تەمموز 18, 2019

محه‌مەد حاجی مەحموود: تا مەلەفی ئەمنی لە کەرکووک بە دەست کورد نەبێت دوو پارێزگاری کوردیش دابنرێت هیچمان پێ ناکرێت

لە ئێستادا گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر دوو تەوەری سەرەکییە، یەکەمیان مەسەلەی پێکهێنانای کابینەی نوێی هەرێم و دووەمیان، مەسەلەی دانانی پاریزگاری کەرکووکە، یەکێتی باس لەوە دەکات ئەوان دەیانەوێت مەسەلەی پارێزگاری کەرکووک یەکلایی بکەنەوە دواتر ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتی لەسەر پێکهاتنی کابینەی نوێ جێبەجێ بکەن، هەرچی پارتیشە، پێی وایە کەرکووک لە ئیستادا پێویستی بەوەیە ڕەوشی ئاسایی بکرێتەوە و هێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە و مەلەفی ئەمنی شارەکە بدرێتەوە دەست کورد، هەرچەندە لە ئیستادا کۆبوونەوەکان بەردەوامن و بڕیارە لەم هەفتەیە پارتی و یەکێتی کۆ ببنەوە، بەڵام پێشتر پارتی ئەوەی راگەیاندووە، مەسەلەی دانانی پارێزگاری کەرکووک لە نێوان سەرۆک بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵە.

محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، باس لە گرنگی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی دەکات و ڕایدەگەینێت، لە کۆتاییدا دەبێت ئەو دوو حیزبە بگەنە ڕێککەوتن، چونکە بەرژەوەندی گشتی لە کوردستان وا دەخوازێت و ئەگەر بگەنە ڕێککەوتن لە سەدا ٧٠ی کێشەکانی هەرێم جارسەر دەبێت و بە پێچەوانەوە کێشەکانی هەرێم زیاد دەبێت.

چاره‌سه‌ر بۆ دۆخی كه‌ركوك ڕێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستور
محەمەد حاجی مەحموود، سەبارەت بە دۆخی کەرکووک، بیر و ڕای خۆی ئاشکرا دەکات و دەڵێت:" ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌ك به‌ خه‌م كه‌ركوكه‌وه‌ بوایه‌ كه‌ركوك به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستای به‌سه‌ر نه‌ده‌هات، بۆیه‌ من پێم وایه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك و ئه‌و شتانه‌ ڕه‌نگه‌ شته‌كان تێكه‌ڵ بكرێت، ئه‌گه‌رنا من پێم وانیه‌ پارێزگارێك ئه‌وه‌نده‌ گرنگ بێت كه‌ وه‌زعی وڵاتێك یا هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ر بوه‌ستێت جا له‌هه‌ر لایه‌كیان بێت."
ئێمه‌ نازانین ئه‌و دوو حیزبه‌(پارتی و یه‌كێتی) له‌سه‌ر كێشه‌ جۆراو جۆره‌كان كه‌ بریتیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان چۆن ڕێككه‌وتوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ركوك ئێستا له‌ده‌ستی كورد نیه‌ به‌ڵكو له‌ده‌ستی عیراقه‌، هه‌تا ئه‌گه‌ر سبه‌ی پارێزگارێك یا دوو پارێزگاری كورد-یشی بۆ دابنێن كه‌ مه‌له‌فی ئه‌منی له‌ده‌ستی كورد نه‌بێت چیمان پێده‌كرێت بۆیه‌ ئێمه‌ پێویسته‌ مه‌له‌فی ئه‌منی وه‌ربگرینه‌وه‌، چونكه‌ دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك له‌م كاته‌دا هیچ له‌دۆخه‌كه‌ ناگۆڕێت سبه‌ی هه‌ر جێگره‌كه‌ی كه‌ عه‌ره‌ب یا توركمان ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی ده‌بێت ده‌بێت داوا له‌و بكرێت كارێك بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێم وانیه‌ هێزێكی سه‌ربازی عیراقی بێت گوێرایه‌ڵی پارێزگارێكی كورد بێت له‌كه‌ركوك."
ڕاشیگه‌یاند" ته‌نها چاره‌سه‌ر بۆ دۆخی كه‌ركوك ڕێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراقی به‌كه‌ركوك و خانه‌قین وشه‌نگال و هه‌موو ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان."

