ئازار 22, 2019

عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندیەكانی كوردستان و عێراق بۆ هەولێر : بە بێ بڕیاری سەرۆك بارزانی و ڕاوەرگرتنی، هیچ گۆڕانكارییەك لە عێراق و ناوچەكە سەركەوتوو نابێت

لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارە سیاسیانەی كە لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە هاتۆتە پێشەوە و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئێستادا و مەسەلەی پێكهێنانی كابینەیی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیەكانی كورد لەگەڵ بەغدا و وتووێژەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و گەیشتن بە ڕێككەوتن و كۆمەڵێك بابەتی هەنووكەیی دیكە، ڕۆژنامەی هەولێر لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری هەولێر بووە میوانی (عەلی حوسێن) ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندیەكانی كوردستان و عێراق لە ئەنجامدا ئەو گفتوگۆیەی لێ كەوتەوە.

پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئێستادا
*دوای هەڵبژاردنەكان و دەست بەكاربوونی پەرلەمانی كوردستان پێگەی پارتی لە ئێستادا چۆن دەبینی؟
- هەڵبەتە هەموو لایەكمان دەزانین پارتی دیموكراتی كوردستان پێگەیەكی مێژوویی هەیە، ئەو پێگەیەش بۆ خەباتی پارتی و ڕێبازی بارزانی نەمر دەگەڕێتەوە، ئەو پێگەیەش لە كۆمەڵێك وێستگەدا ڕۆڵی گرنگی هەبوە، چ لە دامەزراندیەوە، چ لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزنەوە، چ لە ڕێككەوتنامەی 11 ی ئازاردا، چ لە دوای 1975 و نسكۆ و هەستانەوە و چ لە شۆڕشی گوڵانەوە، چ لە ڕاپەڕینەوە، لە عێراقی تازەش لە دوای 2003 پارتی و سەرۆك مەسعود بارزانی وەك كەسەیاتیەكی بەهێز ڕۆڵی گەورە و كاریگەری هەبوە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، پارتی بە خۆشی دەزانی پێگەكەی بەهێزە، چونكە لەو ڕووداوانەی كە هاتنە پێش وەك شەڕی داعش و سەرۆكایەتی هەرێم پێگەی سەرۆك مەسعود بارزانی بارز بوو، بەڵام لە دوای ڕیفراندۆم و كاتێك داوای كرد ئەو بۆ خۆی ماوەی سەرۆكایەتی تەواو بوە ناشیەوێ بۆی دووبارە بكرێتەوە ئەو وەك بارزانی دەمێنێتەوە، ئەوەبوو لێكدانەوەی جیا جیا كرا هەم بۆ پێگەی پارتی و هەم بۆ پێگەی سەرۆك بارزانی كە پارتی ئەو حزبە بەهێزە نامێنێ لە نێو كۆمەڵگەی كوردستان و سەرۆك بارزانی ئەو ڕۆڵ و پێگەیەی نابێت، بەڵام هەڵبژاردنی پار ساڵی عێراق و كوردستان و شێوەی مامەڵەی پارتی و سەرۆك بارزانی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و نێو دەوڵەتی سەلماندی كە پارتی وەك حزبێكی سیاسی و سەرۆك بارزانی وەك ڕەمزێكی گەورە لە نێو بزاڤی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستان پێگەیەكی بەهێز و حیساب بۆ كراوە، ئەو پێگەیەش بەشێكە لە هاوكێشەی سیاسی كوردستان و عێراق و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە هەست دەكەین لە ئێستادا سەنگی پارتی و سەرۆك مەسعود بارزانی بەشێكە لە هاوكێشەكانی سیاسی عێراق و ناوچەكە، بۆیە بە بێ بڕیاری سەرۆك بارزانی و ڕاوەرگرتنی هیچ گۆڕانكارییەك عێراق و ناوچەكە سەركەوتوو نابێت.

پەیوەندیەكانمان لەگەڵ بەغدا
• ئێستا پەیوەندیەكانمان لەگەڵ بەغدا لە چ ئاستێكدایە؟
- هەڵبەتە حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی دوای 2003 كە بە هەڵە مامەڵەیان كرد و ڕەچاوی دەستوور و مافەكانی خەڵكی كوردستانیان نەكرد، لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە هەڵەیە بینیمان چۆن قاعیدە و داعش و دووبەرەكی لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق ئەو بۆشاییەی پڕ كردەوە و عێراقیان بەرەو وێرانكردن و تێكدان برد و بەغداش نەیتوانی گرفتەكانی خۆیان لە نێوان خۆیان و هەرێمی كوردستانیش چارەسەر بكەن، هەر بۆ نموونە شاری بەسڕە كە زیاتر لە نیوەی سەروەت و سامانی عێراق لەوێوە دێت كەچی گرفتی ئاو و كارەبا و ڕێگاوبانیان هەیە، بۆیە پێم وایە گۆڕانكاری لە نەخشەی تازە دەبێت، چونكە لەوەوە بڕوایەك بۆ شەقامی عێراقی و كۆمەڵگەش دروست بوە كە خەڵكی كوردستان و پارتی لەسەر هەق بوە لە كاتێكدا ئێمە دەمانەوێ هەموو گرفتەكانمان بە دایەلۆك و لێكگەیشتن و بە دەستوور چارەسەر بكەین، ئەگەرچی لە دوای هەڵبژاردنەكان لەگەڵ بەغدا پێشڤەچوونی باش بووە و پەیوەندییەكی باشمان هەیە، بەو ئومێدەی بەروبوومی باشی لێ بكەوێتەوە تا بتوانین گرفتەكانی دیكەی ساڵانی ڕابردوو چارەسەر بكەین، چونكە ئەوەیان لە بەرژەوەندی هەردوو لاماندایە.

