ئەم پەڕەیە چاپ بکە

بەڕێوەبەری پەروەردەی دەشتی هەولێر: نیوەی مامۆستایان ئینتیمایان بۆ پیــــشەکەیان نەماوە

سابیر نانەکەلی بەڕێوەبەری پەروەردەی دەشتی هەولێر کە خۆی ماستەری لە بواری سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی و کارگیڕی قوتابخانەکانا هەیە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ "هەولێر" باس لەوە دەکات گەورەترین کێشەی بەردەم پەروەردە کەمبوونەوەی ئینتیمایە لای بەشێک لە مامۆستایان بۆ پیشەکەیان و پێشی وایە بۆ ئەوەی پەروەردە پێش بکەوێت پێویستە کار بۆ گەڕاندنەوە و بەهیزکردنی ئەو ئینتیمایە بکرێت. ئەو وێڕای ئاماژەکردن بە کۆمەڵیک پرسی پێوەندیدار بە پەروەردە دەڵێت ئەگەر بۆ ساڵی داهاتوو قوتابخانەی نوێ و گەورە دروست نەکرێن لە پڕۆسەی خوێندن تووشی کێشەی دەبن.

هێندەی نەماوە ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ بکات چ ئامادەکارییەکتان کردووە بۆ خوێندنی ئەمساڵ؟
ساڵانە لەم کاتانە خەریکی پڕۆسەی تاقیکردنەوە و ئەزموونە گشتییەکان دەبین، دوو خولی تەواو خەریک دەبین دوای خولی یەکەم و ئەنجام دیسان دەبێت هۆڵەکان رێک دەخەینەوە و بەتایبەتی ئەوانەی بۆ خولی دووەم ماونەتەوە،دەبێت هۆڵەکان ئامادە بکەین و بەڕێوەبەر ویاریدەدەر و چاودێرەکان دیاری بکەین دەبێ بە چڕی ئیش بکەین چونکە ئەمانەتێکی گەورەیە و نابێت هیچ هەڵەیەک و کەم و کورتییەک لە ئەزموون و تاقیکردنەوەکان روو بدات. جگە لەمە لەم کاتەی ساڵدا هەندێک فەرمان دەردەچن لە نیوان پەروەردەکان لەگەڵ یەکتر و پەروەردەکانیش لە ناوخۆیان. ئێستاکاتی گواستنەوەی مامۆستایانە و فۆرم وەردەگرین و گواستنەوەش بە پێی رێنماییەکان دەکرێ کە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروردە بەرز دەکرێنەوە ولەوە دەکۆڵدرێتەوە ئایا مافیان هەیە بگوازرێنەوە یان نا و ئەوەی شایانی بوو، فەرمانی گواستنەوەی بۆ دەردەکەن.
یەکێک لە کێشەکانی بەردەم پەروەردە زۆری قوتابی و کەمی قوتابخانەکانە، ئەمە لە دەشتی هەولێر چۆن چارەسەر کراوە ؟
ئەمساڵیش ئێمە لە پەروەردەی دەشتی هەولێر کێشەیەکی ئەوتۆمان نابێت لە رووی شوێن و باڵەخانەی قوتابخانە. لەوانەیە هەندێک کێشە هەبێت بۆ نموونە ئەو دوو ژوورەی لە قوتابخانەکراوەتە کۆگا دەکرێ بۆ یەک ژوور کەم بکرێتەوە و بکرێت بە پۆل. بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو ئەگەر باڵەخانە دروست نەکرێت ئەوا گوشارێکی زۆریان بۆ دروست دەبێت، چونکە ژمارەی قوتابیان زیاد دەکات و دەبێت بە پلان کێشەکان چارەسەر بکرێن. وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی خەریکی داڕشتنی سێکتەر پلانن سەبارەت بە پەروەردە و فێرکردن و پلان دادەڕێژریت تا چوار ساڵی تر چی بکەن و چۆن پێداویستییەکان دابین بکرێن.
هیچ قوتابخانەیەکی نوێ لە جێبەجێکردن دان تا لە داهاتوودا سوودیان لێ وەربگرن؟
یەک دوو قوتابخانە لە جێبەجێکردن دان بەڵام ئەمانە بەش ناکەن، بۆ نموونە سێبەردان پێویستی بە قوتابخانەیەکی گەورە هەیە هەروەها مەلائۆمەر پێویستی بە قوتابخانەی گەورە هەیە.
بەڵام مامۆستایان بەردەوام گلەیی لە قەرەباڵغیی پۆلەکان دەکەن؟
بەڵێ کاریگەریی لەسەر ئاستی زانستی هەیە لە هەموو روویەک و پۆل تا قەرەباڵغتر بێت زیاتر لە کوالێتی خوێندن دادەبەزێت.
