نیسان 21, 2019

مەلا ھەندرێن

 

ھەموومان دەزانین بە شۆڕشگێڕ و چەکدارەکانی pkk دەگووترێت (گەریللا)، بەڵام ڕەنگە کەم کەس ھەبێت بزانێت مانای ئەم وشەیە چییە و چۆن و لەکوێ ھاتووە، ئاشکرایە ناوەکانیش ڕەسەنایەتی و نیشتیمانی خۆییان ھەیە، ئەگەر لەباشووری ئەفەریقا یەکێک گووتی ناوم (ھیوایە)، ئەوەیەکسەر دەزانیت ئەوکەسە کوردە. لەوپەڕی ئەمەریکا و ئەورپا و سین و رووس، کە گوێت لە ناوی( عمار و رعد و اوسامە) بێت، یەکسەر نیشتیمانی عەرەب و ئیسلامت نیشان دەدات، ناوەکانی (مایکل و جورج وفرانک و لیزاش)ئەمەریکا و ئەوروپامان نیشان دەدەن. ناوەکانی (میخائیل و ئۆلیانۆف و مارتۆفیش) دەمان بەن بۆ رووسیا و ناوەکانی (فینگ شەنگ و تسی تۆنگ و بینگ بای و ھۆرجۆن و وای دینگیش) دەمان بەن بۆ یابان و کۆریا و سین، کەوایە ناوەکان خاوەنی نیشتیمانی خۆیانن و شانازی دەکەن بەرەسەنایەتی خۆیان.
‏ Pkk لە ١٩٨٤/٨/١٥ لەگەڵ یەکەم چالاکی سەربازی دژی تورکیا، بەسەرکردایەتی (شەھید عەگید)، بەیاننامەی ھەڵگیرساندنی شۆرشێکی چەکداری ڕاگەیاند، ناوی چەکدارەکانی کرد بە (گەریللا) بەراستی وشەیەکی نامۆیە بەزمانی کوردی، بەڵام دەبێت ھۆکارچی بێت کە pkk پەنای بۆ ئەم وشە بیانییە بردبێت ؟! بەپێی ئەو زانیاریەی من ھەمە، سەد و پەنچا ساڵ پێش ئێستا، بە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی ئیسپانیایان دەگووت( گەریللا)، کەوایە ئەمە وشەیەکی ئیسپانییە و بەمانای (ھێزی گەرۆک) دێت، وەک ئەوەی خۆمان پێی دەڵێین (پارتی زانی)، پرسیار ئەوەیە کەpkk بۆچی ئامادە نەبووە ووشەی پێشمەرگە بۆ چەکدارەکانی بەکار بھێنێت و چووە لە دووری ھەزاران کیلۆ مەتر، وشەیەکی بیانی و نامۆ بەزمانی کوردی ھێناوە و دەیکاتە ناوی چەکدارەکانی خۆی؟!! بەراستی pkk پێکھاتەیەکی زۆر ئالۆز و پڕ نھێنییە و لەتەواوی پرۆسەی دورست بوونەکەی و دورشم و ئاڵا و ئایدۆلۆژییا و زۆرشتی تریش بەسروشتی نایەتە بەرچاوم، لێرەدا رەنگە کەمێک ماندوتان بکەم و پێشم وایە ھاوڕان لەگەڵم کە گەلی کورد چەند شتێکی ھەیە نە داگیرکردن و نە پارچەپارچە کردنی کوردستان نەیتوانیوە پارچەیان بکات و تائێستاش کوردانی ھەرچوار پارچە لەسەری ھاوڕان و یەک دەنگن، ئەوانیش( ئالای کوردستان، ناوی پێشمەرگە، سرودی ئەی رەقیب، سرودی نەورۆز، نەخشەی کوردستانی گەورە یە)، ئەمانە سیمبولی نەتەوەیین و جوانترین ھێمان بۆ کوردستانی گەورە و ھیچ حزیێک نەیتوانیوە مۆرکی خۆی لێیان بدات. لێرەوە پێم باشە بەدرێژتر باسی ئاڵای کوردستان و پێشمەرگە بکەم بەم جۆرەی خوارەوە: -