وتووێژەكانی نێوان پارتی و یەكێتی
• دەمانەوێ بزانین وتووێژەكانی نێوان پارتی و یەكێتی مەسەلەكان بە كوێ گەیشت ئایا لەچ خاڵێك نەگەیشتونەتە یەك؟
- ئێمە هەڵبژاردنمان كردوە و خەڵكی كوردستانیش ڕای خۆیداوە و دەبێ ڕێز لە ڕای ئەو خەڵگەش بگیرێ، چونكە ئەوە نەكرێ هیچ مانایەكی دیموكراسی نامێنێتەوە، پارتی جگە لەوەی بەرپرسیاریەتیەكی گەورەی لەسەر شانە، پارتی بەرپرسیاریەتیەكی مێژوویی و نیشتمانیشی لەسەر شانە و سەرۆكەكەشی كە جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی یە بەرپرسانە مامەڵە دەكات و زۆر جاریش لە مافی خۆمان خۆش بووینە بەرامبەر بەو حزبە هاوپەیمانانەی كە لەگەڵماندا كار دەكەن، بەڵام نابێ ئەوەش لەسەر حیسابی خەڵكی كوردستان و پێشڤەچوونەكانی ئایندەی كوردستان و ئێمە و عێراقیش نەبێت، ئێمە بڕوامان وایە دەبێ حكومەتێكی بەهێز دروست بكەین بۆ ئەوەی ببێتە هۆی ئەوەی كە هەموو گرفتەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین، هەڵبەتە بریانی یەكێتی هاوپەیمانی ئێمەن و لەگەڵ ئێمەدا لە حكومەت بوونە، بۆیە ئێمە و یەكێتی و هاووپەیمانانی دیكەی كە باوەڕیان بەو پرۆسە و پێكەوە كاركردن و شەراكەت هەیە و هەموومان بەیەكەوە دەتوانین ئەو دۆخە تێپەڕێینین، مەسەلەی كەركووكیش بەتەنیا بە ئێمە و یەكێتی و حزبە سیاسیەكان چارەسەر نابێ، بەڵكو دەبێ هەموومان ڕێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ بەغدا بكەین و متمانەمان بەیەكتر بێت و پارێزگاری بۆ دابنێین.

دوا پێشهاتەكان
• دوا پێشهاتەكان لەو بارەیەوە چین؟
- دیارە پەرلەمانی كوردستان دەستیان بە هەنگاوەكان كرد، چونكە پێكهێنانی حكومەت لە زۆر وڵات دواكەوتووە، بەڵام نموونەی دواكەوتنی پەرلەمان نیە، بۆیە پارتی ناچار بوو ئەو بڕیارە بدات، بەڵام بە تەئكید ئێمە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ڕەچاوی لایەنەكان دەكەین ئەوانەی دەیانەوێ لەگەڵماندا شەریك بن، بە تایبەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەڕاستی دوای ئەو نامەیەی سەرۆك مەسعود بارزانی هەست دەكەین گۆڕانكارییەكی ئیجابی بۆ لەیەكترگەیشتن هاتۆتە پێشەوە و بڕیار وایە لەو نزیكانە شاندی مەكتەبی سیاسی هەردوو لامان بۆ چارەسەری گرفت و كێشەكان كۆببنەوە.

كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان
• چۆن دەڕوانیە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان؟
- كابینەی نوێ قۆناغێكی تازە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و هەرێمایەتی و نێو دەوڵەتیش، ئێمە بڕوامان وایە ئەو كابینەیە كە كاك مەسروور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات بە پاڵپشتی سەرۆك مەسعود بارزانی و هەماهەنگی لەگەڵ كاك نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكایەتی هەرێم و حزب و لایەنە سیاسیەكانیش ئیعتبارێكی تایبەتی دەكەن بۆ پێگەی ئەو كابینە تازەیە.

ئەركە هەرە قوورسەكانی ئەو كابینە تازەیە
• ئەركە هەرە قوورسەكانی ئەو كابینە تازەیە لە چیدا خۆی دەبینێتەوە؟
- ئەركەكانی دابەش دەكرێ لەوانە دەبێ حزب و لایەنە سیاسیەكانی نێو ئەو كابینەیە بتوانن تەمسیلی ئەو حكومەتە بكەن و ئەوانەی ئۆپۆزوسیۆنن دەبێ ئۆپۆزوسیۆننێكی تەندروست بن و بە گیانی بەرپرسی مامەڵە بكەن، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆ لە كوردستان دەوانن ڕۆڵی گەورە بگێرێ لە بە سستەمكردنی حوكمڕانی لە كوردستان كە ئەو كارەش كرا ئەوا ئەو گیروگرفتانەی كە هەن كەمتر دەبن، هەروەها ئەو كابینە تازەیە دەتوانێ ڕۆتین و گەندەڵی كەم بكاتەوە و كۆمەڵێك زەوابت بۆ ئیدارە دابنێ بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی جوان بەڕێوە بچێت و گرفتەكانی هەرێم و بەغدا بە شێوەیەكی دەستووری چارەسەر بكات و خزمەتی هاووڵاتیان بكات لە هەموو سێكتەرەكانەوە، بە تایبەتیش چارەسەركردنی مووچەی فەرمانبەران و گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان.

© 2017 Hawler