بۆچی مامۆستاکان بە گوێرەی پسپۆڕی وانەکان ناڵێنەوە بۆ نموونە مامۆستای مێژوو، جوگرافیا دەڵێتەوە یان مامۆستای کوردی، ئاین دەڵێتەوە پێتان وانییە ئەمە کاریگەری خراپ بکاتە سەر پڕۆسەی خوێندن، بۆچی چارەسەری ناکەن؟
ئەم کیشەیە یەکێکە لە هەرە کێشە گەورەکانی پەروەردەکان و پێویستە ماموستا بە گوێرەی پسپۆڕیی وانە بڵێتەوە، بە پێی سیستەمی پێشوو یەک تا شەش پسپۆڕی نییە،هۆکار دوو لایەنەیەکەم مامۆستا خۆیەتی و دەڵێ لەم قوتابخانەیەم دابنێن چیتان بوێ بۆتان دەکەم تەنیا چونکە لە بەرژەوەندی ئەو دایە و قوتابخانەکەی لێ نزیکە، دووەم هۆکار ئیشرافەکانن، من بە راشکاوی پێم گوتوون بەس بۆ ئەوەیکێشەی قوتابخانەیەک چارەسەر بکەن سوود لە هەموو مامۆستایەک وەردەگرن.
کەی دامەزراندنی مامۆستا دەست پێ دەکات، ئایا پێویستیتان بە مامۆستای نوێ هەیە؟
بەڵی پێویستمان بە دامەزراندن هەیە بەتایبەت شوێنە دوورەکان، ئێستاش مامۆستا هەیە لە شوینی دوور کار دەکەن ناتوانین داواکاری گواستنەوەیان قەبوڵ بکەین کە مافی خۆیانە بەلام ئەگەر مامۆستا دانەمەزرێت ئێمە چۆن دەتوانین داواکانیان قەبوڵ بکەین و ئەو شوێنانە بێ مامۆستا بمێننەوە، ئەگەر بێت و یەک ساڵ مامۆستایان دابمەزرێن تەنانەت ئەگەر بە گرێبەستیش بن ئەوکات ئەوان لەشوێنی مامۆستاکان دادەنێین و بۆ شوێنە نزیکترەکان دەیانگوازینەوە.
پلان هەیە ئەمە رێک بخرێت؟
نەک ئێستا کە پلانم هەبێت ئەو کات کە موشریفیش بووم ئەمەم زۆر پێ ناخۆش بوو من لەبواری پەروەردەراهێنەر بووم و لە هەموو خولیک پێداگریم لەوە کردووە کە مامۆستایان لە چوارچێوەی پسپۆڕییاندا کار بکەن، کە پەروەردەی بنیات کراوە زۆرم دل پێی خۆش بوو گوتم ئیتر بەرەو پسپۆڕی دەڕۆین کەچی لەوێش ئەمە رووی نەدا بەداخەوە، مامۆستاکان لە قۆناغە بەرزترەکان گلەیی لە مامۆستایانی قۆناغی خوارتر دەکەن و دەڵین قوتابی فێر ناکەن هۆکارەکەش تەنیا بۆ نەبوونی پسپۆڕی دەگەڕێتەوە. مامۆستای کوردی با کوردییەکە بلێتەوە نەک کۆمەڵایەتی. یەکێک لەم خاڵانەی بەراستی گرفتی بەردەم پەرورەدەن نەبوونی ئینتیمایە من زۆر گرنگی بەم خاڵە دەدەم مامۆستا ئینتیمای بۆ پیشەکەی نەماوە، 50%ی مامۆستایان ئەو ئینتیمایەیان نەماوە.
بەلام مامۆستایانیش پێشتر گلەیی خۆیان هەبوو و دەیانگوت لە چوارچێوەی ئەو ئەرکە قورسەی پێیان سپێردراوە حکوومەت ئاوڕی لێ نەداونەتەوە، مووچەیان زۆر کەم کرایەوە؟
نامەوێ بیخەمە قالبی سیاسی بەڵام ئەم قسەیە بە هەند وەردەگرم وڵاتێک بێت لە قەیرانی دارایی توند دابێت و لەشەڕدابێت بەرانبەر بە دڕندەترین دوژمن ، حکوومەت ناچار بێت لە مووچەی مامۆستایان کەم بکاتەوە بیدا بە هێزێک بۆ ئەوەی بەرگرییان لێ بکات و مامۆستایان بپاریزێت، هیچ کاتێک نابێت بەوە لیک بدرێتەوە شکۆی مامۆستا شکێنرابێت بەڵکوو دەبێت دەستی ئەو پیشمەرگەیە ماچ بکەین کە ئەمن وئاسایشی دابین کردووە. کاتی خۆی حکوومەتی عێراق کەشەڕی لەگەڵ ئێران هەبوو پارە و زێڕی لە ماڵان کۆ دەکردەوە. لەبەرچی سەرەتا پارە هەبوو خەرجیدەکرد کە پارەی نەما هانای بۆ ماڵان برد، ئێ باشە حکوومەتی خۆت لە پێناو بەرگریکردن لە خۆت بۆ مافی ئەوەی نەبێت مووچەت کەم بکاتەوە. مامۆستا نابێت واز لە ئینتیمای پیشەکەی بێنێت من لە وتارێکدا نووسیومە چەندی بارودۆخ توندتر بێت مامۆستا دەبێت جیددیتر کار بکات و تەنیا بیر لە پیشەکەی بکاتەوە. بەداخەوە باس و خواستی نەتەوەپەروەری باوی نەماوە کە کارەساتە وبەداخەوە بیستمان مامۆستا گوتی چارەگە مەعاش وەردەگرم کەوایە چارەگە دەوام دەکەم.دەبێ هەموو مامۆستایەک بیر لەوە بکاتەوە ئەگەر ئەو لە قوتابخانەیەکە ئەوا منداڵەکەی لە قوتابخانەیەکی ترە و ئەگەر خۆی ئینتیمای نەبێت بۆ وانەگوتنەوەیەکی باش ئەوا مامۆستایەکەی تریش ئینتیمای نابێت و دواجار هەر منداڵی خۆیەتی زەرەر دەکات.
