ئاب 23, 2019

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ هەولێر : دڵنیایی بە مووچەخۆرانی کوردستان دەدەین کە ناردنی مووچە وەک خۆی بەردەوام دەبێت

لە نوێترین دیمانەی خۆی دا کە تایبەت بوو بە (ھەولێر)، (د.بەشیر حەداد)، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: کە دڵنیاییەکی تەواو دەدەنە مووچەخۆرانی کوردستان، کە پڕۆسەی ناردنی مووچە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بەپێی دەستوور بەردەوام دەبێت و ھەرچی دەگوترێش لە ئاخاوتنی نامەسئولانە بەرامبەر بەو پڕۆسەیە و ھەوڵدان بۆ دروستکردنی دوو دڵی لای خەڵکی کوردستان، تەنیا دروستکردنی ناتەباییە و لایەن و دەنگە خێرخوازەکانی عێراق لە پەرلەمان و حکوومەت ئێستا لە ھەموو کات زیاتر متمانەیان بە سەرۆک بارزانی ھەیە و بە مەرجەعێکی ھەرە بنەڕەتی دەزانن بۆ سەقامگیری عێراق، تەناتەت خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراق داوای جیدی دەکەن کە لە ھەر ئاستەنگێک پەنا ببردرێتە حیکمەت و دانایی سەرۆک بارزانی، ئەمەش لە کاتی ھەموو دیدارەکانمان لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان، کە دووپاتی دەکەنەوە، سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی کورد خەمخۆری ڕاستەقینەی پاراستنی عێراقە و پێشمەرگە ڕەمزی بەرخۆدانە.
ئەمەش دەقی دیمانەکەی (د. بەشیر حەداد)ـە.

* بەشێک لە پەرلەمانتاران و کوتلە عێراقیەکان باس لە بڕینی مووچەی کوردستان دەکەن؟
- ئەو دەنگۆیانەی باس لە بڕینی مووچەی کوردستان دەکەن، شتێکی دروست کراون و بۆ نەزانینی کەسانێک دەگەڕێنمەوە، ھەروەھا وای بۆ دەچم کە مەرامێکی تری لە دواوەیە، چونکە مووچە لە کێشەی سیاسی جیاکراوەتەوە، ھەر ھەوڵێکیش ھەبێت شکست دێنێ، خەڵکیش متمانەی تەواوی بە ئێمەوە ھەیە، بە یاساش ئەو بابەتە جێبەجێ کراوە، ھەر شتێکیش ڕووبدات ئێمە لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای خۆمان دەکەین، ئەمەش بۆ ماوەی یەک ساڵ دەبێ، کە دەکاتە 31/12/2019، بۆ ساڵی ئاییندەش قسەی دیکەمان دەبێت و شەڕ بۆ مانەوەی مافەکانی کورد دەکەین لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، حکوومەتیش ناچار دەکەین کە گرفتەکانمان چارەسەر دەکەین.

* ئەگەر کێشەیەک لە ڕێکەوتنی نەوت ڕوویدا؟
ئەگەر ھاتوو ھەرێم نەوتی نەنارد بڕی ئەو پارەیەی کە دەگاتە کوردستان کەم دەکرێتەوە، بە جۆرێک 522 ملیارەکە ئەوکات دەبێتەوە 317 ملیار کە پێشووتر دەھات بۆ کوردستان و مووچەی فەرمانبەران، خەڵکی ئێمەش متمانەی تەواوی بە سەرکردەکانی کوردستان ھەیە.
زیاتر لە جارێکیش لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبوومەتەوە، زەمانەتی ئەوەشمان کردووە، کە ھەر گرفتێک ڕووبدات پێوەندی بە مووچەوە نابێت، چونکە ئەمە قوتی خەڵکە و دەبێ جیابکرێتەوە لە مەسەلە سیاسیەکان.

• تا چەند دڵنیایی دەدەن بە مووچەخۆرانی کوردستان؟
بێگومان کاری ئێمە چاودێری کردنی حکوومەتە، تەنانەت ناتوانن ھیچ تەگەرەیەک بخەنە بەردەم بودجە و مووچەی کوردستان.

