حوزەیران 24, 2019

ئیدارەی ئەمریکا و هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هیوا مەجید خەلیل*

 

پێشەکی
شرۆڤه‌كارانی سیاسەتی نێودەوڵەتی هەوڵ دەدەن، بە پشتبەستن بە تیۆرییەکانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بارودۆخی ئێستای وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شێوازی سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا هەڵبسەنگێنن. بەڵام سەختە بتوانرێت بە پشتبەستن بە تاکە تیۆرییەک، هەڵسەنگاندن بۆ سیاسەتی کەسێک بکرێت کە ڕۆژانە لە ڕێگەی تویتەوە بڕیارە سیاسییە گرنگەکان دەردەبڕێت. هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا پانتایییەک هەیە کە بتوانرێت بە پشتبەستن بەم تیۆرییانە خوێندنەوەیه‌ک بۆ سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بکرێت. ئەوەی کە پێویستە بزانین، هەر تیۆرییەکی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە بەستێنێکی تایبەتدا کار دەکات. واتە لەوانەیە وڵاتێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی تر، ڕێچکەی جیاواز بگرێتە بەر. بۆ نموونە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتێک، پەنا بۆ ڕێچکەی لیبراڵیزم ببات و بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتێکی تریش پەنا بۆ ڕێچکەی ڕیاڵیزم ببات. واتە بەپێی واقعەکان هەڵسوکەت بکات. دەبێ ڕەفتارگەرایی، دەروونناسی، ڕیاڵیزم و قازانج و زیانە ئابوورییەکان تێکەڵ بکرێن، تا بتوانین لە سیاسەتی ئیستای حکوومەتی ئەمریکا تێ بگەین. هەڵبەت ئەم سیاسەتەیش گشتیان پلانبۆداڕێژراون و بەوردی جێبەجێ دەکرێن. واتە هەر ئەوە نییە کە ترامپ لەخۆڕا و بە تویتێک سیاسەتێک دادەڕێژێت، بەڵکوو تەنیا شێوازی گەیاندنی، سەرنجڕاکێش و شۆکهێنەرە.

ئەمریکا و سووریا
لە ڕێکەوتی ٢/١/٢٠١٩ لە کۆبوونەوەی کابینەی وەزاریی حکوومەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ چەند خاڵیكی ورووژاند کە جێی سەرنجن. یەکێک لە خاڵەکان لەبارەی سووریا بوو، کاتێک دەڵێت ئەم وڵاتە بریتییە لە بیابان و مردن (sand and death) و ئێمە هەتاهەتایە لە سووریا نامێنینەوە. لە ڕاستیدا، وشەی بیابان و مردن تەنیا بۆ سووریا بەکار نایه‌ت بەڵکوو ئەم وشەیە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی هەم لە ڕووی جوگرافی و هەم لە ڕووی ڕووداوە سیاسییەکانەوە دەگرێتەوە. ئەوەی جێی سەرنجە بریتییە لەوەی کە دۆناڵد ترامپ وەک لێکدانەوەی ئابووری، لێکدانەوە بۆ سیاسەتیش دەکات، کە دەکرێ تا ڕاددەیەک ڕاستیش بکات. بۆ نموونە، هەر لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و سەرهەڵدانی ململانێ لە نێوان جەمسەری کۆمۆنیزم و جەمسەری کاپیتالیزم، ئەمریکا لە ساڵانی ١٩٤٧-١٩٤٩ لە چوارچێوەی پلانی مارشال و بەرنامەی خاڵی چواری (Point Four Program)، یارمەتیی داراییی بۆ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، لەنێویشیاندا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دابین کرد تا ئەم وڵاتانە نەکەوەنە باوه‌شی یەکێتیی سۆڤیەتەوە. بەڵام نە یەکێتیی سۆڤیەت بوونی ماوە و، نە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا توانییان سەقامگیریی ناخۆیی دابین بکەن و تەنانەت بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی جیهانی.
ترامپ دەڵێت پارەیەکی زۆری ئەمریکا لەم وڵاتانەدا خەرج کراوە بەبێ ئەوەی کە دەسکەوتێکی ئەتۆی لێ شێن ببێت یاخود دەرەنجامێکی هەبێت. ئەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا ڕوو دەدات، بریتییە لەوەی کە ئەگەرچی دەوڵەتەکان بوونیان هەیە، بەڵام ئەوەی کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر و زۆرتر دەبێت، ئەکتەرە نا-دەوڵەتییە چەکدارەکانن. ئەمریکایش ناتوانێت لەگەڵ گشت ئەم ئەکتەرە نا-دەوڵەتییە چەکدارانە مامەڵە بکات. چونکە ئەم ئەکتەرانە کەمترین پابەندییان بە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە. لە لایەکی ترەوە، زۆرێک لە خودی ئەم ئەکتەرە نادەوڵەتییە چەکدارانە لە لایەن وڵاتانی هەرێمایەتییەوە پشتیوانی دەکرێن بۆ ئەوەی کە مەرامەکانیان بەجێ بگەیه‌نن. بۆیە ئیدارەی ترامپ هەست دەکات کە چیتر پێویست ناکات وەکوو جاران، بەبێ دەسکەوت خۆی خەریکی ئەم ناوچەیە بکات. بۆیەیش لەوانەیە چوون بەرەو ناوچەکانی تری جیهان، وەک ئاسیای دوور، بەسوودتر بێت.

