نیسان 05, 2020

به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر: ئێستا وه‌به‌رهێنان له‌ جاران زۆر باشتره‌

له‌ دیمانه‌ی تایبه‌تی "هه‌ولێر"، سامان عاره‌ب، به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر، باس له‌ وه‌گه‌ڕكه‌وتنه‌وه‌ی پڕۆژه ‌وه‌ستاوه‌كانی هه‌ولێر ده‌كات و هاووڵاتییان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی زیان نه‌كه‌ن، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕاسته‌وخۆ پاره‌كانیان به‌ وه‌به‌رهێن نه‌ده‌ن و پێویسته‌ له‌ هه‌ژماری بانكی دابنێنن.

هه‌ولێر: دۆخی وه‌به‌رهێنان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ به‌ر له‌ ساڵانی ته‌نگژه‌ و ئاڵۆزییه‌كان؟
سامان عاره‌ب، به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر:به‌و پێیه‌ی داواكاریی ڕۆنانی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر زۆره‌، پێمانوایه‌ زۆر له‌ جاران باشتره‌، به‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ به‌پێی هه‌ماهه‌نگیی زیاتری وه‌زاره‌ته‌كان و پێویستی و پلانی وه‌به‌رهێنان، پڕۆژه‌كان به‌یان ده‌كه‌ین و به‌پێی داخوازیمان وه‌به‌رهێنه‌ران ڕۆی ده‌نێن، كه‌ جاران به‌ پێچه‌وانه‌بوو.
هه‌ولێر: چه‌ند پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌ولێر ڕۆنراوه‌؟
سامان عاره‌ب:مۆڵه‌تی نزیكه‌ی ٤٠٠ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ سێكته‌ره‌كانی پیشه‌سازی و بازرگانی و بانك و گه‌شتیاری و كشتوكاڵی و نشته‌جێبوون و هتد...، دراوه‌. به‌پێی داتاكانیش، زۆرترین پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی له‌ هه‌ولێری پایته‌خت ڕۆنراوه‌، كه‌ ژماره‌یان ٣٣ پڕۆژه‌یه‌ به‌ سه‌رمایه‌ی چوار ملیار و ٦٢٦ ملیۆن و ٥٧٣ هه‌زار و ١٧٧ دۆلاری ئه‌مریكی.
هه‌ولێر: له‌ ساڵانی ته‌نگژه‌ی دارایی و شه‌ڕی داعش، زۆربه‌ی پڕۆژه‌كان وه‌ستان، ئه‌وانه‌ چه‌ند بوون و چییان به‌سه‌رهات؟
سامان عاره‌ب: له‌ ساڵانی ڕابردوو نزیكه‌ی ٢٥ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌ولێر وه‌ستان، كه‌ ئێستا ٧٠% یان وه‌گه‌ڕكه‌وتوونه‌ته‌وه‌ و، هه‌ندێكیشیان، كه‌ ساڵانێك به‌سه‌ر وه‌ستانیان تێپه‌ڕیوه‌، گۆڕانكاری له‌ پرۆپۆزه‌ڵیاندا كراوه‌ و به‌ دیزاینی نوێوه‌ ڕۆده‌نرێن، كه‌ له‌به‌ر وه‌رزی سه‌رما ده‌ست به‌كار نه‌بوون و ئومێد ده‌كه‌ین له‌ مانگی دادێ ده‌ست به‌كاره‌كانیان بكه‌ن.
هه‌ولێر: له‌ پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون كه‌سانێك هه‌ن ساڵانێكه‌ چاوه‌ڕێی یه‌كه‌كانیانن، كه‌ هیی هه‌ندێكیان هێشتا هه‌ر زه‌ویی ته‌خته‌؟
سامان عاره‌ب: له‌ هه‌ولێر ٨٨ پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون ڕۆنراوه‌،كه‌ ژماره‌ی یه‌كه‌كانیان زیادتر له‌ ١٠٠ هه‌زاره‌ و، زۆربه‌یان ته‌واو بوون و هاووڵاتییان تێیدا نیشته‌جێن، هه‌ندێكیشیان، كه‌ وه‌ستابوون، تازه‌ ده‌ست به‌ كاره‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌وانه‌ وه‌رین ستی، فلۆریا ستی.
هه‌ولێر: پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوونی ده‌شتی به‌هه‌شت چی؟!
سامان عاره‌ب: ئه‌و پڕۆژه‌یه،‌ كه‌ له‌ وه‌به‌رهێن وه‌رگیرایه‌وه‌ و مۆڵه‌ته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه‌، به‌پێی یاساش، ده‌بێت وه‌به‌رهێنێكی دیكه‌ ته‌واوی بكات، كه‌ له‌به‌ر گه‌وره‌یی پڕۆژه‌كه‌ و تێچووی قه‌به‌ی، هه‌موو وه‌به‌رهێنێك ناتوانێت ته‌واوی بكات. به‌ڵام، ئێستا به‌شێك له‌ وه‌به‌رهێن و خاوه‌ن كۆمپانیا له‌ گفتوگۆدان له‌گه‌ڵمان و، دڵخۆشین به‌وه‌ی كه‌ ئاماده‌ییان هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتن و ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه‌.
هه‌ولێر: هۆكاری وه‌ستانی مۆڵه‌تی پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێ له‌ ساڵی ٢٠١٢ ه‌وه‌ چییه‌ و، كه‌ی ده‌كرێته‌وه‌؟
