کانونی دووەم 18, 2019

ئەو سیاسەتەی كەس پێشبینی ناكات!

عەبدولقەهار هەولێری

 

دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، كە دیارترین سەرۆكە بۆ وەرگرتنی بریاری كت و پڕ و سەرسورهێنەر، بۆ خۆی لە وتەیەكیدا گوتویەتی: پێویستە دوژمنەكانمان پێشبینی ئەوە نەكەن، كە ئەمریكا بە نیازە چی بكات، ئەمەش بەو مانایە دێ كە ترامپ پلانی خۆی وەك پیاوێكی سەرمایەدار و بزنسمان لە سیاسەتیش تاقیكردۆتەوە، واتە وەك چۆن لە بواری مامەڵەی ئابوری بڕیارەكانی لەسەرووی پێشبینییەكان بووە، بەهەمان شێوە ئەم بیرۆكەیەی تەرجەمە كردۆتەوە لە بواری سیاسەتدا، ئەگەر بەم شێوەیە نەبوایە، كێ پێشبینی ئەوەی دەكرد كە ئەمریكا پشت لەو هێزە كوردیانە بكات، كە توانیان ڕەقەی پایتەختی داعش خاپوور بكەن و ناوچەكانی دیكەش كۆنترۆڵ بكەن.
تەنانەت كوردەكانی ڕۆژئاوا باجێكی زۆریان لەو پێناوە دا تاوەكو ئەم كارانەیان ئەنجامدا، بەجۆرێك چوار سەد شەڕكەریان شەهید بوون و زیاتر لە دە هەزاری دیكەش بریندار بوون، بەرامبەر بەمەش تەنها سێ سەربازی ئەمریكی لە سوریا كوژران. ئەم ئامارەش لەلایەن خودی سەرچاوە ئاگادارەكانی ئەمریكا پشت ڕاستكراوەتەوە.
لەولاشەوە ئەردۆگان مەبەستیەتی بێتە خاكی سوریا و وەك خۆیان دەڵێن لە چەكدارە كوردەكان پاكیان بكەنەوە، بەڵام خۆ مەرج نییە مرۆڤ هەرشتێكی كە بیلێ بۆی بێتە دی، تەنانەت ئەگەر ئەو كەسە ئەردۆگان بێت و هەموو گەلی توركیاشی لەپشت بێت. بەتایبەتی لەخاكی سوریا كە لەڕووی مەیدانی و سەربازی و سیاسییەوە لە نێوان ئێران و ئەمریكا و ڕوسیا و هێزەكانی فەرەنسا و بریتانیا دابەشكراوە، تەنانەت ئیسرائیلیش كە هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ڕوخاندنی ڕژێمی ئەسەد نەبوو بە هەماهانگی لەگەڵ روسیا ڕۆلی لە خاكی سوریادا هەیە.
لێرەشەوە كێشەی توركیا ئەوەندەی لەگەڵ ئەمریكایە لەگەڵ روسیا نییە، چونكە توركیا باكوری سوریا كە هاونیشتیمانیەكانی لە عەرەب و كورد پێكهاتوون بە پشتێنەی ئەمنی خۆی دەزانێ، كەچی ئەمریكا كۆسپە لەبەردەم هێزی سەربازی توركیا لەوەی بێنە ئەو مەیدانەوە.
كەچی لە هەمان كاتدا بریاری ئەوەشی داوە كە بەشێوەی تەدریجی لە خاكی سوریا دەكشێتەوە. ئێستا دۆناڵد ترامپ بەشێوازێك سیاسەت دەكات، هەرچییەكی بیەوێ ئەنجامی دەدات و بەبێ ئەوە بگەڕێتەوە بۆ ڕاوێژكردن لەگەڵ تەرەفی مەعنی بڕیاری وەردەگرێ و بە كۆنترۆڵ ئاكشن بە هێزەكان دەكات، شەقامی ئەو وڵاتەشی كە سەربازەكانی تێدا گیرساونەتەوە دەهێنێتە سەر شەقام و ئەگەر مەبەستی بێت چەپڵەیان‌ پێ لی دەدات، هاواریان‌ پێ دەكات، دەوڵەتیان‌ پێ دروست دەكات، دەوڵەتیان‌ پێ دەڕوخێنێ، شەڕیان‌ پێ دەكات و شەڕیان‌ پێ ڕادەگرێ، ئەمە ئەو سیاسەتەیە كە ترامپ پەیروەی دەكات و كەسیش پێشبینی ناكات.

© 2017 Hawler