ئاب 23, 2019

سەقامگیریی دەروونی بۆ خەڵک و پشتیوانی خەڵک بۆ حکومڕان

سەربەست مەنمی

 

 

لە پێشوازی وەزرزی بەهارو یادەکانی ئادار و ڕاپەڕینداین، تەمەنی حکومڕانی کوردی پێدەنێتە بیست و هەشت بەهار و حکومڕانی و ژیانێکی ئەزموونکراو، ئێستا ئەو دەم و سات و کاتەیە، کە ئێمە لەهەرکاتێکیتر بەرچاو ڕۆشنترین بەرمبەر بە خودی خۆمان و دونیایی ناوەوەی خۆمان و دەورووبەرمان، باشتر خۆمان دەناسین و تێدەگەین لە کامە دۆخی ژیان و گوزەران و کامە ئاستی حکومڕانیداین. هیچ کەس لە خۆمان باشتر برین و کەموکوڕییەکان نابینێت و پەیپێنابات، گومان هەڵنەگرە کە ئەوە هەر خۆمانین وەک کۆمەڵگای کوردستان دەتوانین ڕێڕەووی حکومڕانی کوردستان بەرەو ئاقارێکی باشتر و دروستر ببەین.
لە ماوەی ٢٨ ساڵ حکومڕانی کوردیدا، ئەزموونێکمان پێکەوەنا و بەردەوامین، کە دەتوانین بڵێین زنجیرەیەک وێستگەی حکومڕانیە، لە زۆر ڕوانگە و ڕەهەندەوە خاوەنی دەستکەوتی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوریی و فەرهەنگین، خاوەنی سەلماندنی بوون و وجوودی میللەتێکی نکۆڵی لێکراوین، ئەزموونێکمان پێشکەشکرد و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانمان بە هەرێمی و نێودەوڵەتیکرد.
پەرێشانیمان بۆ پتەوکارییە، زیاتر لە چارەکە سەدەیەک حکومڕانی کوردی و کوردستانی خاڵی نیە لە کەموکوڕی و خەوش و کەلێن، هەربۆیە ڕەوایە لە خۆمان ڕابمێنین و لە کەمو کوڕووی و درز و کەلێنەکان تێبفکرین، باشتر سەرمایەگوزاری بەتوانا مادی و مەعنەوی و مرۆییەکانمانەوە بکەین،بیر لە مۆدێل و میتۆدێکی باشتریی حکومڕانی بکەینەوە، مەگەر ئێمە لە شوێن پێشکەوتن و شارستانیەتی هاوچەرخنین؟!.
سەقامگیریی دەروونی بۆ خەڵک، ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو قۆناغێکی سەختبوو بۆ هاووڵاتیانی کوردستان، بەتایبەت لە پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریی سامناک و پڕمەترسیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"داعش"دا، کەسەرئەنجام بەسەرکەوتنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆتایی هات. هاوکات پرسی ئابوریی و سەختی گوزەرانی خەڵک لە ئەنجامی ئەو پیلانە ژەهراوییەی حکومەتی ناوەند لەبڕینی بەشە بوجەی هەرێم و گەمارۆدانی کوردستان کەوتەوە، ئێستا کە لە کۆتایی تێپەڕاندنی قەیرانەکان و سەرەتای هەڵکشان و بوژانەوەداین، جێگایی خۆیەتی گرنگیەکی زۆر بدرێت بە فەراهەمکردنی دۆخێک هاووڵاتیان و هاونیشتمانیانی کوردستان هەست بە ئەمان و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بکەن، بەمجۆرەش سەقامگیریی دەروونی بۆ خەڵک فەراهەم بکرێت، کە یەکێکە لە پێداویستیە گرنگەکانی قۆناغەکە.
پشتیوانی خەڵک بۆ حکومڕان، کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە کابینەیەکی بنکەفراوان ناسێندرا، لێ بە ئەزموون بۆمان سەلما کە بەشێکی ئەوهێزانەی پشکداری حکومەتبوون و جومگەی گرنگی حکومڕانیان کەوتە دەست، نەک جێبەجێکاری پرۆژە و کارنامەی حکومەت نەبوون، بگرە دژی حکومەت کارییانکرد و لە زۆر ئاستدا گوتار و کرداریی ئەوان کارکردن بوو بۆ لەرزۆککردنی حکومەت، لێ بە هەوڵی تیمی پارتی و بەشێک لە هاوبەشەکانی وە توانا و لێهاتووی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەک کاپتنێکی خاوەن ئەزموون توانرا حکومەت بەردەوامبێت، لە کۆتایی خولی کابینەکەدا بەشێکی گەورەی پرۆژەکان بخرێنەوە سەر ڕێڕەوی خۆیان، لە ئاستی سیاسیی و دیپلۆماسییدا جوڵەکانی سەرەتا ساڵی ٢٠١٩ گەواهیدەری پێشکەوتنی هەرێم و سەرکەوتووی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.ئێمە کە ئێستا لەبەردەم چالاککردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوی حکومەتداین، گرنگە ئەوڕاستیە لەبەرچاو بگرین کە سەرکەوتنی قۆناغی نوێ بەندە بە پشتیوانی بە کۆمەڵی خەڵک بۆ حکومڕان. هەربۆیە ئەرکی دەستەبژێر و رۆشنبیران و کەناڵکانی میدیا و میدیاکارانە ڕووناکی بخەنە سەر چەمکی بەرپرسیارییەتی، بەرپرسیارییەتی لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت بەرامبەر بەخەڵک و بەرپرسیارییەتی و پشتیوانی بە کۆمەڵی خەڵک بۆ حکومڕان، بەر پرسیارییەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە چاودێرییەکی وورد و هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە، کارلێکێکی ڕاستەوانە هەیە لە هاوکێشەی (سەقامگیریی دەروونی بۆ خەڵک وپشتیوانی خەڵک بۆ حکومڕان)، تائەوەی ئاوێتەبوونی خەڵک و حکومەت بەدیهێنەری کوردستانێکی بەهێز و ئاوەدان و ئارامبێت.

© 2017 Hawler