• چی کراوە بۆ ھاوتاکردنی مووچەی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەند؟
ئەو مەسەلە بەپێی قەبارەی مووچەخۆرانی کوردستانە، دەبێ حکوومەتی ھەرێم بەو داتایەی لەبەردەستیەتی لیستی مووچەی کوردستان بنێرێت و ھاوتای بکات، خانەنشین و پێشمەرگە و شەھیدان و ئەنفال کراوان و زیندانیان لەگەڵ بەغدا دەکرێت و ھەنگاوێکی باشمان ناوە بۆ ئەو بابەتە، ئومێد دەکەین کە لە ماوەیەکی کورتدا بگەین بە خاڵی لە یەک تێگەیشتن.

• کورد تا چەند یەکڕیزە لە نێو پەرلەمان؟
لێکتێگەیشتنی تەواو ھەیە لە نێوان ھەر ٦ فراکسیۆنە کوردیەکان، تەنیا نەوەی نوێ نەبێ، بەڵام گرژییەکانی کوردستان ڕەنگدانەوەی زۆری ھەیە لەسەر فراکسیۆنە کوردییەکان، ھەمیشە ھەوڵدەدەین کە گرژیەکان بەلاوە بنێن، بۆ ئەوەی پێگەی کورد لەوێ بەھێزبێت و فرسەت بە ناحەزانمان نەدەین.
- ئێمە پێمان خۆشە کە ڕێکەوتنێک لە بارەی نەوتەوە بکرێت و لایەنە عێراقیەکان بە یاسا بەشداربن، نەوەک بابەتی مووچەی پێشمەرگە و زیندانیان سیاسی بکرێتە قوربانی نەوت، لە ھەموو حاڵەتێکدا مووچە ھەر بەردەوام دەبێ.

• بەڵێنەکەت تا کەی بەردەوام بێت کە ھەر وەک مامۆستایەکی ئایینی لە مینبەری مزگەوت دوورنەکەویتەوە؟
ئەرکێکی قورسە، بەڵام بڕیارم داوە کە وتارە ئایینیەکانم بەردەوام بێت، ڕۆژی وا ھەبووە ھەر بەیانی ھەینی گەیشتووم بەڵام ناکرێت ئەو مەسەلەیە بە قوربانی ھیچ شتێک بکەم.
مزگەوت منی گەیاندە پەرلەمان، بێ وەفاییە کە بەجێ بھێڵم، لە بەغدا بە کاری خۆم دەزانم کە پێوەندی نێوان ئێمە و عەرەب تۆکمە بێت، چونکە خراپبوونی نێوانمان خزمەت بە ھیچ لایەک ناکات، بگرە تا ئەمڕۆش ڕێژەیەکی زۆری کورد لە ناوچەکانی بەغدا و موسڵ دەژین، بە خراپبوونی نێوانمان ئەوان ئازاریان پێدەگات.
• ھەمیشە چیت بە چ بەرنامەیەک کاردەکەیت؟
ھەمیشە ئەو متمانەیەی سەرۆک بارزانی لە ویژدانم دایە کە فەرمووی: (دەبێت لە بەغدا بەو ڕۆحە کاربکەی کە خزمەتی خەڵکی کوردستان و داکۆکیی لە مافەکانیان ئەجێندای کارت بێت)، جگە لەوەش کە ھەوڵبدەی ببیت بە کەسێک دۆستی نزیک بۆ کورد و خواستەکانی دابین بکەیت، ئەمەش بەرنامەی کاری منە و بەردەوام دەبم لەسەری بە پشتوانی خودا و ھەموو لایەنەکان دەزانن کە پەرلەمانمان کردووەتە وەرشەیەکی کار بۆ دیداری ھەموو لایەنە خێرخوازییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕای بەجێ و لێکنەترازانی ڕوحی نیشتمانی.

 
© 2017 Hawler