کەرکووک بۆ کورد کۆتایی هاتووە
محەمەدی حاجی مەحموود نائومێدانە باس لە ئایندەی کەرکووک دەکات و پێی وایە هەرگیز کەرکووک ناگەڕیتەوە پێش بارودۆخی ١٦ی ئۆکتۆبەر و دەڵێت:" من پێم وایه‌ جارێكی تر كه‌ركوك ناگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ژێر ده‌ستی كورد-یش، كه‌ركوك كۆتایی هاتووه‌، ده‌بێت ڕوداوێكی گه‌وره‌ ڕوبدات هه‌روه‌ك چۆن له‌ 2003 ڕژێمی به‌عس ڕووخا یا شه‌ڕی داعش ڕوویدا، ده‌بێت كورد چاوه‌ڕێی ڕووداوی گه‌وره‌تر بكات له‌ عیراق جا ڕه‌نگه‌ سه‌د ساڵی تر یا په‌نجا یا بیستی تر بێت نازانرێت چۆن دێت ئه‌گه‌ر ڕوداوی گه‌وره‌تر ڕونه‌دات ئه‌وا كورد له‌كه‌ركوك كۆتایی هاتووه‌، چونكه‌ كورد به‌شه‌ڕ چۆڵی كردووه‌ به‌ شه‌ڕ نه‌بێت قه‌ت ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ له‌5% ی پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر."

دەنگۆی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک موجامەلەیە و ڕاست نیە
سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لە درێژەی گفتوگۆکەی باس لەوە دەکات، کە دەوترێت پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک ڕاست نییە و موجامەلەیە، دەڵێت:" كورد ده‌بێت جارێكی تر به‌ دوربین له‌ قه‌ره‌هه‌نجیر و به‌رزاییه‌كانی پشت دوبزه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و ڕووداوانه‌ بكات، باشه‌ وا فه‌وجێكی پێشمه‌رگه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ركوك به‌ڵام دوانزه‌ هه‌زار سوپای عیراق له‌كه‌ركوكه‌، جا یا ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غداد كێشه‌ی كه‌ركوك چاره‌سه‌ر بكه‌ین یا ده‌بێت ڕوداوێكی گه‌وره‌تر له‌ عیراق ڕوبدات وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێ كرد، ئه‌گه‌رنا من بۆ خۆم هیچ وه‌ریناگرم پێشمه‌رگه‌ و كورد بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك."

بە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی حکومەتی هەرێم بەهێز دەبێت
محمەد حاجی مەحموود، تیشک دەخاتە سەر گرنگی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی و ڕایدەگەیەنێت، بە پێی یاسا و دەستور پارتی دەتوانێت کابینەی تازە بە بێ یەکێتی پێکبهێنێت، بەڵام واقیعی کوردستان ئەمە ناخوازێت، چونکە پارتی و یەکێتی بە بێ یەکتر ناتوانن هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببەن و دەڵێت:" ئێستاش له‌كوردستان هه‌ڕه‌شه‌ی دوو ئیداره‌یی ده‌كرێت، حیزب و شه‌خس هێزییان هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و شتانه‌ له‌كوردستان ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نیه‌ كه‌ ئێستا ده‌نگێكی ناساز هه‌یه‌ له‌كوردستان كه‌ باس له‌ دوو ئیداره‌یی ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕوبدات نه‌ك دوو ئیداره‌یی به‌ڵكو كورد ئه‌وه‌شی هه‌یه‌تی له‌ده‌ستی ده‌دا."

ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی %٧٠ی کێشەکان چارە دەکات
سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، ڕوونیدەکاتەوە، بە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی کێشە کەڵەکەبووەکانی کوردستان چارە دەبێت و دەڵێت:" له‌ڕاستیدا ڕێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌ 70%ی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات به‌ڵام ڕێكنه‌كه‌وتنیان له‌ 70%ی كێشه‌كان زیاد ده‌كات چونكه‌ هه‌ردولایان هێزیان هه‌یه‌."
دەڵێت:" ناكرێت له‌سه‌ر پارێزگارێك كێشه‌ دروست بكه‌ن، به‌بڕوای من گرنگ نیه‌ چونكه‌ پارێزگاریش دابنرێت هه‌ر جێگره‌كه‌ی كه‌ عه‌ره‌ب ده‌بێت یا توركمان ده‌سه‌ڵاتی ده‌بێت ئه‌گه‌رنا پارێزگاره‌كه‌ هیچ ده‌سه‌ڵات نابێت، بۆ من گرنگ نیه‌ پارێزگار دابنرێت یا نا، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و دوو هێزه‌ سیاسیه‌ زۆر واقیعیانه‌ بیر بكه‌نه‌وه‌ حكومه‌تیش پێكبهێنن كورد ئێستا پێویستی به‌ ڕێكخستنی نێو ماڵی خۆیه‌تی خۆی ڕێكباخه‌ته‌وه‌ یه‌ك هه‌ڵوێستی سیاسی له‌نێو ماڵی خۆی من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ گرنگتره‌ وه‌ك له‌وه‌ی ئێمه‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر وه‌زیرێك دابتاشین یا پۆستێكی تر كه‌ كه‌سێكی پێ ڕازی بكه‌ین، پارێزگاری كه‌ركوك به‌شی یه‌كێتیه‌ هه‌ر بۆ ئه‌ویش ده‌بێت"

© 2017 Hawler