ئەیلول 21, 2019

سه‌فین دزه‌یی: چەکدارانی پەکەکە لە کوردستان بوونەتە هۆکاری دەردەسەری و نەهامەتی خەڵکی کوردستان

سەفین دزەیی، گووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، تیشکی خستە سەر چەند بابەتێکی هەنووکەیی، لەوانەش، کۆبوونەوەی شاندەکانی حکومەتی هەرێم و بەغدا و ئەنجامی گفتوگۆکان و هەروەها دیدار و گفتوگۆیان لەگەڵ شاندی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەو هێزە دروستکراوەی کە بەشێوەی دەم و چاو داپۆشراو خۆیان ڕاگەیاند لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا:

لە سی ساڵی ڕابردوودا ئەنجومەنی ئاسیش سەردانی لەو شێوەیەی نەکردووە بۆ عێراق
سەفین دزەیی، گووتەبێژی حکومەتی هەرێم، سەرنجی خۆی دەربارەی سەردانی شاندی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ عێراق دەخاتە ڕوو، وە باس لە تەوەری گفتۆگاکان دەکات لەگەڵ شاندی ئەنجوومەنی ئاسیش و ڕایدەگەیەنێت، لە ڕابردوودا ئەنجوومەنی ئاسایش سەردانی لەو شێوەیەی نەکردبوو بۆ عێراق و دەڵێت" به‌پێی زانیارییه‌كانی من له‌ماوه‌ی سی ساڵی ڕابردوو سه‌ردانێكی له‌وجۆره‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه‌ بۆ عیراق نه‌كراوه،‌ به‌ڵام له‌به‌ر كه‌می كات نه‌یانتوانی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن بۆیه‌ داوایان كردبوو كه ‌وه‌فدی هه‌رێم له‌ به‌غداد ببینن، سه‌باره‌ت به‌ بۆردومانه‌كان به‌داخه‌وه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ هه‌ر هه‌بووه‌ له‌و ماوه‌یه‌ی دواتردا ڕووی له‌زیادوببون كردووه‌ ئه‌ویش به‌هۆی جموجۆڵی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ناوچه‌ سنورییه‌كان كه‌ هه‌وڵیان داوه‌ زیاتر خۆیان له‌كاروباری هه‌رێم هه‌ڵقورتێنن له‌هه‌ندێك شوێن وه‌ك "به‌دیل" ڕه‌فتار بكه‌ن، بۆ نمونه‌ له‌ شه‌نگال و خانه‌قین و هه‌ندێك ناوچه‌ی گه‌رمیان، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاون گروپێكی چه‌كداری ده‌مامكدارییان دروست كردووه‌، له‌ڕاستیدا هه‌بونی ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌ هه‌شتاكانی ساڵانی ڕابردووه‌وه‌ مایه‌ی ده‌رده‌سه‌ری و نه‌هامه‌تی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌بوون، بونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی سه‌دان گوند ئاوه‌دان نه‌كرێنه‌وه‌ له‌كاتێكدا خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت گونده‌كانیان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌ و خه‌ڵكی تر به‌هۆی ئه‌و چه‌كدارانه‌ بۆردومانیان بكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌و كارانه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌یكات به‌هیچ جۆرێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵی كوردستان نیه‌."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە کێشەی ئاوارەکان و بوونی چەکدارانی پەکەکە کردووە
سەفین دزەیی، باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیان کرد، لەگەڵ شاندەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ڕایدەگەینێت، بە هۆی کەمی کات نەیانتوانی بە جیا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و، باس لە وتارەکەی سەرۆکی هەرێم دەکات کە پێشکەشی شاندی ئەنجوومەنی ئاسایشی کردووە و دەڵێت" له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ شاندی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌هۆی كه‌می كات و زۆری ئاماده‌بووان كه‌هه‌ریه‌كه‌ی پرسیاری خۆی خسته‌ڕوو، به‌ڵام سه‌رۆكی هه‌رێم له‌وتاره‌كه‌یدا له‌ تابلۆ گشتیه‌كه‌ی باس دۆخی هه‌رێمی كوردستان و ئاواره‌كان باسی له‌وه‌كرد كه‌ بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌شه‌نگال یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كان بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ شه‌نگال، ئه‌وانیش نیگه‌رانی ئه‌و دۆخه‌ بوون سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ سوپاسگوزاری هه‌رێمی كوردستان بوون بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره‌یان له‌خۆ گرتووه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئه‌ركه‌ زۆره‌."

