تشرینی دووەم 16, 2018

نیعمەتی هێمنایەتیەکەی شەوان

عومەر چنگیانی

 

دوو هەفتە لەمەوبەر ستوونەكەمان بریتی بوو لە "لێكدانەوەی "سوورەتی ناس" بە كوردی و بە كورتی"، پشتیوان بەخوا ئیمڕۆیش دەچینە خزمەت ئایەتەكانی سوورەتی"فەلەق" كە پێنج ئایەتن و هەمیشە پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – شەوانە بەر لەخەوتن لەگەڵ سوورەتی ئیخلاس و ناسدا دەیخوێندەوە؛ پڕیەتی لە مانای پیرۆز و حیكمەتی جوان، وەك لە ژمارە 2299ی ڕۆژنامەی خەبات لە لاپەڕە پێنجی 17\10\2006دا لە ژێر هەمان سەردێڕدا گوتوومە: "هەریەك لە ئێمە، كە سەرەتای رۆژمان لێ دەبێتەوە، بەشێوەیەك لەشێوەكان بە دووی نان و ژیاندا وێڵ دەبین.
بە چاوی خۆمان دەبینین، ژیانێكی پڕ لە جەنجاڵی، بێ بەرامبەریی تواناكان سەر زەوی خۆمان و دەوروبەرمانی گرتۆتەوە.
هەركەس سەرقاڵی ئەوەیە، هێندەی بۆی بگونجێت قازانجی یەك و سەدبكات!
یەكێ گەرەكیە سەردەم ئەركەكان لەسەرخەڵك بێ و بەرهەمەكانیش بۆ ئەم!
یەكێتر راكەڕاكەی راوەپارەیەتی، تا بەوانەیشەوە دەگات، كە ڕاوەحۆرییانە و پەلەیانە كامیان زۆرتر بتوانێ رێژەیەكی چڕ و قەرەباڵغتر لەناو ببات و ئەمیشی پێ لەناو بچێت و ناوی لە زبڵدانی مێژوودا تۆماربێت و حورییە سنگهەنارینەكانی بەهەشت لە ئامێز بنێ، كورتی و كرمانجی رۆژانەی ژیانمان، پێشبڕكێ و شەڕوهەرای خواستەكانە و تەماح سنووری نیە و هەریەك بەشێوازێك برسییە، كە تێرنابێت، خوا فرسەتی دەسەڵات و پیاوخاسانی دەزگا پەیوەندیدارەكانی پاراستنی وڵات بدات، ئەگەر ئەوان دیارنەبن، داخۆ ئەوكابرای بۆ كیلۆیەك خواردەمەنی دەیەوێ بمتەكێنی، چم لێدەكات؟
ئەوخاوەن سۆپەرماركێتەی كە دیواری جوان و شووشە و عەنتیكەخانەم پێ دەفرۆشێ و دەست لە بینم لۆم وێستاوە، ئەگەر ترسی حكوومەت نەبێت داخۆ بەقۆڵمەوە كوێی تریشم دەبڕێت؟
ئەوكابرای بەهەشت دەفرۆشێ و قیڕ و هوڕێتی و ئەوی وەدووی ئەونەكەوێت بۆ ئەسفەلەسافلینە، گەر وەزارەتی ئەوقاف جڵەویان نەگرێت، داخۆ بە دەنگی نازوڵاڵ و بەشیڕەیان، خەو و خۆراكمان چۆن لێ تێك دەدەن؟
ئەوكاورایەی گەرەكیەتی هەمووی هەر لەدووی كلیپەكانی ئەو سەما بكات و دنیا هەمووی هەر هەڵبەزێتەوە، گوێی دڵ و سەرمان كاس دەكات، ئەگەر یاسا نەبێت چیمان بەسەر دەهێنێت؟
هەموو ئەمانەی من دەیانڵێم گەرەكمە تیایدا بگەمە ئەو دەرەنجامەی، كە بەڕاستی هەرسوپاسی خوای دەوێت كە ئەو هەمكە خەڵكە چاوبرسییە چاوبڕیوە ماڵ و نامووس و ژیانی یەكترە، لەشەواندا چۆن دادەمركێن؟
ئیتر هەرلەسەرەتای شەوەوە، كە كڕ و بێدەنگ دەبن و ئەوهەمووهەرا و مەزاتە بەرەو كەمی دەچن، بڵێی بە تەنها هەر ترسی پیاوانی دەستەڵات و ئاسایشپارێزان بێت كە سەری یەكتری ناخۆین؟
ڕەنگە!
بەڵام من وەك بڕوادارێك دیوێكی دیكەی مەسەلەكە دەخوێنمەوە و دەیبینم!
لەگەڵ ئەوەی بەرۆژدا سەرجەم دەزگاكان بەئاگان، ئەم هەموو كەتنە روودەدات، داخۆ شەوان بە تەنها بە ئێشكگری، چۆن دابین دەبن؟
ئەمە ئەونهێنییەی گەردوونە، كە خوا بۆخۆی لە هەقیدا لە هەشتاوشەشەمین ئایەتی سوورەتی "نەمل"دا دەفەرمێت:
"باشە ئەوانە نابینن، كە خوای گەورە شەوانی بۆ داناون تا بۆ ئەوخەڵكە ببێتە هۆكاری ئارامی و تیایدا دابمركێن و پشوو بدەن و بحەوێنەوە؟
نابینن كە ڕۆژی بۆكردوونەتە هۆكاری بەرچاوڕوونی و ئاگاداربوون و بە خۆدا هاتنەوە؟
بەڕاستی ئەوە نیشانەی زۆری تێدا هەیە بۆكەسانی بڕوادار، یاخود ئەوانەی بڕوا بهێنن"؟
بەڵێ: دەنا شەویش وەك رۆژ پڕ دەبوو لەسەرقاڵی.
هەرئەو پاراستنە خواییەیە، كە هەرخۆی پەیی پێدەبات و ڕوو بە محەمەد پێغەمبەر – دروود و سڵاوی وای لێبێت - دەفەرمێت:
"دە بێژە پەنا دەگرم بەخوای بەرەبەیان و لە خراپەی هەریەك لەوانەی خراپەیان لێ دەوەشێتەوە، پەنا دەگرم بەخوا لە خراپەی ئەوكاتەی، كە تاریكایی شەو باڵ دەکێشێت بەسەر زەویدا."
گەرچی زۆرێك لە بەندەكان ئەو پەنایەیشیان لەبیر نەبێت، خوای بەكەرەم و بەبەزەیی، بۆ خۆی دەمانپارێزێت.
هیوادارم ئەمە وانەیەكی پڕ لە هێمنی ئایینی بێت و بەخۆداهاتنەوە و تۆبەی هەموو لایەكمانی بەدوودا بێت.
خوێنەری بەڕێز! ئەگەر لەبەر نۆژەنكردنەوەی "مزگەوتی خەدیجەتولكوبرا" نەبوایە كە بۆ چەند هەفتەیەكە نوێژی هەینیانی تێدا ناكەین، ئەم سوورەتەیش توێشووی وتارمان دەبوو .

© 2017 Hawler