و پابه‌ندی فه‌رمانی ده‌وڵه‌ت نین سەركەوتووبن. پاشان لێمپرسی، ئایا ئێوە لەگەڵیدان یان لە دژین؟ گوتی، "پرسەكە لەسەر رۆڵ و ئەدا و تێگەیشتنی ئەو لەبەرامبەر رەوشی هەرێم دەوەستێت، ناتوانین ئێستا ئەوە بزانین. ئێمە رێزی دەگرین، شاندێكیشمان لە بەغدایە و لەسەر پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ گفتوگۆی لەگەڵ دەكەن، ئەوە لەسەر هەڵوێستی ئەو دەوەستێت".

درۆی حەسەن نەسروڵڵا و بۆچوونی بارزانی لە دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان
لە گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنیدا، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی، گوتی، "بارزانی لەگەڵ قاسم سولەیمانی کۆبووەوە لە کاتێکدا دەلەرزی و شڵەژاو بوو و داوای هاوکاریکرد لە شەڕی دژی داعشدا". پرسیارمان لە بارزانی کرد و ئەویش وەڵامی داینەوە: "ئەوەی نەسروڵلا باسی کرد، چیرۆکێكی دروستکراوە و نەسروڵڵا لە گوتارەکەیدا ئەدا و نواندنێكی شکستخواردووی کرد".
لەدوای ئەو گوتەیە، لەبارەی دەنگدانی ئەم دواییەی تایبەت بە دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی پرسیارم لێکرد، بارزانی گوتی: " ئەمریکا وڵاتێكی گەورە و مەزنە و هەندێک بابەت هەن بەبێ ئەو ناکرێن، جا کێی ڕازییه‌ باڕازیبێ وکێش ناڕازییه‌ با ناڕازیبێ، لە ساڵی 2011دا من دژی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بووم لە عێراق و پێشبینییم کرد تیرۆر کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری وڵات دەکات، بووە راستی. ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا ئەوکات بمابوونایەوە، داعش نەیدەتوانی ئەو هەموو سەرکەوتنانە بەسەر سوپای عێراقدا تۆماربکات، هەڕەشە لە ناوجەرگەی هەرێمی کوردستان بکات. ئێستاش لەدوای ئەو ململانێیەی نێوان ئەمریکا و ئێران داوای چوونە دەرەوەی هێزە ئەمریکییەکان دەکات، ئەو داواکارییانە لەسەر بنەمای سۆز و موزایەدە دەکر‌ێن. بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان و بە فەرماندەیی ئەمریکا پێویستە بۆ ئاسایشی عێراق و ئایندەی عێراق . ئەگەر هێزەکانی ئەمریکاش بچنە دەرەوە، هەموو هێزەکانی هاوپەیمانان دەچنە دەرەوە و هیچ وڵاتێکیش نامێنێت و لەدوای شەش مانگ داعش بەشێوەیەکی بەهێزتر لە جاران دەگەڕێتەوە. بۆیە نابێت بەبێ بەرپرسیارانە بڕوانینە چارەنووسی گەل و وڵات بە مەبەستی موزایەدەکردن. بۆیە ئێمە دژ ی دەنگدانەکە وەستاین. دەنگمان نەدا. بوونی هێزە ئەمریکییەکان لەم کاتەدا پێویستە".
وێڕای باوەڕی بارزانی بە پێویستیی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بە راشکاوانە سەرسوڕمانی خۆی نەشاردەوە لە هەڵسوکەوتی دژیەکی واشنتۆن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و، گوتی: "هیوادارام لەوە تێبگەم ئەمریکا لە سووریا چیی لە کورد دەوێت. ئەگەر پابەندبوونێک بە بەرگریکردن لێیان هەبێت، ئەوە باشە، بەڵام ئەوەی کە بینیمان شتێكی هەڵگەڕاوە بوو و گومانیش لەبارەیەوە هەبوو. تاڕادەیەکی زۆریش کوردی سووریای متمانەی بە ئەمریکا نه‌ما. ئێستا ئەوان سەرلەنوێ هەوڵی بنیاتننانەوەی متمانە دەدەن و ئەوەش کاتی دەوێت".

