ئایار 25, 2019

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

مەحموود محەمەد: لە هەندێك شوێندا زیانمان پێكەوتووە.. پێویسته‌ كابینەی نوێ زوو پێك بهێندرێت

گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ یەكێتی رێككەوتوون كە هەر سێ پرسی بەغدا و كەركووك و هەرێم لێك جیا بكەنەوە. هاوكات ئاماژەی بەوەش دا، كە لە دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، شاندێك رەوانەی بەغدا دەكرێت، تا لەسەر پرسی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك گفتوگۆ بكرێت.

مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی گۆڤاری گوڵاندا، ئاماژەی بەوە كردووە، كە پێویستە لە هەموو قۆناغەكاندا، پێداویستییەكانی كوردستان دەستنیشان بكرێن و هەوڵ بدەن زەمینەی گونجاو بۆ بەدیهێنانی ئەو پێداویستیانە فەراهەم بكەن. هەروەها ئەوەیشی گوتووە، كە لە تێڕوانینی ئەواندا گرینگترین پێداویستیی ئەم قۆناغە، پێویستی بە یەكڕیزی و پێكەوەكاركردن هەیە، لە سەرووی هەمووشیانەوە پێویستی بە پێكەوەكاركردنی پارتی و یەكێتی هەیە، هاوكات بە بەشداریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هێز و پاڵپشتییەكی زیاتر بۆ حكوومەتی داهاتوو دروست دەبێت.

رێككەوتنی پارتی و یەكێتی

سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی، مەحموود محەمەد رایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێكردنی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ برادەرانی یەكێتی، راشكاوانە ئەوەیان خستوەتە ڕوو، كە پێكەوەگرێدانی پرسی بەغدا و كەركووك و حكوومەتی هەرێم، كێشەكان نەك هەر چارە ناكات، بەڵكوو ئاڵۆزیی زیاتر دروست دەكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە چارەسەری هەر یەكێك لەم كێشانە، هەلومەرجی تایبەتی خۆی پێویستە، ناوبراو ئەوەشی ئاماژە پێداوە، كە سەرەتا لەسەر ئەم پرسە نەگەیشتوونەتە ئەو رێككەوتنەی، كە لە یەكتریان جیا بكەنەوە، بەڵام لە ناوەڕاستی كۆبوونەوەكانیان، هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی، كە هەر یەكەیان بە شێوازی جیاواز چارەسەر بكەن و بە كردەییش چارەسەریان بۆ دیاری كراوە.

ناوبراو جەختیشی لەوە كردووەتەوە، كە هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە ئەم رێككەوتنانە ببنە بنەمایەك بۆ جێبەجێكردن و بنەمایەك بۆ پێكهێنانی خێرای كابینەی نوێ، بەو پێیەی هەرێمی كوردستان پێویستی بەوەیە لە ماوەیەكی كورتدا، كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێك بهێندرێت، بۆ ئەوەی جیا لەوەی دەستبەكار بێت بۆ داواكارییەكانی خەڵك لە كوردستان، لە هەمان كاتدا كۆمەڵێك كێشە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەن، پێویستیان بەوە هەیە كە كابینەی نوێ لەگەڵ بەغدا ئەو كێشانە چارە بكات.

مەحموود محەمەد لە میانەی دیمانەكەیدا، ئاماژەی بەوەش داوە، كە ئەو كارانەی پەرلەمانی كوردستان دەستی پێكردووە، ئەو رێكارە یاساییانەی كە پێویستن بگیرێنە بەر، بۆ ئەوەیە بگەنە كۆتایی و كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت. وەك سەرەتاش بەپێی یاسا، دەبێت یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم كارا بكرێتەوە، بۆ ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، دوای ئەوەش پەرلەمان ناوی كاندیدی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دەستنیشان بكات، كە بەڕێز مسروور بارزانی-یە و، بەرزی بكاتەوە بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، بۆ ئەوەی سەرۆكی هەرێم كاندیدی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێكهێنانی كابینەكەی لەو ماوەیەی، كە بەپێی یاسا بۆی دیاری كراوە رابسپێرێت، بەم شێوەیە پرۆسەكە بەردەوام دەبێت.

ناوبراو گومانیشی لەوە نییە، كە لە دوای گەیشتنی پارتی و یەكێتی بە رێككەوتن، پرۆسەكە خێراتر دەبێت و ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكوومەت قورس نابن.

وەك مەحموود محەمەد باسی كردووە، وەكو پارتی هەوڵیان داوە كەشوهەوایەكی ئەوتۆ دروست بێت، كە بتوانن هەموو پێكەوە كار بكەن، تا داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكەن، هەر بۆیەشە لە پێناو دروستكردنی ئەم كەشوهەوا تەندروستەدا، پارتی لە هەندێك شوێندا زیانی پێكەوتووە، بەڵام ئەوان وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوە بە زیان نازانن، بەڵكوو وەك سەركەوتنێك بۆ خەڵكی كوردستان لە قەڵەمی دەدەن، كە تواندراوە هەمووان پێكەوە حكوومەت دروست بكەن.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان

گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش رایگەیاندووە، كە پارتی بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكی نەداوە، هەروەها تا ئێستاش هیچ بڕیارێكیان نەداوە، بەوەی بایكۆتی دەكەن، یان بەشداری دەكەن، بەو پێیەی ئێستا ئەو بابەتە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بەوەی ئایا لە مانگی 11ی 2019 ئەنجام بدرێت، یان لە مانگی 4ی 2020، هەر كاتێك ئەو بڕیارە درا، ئەوكات وەكو پارتی هەڵوێستی خۆیان دەبێت.

