تشرینی دووەم 16, 2018

تاكو كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە، ئاوڕێك لە بەرگری شارستانی بدەنەوە

ڕێبوار مغدید هاودیانی

 

بەرگری شارستانی، ئەرك و كارێكی پیرۆزە، هەتاوەكو ئەو كەسەی كارمەندە و بەو كارە هەڵدەستێ، زۆرجار ژیانی دەكەوێتە مەترسیەوە، بۆیە ئەگەر گیانی لەدەست بدات، یاسا بە شەهیدی هەژمار دەكات، ڕوانگەی ئاینیش بۆ ئەم كارە هەر پیرۆز و پڕ پاداشتە، چونكە ڕزگاركردنی مرۆڤێك مانای ڕزگاركردنی سەرجەمی مرۆڤەكانە.
ئەگەر بەرگری شارستانی نەبێت، زیانەكانی كۆمەڵگا زۆر گەورەتر دەبن، تاوەكو زیانەكان بگەیەنینە كەمترین ئاست، دەبێت لەگەڵ گۆڕان و پێشكەوتنی كۆمەڵگا، شێوازەكانی پەیڕەوكراو بگۆڕێن و بگونجێندرێن.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، بەرگری شارستانی لە كوردستان نەك هەر لە ئاستی پێویست نییە، بەڵكو دەتوانین بڵێین، زۆر لاواز و كەمتوانایە، جێی سەرنجە، ئۆتۆمۆبیلی بەڕێوەبەرایەتیەكان، كە بۆ گواستنەوەی ئەفسەرەكانیان تەرخان كراوە زۆر كۆن و بێ كەڵكن، جاری وا بووە و دەبێت، ئەفسەر دەبێت بە پەلە بگاتە شوێنی مەبەست بەڵام ئۆتۆمۆبێلەكەی خراپ بووە، تەنانەت لە قەیرانی دارایی جاری وا هەبووە، ئۆتۆمۆبێلەكانی ئاگر كوژێنەوە بێ سوتەمەنی بوون، چونكە كەس ئامادە نەبووە بە قەرز سوتەمەنی بۆ حكوومەت دابین بكات.
ئەمە جگە لەوەی كە ئاگركوژێنەوەكان و گروپی فریاگوزار، دەبێت لە باشترین و خێراترین جۆری ئۆتۆمبێلیان پێ بێت، بەڵام بە پێچەوانەوەیە، دواتریش ئەركی بەرگری شارستانی تەنها ئاگر كوژاندنەوە نییە، بەڵام لەبەر ناچاڵاك بوونی وای لێهاتووە، دەزگاكانی بەرگری شارستانی بە (حریق) ناو دەبردرێن، مەبەستیش ئەوەیە كە تەنها كاریان ئاگر كوژاندنەوەیە، بەڵام كارەكانی بەرگری شارستانی فراوانن، لە ئاشتی و لە شەڕ كۆمەڵە ئەركێكی لەسەر شانە، دەبێت بۆ هەر جۆرە كارەساتێك بەرگری شارستانی لە ئامادەباشی دابێت، ئەركی ڕێكخستن و گواستنەوەی خەڵك و نیشتەجێكردنی كاتیان بگرێتە ئەستۆ، دەبێت لە كاتی ڕوودانی كارەسات خواردن پێشكەشی لێقەوماوان بكات و ئەم ئەركە بە جێ بگەیەنێ.
لە هەمووی گرنگتر، یەكێك لە كارەكانی بەرگری شارستانی ئەوەیە ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەی هەبێت سەبارەت بە پێشهاتی مەترسیەكان و دیاریكردنی ئەو شوێنانەی مایەی ڕوودانی زیانن، وە ئەركی پێ چۆڵكردنی ئەو شوێن و ناوچانە بگرێتە ئەستۆ، كەچی ئەم كارە ئەگەر نەتوانین بڵێین نییە، كارێكە زۆر دەگمەن دەبینرێ.
