شوبات 16, 2019

هه‌ورامان عه‌لی

 

 

هەمیشە مرۆڤ لەژیانیدا چاوەڕوانی شتێکی کردووە و بەردەوامیش دەیکات، بەڵام ئێمەی کورد هەمیشە ژیانمان بریتیبووە لە چاوەڕوانی دۆخی سیاسی بەجۆرێک تەواویی ژیانمانی بردووە .
هێندەی من لەبیرم بیت لە چاوەڕوانیدا ڕۆژەکانمان ناوە بەڕۆژەکانی داهاتووەوە . لەبیرمە کاتیک چاوەڕێی کۆتایی هاتنی خەم و ترس و مەیەنیەتیەکانی شەڕی ئێران و عێراق بووین، شۆڕشی کوردی لەسەرهەڵداندا بوو چاوەڕوانی گۆڕانکاری بووین، دواتر دۆخە کە بۆ خراپتر گۆرا، لە ئاوارەیی و شەڕو کیمیاباران و ئەنفال و نەهامەتی زیاتر چاوەڕوانیەکان دریژەیان هەبوو لەوەی کەی دەگەڕێینەوە وڵات، دواتر گەراینەوە و هیوایەک دروست بوو لە دروست بوونی پەرلەمان و حکومەت بەڵام هێندەی نەخایاند شەڕی ناوخۆ و نەهامەتیەکانی هاوڵاتیان خستەوە چاوەروانی و بێ ئومێدیەوە، لەوکاتەوە چاوەڕوانی بەرۆکی هاوڵاتی کوردی بەرنەداوە، لەوەی چاوەڕێی باش بوونی دۆخی سیاسی و گوزەرانی دانیشتوانی هەرێم و کۆتایی هاتنی ناکۆکیە سیاسیەکان و گەیشتنە چارەسەری کێشەکانی هەرێم و بەغدا بووە .
بێگومان دۆخی سیاسی و ناکۆکیە سیاسیەکان کۆتاییان نایەت، بەڵام ئەوەی جێگای داخە بووونی ئەم بارەنائاساییانە بەخۆیان دەبنە مایەی چاوەڕوانی و پەیوەست دەبن بەژیانی ئاسایی خەڵکەوە، بەجۆرێک کاریگەری خراپ دەکاتە سەرکۆمەڵگا چونکە هەموو شتێک دەوەستێ و دەبێتە مایەی چاوەڕوانی باش بوون هێوربونەوەی دۆخە خراپەکان .
کاتی ئەوە هاتووە حکومەتەکانی داهاتوو بە هاوکاری حزبەکان ئەو بارەقورسەی سەرشانی هاوڵاتی ئاسایی کەمبکەنەوە لە خەم و چاوەڕوانی و هیوابەستن لەسەر دۆخی سیاسی و ناکۆکیەسیاسیەکان، بەشێوازێک ژیان و گوزەرانی خەڵک بخەنە دەرەوەیی بازنەی ناکۆکیەسیاسیەکان، چۆن لە دانوستاندنەکانی هەرێم و بەغدا موچەی هاوڵاتیانی کورد خرایە دەرەوەی ناکۆکیەسیاسیەکان، چونکە ناکرێ کۆمەڵگایەک بەدرێژایی چەندین ساڵ تەنها گوزەرانی لە جاوەروانیدا بەسەربەرێت .
وەک ئەوەی دەوترێ سیاسەت و ململانێ سیاسیەکان لەخزمەت خەڵکن، بەڵام ئەوەی دەبینرێ جیاوازە چونکە ململانێکان لەسەر پۆست و ئیمتیازات و دەستکەوتی حزبی و سیاسین و خەڵک لەدەرەوەیی هاوکێشەکەی ئەو بەرژەوەندیانەیە .
لە هەموو دونیادا کێشەی سیاسی بوونی هەیە و دوایی هەڵبژاردنەکان حکومەتەکان درەنگ پێکدێن و حکومەتەکان توشی شکست دەبن، بەڵام ژیان و گوزەرانی خەڵک ناکەویتە مەترسیەوە و لە چاوەڕوانیدا ناژی . ئێمەی کورد تەنانەت بە ناکۆکیە نیوخۆیە حزبیەکانیش کاریگەر دەبین و ئە جۆرە ناکۆکیانە دەبنەمایەی کیشەی سیاسی گەورە وەک ئەوەی ئێستا لەسیاسەتی کوردی بوونی هەیە .
دەکرێ بپرسین تاکەی بەدەر لەچاوەڕوانیەکان بۆ دۆخی سیاسی چاوەڕێی ئەوەبین کەی بابەتی چاوەڕوانی لەم کۆمەڵگایە بەکۆتا دێت .. ؟

© 2017 Hawler