تشرینی دووەم 16, 2018

ئاریان فەرەج

 

 

لە ووڵاتانی پێشڤەچوو، بەكارهێنانی پایسكل لە جێی ئۆتۆمبێل وەرزشە و پاراستنی تەندروستی و ژینگەیە. لەوێ پایسكل هێمای سادەیی و خاكەساریی و خۆبەكەمگری نییە، بۆیەش كاربەدەستانیش زۆر جار پایسكلسوارن. بەڵام ناشتوانن هەمیشە وابن چونكە لەم سەردەمی خێرایی و ریتمە پڕتاوەی ژیاندا، پایسكل ناتوانێ جێی ئامرازە تیژرەو و نوێیەكانی هاتوچۆ بگرێتەوە و دەشبێتە مایەی لەدەستدانی كات و دواكەوتنی كار.
بەڵام لە ووڵاتی ئێمەدا پایسكلسواری دەلالەتێكی جیاوازی وەرگرتووە، گەر كاربەدەستێك پایسكلسوار بێت، لە چاوی خەڵكدا ئێسك سوك و خۆشەیستترە لەو بەرپرسەی ( بە بێ زەرورەتی ئەمنی) ریزێك ئوتۆمبێل بەدوای خۆی دەخات، ئەم شعورەش هۆكارگەلێكی زۆری هەیە. ئۆتۆمبیلسواری ( بە مانا رەمزییەكەی) بۆتە هیمایەك بۆ هەبونی دەلاقە و دوورییەك لە نێوان كاربەدەستان و هاوڵاتیاندا، لە نێوان خەڵك و نوێنەرەكانیاندا، یان لانی كەم ئەم وێناكردنە لە زهنی خەڵكدا چەسپاوە، هەر بۆیەش دیمەنی دوێنێ جەلال پەرێشانی پەرلەمانتاری پایسكلسوار جێی ئافەرینی خەڵك بوو.
بەڵام لە راستیدا لە دەرەوەی ئەم دیمەنە رەمزییە و هیماكانی پایسكلسواریی جەلالی پەرلەمانتار، دونیایەكی واقعی هەیە و ئەركگەلێكی پەرلەماناتارانە و بەرپرسانە هەن كە بۆ ئەوەی زوو رایی بكرێن، دەبێ هەموو ئەو ئامراز و كەرەستە و پێویستییە تەكنەلۆجیانە بەردەست بن و لە لایەن كاربەدەست و بەرپرسان و كارپێسپێردراوان بەكاربهێنرێن و بۆ كارئاسانی سوودیان لێوەربگیرێ كە سادەترینیان ئۆتۆمبێلە. دەشبێ كاربەدەستان پێویستییە ماددی و نامادییەكانی كار راپەڕاندنیشیان لەبەردەست بێت.
ئۆتۆمبیل نیعمەتە و كارئاسانییە و ئامێرە و پێویستە، وەك چۆن حزب، حكومەت، دام و دەزگا، دامەزراو، كاربەدەست، دەسەڵات، یاسا، سەرمایە، تیجارەت و كۆی چالاكییە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگە پێویستن و بۆ بەڕێوەچوونی ووڵات و باشتركردنی ژیان ئامێرن. بەڵام عیبرەت لە بەكارهێنانیاندایە، بەكارهێنەرەكانیان دەیانكەنە ئامێری سوود بەخش یان زیانبەخش.
ئێمە دەبێ لەم بەراوردە رەمزییەدا مانای حەقیقی بە ئامێر و كەرەستەكان بدەینەوە، دەبێ ئۆتۆمبێل لە هێمای پۆز و جیاكاری و پۆلێنی چینایەتییەوە ببێتەوە بەو ئامێرەی كە بۆ ئاسانكاری و كارراپەڕاندنی خێرا دروستكراوە. پایسكلیش لە هیمای خاكەساری و خۆبەكەمگری و هەچاردۆستی و خەمخۆرییەوە ببێتەوە بەو كەرەستە سادە و ساكارەی بۆ وەرزش و تەندروستی و بۆ ژینگەپارێزی بەكەڵكە.
نەهجی پۆپۆلیزمی لە كوردستاندا گەرچی تا ئاستێك تەشەنەی كردووە، بەڵام نەیتوانیوە و ناتوانێ بەو راددەیە زەفەر بە عەقڵمان ببات كە پێمان وابێت پەرلەمانتار و بەرپرس و كاربەدەستی دڵسۆز و سەركەوتوو تەنیا ئەوانەن كە ئامادەن بێ موچە و بێ ئۆتۆمبێل و بێ ماڵ و بێ حاڵ و خۆبەخشانە ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن. نابێ خاوەنی هیچ بن و تەنانەت پێویستییەكانی ئیشیشیان پێ ناڕەوایە.
عەقڵی سەلیمی میللەتی ئێمە سەرباری گلەیی و رقی ئەستوری لە خۆبەزلزانەكان، بەڵام درك بەو لۆژیكە عەقڵانییە دەكات كە بەرپرس و پەرلەمانتارنی ئێمە مەرج نییە پایسكلسوار بن، بەڵام دەبێ پایسكلسوار دۆست بن. پەرلەمانی ئێمە مەرج نییە پایسكلخانە بێت، بەڵام دەبێ یاساكانی لە خزمەتی پایسكلسواران و خەڵكی زەحمەتكێش و نەدار و قوربانیدەر و لە قازانجی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و پێشكەوتنی كوردستان بێت.
دەسپێكی خولی نوێ پیرۆزبێ لە پەرلەمانتاران بە پایسكلسوار و ئۆتۆمبێل سوارانیشەوە.

© 2017 Hawler