کانونی یەکەم 11, 2018

چەمكێك لە بەهای ئافرەت لە ئیسلامدا

عومەری چنگیانی

 

هەرجارەی بە "خەرمانبەرەكەت" گوتنێكی نێو هەزاران لاپەڕە نووسینە كوردییەكانمدا دەگەڕێم، ڕێم لە زۆرشتی هەردەم زیندوو هەڵدەكەوێت و،هیچ كات نییە دابمێنم بۆ چەندین دەقی قورئانی پڕ لە بەخشش و فەرموودەی دروست كە لە نێو تێسكستی نووسین و وتار و گوتارەكانمدا بەكارم هێنابن و لەژێر ڕۆشناییاندا چەپكەگوڵێکم نەخستبێتە بەردیدی ئێوەی بەڕێز، هەربۆیە پێم باش بوو لەم سەرقاڵیبوونەی باسی "بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت"ـەی هەیە، بە گوڵخەرمانی ئەمڕۆم منیش قامێكی تێدا بجووڵێنم و، ئاوڕدانەوەیەك بكەم لە باسی بەهای ئافرەت لە ئیسلامدا كە ئەوە بابەتێكە ئێمەی مسوڵمان بەوە تاوانبار دەكرێین کە لێێ كەمتەرخەمین؛ لەم "شەنوكەو"كردن و "هەڵاوێرد"ەدا لە نێو داکردە (ئەرشیڤ)ـی نووسینەكانم لە ژێر ئەو ناونیشانەی سەرەوە بابەتێكی خۆمم بینی كە لە ژمارەیەكی كۆتایی ساڵی 2010ی گۆڤاری"وارڤین"ـدا بڵاوم كردووەتەوە و ئێستا دوای "مشتوماڵ"كردنی دەیخەمەوە بەردیدی ئێوەی بەڕێز و فرە لەدڵداشیرین. جا ئەوكات خانمە بەرپرسێكی گۆڤارەكە بۆخۆی هاتبوو ئەو داوایەی كردبوو كە هاوكاریان بم مانگانە بە نووسینێك و منیش لەبەرسڤیدا نووسیبوم:
"ئاخركێ بێ ئەوەندە دڵڕەق بێت دڵی گوڵی پێ بشكێندرێت؟!، خۆ كە دەشڵێم گوڵ، نایكەم بە ئازایی خۆم، ئەوە من نیم كە ئەوەندە بە ئەمەك بم بتوانم ئەو رێزە بنێم لە ئافرەت كە پێی شایانە و پێی ببەخشم، ئەوە خوای گەورە و پەروەردگارە، كە نەك بیانچوێنێ‌ بە گوڵ، بەڵكو لە ئایەتی131 ی سوورەتی"تاها"دا، بەگوڵی ژیانی دنیا ناویان دەبات و بگرە یەكێك لە گەورە سوورەتەكانی قورئانی ناولێناوە"ئافرەت" و لە ئایەتی 19یدا دەفەرمێت: "ئەی پیاوە بڕوادارەكان، هەڵسوكەوتتان لەگەڵ ئافرەتاندا باش بێت". ئیتر وەك من لێی تێدەگەم، ئەمە مانای ئەو فەرموودەیەی خوایە و بە داڕشتەی فەرمانیش هاتووە، بەڵام كە كەسێك بڵێ‌: بڕوادارم و پابەند نەبێت پێیەوە، ئایین بڵێ چی؟

خانمگەلینە! ئێوە بوون كە پێغەمبەر - درود و سڵاوی خوای لێ بێت -لە دوای ڕاوێژكردنی بە هەموو یاوەرەكانی ڕای یەكێكتانی بەسەر هەمووڕایەكانی تردا دا و لە ئاكامدا ڕێكکەوتننامەی حودەیبیەی لێكەوتەوە.
١. لە عەبدوڵای كوڕی عەباسەوە – خوای لێ بێ رازی - كە مامۆستای تەفسیر و راڤەی قورئان و یاوەری پێغەمبەربوو- درود و سڵاوی خوای لێ بێت – گێڕدراوەتەوە كە وتویەتی: "زۆرم پێناخۆشە خێزانەكەم خۆیم بۆ ئارایش بدات و بۆنی خۆش لە خۆی بدات بۆم، چونكە من ناتوانم وای بۆ بكەم و خۆمی بۆ بڕازێنمەوە!كە وایشم نەكرد تاوانباردەبم! چونكە خوای گەورە لە 228ـەمین ئایەتی سوورەتی"بەقەرە"دا دەفەرمێت: "ئافرەتان مافیان هەیە، بەهەمان ئەندازەی كە ئەركیان لەسەرشانە."

كە ئەگەر بەوشێوە تەماشای ئەم دەقە بكەین، ئێمەی پیاوان، زۆر قەرزارباری خانمەکەمانین.
٢. پێغەمبەر - درود و سڵاوی خوای لێ بێت - دەفەرمێت: "بڕواداری ڕاستەقینە ئەوەیە رەوشتی بەرزە؛ كەسی باش ئەوەیە وا لەگەڵ ئافرەتەكەیدا باش بێ." ئەوە ئیمامی ترمزی گێڕاویەتیەوە؛ ژمارە 253 لە ریازی نەوەویدا.
٣. لە فەرموودەیەكی دیكەیدا دەفەرمێت:"با هیچ پیاوێكی بڕوادار، خێزانەکەی نەبوغزێنێ‌ و سزای نەدات، گەرهاتو لە خوویەكی نیگەران بوویت، خۆ ڕەوشتێكی تری هەیە كە جێگەی ڕەزامەندیبێ‌!" ئیمامی مسلیم گێڕاویەتییەوە؛ ریازی نەوەوی ژمارە 280.
٤. لە فەرموودەیەكی دیكەیدا دەفەرمێت "ئاگاتان لە شووشەكان بێت!" واتە: ئاگاتان لە ئافرەتەكان بێت، بنواڕە: زاد المعاددا؛ بەرگی 1 لاپەڕە 112.
كەوابوو خوشك و كیژ و هاوسەرەكانمان، بەپێی فەرموودەی ئەوگەورە پیاوە، شووشەن و ئێمەی پیاو كە وەها تەماشایان ناكەین، ستەمیان لێدەكەین.
لەكۆتاییدا دەڵێم: ئێوە كە پێغەمبەر - درود و سڵاوی خوای لێ بێت - لەهەقتاندا دەفەرمێت: "باشترین نیعمەت و خۆشی ژیانی دنیا ئافرەتی باشە."هیوادارم ئێمەی پیاو بەخۆدا بێینەوە وەك گوڵ تەماشاتان بكەین، بەڵام نەتانژاكێنین و بەتایبەت ئەوانەی لەسەر كورسیی بەرپرسیایەتیدا دادەنیشن، با لە خودا بترسێن و ئاگایان لەوە بێت ئەوكاتەی ژیان وا دەخوازێ‌ كە شانبەشانی پیاوەكان، خوشكێك هاوپیشەدەبێت، لەدەزگا، یان هەرشوێنێكدا، ئامانەتن و با بەو چاوەوە لێیان بنواڕن و، بۆیان ببنە باوك و برا و بیانپارێزن، چونكە ئەوی ماڵی لە شووشەیە نابێ بەرد لە ماڵی خەڵكی بگرێت.

© 2017 Hawler