کردەوەکانی پەکەکە لۆژیک و ویژدان قبوڵی ناکات و بۆ هەرێم مەوقیفێکی زەحمەتە
سەفین دزەیی زیاتر تیشک دەخاتە، سەر سنوور بەزاندنەکانی پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان و ڕایدەگەیەنێت، نە لۆژیک و نە ویژدان کردەوەکانی پەکەکە قبوڵ ناکات و دەڵێت" هیچ لۆژیك نیه‌ وڵاتێك خاوه‌ن سه‌روه‌ری بێت ڕێگا بدات كه‌ هێزی چه‌كداری وڵاتێكی تر به‌كاربهێنن بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ، دوای ئه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ له‌ڕۆژی دواتر له‌ میدیاكانیانه‌وه‌ بڵاوی بكه‌نه‌وه‌ كه‌ چوون هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر فڵانه‌ شوێن و ئه‌وه‌نده‌ زیانیان له‌و وڵاته‌ی تر داوه‌ به‌ڕاستی ئه‌وه‌ لۆژیك نیه‌، هیچ وڵاتێك ئه‌وه‌ قبوڵ ناكات بۆ هه‌رێمی كوردستان "مه‌وقیفێكی" زۆر زه‌حمه‌ته‌، هه‌رچه‌نده‌ هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران تا ڕاده‌یه‌ك له‌ ڕابردوو گوێرایه‌ڵ بوون وه‌ موڕاعاتی دۆخی هه‌رێمی كوردستانیان كرد به‌ڵام ئه‌وانیش له‌م دواییه‌ به‌هه‌ندێك كاری ناڕه‌وا هه‌ڵسان و هێرشیان كرده‌ سه‌ر خاكی ئێران ئه‌وه‌ش قابیلی قبوڵ نیه‌، جا په‌كه‌كه‌ش ئه‌گه‌ر پێی وابێت ئه‌و كرده‌وانه‌یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی دۆزی كورده‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زیان ده‌گه‌یه‌نێت چونكه‌ زیانی به‌خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ گه‌یاندووه‌، حكومه‌تی عیراقی هه‌ڵوێستی هه‌بووه‌ به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌ڕووی كردارییه‌وه‌ ئه‌و توانایه‌ی نه‌بێت كه‌ هیچ هه‌نگاوێك بنێت، ئه‌و كرده‌وانه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌یكه‌ن قابیلی قبوڵ نیه‌ وه‌ نه‌ لۆژیك، نه‌ ویژدان قبوڵی ناكات."

پێویستە لە ناوخۆ و لە دەرەوە ڕای گشتی هەڵوێست وەربگرن
دزەیی، سەبارەت بە مامەڵە کردن لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە، باسی لە ڕووبەڕوو بوونەوەکانی پێشتری لەگەڵ ئەو هێزە کرد و ڕایگەیاند لە ڕابردوودا هێزەکانی پێشمەرگە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، بەڵام نەبۆتە چارەسەر بۆیە پێویستە ڕای گشتی هەڵوێست وەربگرێت و دەڵێت:"پێویسته‌ ڕای گشتی چ له‌ناوخۆ چ له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان هه‌ڵوێست وه‌ربگرن، كرده‌وه‌كانی په‌كه‌كه‌ له‌ ڕێگری كردن له‌خه‌ڵك هیچ جیاوازییه‌كی نیه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی ڕابردووی عیراق".
دزەیی زیاتر دەڵێت" خۆی له‌ نه‌وه‌ده‌كان ڕوبه‌ڕوو بونه‌وه‌ی توند له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و په‌كه‌كه‌ ڕویدا به‌ڵام ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ی نه‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ڕای گشتی چ له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان چ له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان هه‌ڵوێست وه‌ربگرن، لێره‌ باسی به‌رژه‌وه‌ندی هێزه‌ سیاسیه‌كان نیه‌، به‌ڵكو باسی به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ر و ماڵ و ئارامی خه‌ڵكه‌ هیچ كه‌س بۆی نیه‌ ڕێگری له‌خه‌ڵك بكات بچێته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی و زار و ماڵی خۆی جا ئه‌گه‌ر ڕێگر بن ئه‌وكاته‌ هیچ جیاوازییه‌كی نیه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی ڕابردووی عیراق( به‌عس) كه‌ ڕێگه‌یان به‌خه‌ڵك نه‌ده‌دا بچنه‌وه‌ شوێنی خۆیان و كوردستانیان ته‌عریب ده‌كرد، واته‌ هه‌مان سیاسه‌تیان په‌یڕه‌و ده‌كرد، دوای ئه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان په‌رله‌مانی هه‌ڵبژێردراوی خۆی و حكومه‌تی خۆی هه‌یه‌ ناكرێت وه‌ مه‌یدانی خه‌باتی په‌كه‌كه‌ یا هه‌ر هێزێكی تر هه‌رێمی كوردستان نیه‌ به‌ڵكو شوێنی تره‌ ناكرێت هێزێك له‌ده‌ره‌وه‌ بێت كه‌ بۆ ئامڕازێك دروستكرابێت بێته‌ هه‌رێمی كوردستان موزایه‌ده‌ی سیاسی به‌سه‌ر ئه‌و هێزه‌ سیاسیه‌ ڕه‌سه‌نانه‌ی هه‌رێمدا بكات كه‌، حه‌فتا ساڵ، په‌نجا-چل، سی، ساڵ خه‌باتیان هه‌یه‌، مه‌یدانی خه‌باتی په‌كه‌كه‌ هه‌رێمی كوردستان نیه‌ شوێنی تره‌."

