تشرینی دووەم 12, 2019

حوسێن کوردنەژاد

 

لە سەردەمایەکدا کە دوو لایەنی روسی و ئامریکی خەریکن رێگای لە یەک تێگەیشتن خۆش دەکەن و ئیدارەی ترامپ بە پێویستی نازانێ کە گەمارۆکانی سەر روسیە بکەونە ئاجێندای کاری کۆنگرێس و روسیا خۆی حازر دەکات تا کوو لە سوریا بکشێتەوە و لە سەر ئۆکرانیا خەریکن رێگا خۆش دەکەن بۆ لە یەک تێگەیشتن و تەنانەت هێنانی هێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناوچەی جێ موناقیشە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە دەورانی ووت و وێژ و هاوکاریی نێوان ئامریکا(وەک هێزێکی جیهانی) و روسیا(وەک هێزێکی ناوچەیی) بەرەو دەستپێکردنەوەیە کە دەتوانێ لە سەر چەندین بابەتان سازانی گرینگ بە دوای خۆێدا بێنێت.
ئیمزا کردنی چەندین پەیمانی هاوکاریی گرینگ و ستراتێژیک لە نێوان ئامریکا و قەتەردا کە یەک لە خالەکانی بریتییە لە گۆرینی ستاتوسی پێگەی نیزامی ئامریکا لە قەتەردا بە پێگەیەکی نیزامی تەواو ئەمریکی(وەکی ئەوەی لە ژاپۆن دا هەیە) خۆی نیشاندەری چالاکی ئامریکایە لە سەر وەپێش خستنی ستراتێژیی ئامریکا لە ناوچەدا بۆ بە هێزتر کردنی یەکەتی هاوکاریی خەلیج و تەریک خستنەوەی ئێران و مایەپۆچ کردنی سەرمایەگۆزاریی تورکیا لە سەر کێشەکانی نێوو خۆیی ولاتانی خەلیج. گشت ئەم فاکتۆرانە ووردە ستراتێژی بەرتەسکی ولاتانی وەک تورکیا و ئێران کە بۆ وەپێش خستنی پێگەی خۆیان لە رەکەبەرایەتی ناوچەییدایە دەکاتە هیچ و بێ ئاسۆ.
ئێستا کە مەیدان ئامادە دەکرێ بۆ سازان لە ناو ئاکتۆرە گەورەکاندا جوولە و پەلەقاژەی ئەردۆغان و ئێران کە خۆی لە سەر رەوتی لاوازیی و نەماندایە، لە ناوچەدا هیچ ئاسویەکیان نابێ.
بۆیە گشت هەولەکان بۆ پێشگرتن لە رەوتی رزگاریی کورد بۆیان ناچیتە سەر، لە هەمانکاتدا گرینگە کە کورد لە دوو مەیداناندا خۆی بە هێز بکات،
یەکەم، ژیانی نێو خۆ لە سەر بنەمای بەرنامەیەکی مۆدێرنی بەرێوەبەریی رێکبخاتەوە و یەکگرتنەکانی سیاسی لە سەر بەرنامە بن و نەک دابەشکردنی بەش لە دەستەلاتدا . هەنگاوی یەکەم بۆ ئەم ئامانجە بریتییە لە ئەنجامدانی هەلبژاردن تاکوو ئیرادەی دێمۆکراتیک لەم بارو دۆخە پڕ لە تەنگەژەیەدا ببێتە فاکتۆری بریاردەر و نەک تێندێنس و رەوت و مەیلی میلیشایی.
دووهەم، پتەوتر کردنی هاوپەیمانییەکانی و پاراستی وان کە ئەوەش کاریگەرترین رێگای، تێگەیشتنە لە سیاسەت و بەرژەوەندی و ئەولەوییاتی هاوپەیمانانەوە دەبێت.

© 2017 Hawler