ئێران و دەستوەردان لە عێراق
بۆچی ئێران کۆنترۆڵی عێراق دەکات، رابەری کورد بە وردی وەڵام دەداتەوە و، دەڵێت: "لەدوای رووخانی رژێمی سەدام لە 2003، دەرفەتێكی زیڕین بۆ عێراق هەبوو تێیدا عێراقییەکان دەوڵەتی دامەزراوەیی بنیاتبنێن لەسەر بنەمای یەکگرتنی ئازادانە و فیدراڵییەت و، هەموومان بۆ ئەو مەبەستە کارمان کرد. بەڵام هەڵە گەورەکە لەوەدا بوو ئەمریکییەکان رۆڵی خۆیان لە رزگارکەرەوە بۆ داگیرکار گۆڕی، ئەوەش پێچەوانەی ئەوە بوو کە لە کۆنگرەی لەندەن لە مانگی کانوونی یەکەمی 2002دا لەسەری رێککەوتبووین".
لەدوای چوونەدەرەوەی ئەمریکییەکان لە 2011، بۆشاییەکی گەورەیان جێهێشت ئێران پڕی کردەوە و، بە حوکمی مەزهەب و پێکەوەگرێدانی مێژوویی، ئێران هەژموونێکی گەورەی لە عێراق دروستکرد. دەکرێت عێراق پەیوەندیی سروشتیی لەگەڵ ئێران و دراوسێکانی دیکەشی هەبێت، بەڵام دەبێت عێراقییەکان باڵادەستیی هەر دەوڵەتێك رەتبکەنەوە".
هەروەها پرسیارم لێکرد، ئایا هۆکاری باڵادەستیی ئێران بوونی میلیشیا لایەنگرەکانیەتی، بارزانی گوتی: "لەدوای هاتنە ناوەوەی داعش بەو هێزە و هەڕەشەکردنی لە نزیکەی هەموو عێراق و لە ئەنجامی فەتوای مەرجەعییەتەوە، ژمارەیەک لە گەنجانی شیعە و ئەوانەی دیکە، ناوی خۆیان بە خۆبەخشانە لەنێو حەشدی شەعبی تۆمارکرد و، بەشێکی زۆریان کوژران و بەرخۆدانیان کرد و قارەمانێتییان لە بەرخۆدان پیشاندا. لەدوای شکستی داعش و لاوازبوونی، هێزێكی یەکگرتوو و رێکخراو و گرێدراو بە فەرماندارێتییەکی دیاریکراو نەبوو. هەندێک ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە و کۆمەڵانی چەکداریان دروستکرد. هەندێک لە هێزەکان لەنێو حەشددا هەن کە رێزیان لێدەگرین، چونکە لە شەڕیاندا دژ بە داعش قوربانییان داوە و شەهیدیان پێشکەش کردووە. بەڵام بەشێک لەوانەی لەژێر چەتری حەشد کار دەکەن، باندیان پێکهێناوە و کۆنترۆڵی سامانی وڵات دەکەن، هاووڵاتییان هەراسان دەکەن و رێگری لە هەر جۆرە بنیادنان و پەرەپێدانێك دەکەن، ئەوەش نەهامەتییە".
لەبارەی ئەوەی "چ زمانێکی ئێرانیش زیاتر بە جیدی وەردەگرێت، زمانی شاندەکان یان زمانی هەڕەشەکانی تاران لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکاندا؟" پرسیارم لە بارزانی کرد و من پێم گوت، لە چاوپێکەوتنێکی پێشوودا لەگەڵ شەرقولئەوسەتدا ئێوە گوتتان: "بەرپرسە ئێرانییەکان بەر لە ڕیفراندۆم لەگەڵتان کۆبوونەوە و زمانی ئەوان لەگەڵتاندا زۆر بەڕێزەوە بووە، لەهەمان کاتدا لێدوانەکانی ئەوان هۆشداری و هەڕەشەشیان لەخۆگرتبوو". کام لەو دوو زمانانەتان بە جیدی وەرگرت؟ رابەری کورد وەڵامی دایەوە: "ڕیفراندۆم مافێكی سروشتییە و کاتێك کە دەوڵەتی عێراق دامەزرا لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، عێراق لەسەر بنەمای هاوبەشی لەنێوان عەرەب و کورد دامەزرا. کاتێک کە ڕیفراندۆم لەسەر لەدایکبوونی موسڵ کرا، کورد دەنگی بۆ پێکەوەبوون لەگەڵ عێراق دا نەک تورکیا. ئەوەش لەسەر بنەمای پێکهێنانی حکوومەتێكی عێراقی بە هاوبەشی لەنێوان کورد و عەرەب. بەڵام ئێمە تەنانەت هاووڵاتیبوونیشمان دەستنەکەوت چ جای هاوبەشی. لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن لە 2003، ئێمە چووینە بەغدا تا سوود لە دەرفەتە نوێیەکە