نیسان 05, 2020

سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان: ئاسته‌نگی به‌رده‌م پێشكه‌وتنی ئافره‌تان بیری نه‌ریتخوازیی و فكری تووندوتیژییه‌

پاڤین ڕەمەزان - هەولێر

 

 

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ٦٨ ساڵە دامەزراوە. مەبەست لە دامەزراندنی داکۆکیکردن بووە لە پرسی ئافرەتان و هەوڵدان بۆ ئەوەی ئافرەتان هاوبەش بن لە پرسە سیاسی و ئیدارییەکان. ئەم ڕێکخراوە بە چەندین قۆناغ و سەردەمی جیاوازدا گوزەری کردووە و بە پێی خواستی سەردەمەکە کار و چالاکییەکانی داڕشتووە. کوردستان لە قۆناغی ئێستادا، بەدوور نییە لە چەوساندنەوەی ڕەگەزی و ئافرەتانیش قورابانیی سەرەکین و، بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. د.ڤیان سلێمان، سکرتێری ڕێکخراوەکە، بۆ "هەولێر" باس لە ڕۆڵ و کاریگەریی ڕێکخراوەکە دەکات؛

ڕۆڵی یەکێتی ئافرەتان هەمەلایەن و گشتگیرە
د.ڤیان سلێمان، سەبارەت بە هەوڵ و ڕۆڵی ڕێکخراوەکەیان، دەڵێت؛ ڕۆڵ و میتۆدی کاری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە چۆنیەتی لەخۆگرتنی پرسی ئافرەت، دەتوانم بڵێم؛ ڕۆڵێکی هەمەلایەن و گشتگیرە. ئێمە هەوڵدەدەین لە سەرجەم بوارەکان ڕۆڵمان هەبێت، بە مەبەستی باشکردنی بارودۆخی ئافرەت و بەرەوپێشبردنی پرسی ئافرەت بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و ژیانێکی کۆمەڵایەتیی دروست و، تژی بە ڕەهەندە ژیندۆستییەکان سیستەمێکی بنیاتنراو لەسەر بنەمای مافەكانی مرۆڤ و پەیڕەو کردنی پرانسیپەکانی یەکسانی جێندەری و، بوونی نوێنەرایەتیی یەکسان و کارای ئافرەت لە هەموو کایە و پنتەکانی حوکمرانی و، داڕشتنی سیاسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای یەکسانیی ڕەگەزی.

ئاستەنگی بەردەم ئامانجەکانی یەکێتی ئافرەتان
سکرتێری یەکێتی ئافرەتان، سەبارەت بەو کۆسپ و ڕێگرییانەی لەبەردەم ئامانج و هەوڵەکانیان هەیە، بۆ "هەولێر" دەڵێت؛ کارکردن بۆ پرسی ئافرەت و تێکۆشان بۆ بەمەدەنیکردنی کۆمەڵگە، لەم قۆناغەی ئێستای کۆمەڵگەی کوردستانی، کە دەتوانم بڵێم قۆناغێکی ڕاگوزەری کۆمەڵایەتییە، سەختە و، ئاستەنگ و ڕێگری زۆری لە پێشە. لە سەرەکیترین ئەو ئاستەنگانە، بیری نەریتخواز و دۆگمای کۆمەڵایەتی و هزری توندئاژۆیە، کە ڕەگی لە سترەکتۆری کۆمەڵگەدا هەیە و هەر پێشکەوتن و کرانەوەیەکی کۆمەڵایەتی بە هەڕەشە بۆسەر خۆی دەزانێت و بە توندی و، بە ڕێگای جۆراوجۆر بەرەنگاری دەبێتەوە.

