کانونی دووەم 18, 2019

کورد و ئەمریکا و تورکیا

سەرۆ قادر

 

ئەمریکا و تورکیا لەسەر هەڵوێستی جیاوازیان سەبارەت بە کوردستانی رۆژاڤا، داخلی تەنگوچەڵەمەیەکی توندبوون. جۆن بۆڵتۆن ئانکارای بەجێهێشت و ئۆردوغان چی هەڕەشەیە کردی. ئەمریکا و ئەوروپا لە سۆنگەی ئەو هەڵوێستە توندەی تورکیا بەرامبەر بە رۆژاڤای کوردستان هەیەتی، ئەوانیش هەڵوێستی خۆیان لە جاران ڕوونترکردەوە. ڕایانگەیاندوە کە کورد دەپارێزن، چونکە هاوپەیمانیانە و خۆیان بە قەرزداری دەزانن لەو شەڕەی دژی داعش کردویانە. بۆڵتۆن لە ئیسڕائیلەوە چوە تورکیا و لەوێش جووت لەگەڵ ئیسڕائیل بڕیاری خۆیان بۆ پاراستنی کورد چەندبارە کردەوە. هەروەها دوێنێ پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە پێش بەڕێکەوتن بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند ئەمریکا کورد بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێ و ڕێگا نادات هیچ دەوڵەتێک کوشتاریان بکات. ئەو گووتی کورد هاوپەیمانی ستڕاتیژی و سیاسی ئەمریکان بەتەنیا جێیان ناهێڵین و مشوریان دەخۆین.
کەواتە کەس ناتوانێ جەنگاوەرانی کورد "لەناو سەنگەرەکانیان لە خوێندا گۆڕ بکات" کورد نەک هەر هەڵساوەتەوە بەڵکو هەنگاوی گەورە لە بەشداربوون لە ڕووداوەکانی لەمەو دوای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهاوێت. ئەوەی هۆکاری سەرەکییە لە پاراستنی هێزی کورد، ڕوانگای واقیعی و سیاسەتی نیشتمانپەروەرانە یەکە دەبێ pkk واتە pyd بیگرێتەبەر.
دەشزانین کە هەرێمی کوردستان پایگای سەرەکییە بۆ پاراستنی هێز و هاوپەیمانێتی کورد و ئەمریکا و ئەوروپا. بۆیە چەند زووتر هەنگاو بەرەو بنیادنانی کوردستانێکی بەهێز بهاوێژرێ بە قازانجی پڕۆسەی هەڵسانەوەی کوردە. دەبێ هەموو لایەنەکان هەر ئەوە هەموو غەمیان بێت ئەگینا مێژوو بۆ کەس ناپاڕێتەوە.

© 2017 Hawler