ئاب 22, 2019

لە (18ی شوبات)ـەوە بۆ (18ی شوبات)

د.ڕێبین سەلام

 

هەروەک دەزانن سیستمی سیاسی هەر وڵاتێک زادەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی وسیاسی وئابوری و کلتوریی قۆناغە مێژوییەکەیەتی و وڵاتی ئازا وئازاد ئەو سیستمە سیاسیە هەڵدەبژێرێت کە گونجاوترینە بۆ بەرژەوەندی گشتی و رەچاوی ئەو قۆناغە دەکرێت کە وڵاتی تێیدایە، سیستمە نوێیەکانی حوکمڕانیشبریتین لە: دیموکراتی راستەوخۆ (یان مەیلەو راستەوخۆ وەک سویسرا) لەگەڵ دیموکراتی ناراستەوخۆ کە گەل لە رێگەی نوێنەرەکانیەوە حوکم دەکات وپێشی دەگوترێت دیموکراتی نوێنەرایەتی
کە هەردوو جۆری (پەرلەمانی) و (نیمچە پەرلەمانی) دەگرێتەوە، هەندێک سیستمی سیاسی هاوچەرخیش هەن پێیان دەگوترێت سەرۆکایەتی؛ کە دیارترینیان وڵاتی ئەمریکایە ولە بەر دەسەڵاتی فرە ورەهای سەرۆک لە لایەک وهاتنە سەرحوکمی بە دەنگی گەل لە لایەکی دیکەوە، بە سەرۆکی ئەمریکا دەگوترێت (الملک المنتخب) واتە بە ئەندازەی پادشایەک دەسەڵاتی هەیە هەرچەندە بە هەڵبژاردن هاتۆتە سەر حوکم و عادەت نیە پادشا بە هەڵبژاردنی گشتی بێتە سەر تەخت وبەختی خۆی، ئەم نێوزەدکردنە وەک توانجێکی گاڵتەئامێز هاتۆتە کایەوە تەنیا مەبەست دەرخستنی دەسەڵاتی رەها وهەڵبژاردنی سەرۆکە کە لەگەڵ پێوەرە نوێیەکانی حوکمڕانیدا کوجا مەرحەبا!!
بە هەرحاڵ دەستوری عێڕاق و مۆدێلی فیدڕاڵی جیهانی بوونی سەرۆکی بۆ هەرێمەکان چەسپاندوە و پێویستە کورد سەرۆکایەتیەکی هەرێمی هەبێت، ئەم بابەتە بڕێنراوەتەوە، بەڵام پرسیارە گەورەکە بریتیە لەوەی ئایا ئەو سەرۆکە لە لایەن خەڵکەوە هەڵببژێردرێت و دەسەڵاتی زۆر بێت؟؟ (کە پێ ی دەگوترێت سیستمی سەرۆکایەتی) یان پەرلەمان هەڵیبژێرێت ودەستکورت ونینۆکبڕاو بێت؟ (سیستمی پەرلەمانی) یاخود هاوسەنگیەک هەبێت لە نێوانیان دەسەڵاتەکانی (پەرلەمان = سەرۆک) ؟؟
بێگومان ئەگەر هەریەک لەم سیستمانە باس بکەین خاڵی بەهێز ولاوازی خۆیان هەیە وهەوێنی چەندتن توێژینەوە وکتێبانن وگەلێک ئاوکێشە، بۆیە خۆ لەقەرەی وردەکاری نادەین وتەنیا بەکورتی ئاماژە بە هەندێک خاڵی بەهێز ولاوازی هەر یەک لەو سیستمانە دەخەینە روو، هەڵسەنگاندن وبەئەندازەگرتنەکەی جێ دەهێڵین بۆ خوێنەری هێژا وزەینی زیت وزیندوی بەرێزت، ئومێدەوارین بێ هیچ دەمارگیری وبڕیارێکی پێش وەختە، کاڵا بە پێ ی باڵای کوردستان وباردۆخە هەنوکەییەکان بەرێزتان بگەیەنێت بە وەڵامێکی راست ودروست.