حکوومەتی هەرێم دژی جیاکاریی ڕەگەزییە
د.ڤیان سلێمان، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، سەبارەت بە هەولەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ پرسی ئافرەتان، دەڵێت؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵانێکی زۆرە پرسی ئافرەتی وەک پرسێکی گرنگ داناوە و کاری لەسەر کردووە. بە تایبەت، لە ڕووی ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ کاری ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری. لە ڕووی بەدامەزراوەییکردنی پرسی ئافرەت لە چوارچێوەی دامودەزگا حکومییە پەیوەندیدارەکان و بە یاساییکردنی مافەکانی ئافرەت و دانانی میکانیزم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز. ئێستاش، لە پلانی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، ئەوە چەسپێنراوە کە حکوومەت دژی هەر جیاکارییەکی ڕەگەزی و پەراوێزخستنی ئافرەت دەوەستێتەوە. ئەم بنەمایەش خۆی لە خۆیدا چەقی پرسی ئافرەتە، جیاکاری بەرامبەر ئافرەت لەسەر بنەمای ڕەگەز یەکێکە لە باوترین و ترسناکترین فۆرمەکانی چەوسانەوە و، کارکردن بۆ نەهێشتنی ئەم جیاکارییە شاڕێگای کارکردنە بۆ یەکسانی و کۆمەڵگەی شارستانی.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی سکاڵای ئافرەتان هەبوونی هۆشیارییە
پێویستە. لە چەندین ڕووەوە خوێندنەوە بۆ هەڵکشان و داکشانی ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەری ئافرەت بکەین. بەرزبوونەوەی سکاڵاکانی ئافرەتان لە ئاست توندوتیژی، کە لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە هەشت هەزار حاڵەتی تێپەڕاندووە، خۆی لە خۆیدا چەنده‌ ئاماژەیە بۆ زیادبوونی ژمارە، ئەوەندەش ئاماژەیە بۆ هۆشیاربوونەوەی ئافرەت و دەنگ هەڵبڕین لە ئاست توندوتیژییەکان و پەنابردن بۆ دەرەوەی خێزان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی و داواکردنی پشتگیری لە دژی ئەو ستەم و توندوتیژییەی کە دەرهەقی دەکرێت. ئەمەش، خۆی لە خۆیدا گواستنەوەی کێشەکانە لە فەزای تایبەتەوە بۆ فەزای گشتی و، دەرچوونە لەو سنووربەندی و چوارچێوەیه‌ی، کە بۆ ئافرەت کێشراوە. ئێستا، تاوانەکان ئاشکرا دەکرێن و دەخرێنە بەردەم یاسا و ڕای گشتی و بە داتا دەکرێن. ئەمەش، دەتوانم بڵێم هەرەسهێنانی بنەماکان و هەژموونی هزری پیاوسالارییە . ژانی لەدایکبوونی جۆرە ژیانێکیترە، ژانێکی سەخت و پڕ قوربانییە. بەڵام، ئایندە ڕووناک دەبینین و قوربانیدانی ئافرەتانی یەکسانیخواز بەرهەمەکەی لەدایکبوونی کۆمەڵگەیەکی مەدەنییە.

ئاستەنگی دارایی و بڵاوکراوە ڕۆشنبیرییەکان
د.ڤیان سلێمان، سەبارەت بە بڵاوکراوە ڕۆشنبیرییەکانی یەکێتی ئافرەتان، دەڵێت:" بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ئافرەتان، یەکێکە لە بەرنامە هەمیشەییەکانی ڕێکخراوەکەمان و بناغەی هەموو کارەکانمانە، سەرچاوەکانی هۆشیاری فراوانن و ڕێگەکان فرەجۆرن، ئێمە لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنمان، چالاکییە مەیدانی و جەماوەرییەکان هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەدەین. کاردەکەین بۆ زیاتر ناساندنی پرسی ئافرەت و بەرباسخستنی ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی ئافرەت دەبنەوە. ڕێکخراوەکەمان لەڕووی کارکردنەوە میکانیزمێکی جێگر و چەقبەستووی نییە کە نەگۆڕ بێت، دوای ئەزموونێکی دووروودرێژ لە کاری ڕێکخراوەیی و خوێندنەوەمان بۆ کاریگەرترین کەناڵەکانی هۆشیاری بەپێی پێویستی و قۆناغ و زەمینەی ڕەخساو گۆڕانکاری لە ئەولەویەتی کارمان دەکەین. ئێستا، میکانیزمی خولی پێگەیاندن و بلاوکردنەوەی نامیلکەی هۆشیاری ئەولەویەتی کارەکانمانە، "گۆڤاری شیکار" یەکێک لە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوەکەمان بووە، کە سەرەڕای ناهەمواریی باری دارایی، توانیمان بۆ ماوەی هەشت ساڵ درێژە بە دەرکردنی بدەین. پێشتریش گۆڤاری (وێ) مان هەبوو، کە لە قۆناغێکدا زمانحاڵی ڕێکخراوەکەمان بوو. جیا لەمانەش ڕێکخراوەکەمان پشتگیریی نووسەرانی ئافرەتی کردووە و سپۆنسەری چەندین بەرهەمی بیری ئافرەتانی کردووە.

 

© 2017 Hawler