ئەمریکا و کورد
ترامپ لە هەمان کۆبوونەوەدا ئاماژەی بە کورد کرد. بۆ ترامپ کورد هەموویان یەکن (ئەگەرچی زانیاریی ورد و درشتی لەسەر کوردەکان و ناکۆکیی نێوان کوردەکانی هەیە). ترامپ وەکوو گەلێکی خاوەن ماف مامەڵە لەگەڵ کوردەکان ناکات، بەڵکوو وەک شەریک (partner)ێكی کاتی و شەڕکەر سەیری کوردەکان دەکات. شەریک و هاوپەیمانیش لێکجیاوازن. سەختە دەوڵەتێک بتوانێت لەگەڵ ئەکتەرێکی ناودەوڵەتی ببێتە هاوپەیمان، بەڵام دەتوانێ ببێتە شەریک. ترامپ دەڵێت ئێمە پارێزگاری لە کوردەکان دەکەین بەڵام کوردەکان نەوت بە ئێران دەفرۆشن، کەچی من گەمارۆم خستووه‌تە سەر ئێران. ئەگەرچی ئەم قسەیە ڕاستە بەڵام قەبارەی ئەو بڕە نەوتەیش هیندە زۆر نییە کە خودی ترامپیش ئاماژەی پێ دا، تا ببێتە جێگەی نیگەرانیی زلهێزێکی وەک ئەمریکا. لە لایەکی ترەوە، خودی ئەم قسەیە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ترامپ ئاگاداری ورد و درشتی ئەو ڕووداوانەیە کە لە جوگرافیای کوردستاندا ڕوو دەدات. بەڵام بە دیوێکی تردا، ئەمە هۆشداری و ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی کورد. وێنەی کورد وەک نەوتفرۆش بە ئێرانی نەیاری ئەمریکا، وێنەیەیەکی مزدەوەج و لاستیکی لەناو مێشکی ئیدارەی ئەمریکادا دروست دەکات و دەرەنجامی خراپیشی لێ دەکەوێتەوە. هاوکات ئەم قسەیە گرنگیی بەهای نەوت لە بەستنی هاوپەیمانێتی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەردەخات. کەواتە کورد، کارتێکی بەهێزی بەدەستەوەیە ئەگەر بزانێت چۆن سوودی لێ وەرگرێت.
لەم دۆخەدا پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە هەرێمی کوردستان، واتە سەرۆکایەتیی حکوومەت، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نووسینگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە کونسڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و بەغدا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ستافی نووسینگەی ترامپەوە بکەن تا ئەم وێنەیە لە مێشکی دۆناڵد ترامپدا دەربهێنن. دەبێ ئەوەیش بزانین کە ترامپ نیگەرانیی خۆی تەنیا لەو بڕە نەوتە دەربڕی کە بە ئێران دەفرۆشرێت، نەک لەسەر ڕێککەوتنەکان و ئەو نەوتەی کە بە وڵاتانی تر دەفرۆشرێت. هاوکات بۆ خودی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش ڕوون بکرێتەوە کە کام لایەن نەوت بە ئێران دەفرۆشن، جا هەر کەس و هەر لایەنێک بێت. لە لایەکی ترەوە، خودی ئەمەیش دەرفەتێکی باشە بۆ حکوومەتی هەرێم کە نەوت لە دەست چەند بەرپرسێک و قاچاخچیی نەوت دەربهێنێت. ئەم قسەیەی ترامپ مانای ئەوە دەدات کە وێنەی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە لایەن ئیدارەی ئێستای ئەمریکا، وێنەیەکی باش نییە. ئەگەرچی لە ڕووی شەڕکردنەوە وێنەکە، وێنەیەکی باشە.
کەواتە پێویستە هەوڵ بدرێت وێنە خراپەکە لا بدرێت و وێنە باشەکە باشتر بکرێت. چونکە لەبیرمان نەچێت لە دوای ساڵی ١٩٩١ تا ئێستا ئەوەی کە کوردی باشووری پاراستووە ئەمریکا بووە، تەنیا لە ڕووداوەکانی هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک نەبێت کە ئەمریکا چاوپۆشیی لێ کرد؛ کە ئەویش بابەتێکی جیاوازە و لێکدانەوەی جیاواز هەڵدەگرێت. دەبێ ئاگادار بین، کە ترامپ تەنیا ئەم هۆشدارییەی بە گەلێکی بێدەوڵەتی وەک کورد نەدا، بەڵکوو باس لە ئەڵمانیایش دەکات و لە هەمبەر ئەڵمانیا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا ناڕەزایی دەردەبڕێ و دەڵێت ئێمە دەتانپارێزین، کەچی ئێوە بازرگانی لەگەڵ ڕووسیادا دەکەن. ڕاستە کە ترامپ لە حاڵی حازردا ناڕەزایەتیی لەسەر گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێم لە بواری نەوتەوە دەرنەبڕیوە، بەڵام دەکرێت لە داهاتوودا هەمان کێشە بۆ هەرێمی کوردستانیش دروست ببێت. واتە هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕووسی گرێبەستی هەیە. لەبیرمان نەچێت ڕووسیا هەر لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمه‌وە مەبەستی بووە کە بە دەریاکانی ئازاد و ناوچە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگات تا کۆنترۆڵی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕی جیهانی، بەتایبەتیش بازاڕی ئەوروپا بکات. تێکدانی کۆماری کوردستانیش لە مەهاباد لە لایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە هۆکارەکەی ئەو بڕە نەوتە بوو کە حکوومەتی ئەوکاتی ئێران بە یەکێتیی سۆڤیەتی دا.

