نیسان 05, 2020

نێچیرڤان حوسێن کەلاری: داراییمان بۆ دروستبووە

پاڤین ڕەمەزان - هەولێر

 

یەکێتی قوتابیانی کوردستان، ڕێکخراوێکی تایبەتە بە توێژی بە قوتابیان، ڕێکخراوەکە، لەساڵی ١٩٥٣ لەسەر دەستی بارزانی نەمر دامەزراوە. ڕێکخراوەکە تا ئێستا ١٤ کۆنگرەی بەستووە، کۆتا کۆنگرەی ڕێکخراوەکەش ساڵی ٢٠١٢ بوو. ئێستا ڕێکخراوەکە پێشوازی لە ٦٧ ەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆی دەکات، نێچیرڤان حوسێن کەلاری، سەبارەت بە کاری ڕێکخراوەیی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، بۆ "هەولێر" دەدوێت:

* یەکێتی قوتابیان، بووە بە سەکۆی کۆکردنەوەی قوتابیان و داخوازییەکانیان، بێ جیاوازی رای سیاسی و ئایدۆلۆژی؟
- نێچیرڤان حوسێن: یەكێتی قوتابیانی كوردستان نوێنەرایەتی قوتابیان دەكات بە بێ رەچاوكردنی جیاوازی رای سیاسی و ئایدۆلۆژی و بە بێ جیاوازی داكۆكی لە ویست و خواستی رەوای سەرجەم قوتابیانی كوردستان دەكات، وەكو كاركردنی رێكخراوەییش ھەر قوتابییەك بڕوای بەو چوارچێوە نەتەوەیی و نیشتمانییە ھەبێت كە (ی.ق.ك) خەباتی تێدا دەكات، و پابەندی پەیڕەو و پرۆگرامی كاركردنی (ی.ق.ك) بێت، دەتوانێت ئەندام بێت لە یەكێتییەكەمان.

* رۆل و کاریگەریتان، بۆ باشترکردنی رەوشی پەروەردە و کوالێتی خوێندن چی بووە؟
- نێچیرڤان حوسێن: بە بەردەوامی لە رێی ئەنجامدانی سیمینار و پرۆگرامی پەروەردەیی لە ناوەندەكانی خوێندن، پێشكەشكردنی پرۆژە لەسەر كێماسییەكانی بواری پەروەردە و خوێندن و ھەوڵدان بۆ دەستنیشانكردنی پێشنیاری گونجاو لەسەر بنەمای زانستی و ئەكادیمی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، گەیاندن و روونكردنەوەی پەیام و بەرنامەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە قوتابیان لەسەر پرسەكانی پەیوەست بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، و كارئاسانی بۆ جێبەجێكردنی ئەو سیستەمە پێشكەوتووانەی لە زانكۆ جیھانییەكان پیادە دەكرێن لە زانكۆ و پەیمانگاكانی ھەرێمی كوردستان، ھەوڵی داوە رۆڵی كاریگەر بگێڕێت بۆ باشتركردنی رەوشی پەروەردە و كوالیتی خوێندن.

ژمارەی ئەندامانی رێکخراوەکەتان چەندە؟ لە ھەلکشاندایە، یا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت؟
- نێچیرڤان حوسێن: بە پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی دروست لە كاری رێكخراوەیی و نوێبوونەوەی بەردەوام، وای كردووە كە ژمارەی ئەندامانی یەكێتییەكەمان بەردەوام لە ھەڵكشان بێت، ھەروەھا بە گرتنەبەری میكانیزمی تایبەت جگە لە چەندێتی، بەردەوام چۆنیەتی ئەندامانی (ی.ق.ك) لە فرەیی و ھەڵكشانە.

* کۆسپەکانی بەردەم کاری رێکخراوەییتان، چییە؟ لەرووی داراییەوە لە چ دۆخێکدان؟
- نێچیرڤان حوسێن: لە رووی داراییەوە گرفت و ئاستەنگ درووستبوون لە ئەنجامدانی چەندین پرۆژەی گەورە و كاریگەر بۆ قوتابیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە ئیدارەدانێكی باشی ئەو سەرچاوانەی لە بەردەستن و بە لەخۆبردوویی كادیر و ئەندامانی (ی.ق.ك)، توانراوە زۆربەی كاتەكان بەسەر ئەو ئاستەنگەدا زاڵ بین و زۆری ژمارەی چالاكییەكان و كوالێتی چالاكییەكان لە دوو ساڵی رابردوو باشترین بەڵگەیە بۆ ئەو بابەتە. گرفتێكی تر لەو پرۆسەیەیە كە قوتابی پێویستە گرنگترین رەگەز بێت تێیدا، ئەویش پرۆسەی پەروەردە و خوێندنە، بەڵام بەداخەوە لەو سیستەمە ھێشتا قوتابی وەكو ناوەندی (سەنتەر) گرنگیپێدان سەیر ناكرێ، كە ئەمەش زۆر جار لێكتێنەگەیشتن لە نێوان نوێنەرانی (ی.ق.ك) و رەگەزە پێكھێنەرەكانی تری ئەم پرۆسەیە كە مامۆستا و كارگێڕیی ناوەندەكانی خوێندنن، درووست دەبێت.

