نیسان 21, 2019

نەتەوە هەژار و دواكەوتووەكان لە ناو گێژاوی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیدا

فەرهاد محەمەد

 

لەوانەیە یەكێك لە سوودەكانی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی و ناچاربوونی دەوڵەتان بۆ گەڕانەوە بۆ ناشنالیزم ئەوە بێت، كە چیدیكە هیچ دەوڵەتێك ناتوانێت نەتەوە، یان دەوڵەتێكی دیكە داگیربكات، ئەمەش نەك لەبەر ئەوەی توانای داگیركردنی نییە، بەڵكو داگیركاری و داگیركردن، سیستمە سیاسییەكەی خۆی لە ریشەوە هەڵدەكێشێت، باشترین نموونەش كە لە ئێمەوە نزیك بێت، هێرشی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی بوو لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بۆ سەر كوردستان، عەبادی پێیوابوو بە داگیركردنەوەی ئەو بەشەی كوردستان و كۆتاییهاتنی شەڕی داعش وەك پاڵەوانی شەڕ و پاڵەوانی نەتەوە، هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018 دەباتەوە، بەڵام جیا لەوەی هاوپەیمانییەكەی تەنیا 43 كورسی لە كۆی 329 كورسیی پەرلەمانی عێراق لە پلەی سێیەم بەدەستهێنا، لە هەمانكاتدا پێش ئەوەی حكومەت پێكبهێنرێت، هاوپەیمانییەكەی لەبەریەك هەڵوەشایەوەو تەنیا یەك دوو كورسی بۆ مایەوە. ئێستاش ئەگەر هاوپەیمانی (بینا) بە سەرۆكایەتی هادی عامری بیەوێت بە یەكجاری حوكمڕانیی شیعە لە عێراقدا كۆتایی نەیەت، ئەوا دەبێت خۆی دەستپێشخەر بێت بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور و كشانەوەی هێزەكانی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئەگەر ئەمە نەكات، ئەوا ناتوانێت لە عەبادی باشتر حوكمڕانی بكات و سەرەنجامیش هەر ناڕەزایی شارە شیعەنشینەكانی باشوور حكومەتەكەی دەڕووخێنن.
بەڵام لایەنی خراپی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی بۆ نەتەوەی هەژار و دواكەوتوو، ئەوەیە كاتێك كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری دەرهاویشتە خراپەكانی شۆڕشی چوارەم پیشەسازی بەتایبەتی دەرهاویشتە خراپەكانی (گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوی جیهان، بازاڕی جیهانی، پێشكەوتنە زۆر خێراكانی تەكنەلۆژیا) ئەو نەتەوانە لەناو ئەو كۆبووانە بوونیان نابێت و پرسیان پێ ناكرێت، بۆیە ئەوان هەر بریارێك بدەن، دەبێت نەتەوە هەژار و دواكەوتووەكان جێبەجێی بكەن، ئەگەر جێبەجێیشی نەكەن، پەراوێز دەخرێن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مامەڵەیان لەگەڵ ناكرێت.
ئەم ئاراستەیە مانای سیاسەت و حوكمڕانی لە دەوڵەتانی هەژار و دواكەوتووشدا گۆڕیووە، هەر بۆ نموونە ئێمە لە میانەی ئەزموونی حوكمڕانی لە كوردستاندا، چ كاتێك شاندەكانی وڵاتانی رۆژئاوا كە دەهاتن بۆ كوردستان، یان چ كاتێك شاندەكانی ئێمە دەچوونە دەوڵەتانی رۆژئاوا، بەردەوام هەوڵی ئێمە بۆ ئەوە بوو كە قەناعەتیان پێ بكەین، ئێمە ئەزموونێكی دیموكراتیمان دەست پێكردووە و دەمانەوێت كۆپی سیستمی رۆژئاوا بكەین، لەسەر ئەم بنەمایە داوای یارمەتی و پاراستنی هەرێمەكەمان لە جیهان دەكرد، بەڵام لەم دوو ساڵەی دوایی واتە لە 2017 –ەوە تا ئێستا، جیهان و بەتایبەتیش ئەمریكا و رۆژئاوا لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵە لەگەڵ هیچ دەوڵەتێك ناكەن و ئەمەش ناكەنە پێوەر بۆ شێوازی مامەڵەكردنیان بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بەڵكو ئاراستەكە بەوجۆرەیە هەر نەتەوەیەك بگەڕێتەوە بۆ بەهاكانی بیری نەتەوەیی (ناشنالیزم)ی خۆی، دەبێت بەو بەهایانە سیستمێكی حوكمڕانی دروست بكات و پیشانی جیهانی بدات، هەروەها دەبێت شانازی بەوە بكات كە حوكمڕانییەكەی بەرهەمی بەها باڵاكانی بیری نەتەوەیی خۆیەتی، نەك كۆپی نەتەوەیەكی دیكە بێت.
ئەم وانەیە كە ئەندازیارەكانی شۆڕشی چوارمی تەكنەلۆژیای بەسەر سەرجەم دەوڵەت و حوكمڕانییەكاندا دروستی كردووە، ئەوان چاوەڕێی ئەوە ناكەن سیاسییەكان، یان سەرۆك دەوڵەتەكان ئەم بڕیارە پەسەند دەكەن، یان نە، بەڵكو ئەوان بڕیاری خۆیان داوە و رۆژانە دەرهاویشتە خراپەكانی بەسەر هەموو مرۆڤایەتیدا بڵاو دەبێتەوە، بۆیە سەرۆكی خاوەن لۆژیك ئەوەیە زۆر بە خێرایی نەتەوەكەی لە دەرهاویشتە خراپەكانی ئەم پێشكەوتنە زۆر خێرایەی شۆڕشی چوارمی تەكنەلۆژیا بپارێزێت و بگەڕێتەوە بۆ ناو بەها باڵاكانی بیری نەتەوەیی خۆی و، سەرۆك وەزیرانی وڵات كاتێك لە ژوورەكەی خۆی دادەنیشێت و بەرنامە بۆ كاری رۆژانەی ئۆفیسەكەی دادەڕێژێت، دەبێت وابیر بكاتەوە لەم جیهانەدا یەك نەتەوە هەیە، ئەویش نەتەوەكەی خۆیەتی، ئەم هەموو پێشكەوتنەی تەكنەلۆژیاش دەبێت هەمووی بۆ خزمەتی نەتەوەكەی بەكار بێنیت و رێگە نەدات دەرهاویشتە خراپەكانی حكومەت و نەتەوەكەی لەگەڵ خۆی رابماڵێت.

© 2017 Hawler