ئاب 23, 2019

گرنگی باخچەی ساوایان لە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن

بیرمەند و نوسەرو پەروەردەكاری ئوردنی ماجدعرسان ئەلگەیلانی دەلێ" منداڵ كاتێك لە كەش و هەوایەكی سەقامگیر دەژی فێری متمانە بەخۆبوون دەبێت".
بێگومان چەندەها توێژینەوە و خوێندنەوە ئەوە دەردەخەن كە ئەو منداڵانەی لە باخچەی ساوایان بوونە و ئینجا چوونەتە قوتابخانە، ئەو منداڵانە خاوەن زیرەكی و ئاستێكی باش بوونە وزیاتر لەو منداڵانەی كە پەیوەندییان بە باخچەی ساوایانەوە نەكردووە، هەر ئەوەش وای كردووە ئەوانەی لە باخچەی ساوایانەوە هاتوون زووتر و خێراتر فێر دەبن، چونكە قۆناغی باخچەی ساوایان بە گرنگترین قۆناغ دادەنرێت كە منداڵ لە سەرەتای ژیانیدا پێیدا تێپەرێت و جیهانێكی تر دەناسێ و بەرە بەرە كەسایەتی منداڵ درووست دەبێت و متمانە و سیقەی بە خۆی زیاتر دەبێت و شەرم و ترس و دڵە راوكێی نامێنێ، بەڵكو مندالێكی زیرەك و بەتوانای لێ دەردەچێت و لە هەمان كاتیشدا كەمتر پەیوەست و هۆگری ماڵەوە بە تایبەتی دایك و باوك و خوشك و براكانی دەبێت. چونكە لە باخچەی ساوایان مامۆستا دەناسێت و مامۆستا و منداڵەكانی تری خۆش دەوێت، هەست بە ئاسودەیی و دڵنیایی دەكات، چونكە كەش و هەوای باخچەی ساوایان كەش و هەوایەكی ئارام و سەقامگیرە هەر ئەوەش وای لێ دەكات زیاتر متمانەی بە خۆی دەبێت، چونكە لە باخچەی ساوایان جگە لەوەی خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین كراوە و فێری چەندەها یاری كردن دەبێت و شارەزای نوسین و خوێندنەوەش دەبێت و بەشداری لە چەندەها چاڵاكی جۆراوجۆر دەكات، كەواتە منداڵ كەسایەتی جیاوازی بۆ درووست دەبێت لە باخچەی ساوایان كە دەچێتە قوتابخانە مندالێكی متمانە بەخۆ بوو لە هەموو روویەكەوە حەز و ئارەزووی بۆ قوتابخانە زیاتر دەبێت. بۆیە گرنگە منداڵەكانمان بنێرینە باخچەی ساوایان و ئەو قۆناغە گرنگەی فێركردن فەرامۆش نەكەین، شارەزایان و پسپۆڕانی بواری پەروەردە جەخت لە سەر گرنگیدان بە درووست كردن و كردنەوەی باخچەی ساوایان دەكەنەوە لە هەموو شارەكان لە شارەكانیش لە هەموو گەرەكەكان، بەڵكو گەر بكرێ لە گوندەكانیش هەوڵی بۆ بدرێ باخچەی ساوایان بكرێتەوە.
هەر لەو روانگەیەوە بە كورتی دەمەوێ تیشك بخەمە سەر وێستگەی كاركردنی پەروەردەیم لە دوای ساڵەكانی (2006) بەدواوە كاتێك بوومە بەرێوەبەری پەروەردەی خەبات تەنها یەك باخچەی ساوایان هەبوو ئەویش لە ناو قەزای خەبات بوو، بەڵام لە ماوەی (6)شەش ساڵی كاركردنمان توانیمان(14) چواردە باخچەی ساوایان بكەینەوە بە تەنها لە ناو قەزای خەبات كردمانە (3) باخچەی ساوایان لە هەموو ناحیە و كۆمەڵگاكان باخچەی ساوایانمان كردەوە بگرە لە گوندەكانی(سفەییە و قەرەقاجین و جەرگەزەوی) كە گوندی دوورن باخچەی ساوایانمان كردەوە و مامۆستا و كەلوپەلی باخچەمان بۆ دابین كردن بۆ ئەوەی منداڵەكانی ئەو گوندانە هیچ جیاوازیەكیان لەگەڵ منداڵی شارەكان نەبێت.
بە هەمان شێوە لەو (4)چوارساڵەی بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بووین گرنگی زۆرمان بە باخچەی ساوایان دا بە كردەوە توانیمان نموونەی ووڵاتانی كەنداو و ئوردن و لوبنان و توركیا بیهێنینە هەولێر ئەویش بە كردنەوەی باخچەی ساوایان لە ژمارەیەكی زۆرلە قوتابخانە بنەڕەتیەكان وەك پاشكۆ بۆ ئەوەی منداڵانی مامۆستاكان و گەڕەكەكان بتوانن لەو باخچانە وەربگیرێن كە بریتی بوون لە چەند ژوورێك لە ناو قوتابخانەی بنەڕەتی، بەڵكولایەنێكی قوتابخانە كرابووە باخچەی ساوایان بە شێوەیەكی سەردەمیانە تەرخان و ئامادە كرابوو، هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە باخچەی ساوایان دەوامی ئێوارانمان كردەوە بۆ منداڵانی گەڕەك ئەوانەی جێگایان نەبۆتەوە لە بەیانیان، هەروەها چەندەها باخچەی ساوایان دەواممان درێژكردەوە بۆ دوای نیوەڕۆ بۆ منداڵانی مامۆستایان و فەرمانبەران كە باخچەی ساوایانی حكومی بوون، لەو چەند نموونەیە هەزارەها منداڵ سوودمەند بوون كە پێشتر بێ بەش ببوون، بۆیە جەخت لەوە دەكەمەوە كە قۆناغی باخچەی ساوایان قۆناغێكی زۆر گرنگە لە قۆناغەكانی پەروەردە و فێركردن مافی هەموو مندالێكە بچێتە باخچەی ساوایان، ئەركی وەزارەتی پەروەردەیە هەموو هەولێك بدات ئەو مافە بۆ منداڵە چاوگەشەكانی كوردستان مسۆگەر و دابین بكات تا لە داهاتوو ئایندەدانەوەیەكی كارا و ووشیار و متمانە بە خۆ بوو بێتە بەرهەم بۆ كوردستان .

بەرێوەبەری گشتی چاڵاكی وەرزش و هونەر
ماستەر لە كارگێرێ پەروەردەیی

 

بكر كریم حەسەن *

© 2017 Hawler