خاڵە بەهێزەکانی سیستمی پەرلەمانی:
1ـ لە وڵاتێکی قاڵبوو بە دیموکراتی گونجاوترین سیستمی سیاسی بریتیە لە دیموکراتی ناراستەوخۆ یان پەرلەمانی کە گەل لە رێگەی پەرلەمانێکی بەهێزەوە حوکم دەکات وەک سیستمی پەرلەمانی (بەریتانیا).
2ـ رێگەیەکی گونجاوە بۆ دورکەوتنەوە لە تاکڕەوی ولە سایەیدا دێوەزمەی دیکتاتۆر دەڕەوێتەوە.
3ـ لە کۆمەڵگەیەکی فرە پێکهاتەی نەتەوەیی وئاینی ومەزهەبیدا سیستمی پەرلەمانی هەمەچەشنەییەکەی دەپارێزێت.
٤ـبونی پەرلەمانێکی بڕیار بەدەست لە سیستمی نوێنەرایەتی دا زامنی باوەشکردنەوەی زیاتر دەکات بۆ گلەیی وگازندەکانی گەل ونوێنەرەکانیان لە پەرلەماندا کە دەسەڵاتی یەکەمی سیستمی حوکمڕانن.

خاڵە لاوازەکانی سیستمی پەرلەمانی:
1ـ لە وڵاتی تازەپیاکەوتوو بە دیموکراتیدا وقاڵ نەبوو پێ یوەک عێراق کە سیستمەکەی پەرلەمانیە لەبەر نەبونی زەمینەی گونجاوی کۆمەڵایەتی وئابووری سیستمی دیموکراتی ناراستەوخۆ(پەرلەمانی) نیوەناچڵە و زۆر جار پەرلەمان دەستەوەستان دەبێت لە ئاست ئەو کێشانەدا کە رەچەڵەکی ئابوری وکۆمەڵایەتی قوڵیان هەیە.
2ـ راستە سیستمی پەرلەمانی لە وڵات لە دیکتاتۆریەتی تاکڕەوی حوکمڕان دەپارێزێت، بەڵام هەر ئەم سیستمە دەبێتە مایەی تەفروتونابون وپارچە پارچەبونی و فرەکوێخایی کە هیچ وڵاتێک نیە بەر لە گەیشتن بە خودموختاری ودروست کردنی کیانی سەربەخۆ، سیستمی پەرلەمانی پیادەبکات وهەر وشەیەک یان بابەتێک بخرێتە نێو ئەو ئەنجومەنەوە لەت وپەت بێت .
3ـ ئەگەر هەمەچەشنەیی ئاینی ومەزهەبی ونەتەوەیی لە وڵاتێکدا زۆر زەق وبەهێز نەبێت وبە زوڵاڵی بەرچاو نەکەوێت، ئەوا ئەو خاڵە بەهێزەی سیستمی پەرلەمانی کە دەبوە مایەی پاراستنی هەمەچەشنەییە فیعلیەکانی وەک (فرەیی نەتەوە وفرەیی ئایین وفرەیی مەزهەب)ئەم خاڵە بەهێزە دەبێتە خاڵێکی لاواز وجیاوازیەکان تۆخ دەکاتەوە لە نێو رۆڵەکانی هەمان نەتەوە ودین ومەزهەب.
٤ـ لە سیستمی پەرلەمانیدا دەنگدەران چاوی تەمایان لەسەر نوێنەرەکانیانە تاوەکو گفتار بکەنە کردار کە لە قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن دا بە سەخاوەتەوە زۆر جار گفت وپەیمانی خەیاڵی دەبەخشرێتەوە، یاخود واقیعیکی نوێ دێتە پێش وئەستەمە پلانەکانی پەرلەمانتارەکە روناکی ببینێ کە هەزاران خەونوزیندەخەونی دەنگدەرانی لەسەر هەڵچنراوە، لێرەدا هەندێک پارت وبزوتنەوەی نوێ کە زادەی (خەباتی پەرلەمانی) ن هێندەی سەرگەرمی رووی خۆ سپی کردنەوە و تۆمەت بەشینەوە دەبن، نیو هێندە بەدوای چارەسەردا ناگەڕێن وبەمشێوەیە سیستمی پەرلەمانی لە وڵاتی نەدیو بدیودا لە بری ئاو گاز دەکرێت بە ئاگردا.
تێبینی /
1ـ سەبارەت بە (سیستمی سەرۆکایەتی) هەڵدەسەنگێنرێت بە ئاڵ وگۆڕ کردنیخاڵە لاواز وبەهێزەکانی سیستمی پەرلەمانی.
2ـ هەرچی سیستمی (نیمچە سەرۆکایەتی) یە هەوڵدەدرێت خاڵە لاوازەکانی هەردووسیستمی(پەرلەمانی وسەرۆکایەتی) وەلا بنرێت و لەخاڵە بەهێزەکانی هەردوکیان سودمەند بێت.

© 2017 Hawler