کانونی دووەم 18, 2019

ئەرێ بۆ واز لە (مردوو) ناھێنن؟

شێرزاد عەبدولڕەحمان

 

• ئەرێ گەلۆ، ئێوە ئاگادارن، ھەموو فەیسبووک و ھەواڵەکان، ھەر باس و خواسی مردنە؟
• ئەرێ گەلۆ، ئاگادارن، کە ئێمە میللەتێکین، ئەوەندەی باسی (مردن) دەکەین، نیوەی ئەوە باسی (ژیان) ناکەین؟.
• ئەرێ گەلۆ، ئاگاتان لێیە، ئەوەندەی وێنەی (مردووان) بڵاودەکەینەوە، نیو ئەوەندە، کەس باس لە (زیندووان) ناکات؟.
• ئەرێ ئاگاتان لێیە، ڕۆژ تا ئێوارە، ماڵپەڕەکان، باسی کوشتن و بڕین و خنکان و سووتان دەکەن، نیو ئەوەندە باس لە ژیاندۆستی و (لە دایک بوون) ناکەن؟.
• ئەرێ ئاگاتان لێیە، ڕۆژانە...تەنیا ھەواڵی مردن ھەیە، نەک ھەواڵێک کە فێرمان کات، خۆ جار جارێک کەیفمان بە ژیان بێت و بڵێین (ئۆخەی)، ھەست بە تروسکاییەک دەکەین و شوکر ماوین؟؟.
• لەوانە ھەمووی تاڵتر.. ئاخۆ سەرنجتان داوە، کە وێنەی خەمێک بڵاودەکەینەوە لە ساتی ڕۆحدان و لەژێری دەنووسین و ھەر ئێستا مرد!!. ئیدی چیبکەین ژیان وایە.. کەسێک 75-80 ساڵە دەمرێت، ئێ بۆچی وێنەکەی لە کاتی گیان لەدەستدانی دەکەنە مەسەلەیەک؟.
• .. ئاوای لێھاتووە، کە (مردن) لە وڵاتی ئێمە، بۆتە (کەلتوور) و .. تەنانەت کەم کەس دەبینی، باس لە جوانی و ئەڤین و ژیاندۆستی بکات!.
• ڕاستە، ھەموومان میوانین و بمانەوێ و نەمانەوێ، دەبێ کلیلی ژیان تەسلیم بکەینەوە.. بەڵام ھەرگیز ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێ، کە دەستبەرداری ژیان و خەونەکانمان بین.. یان ھەر نەبێت، بڕیار بدەین.. کە بمرین.. پێش ئەوەی عەجەلمان بێت.

© 2017 Hawler