کانونی یەکەم 11, 2018

ئارامكردنەوەی كەركووك

ئاریان فەرەج

 

كەركوك وەك ناوچەیەكی كوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم یان بە زمانەكەی ئەوان وەك ناوچەیەكی كێشەلەسەر، پێشتر لە لایەن پێشمەرگە و هێزە هێراقییەكانەوە ئەمنیەتی دەپارێزرا و بە هاوبەشیش ئیدارە دەرا تا رەوشەكەی یەكلادەبێتەوە. كە مەترسی داعش هاتەسەری، هێزە عێراقییەكان هەڵاتن و پێشمەرگە شارەكە و پێكهاتەكانی پاراست، ئەو دوو قۆناغە هەردوكیان ئاسایی و نۆرماڵ بوون، چونكە یەكەمیان ئیدارەدانی هاوبەش بوو بە پێی ئەو نەخشە رێگەیەی دەستور رەنگڕییژی كردبوو، دووەمیشیان كەركوكی پاراست و نەیهێشت بە دەردی موسڵ بچێ.
بەڵام لە خیانەتی شازدەی ئۆكتۆبەردا، كەركوك لە لایەن جەیش و میلیشیاوە داگیركرا و بە زەبری هێز و تانك و تۆپ و پیلان و بەدەستەوەدان، نەك بە پشتی دەستور و یاسا، كەوتەوە چێر ركێفی دەسەڵاتی بەغدا. بۆیە ئەوەی رویدا باتڵ و ناڕەوا و نادەستوری بوو، فەرزكردنی رەوشێكی نەخوازراو بوو بەسەر شارەكەدا، نەك كەركوكی ئارام نەكردەوە وەك جاشەكان دەیانگووت، بەڵكو ئارامی لەو شارەدا نەهێشت و روداوەكانی دواتریش سەلماندی نەك هەر ئارامی بەڵكو پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی نێوانیشیانی خستە مەترسی جدییەوە.
بنەمایەكی یاسایی هەیە دەڵێ هەرچی لەسەر باتڵ دروست بێت باتڵە و ناچێتەسەر، رەوشی ئێستای كەركوك لەسەر باتڵ و داگیركاری و پەلاماری میلیشیایی دروست بووە و ئەو دەسەڵاتەی لەوێ حوكمڕانە لەسەرینی سەپاندن و داگیركارییەوە هاتۆتە سەركار و جێی دەسەڵاتە شەرعی و هەڵبژیردراوەكەی شارەكەی گرتۆتەوە. بۆیە كۆی رەوشەكە باتڵە و دەبێ هەڵوەشێتەوە.
هەڵوەشاندنەوەی واقیعی داسەپاو و باتڵی كەركوك بەوە دەستپێدەكات دەسەڵاتی میلیشیایی و دەسەڵاتی مەدەنیی پشتقایم بە میلیشیا و وەزعی ناجۆری شازدەی ئۆكتۆبەر كۆتایی بێت و ئەوەش ببێتە سەرەتای ئارامبوونەوەی شارەكە. هێزەكانی نێوخۆ ئەمنیەتی شار وەرگرنەوە و هەڕەشە و خۆسەپاندن و تەعریب و ئیجرائاتی نادەستوری و نایاسایی كۆتاییان بێت. بۆ پاراستنی شارەكەش لە هەڕەشەی داعش كە دیسان وا سەرهەڵدەداتەوە، پێشمەرگە و جەیشی عێراق وەك جاران هەماهەنگ و هاوكاری یەكدی بن. هەنگاوەكانی دیكەش بۆ چارەی بنەڕەتیی و یەكلابوونەوەی رەوشی كەركوك مەعلو م ودیارن و دەستور دەسنیشانی كردووە و جگە لە جێبەجێكردنی ماددەی سەد و چل هیچ بەدیل و بژاردەیەكی دیكە لە ئارادا نییە بە تایبەت پاش ئەوەی بۆ هەموو لایەك دەركەوت داگیركاری و پەلاماریی عەسكەری نە دەتوانێ واقیعێكی هەتاهەتایی بەسەر شارەكەدا بسەپێنێ و نە دەشتوانێ ناسنامەی كوردستانیی ئەو شارە بگۆڕێ و نە كۆتایی بە كێشمەكێش دێنێ.

© 2017 Hawler