ئاب 22, 2019

وەقفا ڕیا ئازادی و پتر لە مانایەک!

د.سالار عوسمان

لە (دیاربەکر)ەوە

ڕۆژی 9/2 بەشداربووین لە کردنەوەی وەقفا ڕیا ئازادی لە دیاربەکر، کە ناوەندێکی کلتوورییە و پێخەمەت زمان، دیرۆک، پەروەردە و چاندی ھەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ و دەیەوێت کوردانی ئامەد، بە ھەموو جیاوازییەکانییەوە لە دەور کلتووری کوردیدا کۆبکاتەوە.
دیارە کردنەوەی ئەم ناوەندە و ئارمانجەکانی ھەڵگری پتر لە مانایەکن، کە لڤر گرنگترینیان دەخەینە ڕوو:

- کلتوور کۆکەرەوەیە
بۆ ئێمەی کورد، ھەر ناوەندێکی کۆکەرەوە مانادارە، چونکە بەداخەوە، لەوەتەی ھەین پەرت و بڵاو و لێکدوورین و لەوەیش زیاتر جۆرێک لە ناکۆکی، بە درێژایی دیرۆک ڕۆحمان، تواناکانما ن و پتر لەوەیش ھێز و ئارمانجیشمان لاواز دەکات، جا نێوەندێکی لەم چەشنە، نەخاسمە کە کاری کلتوور بێت، دەکرێ ھێزبەخش و کۆکەرەوە بێت!.

- کەمال بورقای، ڕوناکبیرێکی مەزن
بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری ئەم ناوەندە، کەسایەتییەکی سەنگین و ئەزمووندیتە و نووسەر و ھۆزانڤانێکی بەرنیاسی کوردە، کە ئەویش کەمال بورقایە، بۆیە دەکرێ بە ئومێدەوە لێی بڕوانین و ھەموومان چاوەڕێی خێر بین و لەگەڵیشیدا ھاوکار و پشتیوان بین و سوود و مفا لە ئەزموون و جیھانبینییە کلتوورییەکەی وەربگرین، کە تژییە لە ژیاندۆستی و وڵاتپارێزی.

- ئامەد، ڕۆڵ و باندۆر
ئامەد/ دیاربەکر شارێکی مەزنی کوردستانە، کردنەوەی ناوەندێکی وەک : وەقفا ڕیا ئازادی لە ئامەد دەکرێ جۆرێک لە پەیامی ئاشتییانە بێت لە ڕێگەی کلتوورەوە، دەکرێ ببێتە دەلیڤەیەک بۆ دیالۆگ و گەنگەشە و چارەسەر، چارەسەری ھەموو ئەو ئاریشانەی ھەن، چونکە بەندە پێموایە، گرفتەکانی مرۆڤ، بە گرفتە سیاسیی و ئایینییەکانیشەوە، بەشێکی ھەرە زۆریان لە بنەڕەتدا گرفتی کلتووریین و ئەوە کلتوورەکانن پێک ناکۆکن، ئەگینا ئینسانەکان لە ڕێگەی ھاوبەشەییەکانی نێوانیانەوە دشێن پێکڤە بژین و ھەڵبکەن!..

- لەوێ باسی چیمان کرد؟
لەوێ و لێرەیش و بۆ سبەیش بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، کە کورد پێویستی بە ڕۆشنی کلتوورە، پێویستی بە تاکی ھۆشمەندە، پێویستی بە ماڵباتی ڕۆشنبیرە، پێویستی بە پەروەردەی ساغڵەمە، پێویستی بە زمانی دایکە، پێویستی بە ئاشتییە، پێویستی بەوە ھەیە لەو ڕاستییە بڕاوەیە تێبگات، کە جیاوازی نیعمەتە و دەکرێ لە ڕێگەی جیاوازییەوە ژیان و بەھاکانی جوانتر بکەین .

- دوما پەیڤ
کردنەوەی وەقفی ڕێگای ئازادی و دیدگا و ئارمانجەکانی پێمان دەڵێت: مامۆستا کەمال بورقای درووست بیری کردۆتەوە و لەسەر ڕێگەیەکی درووست ھەنگاو دەنێت و بە دڵنیاییەوە ئاییندەیەکی درووستیش چاوەڕێی ئەم قوقف و ئارمانجەکانی دەکات و خوازیاریشین لە زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستان لقی ئەو وەقفە بکرێتەوە، پیرۆزە و خەرمان بەرەکەت .

© 2017 Hawler