لێکدانەوەیەکی تر
ئیدارەی ئێستای ئەمریکا وەها هەست دەکات کە پارەیەکی زۆری لەم ناوچەیەدا خەرج کردووە، بەبێ ئەوەی کە دەسکەوتی ئەوتۆی هەبێت و لە ئەرزی واقعیشدا وڵاتانی وەک ئێران، ڕووسیا و تورکیا و بریکارە نا-دەوڵەتییەکانی ئەم وڵاتانە، ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبن. هەر بۆیە دەکرێت ئەمریکا وەها نیشان بدات کە پێویستی و منەتی بەم ناوچەیە نییە و بە کشانەوی لەم ناوچەیەدا دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر بکات و بۆ ماوەیەک دەستێوه‌ردانێکی ئەوتۆ لە کاروباری ئەم ناوچەیەدا نەکات و دواتر بە هێزێکی زۆرترەوە بێتە گۆڕەپانەوە. چونکە ڕاستە ڕووسیا دەوڵەتێکی گەورە (کبری)یه‌، بەڵام زلهێز (عڤمی) نییە. سەختە ڕووسیا بتوانێت ئیدارەی گشت ئەو ناکۆکییە ئایینی، سیاسی، ئابووری و که‌لتوورییانە بدات کە لەم ناوچەیەدا بوونیان هەیە. ئەمریکا لەم جۆرە کارانەیشدا ئەزموونی هەیە. ڕوونترین ئەزموون کێشەی وڵاتانی ناو یۆگوسلاڤیا و کێسی بۆسنیای و سربیا بوو کە تا ئەمریکا نه‌هاتە ناو مەیدانەکەوه‌، ئەوروپا نه‌یتوانی کێشەکە چارە بکات؛ ئەگەرچی کێشەکە لەناو جەرگەی خودی ئەروپادا بوو.

پوختە:
باشتره‌ هەرێمی کوردستان ئەم لێدوانەی ترامپ لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە ئێران بەجددی وەرگرێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بەهێز بکات و هەندێ جاریش وەها دەربخات کە تەنانەت دەتوانێت لە بری وڵاتانی ناوچەکە ببێتە بەدیلی ئەم وڵاتانە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ بە مەرجێک کە لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانیی ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستان بکرێت.
لە (پێنووس)ەوە
* دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

 

© 2017 Hawler