کانونی یەکەم 11, 2018

ئاریان فەرەج

 

رۆژ بە رۆژ مەغزا و مەبەستە گەورەكانی دروشمە ئینتیخابییەكەی پارتی روونتر دەبێتەوە و ماناكانی بەرجەستە دەبن. ( كوردستانێكی بەهێز) تەنیا دروشمێكی سەرنج راكێش و دڵخوازی خەڵك و تەنیاش تەعبیر نەبوو لەو خەون و هیوایەی كە هەمیشە پارتی بۆ كوردستانی دەخوازێ. بەڵكو كورتكردنەوەی بەرنامەیەكی گشتگیر و هەمەلایەن و پلانێكی ستراتیجی بوو لە دەستەواژەیەكی چەند ووشەییدا بۆ چۆنێتی بەهێزكردنەوەی كوردستان بە كردەوە و بە بەرنامەیەكی بەرچاو روون.
دەركەوت كوردستانێكی بەهێز حزبێكی سەركەوتووی یەكگرتووی بەرپرسیار و متمانەدار و پشتیوانلێكراوی لە لایەن خەڵكەوە پێویستە، حزبێك خەڵكی كوردستان ئومێدی لەسەر هەڵچنن و لایەنی بەرامبەریش وەك نوێنەر و دەمڕاستی میللەتی كورد لێی بڕوانێ و كێشە راستەقینەكانی نێوان هەولێر و بەغدای لەگەڵ یەكلابكاتەوە. بۆیە پارتی لە دوا هەڵبژاردنەكاندا بە هەموو توانای خۆی و جەماوەرەكەی هیممەتی كرد و بایی ئەوەندەی دەنگ و متمانەی میللی كۆكردەوە كە بۆ بەئەستۆوەگرتنی ئەو ئەركە مێژووییە نیشتمانییە پێویستی بوو. زۆرینەی خەڵكی كوردستانیش لە وهاوكێشەیە باش تێگەیشتن كە كوردستانێكی بەهێز پارتییەكی بەهێزی دەوێ و بۆیە بە باوەڕ و بەرچاو روونی و بە سەخاوەتەوە دەنگیان پێدا.
كوردستانێكی بەهێز واتا میللەتێكی سەربەرز و خۆنەچەمێن و بەڵام لە هەمان كاتیشدا خۆشگوزەران و ئاسوودە و دوور لە قەیران، لە دەرگادانی بەغدا بۆ كۆتاییهێنان بە رەوشی نالەباری گوزەرانی میللەتەكەمان و راستكردنەوەی وێنەی ئاشتیخوازانە و حەقانییەتی ماف و داواكارییەكانی كورد كە زۆر هەوڵدرابوو لە شەقامی عەرەبیی عێراقدا بیشێوێنن، بەڵام بەسەر فەرشی سوور و بە ئاستێك لە پێشوازی كە شایستەی سەرۆك و گەلی ئێمە بێت، هەنگاوێكی دیكە بوو بەرەو كوردستانێكی بەهێز.
كاراكردنەوەی دامەزراوە سیادییەكان و بە تایبەت سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێی شایستە، كامڵكردنەوەی هەیكەلی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی هەرێمی كوردستانە و دەبوا پارتی ئەو فەراغە جدییە پڕبكاتەوە و ئەوەش هەنگاوێكی دیكەیە بە ئاڕاستەی كوردستانێكی بەهێز.
كاری جدی بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ كە ئەمجارە هەم لە رووی پێكهاتەوە جیا بێت لە هەردوو شێوازی ناسەركەوتووی ( فیفتی فیفتی و بنكە فراوان) و نەشبێتە جێی تەراتێنی ئەوانەی پێیەكیان لە حكومەت و ئەوی دیكەیان لە موعارەزەدا بوو، هەم لە رووی گۆڕانكاریی و هاتنی كارەكتەری نوێ، حكومەتێك بتوانێ هەم دەستی ئاوەدانی و هەم دەستی یاسا بە هەموو كوردستان بگەیەنێت، ئەویش هەنگاوێكی دیكەی كاریگەر و گرنگە بە ئاڕاستەی بونیادنانی كوردستانێكی بەهێز.
پارتی وا هەنگاو بە هەنگاو دروشمەكەی دەكاتە كار و كردەوە و بڕیار، تا ئێستاش بەوپەڕی ئاسانی و بێگرێ و گۆل گۆرانكاری و هەنگاوەكانی ناوە و لە داهاتوودا بەرهەمی ئەم هەنگاوانە و ئەوانی بەدواشیدا دێن، دەبینرێن و بەخێر و خزمەت و قازانجی گەلی كوردستان تەواو دەبن.

© 2017 Hawler