١-ئاڵای کوردستان/ لەساڵی ١٩٤٦ چۆن لەکۆماری کوردستان لەمەھاباد لەلایەن قازی محمدو ھاوەڵەکانی ھەڵکرا، تائێستاکەش گەلی کورد لەھەموو پارچەکانی کوردستان، بەھەموو حزب و گروپ و دەستە جیاجیاکانەوە، بەھەموو پێکھاتە جیاوازەکانی نەتەوەیی و ئاینیشەوە، گشتیان بەئاڵای کوردستانی دەزانن، حزب و ھێزە سیاسییەکانی ھەموو کوردستان، ھەریەک خاوەنی ئاڵای تایبەت بەخۆیانن و لەتەک ئاڵای خۆیان ئاڵای کوردستانیان ھەڵداوە. بەداخەوە تاکە حزب لە ھەرچوارپارچەی کوردستان (pkk)یە دانی نەناوە بە ئاڵای کوردستان و لە ھەرشوێنێک ئەو حزبە دەسەڵاتی ھەبێت. ئەوە ئاڵای کوردستان دادەگیرێت و ئاڵای خۆی بەئاڵای کوردستان دەزانێت. دەبێت خەڵکی کوردستان ئەو راستییە بزانن کەبۆچی pkk دژی ئالای کوردستانە، لەساڵی ١٩٧٨ کە پەکەکە دامەزرا و لەساڵی ١٩٨٤ کەشۆرشی چەکدارییان ھەڵگیرساند، ئەوکاتە جگە لە پاسۆک ھیچ حزبێکی تر ئالای کوردستانی ھەڵنەدابوو تا pkk لەدژی ئەم حزب و ئەوحزب دان بەئالای کوردستان نەنێ . کەوایە دەتوانین بڵێنpkk نەک ھەر لەدەرەوەی ئەوسیمبولە نەتەوەییەیە، بگرە زۆریش دژیەتی و لەھەرشوێنێک بۆی بکرێت ئەوە لەناویشی دەبات، نزیکترین نمونەش ئەوێ رۆژێ چەند کەسێکی سەربەئایدۆلۆژیای پەکەکە پەلاماری نوسینگەی ھەرێمی کوردستانیان دالە بەلجیکا و بێ شەرمانە ئالای کوردستانییان ھێنایەخوارێ و لێیان کردەوە.
٢- پێشمەرگە/ یەکەم لەشکری کۆماری کوردستان، ناوی پێشمەرگەی دا بەسەربازەکانی. پێشمەرگە وشەیەکی ھێندە بەرزو پیرۆزی نەتەوەییە، لەھەر بستێکی خاکی ئەم کوردستانە، ھەرکوردێک چەکی شەرەف و دژ بەداگیر کەران بکاتە شان، ئەوە ناو و گیانی پێشمەرگە دەبێتە بەشی وھیچ کەس ناتوانێت ووشەی پێشمەرگە لە خاک و گەلی کوردستان داببڕێت، بۆیەش ھەرحزبێکی کوردستانی لە ھەر پارچەیەکی کوردستان کە دە ستی داوەتە شۆرشی چەکداری، بەوپەڕی شانازیەوە ناوی پێشمەرگەی ھەڵگرتووە و وەک ھەر حزبێکی تر بەھی خۆی زانیوە. ئەوەتە حزبی شیوعی عێراق، کە حزبێکی عەرەبی و عێراقیش بوو، کاتێک لەساڵی ١٩٧٩ بڕیاریاندا ببنە بەشێک لەشۆرشی چەکداری گەلی کوردستان. ئەندامەکانیان بەعەرەب و تورکمان و کلد وئاشور و سریان و ئەرمەنیشەوە، جلی کوردییان لەبەرکردوو ناوی پێشمەرگەیان ھەڵگرت. ھەرگیز سروشتی نییە pkk پێی ئاسایی بێت ناوی ( گەریللا) ی شۆرشگێرەکانی ئیسپانیا ھاوردە بکات و بیخاتەسەرچەکدارەکانی کورد؟ بەڵام ئامادە نەبێت ناوی پێشمەرگەی کورد بەچەکدارەکانی بدات. بەداخەوە pkk لەم سیمبوولە نەتەوەییەش چۆتە دەرەوە، دەبێت چ نھێنیەک و چ رازێک لەپشت ئەمەوە ھەبێت.

© 2017 Hawler