وەربگرین و، عێراقێکی نوێ بنیاتبنێین، تێیدا هەموو هاووڵاتییان مافەکانیان وەربگرن و ئەرکەکانیان لەسەر بەنەمای یەکگرتوویی ئازادانە جێبەجێ بکەن و، پەرلەمانی کوردستانیش بڕیاری دا بەوەی کە دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە عێراقی نوێ بنیاتبنێت. سەرجەم ئەو هەوڵانە شکستیان هێنا و بەو باوەڕە گەیشتین کە هاوبەشیمان لەگەڵ عێراق، رەتکراوەتەوە. بەدڵنیاییەوە پاشکۆبوونیش لای ئێمە رەتکراوەتەوە. بۆیە گوتمان ڕیفراندۆمێک دەکەین تا هەمووان بزانن گەلی کورد چی دەوێت و پاشان دەچینە نێو دانووستانەکانەوە لەگەڵتان و کاتی پێویستی پێدەدەین و بابەتەکان بەجێدەهێڵین کاتی پێویستی خۆیان وەربگرن. بەڵام تا ئەو دەمەی ئێوە هاوبەشی رەتدەکەنەوە، هیچ چارەسەرێكی دیکەمان نییە. دەبێت برای یەکدی بین، بەڵام هەریەک لە ئێمە ماڵی تایبەت بە خۆیی هەبێت و بەغدا بە قووڵایی خۆی دەمێنێتەوە. بەڵام ئەوان دەرفەتەکەیان قۆستەوە، من پێشبینی ئەوەم دەکرد گوشار بکرێت، بەڵام ئەوەی کە چاوەڕێم نەدەکرد گرووپێکی کورد هەڵسێت بەو خیانەتە گەورەیە. بۆیە، ئێمە هەموو هەڕەشەکانمان بە سروشتی دەبینین و ئامادەی رووبەڕووبوونەوەیان بووین. ئێرانییەکان و کەسانی دیکە پەیوەندییان پێوەکردین، بەڵام لە کاتێكی زۆر درەنگدا بوو. هەمووان، تەنانەت ئەمریکییەکانیش سەرەتا ئەوەیان لەبەرچاوگرتبوو کە ئەم بابەتە کارتێكی گوشار بێت، بەڵام بابەتەکە لە گرنگ گنگترە، بەڵکو بۆ ئێمە چارەنووسسازە. ئەمە مافمانە و ئێمە پابەندین پێوەی و ناکرێت دەستبەرداری بین، بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە هەر سبەینێ سەربەخۆیی خۆمان رابگەیه‌نین، لەوانەیە لەدوای دوو رۆژ بێت یان لەدوای مانگێک، بەڵام ئێمە دەستبەرداری ئەو مافە نابین".

کاڵبوونەوەی هێزە سووننەکان لەنێوان هێزە عێراقییەکاندا
دوای رووخانی حکوومەتی سەدام، مەسعود بارزانی رووی کردە سوننەمەزهەبەکان و سەرکردەکانیان و ئاموژگارییکردن بە پێکهێنانی حکوومەتێکی فیدراڵی بۆ خۆیان، بەڵام ئەو شتە رووینەدا. سووننەمەزهەبەکان خۆیان لە پرۆسەی سیاسی دوور خستەوە و بەردەوام بوون لەسەر خەونەکانیان، بەڵام ئەم کارەیان ئەنجامێکی پێچەوانەی لە دژی ئەوان هەبوو. پرسیارم لە مەسعوود بارزانی کرد لەسەر دەنگۆی ئەوەی کە سووننەکان خۆیان ئامادەدەکەن بۆ داواکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ، لەنێویشیاندا لە ئەنبار، وەڵامیدایەوە و گوتی: "سووننەکان هەڵەی گەورەیان کرد. خۆیان لە پرۆسەی سیاسیی دوای رژێم کشاندەوە و ئەمەش هەڵەیەکی گەورە بوو. سێ جار بانگهێشتمکردن بۆ هەولێر و هەوڵمدا بۆیان شیبکەمەوە کە بارودۆخەکە گۆڕاوە و جیهان و ناوچەکە و عێراقیش گۆڕاون و، دەبێت دووبارە بیربکەنەوە، بەڵام هێشتا لەژێر کاریگەریی کلتووری کۆندا بوون. دوای دانانی دەستوور، هەموو لایەنێک بە فیدراڵیەت رازیبوون لەسەر بنەمای دابەشکردنی یەکسانیی داهات و دەسەڵات، تەنانەت شیعەکانیش لە سەرەتادا رازیبوون، بەڵام ئەوە سوننەکان بوون رەتیانکردەوە، لەدوای ئەوەش هاوکێشەکە گۆڕا. سوننەکان دوو هەڵەیان کرد، یەکەمیان دوورکەوتنەوە لە پرۆسەی سیاسیی دوای کەوتنی رژێمی سەدام و، هەڵەی لەوەش گەورەتر، رەتکردنەوەی فیدراڵی بوو لە دوای نووسینی دەستوور".