سامان عاره‌ب: له‌ ساڵی ٢٠١٢ ه‌وه،‌ جگه‌ له‌ پێدانی مۆڵه‌تی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك كه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان دراوه‌، مۆڵه‌تی نوێ ڕاگیراوه‌ و هۆكاری یه‌كه‌می له‌ چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌ركردنی گرفتی نیشته‌جێبوونه‌، كه‌ ئه‌وكات نرخ زۆر به‌رز ده‌بوونه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێموایه‌ قازانجی یه‌كه‌م وه‌به‌رهێنه‌ر نه‌یكردووه‌، به‌ڵكو ده‌ستی دووه‌م و سێیه‌م ئه‌و قازانجه‌ی پێ بڕاوه‌، به‌ڵام ناكرێت پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون دروست بكرێت، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری گرفتی نیشته‌جێبوون نه‌كات. بۆیه‌، ئه‌گه‌ر له‌مه‌ودوا مۆڵه‌تی پڕۆژه‌ی نیشته‌جێ بدرێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ته‌ و، حكوومه‌تیش هاوكاره‌ و كارده‌كه‌ین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێنشینان، كه‌ له‌ پلانی حكوومه‌تدا هه‌یه‌، یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت و كرێنشین دروست بكرێت.
هه‌ولێر: له‌ هه‌ندێك پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێ پاره‌ی خه‌ڵك بردرا و تووشی ده‌رده‌ سه‌ری بوون. بۆ ئه‌وه‌ چی ده‌ڵێن ؟
سامان عاره‌ب: كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا به‌ناوی پڕۆژه‌ی وه‌همی، گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵك كرد و مافی خه‌ڵکه‌که‌ خورا، له‌كاتێكدا ئه‌و پڕۆژانه‌ هه‌ر بوونیان نه‌بوو و خه‌ڵكی به‌بێ ئاگاداریی ئێمه‌ گرێبه‌ستیان كردووه‌. بۆیه،‌ داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كه‌ین، هیچ گرێبه‌ستێك نه‌كه‌ن، كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌كرابێت و بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ساره‌تمه‌ند نه‌بن، پێویسته‌ له‌ ئۆفیسی كۆمپانیاكان هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك به‌ وه‌به‌رهێن نه‌درێت، به‌ڵكو پێویسته‌ له‌ ڕێگه‌ی ژماره‌یه‌كی بانكییه‌وه‌ بێت كه‌ وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر به‌ هاماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێن ته‌نیا له‌ بانكی جیهان ده‌یكه‌نه‌وه‌ و، به‌پێی كاری ته‌واو بوو، بۆ وه‌به‌رهێن خه‌رجده‌كرێت.
هه‌ولێر: بۆ ته‌نیا بانكی جیهان؟
سامان عاره‌ب: له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و بانكه‌ لقیان له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستان هه‌یه‌ و،هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كیش له‌ به‌رانبه‌ر كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ژماره‌ وه‌رناگرن.
هه‌ولێر: بۆچی له‌ناو پڕۆژه‌ی گوندی كۆری زه‌وی به‌ به‌شداربووانی پڕۆژه‌كه‌ نه‌درا و، ئه‌و شوێنه‌ ده‌كرێته‌ چی؟
سامان عاره‌ب: ئه‌گه‌ر ته‌نگژه‌ی دارایی نه‌با و، هاووڵاتییان توانای دانی قیسته‌كانیان هه‌با، به‌دڵنیاییه‌وه‌ گوندی كۆری وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌كرا. وه‌به‌رهێنیش، كه‌ نه‌یتوانی له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی ته‌واوی بكات، بۆیه‌ به‌ناچاری له‌ شوێنێكی گونجاو زه‌وی به‌ به‌شداربووان درا و، ئه‌و شوێنه‌ش كه‌ تۆماره‌ به‌ ناوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر، بۆ پڕۆژه‌ی دیكه‌ به‌كار ده‌هێندرێت.
هه‌ولێر: ده‌نگۆی لێسه‌ندنه‌وه‌ی خانووه‌كانی گوندی كۆری ڕاسته‌؟
سامان عاره‌ب: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕاست نییه‌، ئه‌وه‌ پڕوپاگه‌نده‌ی نووسینگه‌كانی خانووبه‌ره‌ و كۆمه‌ڵێك ده‌ڵاڵی ئه‌و بواره‌ن، ئه‌گه‌رنا، له‌گه‌ڵ پارێزگای هه‌ولێر له‌ هه‌وڵداین خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ك بنیاتنانی قوتابخانه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مزگه‌وت و شوێنی بازرگانی و شریتی سه‌وزایی بۆ بگه‌یه‌نین. به‌و نزیكانه‌ش سه‌نه‌ده‌كانیان ده‌رده‌چن و به‌ناوی خاوه‌نه‌كانیان ده‌كرێت.

© 2017 Hawler