کانونی یەکەم 11, 2018

خۆڕاگری و كوردایەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەكە

رێبوار حەمەلاو شوانی

 

پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو قوتابخانە كوردایەیی و فیكری و هزرییە كە هەڵگری مێژوویەكی پڕ لەخەبات، شانازی و تێكۆشانە، بەدرێژایی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان هەمیشە لەسەنگەری پێشەوەی بەرگری و پێشمەرگایەتی بووە، بۆ ساتێك دەستبەرداری مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكان نەبووە، بەدڵنییاییەوە مێژوو و داستانی پڕ شانازیی خەباتی پارتیمان بێ‌ شومارە و ناتوانرێت لەنووسینیكی لەم جۆرەدا بەكورتی لێی بدوێن، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەم پارتی نەتەوەیی بووە لەدوای جەنگی جیهانی لەساڵی 1946دا لەسەر دەستی رێبەری ڕۆحیمان مستەفا بارزانیی دامەزراوە، لەلایەكی ترەوە پارتی دیموكراتی كوردستان سەڕەرای ئەوەی یەكەم پارتی نەتەوەیی بەهێزبوو لەكوردستان دامەزرا، چونكە بەر لە پارتی سەرجەم حزبەكانی تر عێراقی بوون زیاتر لەچوارچێوەی چینایەتی و ماركسیدا كاریان دەكرد، ئەمەش خالێكە زۆر گرنگە لەمێژووی خەباتی پارتیدا، هەروەها خاڵێكی تر كەزۆر گرنگە پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا پارتی كوردییە كە بەشێوەیەكی رێك و ڕەوان لەسەر بنەمای هاوبەشی نیشتمانی دروستبووە، چونكە سەرجەم حزبە كوردستانیەكانی تر لەمێژووی گەلی كوردستاندا لەئەنجامی جودابوونەوە دروستبوون، ئەمەش وایكردووە كەئەم حزبانە هەمیشە بیر لەرق و كینە و تۆلە بكەنەوە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە دەرگای واڵا بێت بۆ گفتگۆ و دروستكردنی برایەتی و پێكەوەژیان. پارتی خاوەن ستراتیژترین شۆڕشی نەتەوەیی بەناوی شۆرشی مەزنی ئەیلوولە كە لە 1961 دەستپێكرد كە بەباوكی شۆڕشەكان لەمێژووی كوردستان دەناسرێت، شۆڕشێك كە كوردی بەجیهان ناساند و یەكەم ڕێكەوتنامەی مێژووی یانزەی ئازاری 1970 بەرهەمی ئەو شۆرشە بەهێزەبوو. هەروەها لە دوای رووخانی رژێمی بەعسی رووخاو لە 2003 سەرۆك بارزانی زۆر بوێرانە و جوامێرانە لەناو هۆڵی ئەنجوومەنی حوكم لەشاری بەغدا بەجلوبەرگی پێداگری لەسەر بنیادنانی فیدراڵی كرد بۆ هەرێمی كوردستان بەرەنگاری هەموو هێزە شۆڤینیە عەرەبەكان بۆوە، تەنانەت سەرۆك لەیەك كاتدا لەپێناوی چەسپاندنی مافە سەرەكیەكانی گەلی كوردستان بەرەنگاری سەرجەم ئەندامانی مەجلیسی حوكم و حاكمی ئەمریكی عێراق بووە ئەم رووداوەش سەرنجی زۆربەی میدیاكارانی جیهانی بۆخۆی راكێشا كە بەئازایەتی و جوامێری سەرۆك مسعود بارزانی تووشی سەرسورمان بوونەوە. هەروەها هەڵویستە مێژوویی و دیموكراسیخوازانە و نەتەوایەتی سەرۆك بارزانی لەئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە 25/9/2017 یەكێكی ترە لەهەنگاوە ستراتیژیی و پر شانازییەكانە كە شایەتی سەركەوتنی پارتی دەبێت، كاتێك سەرۆك سەرۆك بارزانی زۆر بوێرانە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمیدا، وەك یەكەم سەركردە هەنگاوی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ دەنا و گەلی كوردستان بەرەو سەربەخۆبوون دروستكردنی دەولەت دەچوو، تەنانەت بەبڕوای سەرجەم چاودێرانی سیاسی ئەم هەولەی سەرۆك بارزانی یەكێك بوو لەهەنگاوە مێژووییەكان لەدۆزی رەوای گەلی كوردستاندا، بەڵام بەداخەوە نەیارانی گەلی كوردستان و بەهاوكاری خاك فرۆش و خۆقرۆشان دژایەتی ئەم پرسەیان كرد و ئەوەبوو دوژمنانی كورد بەهاوكاری خیانەتكارانی ناوخۆ رووداوی 16ی ئۆكتۆبەریان ئەنجامدا پەلاماری خاكی كوردستانیان داو