لە لایەكی تر ئامانج لە بە جێگەیاندنی ئەركەكانی بەرگری شارستانی بریتیە لە بەرزكردنەوەی ڕۆحی مەعنەوی خەڵك لە كاتی ئاشتی و شەڕدا، بەڵام ڕۆحی مەعنەوی بەرزنابێتەوە، مەگەر بەوە نەبێت خەڵك هەست بكات بەرگری شارستانی خاوەنی توانا و هۆكاری زۆر پێشكەوتووە، ئەركەكانی بە باشی و خێرایی ئەنجام دەدات، ئەمەش بە دابین كردنی هۆكار و ئامرازی پێویستە، پاشان بەشداری پێكردنی ئەفسەر و كارمەندان لە خولی پێشكەوتوو لە وڵاتان، لە كۆتایشدا گواستنەوە و بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیر و توانای بەرگری شارستانی بۆ نێو كۆمەڵگا، بە ئەنجامدانی مانۆری بەرگری شارستانی لە قوتابخانە و زانكۆ و شوێنە پێویستەكانی تر، هۆشیاركردنی چین و توێژە جیاوازەكان تاوەكو خۆبەخشانە بەشداربن لە خولبینی بەرگری شارستانی، بۆ ئەوەی لە كاتی پێویست زۆرترین خەڵك شارەزاییان هەبێت لە بەشداری كردنی پێكانی ئامانج و ئەركەكانی بەرگری شارستانی. بەڵام جاری وا هەبووە سەدان دۆنم بە بەرچاوی خەڵكەوە سوتاوە، چونكە هۆكاری پێویست لەبەردەست نەبووە، بۆ نموونە، چیایەك ئاگری گرتووە، ئەگەر هیلیكۆپتەر هەبوایە، ئاوپرژێنیش نەبێت بەڵكو كارمەندەكانی گواستبایەوە شوێنی كارەكەیان، تەنها چەند دۆنمێك دەسووتا، بۆ نموونە شوێنێكی وەكو سۆران دەیان جار ئەم دیمەنانەی لێ دووبارە دەبنەوە، چونكە كارمەند زۆرجار دەبێت بە پێ ڕۆیشتن بچێتە شوێنی مەبەست.
بەرگری شارستانی زۆر گەورە و گرنگە، بۆیە هەندێك دەوڵەت وەزارەتێكیان بۆ تایبەت كردووە، بەڵام بەرگری شارستانی لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە بە تەواوی فەرامۆشكراوە، لە بەڵگەی فەرامۆشكردن و پشتگوێ خستنی بریتیە لەوەی كە نەك وەزارەتێك بەڵكو تەنانەت بەڕێوەبەرایەتیەكی گشتیشیان بەم ئەركە مەزنە ڕەوا نەبینیوە، بۆچی هاتۆچۆ و ژینگە و دارستان و پۆلیس بەڕێوەبەرایەتیان هەیە، بەڵام بەرگری شارستانی بێ خاوەن و بێ بەڕێوەبەرایەتی گشتییە، بۆیە كە ئەفسەر و كارمەند ئەم فەرامۆشكردنە دەبینن، ئەوانیش بە كەم سەییری كارەكەی خۆیان بكەن ناحەقیان نییە.
لە كۆتاییدا دەڵێین، لەسەر حكوومەتی هەرێم پێویستە گرنگیەكی زیاتر بە بەرگری شارستانی بدات، وە بزانێت بەرگری شارستانی دەورێكی گەورەی هەیە لە پاراستنی گیان و سامانی گشتی و تایبەتی و بەرزكردنەوەی ڕۆحی واتایی تاك و دواتر كۆمەڵگا، بۆیە پێویستە سیستەمی بەرگری شارستانی بە بیرۆكە و هۆكار و ئامێر و ئامرازەوە نوێبكرێتەوە، بەپێچەوانەوە بەرپرسیاریەتی ئەنجامی هەر ڕووداوێك بە هۆی نەبوون و پەككەوتن و نەگەیشتنی هۆكار و درەنگ كەوتنیان، یان ئاگادارنەكردنەوەی پێشوەختە لە هەر حاڵەتێك كە دەكرا پێشبینی بكرێت، دەوڵەت بە تەواوی كەمتەرخەم و بەرپرسیار دەبێت، بۆیە كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیەكی گشتی شتێكی حەتمییە و دەبێت حكومەتی هەرێم بیكات. ئەمە جگە لە هاندانی كارمەندانی بەرگری شارستانی بە پێدانی دەرماڵەی مەترسی و دابین كردنی میزانیەیەك بۆ هەر كارێكی پاڵەوانی كە دەیكات، لەگەڵ فراوانكردنی مانای كاری پاڵەوانی.

© 2017 Hawler