جەختیشی لەسەر ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك كردووەتەوە و گوتووشیەتی، دەبێت خەڵكەكەی بگەڕێتەوە شوێنی خۆی و دامودەزگاكانی ئاسایش بدرێتەوە دەست خەڵكەكەی، هەروەها كۆتایی بەو عەسكەرتارییەتەی ئێستا بهێندرێت، ئەوەش لە پێناو ئەوەیە كەركووك وەك شارێك، كە مۆزائیكی نەتەوەیی و ئایینیی تێدایە، پێویستە دانیشتووانی بتوانن بە ئازادی بەشداریی هەڵبژاردن بكەن و دەنگی خۆیان بدەن، بۆیە گرنگە بە هاوكاری لەگەڵ حكوومەتی بەغدا هەوڵ بۆ ئاساییكردنەوەی ئەو شارە بدەن.

مەحموود محەمەد تیشكی خستووەتە سەر ئەو لایەنە كوردستانیانەی لە كەركووك بوونیان هەیە، كە بێ كێشە نین، ئەگەر لە راگەیاندنەكانیش زۆر راشكاوانە باسی كێشەكانی خۆیان لە كەركووك نەكەن، هەر ئەو لایەنانە باش دەزانن، كە ناتوانن سەربەستانە چالاكیی سیاسیی خۆیان ئەنجام بدەن، ئەوەش بە روون و ئاشكرایی بوونی هەیە. ئامادەیی خۆشیانی دەربڕیوە، كە لەگەڵ هەموو لایەنەكان و حكوومەتی عێراقیش هەماهەنگی بكەن، بۆ ئەوەی بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە.

ناوبراو روونی دەكاتەوە، كە مانەوەی بارودۆخی نائاسایی ئێستای كەركووك، لە بەرژەوەندیی هیچ پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و ئایینیی شارەكەدا نییە، هاوكات لە بەرژەوەندیی حكوومەتی عێراقیشدا نییە، مانەوەشی لەو دۆخەدا بە دروستبوونی گرفتی زیاتر و زۆرتر ناو دەبات، هەروەها بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیەش، گفتوگۆ بە پێویست دەزانێت، بۆ ئەوەش بە باشی دەزانێت لیژنەی پەیوەست بە رەهەندەكانی ئەو كێشەیە دروست بكەن و ئەو لیژنانە واقیعەكە لەگەڵ بەغدا تاوتوێ بكەن، بۆ ئەوەی بگەنە قەناعەتێك، كە چۆن بارودۆخی كەركووك چارە دەكرێت.

گوتەبێژی فەرمیی پارتی جەختیشی كردووەتەوە، كە لەسەر ئەو پرسە، هەردوولا (پارتی و یەكێتی) رێككەوتوون دوای پێكهێنانی حكوومەت، شاندێكی حكوومی كە نوێنەری هەردوولای لە خۆ گرتبێت، لەگەڵ حكوومەتی عێراق گوتووێژ دەست پێ بكەن، ئەمەشی بە یەكێك لەو هۆكارانە باس كردووە، كە ویستوویانە پەلە لە پێكهێنانی حكوومەت بكەن، تا ئەو كێشانە چارە بكەن.

مەترسییەكانی داعش

لەسەر مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش، مەحموود محەمەد رایگەیاندووە، كە داعش چەند هەزار چەكدارێك، یان تەنیا گرووپێكی چەكدار نین، بەڵكوو لە بنەڕەتدا داعش فیكرە، راستە لەسەر زەوی چەكدارەكان لێك جیا كراونەتەوە، یان لە شوێنەكانی پێشتریان هەڵكەندراون، ناوبراو پێیوایە كە لە زۆر شوێنی دیكە لەناو سووریا و لە عێراقیشدا وەك چەكدار دەبینرێن و رۆڵیان هەیە، هاوكات چالاكیی تیرۆریستانە ئەنجام دەدەن، بەڵام لەمە مەترسیدارتر، مەسەلەی فیكری داعشە، كە رۆچووەتە ناو بەشێك لە پێكهاتەیەكی ئایینیی عێراق، ئەمەش بەردەوام كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە، بۆیە ئەگەر بارودۆخێكی لەباری هاوشێوەی 2014 دروست بكرێت، ئەوا بە ئاسانی داعش دووبارە سەرهەڵدەداتەوە.

سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەشیان، ناوبراو پێیوایە، كە ئەمجارەیان توندتر و دڕندانەتریش دەبێت، بە ئەسەفیشەوە گوتوویەتی، كە خەریكە جۆرێ لە هاوسۆزی لەگەڵ فیكری داعش دروست دەبێت، ئەو هاوسۆزییەش لەگەڵ فیكرێكی وەك داعش زۆر بە خراپ ناو دەبات، هەروەها بێجگە لە توندڕەویی كوشتن و لێدانی كەرامەتی مرۆڤایەتی، هیچ شتێكی دیكەی پێ نییە، بە باشیشی دەزانێت، كە چۆن لەسەر ئاستی سەربازی دژایەتیی داعش كرا، لەسەر ئاستی فیكریش دژایەتیی ئەو فیكرە توندڕەوەی داعش بكرێت، ئەگەر ئەمە نەكرێت، ئاكامەكەی زۆر خراپ دەبێت.

© 2017 Hawler