تشرینی دووەم 16, 2018

شام شه‌كره‌ لێ وڵات شیرینتره‌

 لیزا فه‌له‌كه‌دین

 

  لێدوانه‌ نا دیموكراسییه‌كانی تره‌مپ
هه‌ڵبژاردنه‌كانی نیوه‌یی كۆنگرێسی ئه‌مریكا له‌م رۆژانه‌ به‌رێوه‌ ده‌چێت و دۆناڵد تره‌مپ ماوه‌یه‌كه‌ ده‌ستی كردووه‌ به‌‌ بانگه‌شه‌ كردن بۆ پارته‌كه‌ی. به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی ئه‌مریكا باشتر بوونی ره‌وشی ئابوری وڵاته‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ساڵی 2016 واتا كاتێك كه‌ تره‌مپ وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌مریكا هاته‌ هه‌ڵبژاردن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ بریاریان داوه‌‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش دووباره‌‌ ده‌نگ به‌ پارته‌كه‌ی تره‌مپ بده‌نه‌وه‌. له‌ دیوێكی دیكه‌وه‌ ناساندنی میدیا به‌ (دوژمنی گه‌ل) له‌لایه‌ن خودی دۆناڵد تره‌مپه‌وه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بووه‌ته‌‌ مه‌ترسی به‌رده‌م هه‌نگاو و به‌رنامه‌كانی، هه‌روه‌ها كاركردن بۆ ده‌ركردنی یاسای تووندتر هه‌مبه‌ر به‌ كۆچبه‌رانی نایاسایی و ناردنی هێزێكی‌ پازده‌ هه‌زار سه‌ربازی بۆ سنووره‌كانی مه‌كسیك بۆ رێگری كردن له‌ كۆچبه‌رانی ئه‌مریكای باشوور. ئه‌م لێدوان و هه‌نگاوه‌‌ ئاگرینانه‌ی تره‌مپ له‌ میانه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژارندا به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی هاوڵاتیانی ئه‌مریكای تووڕه‌ و په‌ست كردووه‌‌. ئه‌مه‌ش سه‌رۆكی ئه‌مریكا ! ئه‌و وڵاته‌ی كه‌ خاوه‌ن کۆنترین حکوومەتی فیدراڵە و دەستووره‌كه‌ی لەسەر بنەما دیموکراسییه‌كان بنیاتنراوە.
ئه‌ڵمانیا و پرۆژه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی به‌رلین
پرۆژه‌ی دروستكردنی فرۆكه‌خانه‌ی به‌رلین كه‌ بریار بوو ساڵی 2014 ته‌واوبكرێت، به‌ڵام ته‌واوكردنی بۆ ساڵی 2021 درێژ كرایه‌وه‌. نه‌ك ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ش به‌ڵكو رۆژ دوای رۆژ بودجه‌ی ته‌رخان كراو بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ زلتر و زلتر ده‌بێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵیشیدا ده‌نگی ناره‌زایه‌تی هاوڵاتیان و مێدیا و حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌. ئه‌مه‌شیان ئه‌ڵمانیا كه کۆمارێکی یەکگرتووی دیموکراتییه‌ و یەکێکە لە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا !
با سه‌یرێكی جیهان بكه‌ین و ئینجا بڕیار بده‌ین
ئه‌مریكایه‌كی زلھێز و خاوه‌ن بنه‌مای دیموكراسی‌ كه‌چی سه‌رۆكه‌كه‌ی به‌ ئاشكرا دژایه‌تی میدیای ئازادی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات و هه‌زاران سه‌رباز بۆ رێگری كردن له‌ كۆچبه‌ری به‌دبه‌خت به‌كار ده‌هینێت. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وڵاتیكی زلی ئه‌وروپایی‌ چه‌ندین ساڵه‌ فرۆكه‌خانه‌یه‌كی پێ ته‌واو ناكرێت و بگره‌ هاووڵاتیانی به‌هۆی زلی بودجه‌كه‌یه‌وه‌ حكومه‌ته‌كه‌ به‌ گه‌نده‌ڵكار ناوده‌به‌ن. ئینجا سوپاسگوزاربین كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ مه‌ترسیدارترین ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناڤینداین و ساڵه‌های ساڵه‌ جه‌نگ و تیرۆر به‌رۆكمانی به‌رنه‌داوه‌ و دژایه‌تی ئیقلیمی ده‌كرێین، به‌ڵام به‌رده‌وامین له‌ گه‌شه‌سه‌ندن و پارێزگاریكردن له‌ ئه‌منییه‌ت و ده‌سكه‌وته‌كان كه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ پایته‌خته‌كه‌مان به‌ پێنجه‌مین ئارامترین شاری جیهان له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت. ناڵێم هه‌رێمێكی پێرفێكت و بێ كه‌موكورتین به‌ڵام كاتێك وڵاتانی وه‌كو ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بینم كه‌ به‌ باوكی دیموكراسییه‌ت خۆیان به‌ جیهان ناساندووه‌، ئینجا ئه‌م هه‌رێمه‌ كوردییه‌م لا به‌نرختر و مه‌زنتر ده‌بێت. نه‌ كۆتا هه‌رێمین كیشه‌مان هه‌بێت و نه‌ كێشه‌كانیشمان ئه‌وه‌نده‌ قوڵن كه‌ بێ چاره‌سه‌ربن، شام شه‌كره‌ لێ وڵات شیرینتره‌.

© 2017 Hawler