* دەگوترێت؛ یەکێتی قوتابیان، دەستوەردان لە کاروباری ناوەندەکانی خوێندن دەکات؟
- نێچیرڤان حوسێن: ئەگەر بەرگریكردن لە مافی قوتابی و داكۆكیكردن لە بەدیھێنانی خواستەكانیان، پێشنیاركردن بۆ باشتركردنی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، و ھەوڵدان بۆ چاندنی بیر و باوەڕی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییانە، و گۆشكردنی قوتابیان بە بەھا بەرزەكانی مرۆڤایەتی و كۆمەڵگای كوردستان، دەستوەردان بێت. بەڵێ، ئەو جۆرە دەستوەردانە دەكەین.

* گرنگترین ئەو کارانەی لە چەند ساڵی رابردوودا کردووتانە بۆ توێژی قوتابیان، چی بوون؟
- نێچیرڤان حوسێن: لە چەند ساڵی رابردوودا، لە چوارچێوەی كارنامەی پەسەندكراو لە كۆنفرانسی شەشەمی (ی.ق.ك)، كارمان كردووە تاوەكو (ی.ق.ك) وەك ھەمیشە لە پێشەنگی كاری رێكخراوەیی بمێنێتەوە. بە كورتی چەند خاڵێك ئاماژە پێدەدەم:
كاركردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و سەرجەم ئەو پرسانەی كە پەیوەستبوون بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، داكۆكیكردن لە مافەكانی قوتابیان لە رێی پێشكەشكردنی یاداشت و دەركردنی بەیاننامە و ئەنجامدانی توێژینەوە و راپرسی لەسەر كێشەكانی قوتابی، كاركردن بۆ لابردنی كرێی بەشەناوخۆییەكان و گەڕانەوەی دەرماڵەی قوتابیان و كەمكردنەوەی كرێی خوێندن، پڕكردنەوەی فۆرمی زانكۆلاین بەخۆڕایی بۆ ھەزاران قوتابی دەرچووی پۆلی ١٢، وەرگرتنی دەیان كورسی خوێندن كە دەرەوەی وڵات بۆ قوتابیانی كوردستان، ھەوڵدان بۆ دەرخستنی توانا و بەھرەی قوتابیان و پاڵپشتیكردنیان لە رێی ئەنجامدانی كەرنەڤاڵی جۆراوجۆر، كاركردن بۆ فراوانكردنی بەشداری كارای ئافرەت لە كاری رێكخراوەیی و رەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆیان لە ریزەكانی (ی.ق.ك)، ھاندانی قوتابیان بۆ خوێندنەوە، و ھەوڵدان بۆ بەردەوام گۆڕینی شێوازی كاری رێكخراوەیی بە جۆرێك كە ھەمیشە لە ئاست گەورەیی و گرنگی توێژی قوتابیان بین.

* رێکخراوەکەتان بە کۆمەلێک گۆرانکاری ریشەییدا تێپەری لە رابردوودا، ئەو گۆرانکارییانە ئامانج لێی چی بوون؟بچووککردنەوەی رێکخراوەکە بوو یا گونجانی لەگەل گۆرانکارییەکان؟
- نێچیرڤان حوسێن: یەكێتی قوتابیانی كوردستان لە ماوەی ٦٧ ساڵی تەمەنیدا، ١٤ كۆنگرە و ٦ كۆنفرانسی بەستووە كە بە تێكڕا بۆ نزیكەی ھەر ٣ ساڵێك گۆڕانكاری ئەنجامدراوە كە ئەمەش لەسەر بنەمای بڕوابوون بە بنەماكانی دیموكراسیەتەوە سەرچاوەی گرتووە، و ئەم گۆڕانكارییانەی لە رابردوودا ئەنجامدران، بۆ زیاتر خۆگونجاندن بوو لەگەڵ شێوازی نوێی كاری رێكخراوەیی لە پێناو زیاتر سوودگەیاندن بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و خزمەتكردنی زیاتری توێژی قوتابیان.

* لە سالیادی دامەزراندنی رێکخراوەکەتان، پەیامتان بۆ قوتابیانی کورد، چییە؟
- نێچیرڤان حوسێن: پیرۆزبایی ٦٧ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی قوتابیانی كوردستان لەسەرجەم قوتابیانی كوردستان دەكەین، بەڵێنیان پێدەدەین (ی.ق.ك) ھەمیشە داكۆكیكاری راستەقینەی خواست و داخوازییەكانیان دەبێت و كار دەكات بۆ زامنكردنی داھاتوویەكی گەشتر بۆ قوتابیان. سوپاس و پێزانینمان بۆ سەرجەم سەركردە و كادیر و ئەندامانی (ی.ق.ك) ھەیە، كە لە ٦٧ ساڵی رابردوودا ئەم رێكخراوەیان لە لوتكە ھێشتووەتەوە، ھەروەھا سەری رێز لە ئاست شەھیدانی (ی.ق.ك) دادەنوێنین كە سیمبولی خەبات و تێكۆشانمانن. دروود دەنێرین بۆ رۆحی بارزانی نەمر و پەیمان دووپات

دووپات دەكەینەوە كە ھەمیشە سەری رمی خەبات و تێكۆشان بین.

 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر چوار شەممە, 19 شوبات 2020 11:03
© 2017 Hawler