کانونی یەکەم 11, 2018

پارتی و نه‌بوونی قه‌یرانی سه‌ركردایه‌تی كردن

هیوا گه‌یلانی

 

گه‌ر مێژووی حزبه‌كانی كوردستان بخوێنینه‌وه‌ و له‌كێشه‌ وگرفته‌كانیان ڕامێنین، چ ئه‌وانه‌ی له‌ پێش پارتی دیموكراتی كوردستان درووستبوون و ئێستا به‌شی زۆریان نه‌ماون، چ ئه‌وانه‌ی له‌دوای پارتی درووست بوون، به‌شی زۆریان به‌ده‌ست دوو گرفتی گه‌وره‌وه‌ ده‌ناڵینن، ئه‌ویش قه‌یرانی سه‌ركردایه‌تیكردن و نه‌بوونی ئامانج و ستراتیژیه‌تێكی ڕوونه‌. به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كان له‌ ژیان نامێنن، یان به‌ هه‌ر هۆكارێك بێت له‌و پۆسته‌ نامێنن. ده‌بینین ئه‌وحزبانه‌ تووشی قه‌یرانی سه‌ركردایه‌تیكردن ده‌بن و نه‌ك هه‌ر ناتواننخۆیان له‌م قه‌یرانه‌ ده‌رباز بكه‌ن، به‌ڵكو قه‌یرانه‌كانیان ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ناو كۆكه‌ڵگا و خۆیان ده‌بنه‌ قه‌یران و سه‌رئێشه‌ بۆ خه‌ڵكی دیكه‌.
به‌شێك له‌حزبه‌كان له‌به‌رئه‌وه‌ی ئامانج و ستراتیژیه‌تێكی ڕوون و ئاشكرایان نییه‌ و خاوه‌ن كێشه‌یه‌كی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی نین، گه‌ر له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا گه‌شه‌ش بكه‌ن ناتوانن به‌رده‌وامیان هه‌بێت، چونكه‌ حزبی سیاسی گه‌ر كێشه‌یه‌كی ڕه‌وای نه‌بێ و ئامانجێكی دیاریكراوی نه‌بێ ناتوانێت خاوه‌ن گووتارێكی ڕوون بێت.
پارتی جیاواز له‌وانی دیكه‌، هه‌ر له‌سه‌رتایی دامه‌زراندنیه‌وه‌ خاوه‌ن كێشیه‌كی ڕه‌وایه‌ كه‌ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێر ده‌سته‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئامانجێكی دیاریكراوی هه‌یه‌، ئه‌ویش گه‌یاندنی ئه‌م كێشه‌یه‌یه‌ به‌ كه‌ناری ئارامی و سه‌ربه‌خۆیی. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا خاوه‌نیسه‌ركردایه‌تییه‌كی به‌هێزه‌ كه‌ ئه‌زموونی زیاتر له‌ یه‌ك سه‌ده‌ ڕابه‌رایه‌تیكردنی هه‌یه‌، ئه‌و‌یش موئه‌سه‌سه‌ی بارزانییه‌.
هه‌موو ئه‌وانه‌ وایانكردووه‌ دوای (72)ساڵ ته‌مه‌ن و دوای نسكۆ و هه‌ستانه‌وه‌ و، هه‌بوونی ده‌یان قه‌یران و كێشه‌ی جۆراو جۆر به‌جۆرێكی وا پێموایه‌ كه‌م حزب هه‌بێت له‌وناوچه‌یه‌ به‌قه‌ده‌ر پارتی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌كی دژایه‌تی كرابێ و كێشه‌ی بۆ درووستكرابێت، به‌ڵام توانیویه‌تی هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی تێپه‌رێنێت و رۆژ به‌ ڕۆژ له‌ به‌هێزیدا بێت، چونكه‌ حزبیسیاسی گه‌ر قه‌یرانی سه‌ركردایه‌تیكردنی نه‌بێ ده‌توانێ سه‌ركردایه‌تی قه‌یرانه‌كان بكات و به‌سه‌ركه‌وتوویی لێیان ده‌ربچێت.
بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌دوا كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا بۆ كانیدكردنی هێژایان كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك مه‌سرور بارزانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت، جارێكی دیكه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ مێژووییه‌ی سه‌لمانده‌وه‌ كه‌ پارتی قه‌یرانی سه‌ركردایه‌تیكردنی نییه‌ و خاوه‌نی سه‌رۆك و مه‌رجه‌عێكی به‌هێزی مێژوو كرده‌، كه‌ هه‌موومان به‌گیان و به‌دڵ پابه‌ندی ڕێنوێنی و بڕیاره‌كانی ده‌بین.
واته‌ پارتی خاوه‌نی كێشه‌یه‌كی ڕه‌واو ئامانجێكی دیاریكراوه‌ و گوتارێكی سیاسی زوڵاڵو سه‌رۆك و مه‌رجه‌عێكی به‌هێزه‌، ئه‌مانه‌ش نهێنی مانه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی ئاسۆ ڕوونی پارتییه‌.

© 2017 Hawler