بەڵام هەست دەکرێ ژێرخانی پەروەردە لە هەرێمی کورستان لاواز بووە و پێویستی بە ئاورلێدانەوەیەکی جیددی هەیە، چ ئومێدێک هەیە ئەم ژێرخانە بەهێز بکرێت بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر سەرجەم کەرتەکان بکات؟
ئەوەی وەزارەتی پەروەردە دەبێت بە جیددی ئیشی لەسەر بکات چەندین خاڵن یەکەم گەڕانەوەی ئەو ئینتیمایە بۆ پیشەکەی، دووەم راهێنانی بەردەوامی مامۆستایانە بە گویرەی پسپۆڕییان، ئەو دووە ژێرخانی پەروەردەن ئەگەر چەندین ئامێری پێیشکەوتوو بێنیتە پەروەردە و دابینی بکەی بەڵام مامۆستا خۆی ویستی نەبوو، کەوایە هیچ سوودێکی نییە، یەکەم جار دەبێ عەقڵیەت بگۆڕین، منداڵەکانی ئێمە لەو تەمەنەی ئیستا بەو جۆرە ئینتیمایەی مامۆستایان هیچیان لێ دروست نابێت، ئێمە دەڕؤین بەڵام خۆ دەبێ دەبێ نەوەی داهاتوو و منداڵەکانمان بحەسێنەوە. من بە ئاشکرایی دەڵێم ئەوەندەی مامۆستا خەریکی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە بەداخەوە ئەوەندە خەریکی خوێندنەوە و خۆئامادەکردن نییە و 24 سەعات خەریکی نووسینی کۆمێنتن لەگەڵ ریزم بۆ هەموو ئەو مامۆستایانەی دلسۆزن و هەوڵی خۆ پێگەیاندن دەدەن.
ئەمساڵ دەوام ئاسایی دەبێت؟
زۆریش ئاسایی دەبێتەوە وجیددیتریش دەبێت چونکە وەزارەت سوورە لەسەر دەوامێکی باش.
چیتان کردووە بۆ ئەوەی قوتابخانەکان لە داهاتوودا کێشەی نەبوونی موبەریدە یان نەوت و پێداویستییە سەرەکییەکانیان نەبێ؟
هەموو قوتابخانەیەک بە تایبەت قەزا و ناحیەکان ئیمکاناتی مادییان هەیە و حانووتیان هەیە و دیسان دەڵیم ئەگەر مودیرەکان ئینتیمایان بۆ ئەو قوتابخانانە هەبێت ساڵانە ئەو پێداویستییانە دابین دەکەن، بەلام ئەگەر تەنیا بە شوێنی کارکردنی دابنێن و رۆژ بەرێ بکەن ئەوا خراپە.
خوێندنی ئینگلیزی لە پەروەردەی دەشتی هەولێر چی بەسەر دێت؟
بەپێی رێنمایی وەزارەت ئەمە هەڵوەشاوەتەوەئەگەرچی هێشتا رێنمایی وردمان بەدەست نەگەیشتووە ، بەڵام کە سیستەمەکەس نەمێنێت گرنگی بە زمانی ئینگلیزی دەدرێ. بەهەر حاڵ پڕۆژەیەک بوو لەگەڵ باشییەکەی کەم و کورتی هەبوو بەڵام وەزارەت بەو قەناعەتە گەیشت هەڵیوەشێنێتەوە وهەر بڕیارێکی تریش لەسەرەوە بێت پابەندی دەبین.
دواین پەیامت چییە؟
پەیامم بۆ دایکان و باوکان و مامۆستایان و کۆمەڵگایە و داوایان لێ دەکەم هەموویان هەوڵ بۆ پەروەردە بدەن، وەزارەتەکانی تر ئیشی خۆیانە پیوەندییان بە دروستکردنی مرۆڤ نییە بەڵام ئێمە مرۆڤ دروست دەکەین و دەبێت پشتگیری یەکتر بکەین بۆ ئەوەی نەوەییەکی جوان دروست بکەین داوا لە مامۆستایان دەکەم ئینتیمایان بەهیز بکەن خۆیان ئەپدێت بکەنەوە و بخوێنەوە وگەشە بە تواناکانیان بدەن و باشترین قوتابی پێ بگەیەنن.