شاری كەركوكی دڵی كوردستانیان داگیركرد، پیلانگێڕەكان نەخشەی وەهایان دانابوو كە هەرێمی كورستان لەناوبەرن و چەندین تاقمی ناوخۆش هاوكارییان بوو، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر شێرانە لە داستانی پردێ و سحێلا ئەو پیلانگێرییە دوژمنانی لەباربرد و قەوارە دەستووری هەرێمی كوردستان و مێژوو و شكۆ و ئاڵایی كوردستانی پاراست. گەرانەوە بۆ مێژووی بزاڤی سیاسی و رزگاریخوازی گەلی كورد ئەو واقعیە پیشان دەدات كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕابەرایەتی مستەفا بارزانی لە ھەڵومەرجێكی سەخت و دژوار و پێویست ھاتە نێو گۆرەپانی سیاسی و نەتەوەی كوردیش لەو كاتەدا پارتێكی قەڵبەزەی رامیاری وەك پارتی گەرەك بوو. پارتی كە ھەڵگری ئامانجی نەتەوەییی بووە، بێگومان لەو پێناوەش دا قوربانی گەورەی داوە ھەموو ئەمانەش لە پێناو خزمەتكردن بە دۆزی رەوای نەتەوەكمان و بەرز راگرتنی شكۆی تاكی كورد بووە ھەر بۆیە مێژوو بە بەرزی باس لە باڵای پارتی و سەركردایەتیەكەی دەكات.
پرۆژەی نەتەوەیی وەك راگەیاندنی كیانی سەبەخۆی كورد ھەڵقوڵاوی ئەو كانیاوە بووە كە بۆ یەكەم جار پارتی دیموكراتی كوردستان لە مێژووی بزاڤی رزگاری خوازی كورد نەخشە رێگای بۆ كێشاوە، ھەر بۆیەشە ئەمرۆ دەبینین پارتی سورە لەسەر مافی چارەی خۆنوسین و رێگەش بەوە نادات خوێنی شەھیدان بەفیرۆبچێت، چونكە مافێكی رەوای سەرجەم كوردستانیانە و نەتەوەكەشمان لەو پێناوە دا باجی كەمی نەداوە!.
یەكێك لەو خاڵانەی كە جێگەی نارحەتی نەیاران و دوژمنان بووە ئەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان ھەمیشە لە پێناو ئامانجە باڵاكانی نەتەوە و نیشتمان قوربانی بەخۆی داوە، تەنانەت قوربانی بەو ئیمتیازاتانەش داوە كە لەدەرئەنجامی ھەڵبژاردن بە شێوازێكی دیموكراسی بەدەستی ھێناوەن ھەموو ئەمانەش لە پێناو ئەوە بووە تاوەكو جارێكی تر مرۆڤی كورد نەكەوێتە بەر زەبرو زەنگی دوژمنان و نەیارانی گەلەكەمان، چونكە پارتیمان باش لەوە تێگەیشتووە كە تاك تاكی كورد شایەنی ژیانێكی شكۆمەندانەیە نەوەك كۆیلایەتی و زەبرو زەنگ و بەش مەینەتی .
مێژوو لە رابردو و ئێستا و داھاتووش دا تۆماری لاپەرەكانی بەوە دەنوسێتەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لایەنێكی ئەرێنی ژیانی سیاسی نەتەوەكمان بووە، ھەر ئەوەش ھۆكاری سەرەكیە كە پارتی بە قسەكەر و ئەكتەری سیاسی كورد لەناوەخۆ و دەرەوە دابندرێت لەلایەنی نەتەوەیی و سیاسی وسەربازی و چاكسازی. ھەندێك وێستگەی گرینگ لە رابردو و ئێستا داھەن خۆ ئەگەر پارتی رۆڵێكی چالاك و خەمخۆرانەی نەگێرابا، ئەوا بێگومان نەتەوەكەمان زیاتر دەچووە ژێر ركێفی دواكەوتووی و نالەباری ھەر بۆیە دەبێت ئەو راستیە بزانین كە پارتی بوون شكۆمەندیەو كاركردن لەپێناو ئامانجە باڵاكانی نەتەوە و نیشتیمان لە ریزی خەباتگێرانی پارتی و قوتابی بوون لە قوتابخانەی بارزانی و كوردایەتی شانازییە.
سەرەرای رێگریەكان لە ناوەخۆ و دەرەوە، بەڵام پارتیمان وەك پارتێكی سیاسی بەرچاو و دیاری گۆرەپانی سیاسی كوردستان بەھیچ شێوەیەك كۆڵ نادات و بە گوزارشت بۆ پێشینەی مێژووی سیاسی لەسەدەی رابردوو ئەوە سەلمێندراوە پارتی ئامانجە گەورەكان دەپێكێت بۆ ئەمەش داھاتوو ئەنجامی راستی و ناراستی شیتەڵ دەكات، نموونەی بەرچاویش "سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، پاراستنی خاك و قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كوردستان و راخستنی فەرشی سوور و پێشوازیكردن لە سەرۆك بارزانیی وەك سەرۆك وڵاتێكی سەربەخۆ لە بەغدا و با سەبر بكەین و ببینین.

© 2017 Hawler