لێم پرسی، پێتوایە ئێستا کات درەنگ بووە بۆ داواکردنی هەرێمی سەربەخۆ لەلایەن ئەوانەوە؟ لە وەڵامدا گوتی: "بێگومان ئەم بابەتە ئاستەنگی لەبەردەمە".

داعش و توركیا
زانیاریی دزه‌پێكراو هه‌یه‌ لەبارەی په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆ له‌نێوان توركیا و داعش و، ئاسانكاریكردن به‌هاتووچۆی شه‌ڕكه‌رانیان بۆ ناوچه‌ كوردییه‌كان بۆ چۆڵكردن یان بۆ شه‌ڕكردن له‌ بری توركیا، به‌شێك له‌ رۆژنامه‌كانی وڵاتانی رۆژئاوا له‌نێویاندا "فاینانشاڵ تایمز" هه‌واڵی بازرگانیكردنی نه‌وت له‌ ناوچه‌كانی ژێرده‌ستی داعش و بردنی بۆ توركیایان بڵاوكرده‌وه‌. پرسیارم کرد، ئایا مه‌سعود بارزانی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی بینیووه‌، له‌ كاتێكدا ئێوه‌ سه‌ركردایه‌تیی شه‌ڕی دژی رێكخراوی تیرۆریستیتان ده‌كرد؟ ئه‌و گوتی: "له‌ چه‌ند مانگی یه‌كه‌می شه‌ڕكردن له‌ دژی داعش، تێبینیی ئه‌وه‌مان ده‌كرد كه‌ كوژراوه‌كانیان خاوه‌ن ره‌گه‌زنامه‌ی جیاوازن. بێگومان زۆربه‌یان له‌ڕێگه‌ی سنووری توركیاوە به‌ره‌و سووریا و دواتر عێراق ده‌هاتن، یاخود له‌ڕێگه‌ی ده‌ریاوه‌ له‌ وڵاتانی دیكه‌وه‌ دزه‌یان ده‌كرده‌ سووریا. له‌ راستیدا، نازانم تا چ راده‌یه‌ك توركیا توانیوویه‌تی سنووره‌كانی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو تۆكمه‌ بكات و رێگری له‌ دزه‌كردنی ئه‌مانه‌ بكات، یان ده‌كرێ گرووپێك هه‌بووبن به‌بێ ئاگاداریی حكوومه‌ت ئاسانكاریی په‌ڕینه‌وه‌یان كردبێت، به‌ڵام ئه‌وان له‌ڕێگه‌ی توركیاوه‌ ده‌هاتن".
بارزانی له‌ درێژه‌ی وه‌ڵامه‌كه‌یدا گوتی: "ئه‌مڕۆ له‌ باكووری سووریا چه‌كداری حیسابكراو له‌سه‌ر توركیا هه‌ن. سوێند ده‌خۆم زۆربه‌یان سوورین، ئه‌وان به ‌پشتیوانیی سوپای توركیا کورد کۆمەڵ کوژ دەکەن، ئه‌مه‌ش روونه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ عه‌فرین".
پرسیارم كرد، له‌مباره‌یه‌وه‌ چیتان كردووه‌؟ ئه‌ویش گوتی: "ره‌خنه‌مان گرت و به‌هۆی مامه‌ڵه‌ی ئه‌م گرووپه‌ چه‌كدارانه‌وە هه‌ڵوێستمان به‌ توركیا گه‌یاند".