پێویستە پەکەکە ڕێگای گفتوگۆ و ئاشتیانە هەڵبژێرێت
سه‌فین دزه‌یی سەبارەت بە ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێم و ئەو ڕەخنانەی لێی گیرا دەڵێت" ئه‌وه‌ واقیعێكه‌، ئه‌وكاته‌ی شه‌ڕی ئێران- عیراق هه‌بوو له‌هه‌شتاكاندا، حكومه‌تی عیراقی ڕێگه‌ی دا به‌توركیا كه‌ به‌ قوڵایی بیست كیلۆمه‌تر بێته‌ خاكی عیراقه‌وه‌ بۆ لێدان له‌ په‌كه‌كه‌، بۆیه‌ په‌كه‌كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی و ڕێگا خۆشكه‌رن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ده‌ستوه‌ردان له‌ناو هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ ڕێگای گفتوگۆ و ئاشتیانه‌ بگرێته‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان."

هێزە دەمامکدارەکە پەکەکەیان لە پشتە
گووتەبێژی حکومەتی هەرێم، باس لەو هێزە دەکات لە چەند ڕۆژی رابردوودا، بەناوی پاراستنی جەوهەری خۆیان ڕاگەیاند، کە ڕوخساریان داپۆشرابوو، سه‌فین دزه‌یی ده‌ڵێت" پێویست ناكات ده‌مامك بكه‌ن زۆر به‌ ڕوون و ئاشكرایی دیاره‌ ئه‌و گروپه‌ كه‌ كێییان له‌ پشته‌، دیاره‌ كه‌ په‌كه‌كه‌یان له‌پشته‌، دوای ئه‌وه‌ به‌ناوی هێزی پاراستنی باشور، نازانم باشور له‌كێ ده‌پارێزن؟ كه‌هه‌رێمی كوردستان حكومه‌تێك و په‌رله‌مانێكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌یه‌ به‌سه‌دان قات دیموكراتی تر له‌ په‌كه‌كه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ی دیموكراسیه‌ت ده‌كات، ئه‌سڵه‌ن ئه‌وانه‌ی واز له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌هێنن سه‌رییان ده‌بڕن، جا باسی دیموكراسیه‌ت بۆ كێ ده‌كه‌ن؟ خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌رده‌می شێخ مه‌حموده‌وه‌ خه‌بات و شۆڕش ده‌كه‌ن مافی په‌كه‌كه‌ نیه‌ بێن هه‌رێمی كوردستان فێری دیموكراسی و شۆڕش بكه‌ن،ئیتر ئه‌و ده‌مامكدارانه‌ دیاره‌ كێ دروستی كردوون هه‌ركرده‌وه‌یه‌ك بكه‌ن په‌كه‌كه‌ لێی به‌رپرسه‌."
وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌" هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی خۆماڵی، یا بیانی، دیبلۆماسی، نه‌ك ته‌نها هی توركیا هی هه‌ر وڵاتێكی تر له‌هه‌رێمی كوردستان بن حكومه‌تی هه‌رێم به‌رپرسه‌ له‌ پاراستنیان و وه‌ نه‌ك ئێستا هه‌موو كات پارێزگاری ئاسایشیان ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌ركی داموده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌."

 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 04 تەمموز 2019 06:29
© 2017 Hawler