کانونی دووەم 18, 2019

ئاریان فەرەج

 

بڕیاری سەرسڕهێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كێشانەوەی ناوەخت لە سوریا، بۆ كورد ترسناك و جێی نێگەرانیی قوڵ بوو، بۆ هێزە ئیقلیمییەكانیش جێی خۆشحاڵی و ستایش. ناڕەزاییەكانی نێو ئیدارەی ئەمریكا و هەوڵەكانیان بۆ خاوكردنەوەی جێبەجێكردنی بڕیارە لەناكاوەكەی سەرۆكەكەیان، هاوكات لێدوانەكانی ئەم دواییەی هەر یەك لە راوێژكاری ئەمنی نەتەوەیی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، نیگەرانییەكانی كوردی تا ئەندازەیەك كەمكردەوە و هێزە ئیقلیمییەكانیشی نارەحەت و توڕە كرد و توركیای لە هەموان توڕەتر كرد. ئەمریكییەكان بە راشكاوی دەڵێن رێگە بە كوشتاری كوردان نادەین و بێ گەرەنتیی پاراستنیان، گۆڕەپان جێناهێلێن. ئەوان دەیانەوێ بڵێن لەو دەمەی بۆ دەسگیركردنی سەرانی پەكەكە پاداشت و خەڵات تەرخان دەكەین، روانگامان بۆ كوردان بە گشتی شتێكی دیكەیە و ئەوانەی رۆژئاڤاش بە هاوسەنگەر دەزانین، دەشڵێن كورد لە شەڕی داعشدا هاوپەیمانمان بوون و رەنگە لە پڕكێشیەكانی داهاتووی ناوچەكەشدا، كاری پێكەوەیی دیكەمان مابێت.
گەشتە مەكوكییەكانی ئێستای راوێژكاری ئەمنی نەتەوەیی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ناوچەكە و راگرتنی هەنگاوی كردەنیی كشانەوە لە سوریا و سەردانی سەرۆكی ئەمریكا بۆ لای سەربازانی ووڵاتەكەی لە عێراق، راگۆڕینەوەی ئەمریكییەكان لەگەڵ دۆستە ئەوروپییەكانیان بە تایبەتیش فەرەنسە كە هەردەم هەڵوێستەكانی خەمخۆری بۆ كورد لێدەخوێندرێتەوە، ئاماژەگەلێكی گرنگ و جێی تێڕامانن. پێدەچێ ستراتیژبینانی ئەمریكا توانیبێتیان مەترسی و زیانە ستراتیژییەكانی كشانەوەی ناوەخت و دەستبەردان لە هاوپەیمانەكانیان بۆ سەرۆكی ووڵات رونبكەنەوە. بۆیە پێدەچێ لە جێی كشانەوەی خێرا، روداو و پێشهاتی دیكەی جیاواز لە ناوچەكەدا ببینین.
كورد لەم نێوەندەدا: بە سوود وەرگرتن لە كۆی روداوەكانی رابردوو، بەدووركەوتنەوەی پەیەدە لەو سیاسەتەی پەكەكە كە جگە لە دوژمن بۆخۆ زیادكردن، هیچی لێ دەستنەكەوت، بە هەنگاوی بەپەلە بۆ بەهێزكردنەوەی باشور وەك مەكۆی كۆكەرەوەی كوردان و داڕشتنی هێڵە گشتی و ستراتیژییەكانی روانگە و روئیای سیاسیی كوردان، دەتوانێ سەرەدەری لەگەڵ هەر پێشهات و دەرفەت و گۆڕانكارییەكی نوێ لە ناوچەكەدا بكات كە ئاماژەكانی خەریكە دەردەكەون.
لەم سەروبەندەدا، دواخستنی بەهێزبونەوەی هەرێم لە رێی كارابونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەتی نوێوە، بە بڕوباینووی پۆست و بەركەوتی حزبی، نادیدەگرتنی بەرژەوەندییەكانی كۆی نەتەوەی كوردە و خەمساردییەكی لە ئەندازەبەدەر نامەسئولانەیە.

© 2017 Hawler