بارزانی و سه‌ددام حوسێن
مه‌سعوود بارزانی، زیاتر له‌ جارێك چاوی به‌ سه‌دام حسێن سه‌رۆكی كۆچكردووی عێراقی كه‌وتووه‌، ئه‌م سه‌ركرده‌ كوردە باسی له‌ گۆڕانكاریی ته‌واوی كه‌سایه‌تیی سه‌دام ده‌كات و، ده‌شڵێت: "جیاوازیی 180 پله‌ بوو، یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵی، رۆژی 12ی كانوونی دووه‌می ساڵی 1970 بوو كاتێك سه‌رۆكایه‌تیی شاندی فه‌رمیی حكوومه‌تی ده‌كرد و بۆ بینینی باوكم سه‌ردانی باره‌گای شۆڕشی كوردیی كرد. ئه‌وكات كه‌سێكی ئاسایی و هه‌ڵچوو و به‌خرۆش بوو، به‌ڵام كاتێك له‌ ساڵی 1991 بینیم، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر به‌ته‌واوه‌تی گۆڕابوو، ئه‌و كات پێیگوتم پێزانینم هه‌یه‌ به‌ هاتنت بۆ به‌غدا له‌م دۆخه‌دا و له‌یادی ناكه‌م و پێویسته‌ رێكبكه‌وین. منیش گوتم رۆڵی تۆم له‌بیره‌ له‌ رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئادار، تۆش ده‌زانی دواتر چی روویدا و چی به‌سه‌ر كه‌سوكار و هۆز و نه‌ته‌وه‌كه‌م هات، به‌هه‌زارانیان كوژران، هاتمه‌ به‌غدا له‌ رێگه‌ی ده‌ریاییه‌ك خوێنەوە. له‌ چاوپێكه‌وتنی دووه‌مدا كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی خۆبه‌زلزان و لووتبه‌رز بوو پێچه‌وانه‌ی دیداری یه‌كه‌م له‌ ساڵی 1970".
پرسیارم لێكرد: "له‌باره‌ی له‌سێداره‌دانی سه‌دامەوە راوێژی پێكرا؟" گوتی: "له‌ دژی له‌سێداره‌دانی نه‌بووین، به‌ڵام دیاریكردنی كاته‌كه‌ له‌ یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قورباندا بۆ له‌سێداره‌دانی راوێژمان پێنه‌كرا، تا جێبه‌جێكردنیش و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ له‌ راگه‌یاندنه‌كان، ئێمه‌ زانیماریمان نه‌بوو".

ئیسرائیل و كوردستان
دوایین پرسیارم له‌باره‌ی ئیسرائیل و پلانی تره‌مپ بۆ ئاشتیی بوو كه‌ له‌ میدیاكاندا به‌ "دەستەوارەی سه‌ده‌" ناوی دەبات، "بارزانی چۆن خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كات و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ته‌لئه‌بیب دروستده‌كات؟" گوتی: "مادام ئێمه‌ به‌ به‌شێك ماوینه‌ته‌وه‌ له‌ عێراق، ئه‌گه‌ر ئیسرائیل باڵیۆزخانه‌ی له‌ به‌غدا بكاته‌وه‌، کونسوڵگه‌ریش له‌ هه‌ولێر ده‌كاته‌وه‌، ئێمه‌ش پێشوازیی لێده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌ نه‌بوونی باڵیۆزخانه‌ له‌ به‌غدا، ناكرێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل دروستبكه‌ین. پێمانوایه‌ بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیان كارێكی ئاساییه‌، چونكه‌ بووه‌ته‌ واقیعێك و كه‌س ناتوانێت هه‌ڵیبداته‌ نێو ده‌ریا، پێموایه‌ ئێستا زۆربه‌ی وڵاته‌ عه‌ره‌بییەکان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵی هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش كارێكی ئاساییه‌ و باشتره‌، له‌باره‌ی رێككه‌وتنی سه‌ده‌وە، به‌تێڕوانینی من هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی ئاشتی له‌ پرۆژه‌ی جه‌نگ باشتره‌، به‌ڵام شێوازی هه‌ڵسه‌نگاندن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا ئه‌مه‌ كاروباری خاوه‌ن ماڵه‌كانه‌، خاوه‌ن ماڵ ده‌زانێت چی له‌ هه‌گبه‌یدا هه‌یه‌. جه‌نگ هیچ كاتێك چاره‌سه‌ر نییه‌، سێ جار جه‌نگ تاقیكرایه‌وه‌، له‌ ساڵه‌كانی 1956 و 1967 و 1973 ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ده‌یان جه‌نگی دیكه‌ روویاندا و هیچ كامیان سوودی نه‌بوو.

© 2017 Hawler