ئەم پەڕەیە چاپ بکە

مادام با من پێت بڵێم، كه‌ تۆ نازانیت!

کەریم قادر

 

فه‌رمانده‌یه‌كی به‌شدار له‌ خیانه‌تكاره‌كه‌ی داگیركردنی كه‌ركووك، له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا بۆ شاردنه‌وه‌ی خۆفرۆشی گرووپه‌ خیانه‌تكاره‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، كه‌ به‌ چه‌مینه‌وه‌ بۆ ئیغراته‌كانی هێزی غازی له‌ پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ری نامه‌ردییان له‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌شاند، سوكایه‌تی به‌ توانا و لیاقه‌ و قاره‌مانیه‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات، كه‌ به‌شاهیدی جیهان بۆ یه‌كه‌مجار توانی ئه‌فسانه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بشكێنێت و ته‌لیسمه‌كه‌ی به‌تاڵ بكاته‌وه‌ و ده‌ڵێت “پێشمه‌رگه‌ مه‌شق ‌و لیاقه‌ی‌ گه‌ریلای‌ نییه‌، پێشمه‌رگه‌ مه‌شقی‌ پێنه‌كراوه‌. پێشمه‌رگه‌ چه‌ند ساڵ له‌شه‌ڕدا بووه‌، ده‌ر‌فه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بووه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌شقی‌ پێبكرێت، من پێتان ده‌ڵێم پێشمه‌رگه‌ له‌كه‌ركوك شكا، هه‌رهێزێكیش كه‌ شكا خۆی‌ پێناگیرێته‌وه‌”.
ئه‌ی زنجیره‌ داستانه‌كانی دواتر چی؟
نامه‌وێ له‌ پێگه‌ی كه‌س كه‌م بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی كه‌ تۆ به‌ مه‌شق پێنه‌كراو باسی ده‌كه‌یت و ئۆباڵی شكانه‌كه‌ی ده‌خه‌یته‌ ئه‌ستۆ، له‌ داستانی مێژوویی (پردێ) ته‌قڵه‌ی به‌و هێزه‌ غازی و پڕ چه‌كه‌ لێدا، كه‌ به‌نیازی داگیركردنی پایته‌ختی كوردستان بوو. باشه‌ هه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ نه‌بوو ئاگری له‌ تانكی ئه‌فسانه‌یی ئابرامز هه‌ڵگیرساند و ڤیدیۆكه‌شی به‌ ئێوه‌ و هه‌موو جیهان پشاندا. دیسان هه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ نه‌بوو له‌ (ته‌لسقۆف و سحێلان و مه‌حموودیه)‌ چی شكستێكی به‌سه‌ر هێزی غازیدا هێنا، كه‌ پێویسته‌ بۆ له‌مه‌ودوا له‌ ئه‌كادیمیای سه‌ربازی و لاپه‌ڕه‌كانی كتێبی مێژوویی داستانه‌ مه‌زنه‌كانی كوردستان دژ به‌ هێزه‌ غازیه‌كان بخوێندرێت. ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌ڵگه‌ی ئازایه‌تی و باوه‌ڕبوونی پێشمه‌رگه ده‌رده‌خات‌ به‌ پرسی ره‌وای نه‌ته‌وه‌كه‌ی، كه‌ به‌داخه‌وه‌ لای هه‌ندێك نییه‌. كورد گوته‌نی" هه‌نجه‌تی ت... نانی جۆیه‌."
شه‌ره‌فی به‌رنه‌دانی سه‌نگه‌ری به‌رگری؟
من كاتێك باس له‌ ئازایه‌تی و مێرخاسی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كه‌م، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ قاره‌مانیه‌تی شه‌ڕڤانان كه‌م بكه‌مه‌وه‌، كه‌ به‌ خۆراگری و به‌رنه‌دانی سه‌نگه‌ری به‌رگری و نه‌چه‌مینه‌وه‌ بۆ هێزی غازی بوونه‌ته‌ جێی شانازی نیشتمانپه‌روه‌ران، به‌لكو ته‌نها ده‌مه‌وێت خه‌ڵكی كه‌تنی‌ گرووپه‌ خیانه‌تكاره‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ریان له‌بیر نه‌چێته‌وه‌، كه‌ له‌بیر ناچێته‌وه‌، چونكه‌ چووه‌ ناو لاپه‌ڕه‌كان. ئه‌گه‌رنا بێجگه‌ له‌ كورد و عه‌ره‌بی عێراق، هه‌موو جیهان ده‌زانن و ئاگادارن، كه‌ پێشمه‌رگه‌ چه‌نده‌ قاره‌مان و نه‌به‌زه‌؟ هه‌روه‌ها پێده‌شت و ته‌پۆڵكه‌ و دۆڵ و دوند و به‌رد و دار گوێز و به‌ڕوو و ته‌باره و خه‌رمانی جوتیاران ‌و سیله‌ی كادینان شاهیدی ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌ن.
بێگومان چاك ده‌زانیت؟
هه‌روه‌ها ده‌ڵێیت"بۆچی‌ كه‌ركوك شكا؟ من نازانم“. بێگومانم چاك ده‌زانیت بۆ كه‌ركووك شكا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا با پێت بڵێم و ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ش وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی خۆی وه‌ربگرێت.
ئه‌گه‌ر خیانه‌ت و ده‌ست تێكه‌ڵاوكردنی ئه‌و گرووپه‌ خیانه‌تكاره‌ و ملدانی ئێوه‌مانان نه‌بوایه‌ داگیركار نه‌ك نه‌یده‌توانی كه‌ركووك بشكێنی و بێته‌ ناو شار، به‌ڵكو بوێری ئه‌وه‌شی نه‌ده‌كرد شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ بكات، چونكه‌ زۆرێك له‌وانه‌ی سه‌رپه‌رشتی پیلانه‌كه‌یان ده‌كرد زۆر له‌ مێژه‌ ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌یان بینیووه‌، بۆیه‌ هه‌رگیز نه‌ده‌وێران شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن، به‌ڵام به‌ چه‌مینه‌وه‌ی گرووپه‌ خۆفرۆشه‌كه‌ بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی دۆلاری شه‌رمه‌زاری، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ ره‌خسا، كه‌ له‌وه‌ته‌ی پێشمه‌رگه‌ خه‌بات ده‌كات، هه‌رگیز ئاوا سوكایه‌تی پێ نه‌كراوه‌. ئاخر، من و زۆرینه‌ی ره‌های خه‌ڵكی كوردستان، كه‌ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا، فرمێسكه‌ چوار ڕیزه‌ گه‌رمه‌كانی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌یان له‌به‌رچاو، كه‌ ته‌مه‌نای شه‌هید بوونیان له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری ده‌كرد نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌ناو فه‌رمانده‌كانیه‌وه‌ خیانه‌تیان لێ بكرێ. به‌مانایه‌كی دی له‌ دوای ئه‌و دیمه‌نه‌ ناخ هه‌ژێنانه‌ی پێشمه‌رگه‌، ئه‌گه‌ر تۆزقالێك بڕواتان به‌ لێهاتوویی خۆتان هه‌بوایه‌ و له‌ پاكی خۆتان پشتڕاست بوونایه‌، ده‌بوو گوله‌یه‌ك له‌ خۆت بده‌یت یا هه‌رهیچ نه‌بوایه‌ ده‌ست له‌ فه‌رمانده‌یی بكشێنیته‌وه، كه‌ من شایسته‌ نیم.