تشرینی یەکەم 16, 2018

بڵند نەورەس

 

تەماشای سیاسییەکانمان بکە زۆرینەیان لە یەک بازنەدا دەخولێنەوە و لەسەر یەک ھێڵ سیاسەت دەکەن!
تەماشای میدیاکانمان بکە ھەموو بەرنامەکان و تەنانەت زۆربەی میوانەکان دەڵێی لەیەک پۆلدا خوێندویانە بە یەکەوە!
تەماشای ڕۆشنبیرەکانمان بکە سەرجەمیان دنیابینییان لە ئاستی لۆکاڵیدایە یان ئەوپەڕی لە ئاستی ناوچەییدان!
تەماشای ھونەر و ھونەرمەندانمان بکە دەڵێی بە ھەموویان یەک فڵچە و، یەک ئاواز و، یەک دەق و، یەک سێناریۆیان بۆ دانراوە!
تەماشای زانکۆ و ئاستی خوێندن بکە ڕێک دەزانیت بڕوانامەکان تەنھا ناونیشانن و خوێندنیش تەنھا بۆ پارچە کاغەزێکە کە ناوی بڕوانامەیە!
بوارەکانی تریش لە ھەمان بۆشایی قەتیزکراوەدا دێن و دەچن.
ئەم دەردانە نیشانەی لاوازی بیرکردنەوەن.
پیشەسازی لە فکردا ئەو خاڵە سەرەکییەیە کە ئێمەی دواکەوتوو بە مانا سەردەمێکەی، جیا دەکاتەوە لە ئەوانی پێشکەوتوو، جا ئەوان لەھەر کوێیەکی زەویدابن و خاوەنی ئەو پیشەسازییەبن.
ئێمە نە تاک نە دامەزراوە نە سیستەم ھەڵپەی فکری نییە، بۆیە کە فکر نەبوو چۆن پیشەسازی تێدا دەکرێت!؟
تاکە ڕێگای دەربازبوون لە دواکەوتویی و ھەژاری و ماڵوێرانی و جەنگ تەنھا فکرە.
ئەم پیشەسازییە پرۆسەیە و دەبێت دەسەڵات کەشی بۆ بڕەخسێنێت و ھەنگاوەکانی ڕێکبخات، گەر دەسەڵات نەگاتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت پیشەسازی لە کوالێتی مرۆڤدا بکات ھەرگیز ناتوانێت بناغەیەکی بەھێز دابنێت بۆ داھاتووی نەتەوەکەی.
بۆیە ئەم پرۆسەیە بە تاک دەستەبەرنابێت، چونکە لەھەر وەگەڕخستنێکی نوێی فکریدا سەدان ناحاڵی و نەزان و بەتاڵی کاربەدەست دەبنە ڕێگر لە سەرکەوتنی ئەو فکرە نوێیەدا.
ئاخر ئەوانە بەرھەمی جەھلن و لەسەر جەھل راھاتوون و قات لەبەردەکەن و فێری چەتاڵ و چەقۆ بوون و دەستیان بە خواری لەسەر رانیان دادەنێن کە دادەنیشن، بەڵام ناو کەلەی سەریان دەنگ دەداتەوە لە بەتاڵیدا!
پیشەسازی فکری دەرگای کرانەوەی سەرجەم بوارەکانی ژیانی مرۆڤن لە ھەر ژینگە و کۆمەڵگە و وڵاتێکدابێت، کەی گەیشتین بە بیرکردنەوە لە پیشەسازی فکردا، ئەوکاتە دەرفەتێک دەرەخسێت بۆ فکر لە کۆی بوارەکاندا، بەڵام تا جاھیل لە قاڵبی زانادا سورەی بەرلەشکربن، بێگومان فکر لە پانتایی وتن زیاتر بڕناکات.
پێشکەوتن گەر بەرھەمی فکری مرۆڤەکان نەبێت، خۆیان بە خاوەنی نازانن و لە بەھاکەی تێناگەن و باکیان پێی نییە و تەنھا بەکاری دەھێنن، کە شکستیشیان ھێنا ئۆباڵی دەخەنە سەر کەسانی تر. ئەمە سروشتی ڕێگرتنی جەھلە لە فکر.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.