کانونی یەکەم 18, 2018

چ ده‌چێنی ئه‌ویش ده‌دروییه‌وه‌

سیامند سێلکی

 

له‌ هه‌موو دنیادا هه‌ر هیزێک که‌ ده‌چێته‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، به‌رهه‌می ئه‌و سیاسه‌ته‌ له‌سندوقه‌کانی ده‌نگداندا کۆده‌کاته‌وه‌ که‌ پێشتر له‌بواری پراکتیکیدا پیاده‌ی کردووه ‌و به‌ڕێوه‌ی بردووه‌، ئه‌وه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه‌که‌ی ڕاستگۆ بووه ‌و دڵسۆزانه‌ خزمه‌تی خه‌ڵک و خاکه‌که‌ی کردووه‌، یان له‌سیاسه‌تکردندا ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکانی گه‌ل و وڵاتی کردبێت و به ‌کرده‌وه‌ش قوربانی بۆ پاراستن و گارانتی کردنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ی دابێت. ئه‌وه‌ له‌ڕێگای سندوقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه‌ له ‌لایەن ده‌نگده‌رانه‌وه‌ ڕێزی لێ ده‌گیرێت و پاداشت ده‌کرێت، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ی دوور له‌هه‌ستکردن به‌به‌رپرسیارێتی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکانی گه‌ل و وڵات کردبێت و له‌پێناو هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزبایه‌تی سیاسه‌تی خۆی داڕشتبێ و به‌ڕێوه‌ی بردبێ. ئه‌وه‌ له‌لایەن خه‌ڵکه‌وه‌ سزدا ده‌درێت و تۆڵه‌ی لێ ده‌کرێته‌وه‌. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ خه‌ڵکی کوردستان هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ی سزادا که‌ له‌ سێ چوار ساڵی رابوردوودا سیاسه‌تێکی ناته‌ندروست و پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکانی کوردیان به‌ڕێوه‌برد. ئه‌م سزادانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو که‌ دژی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بوون. له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو که ‌له‌ دژوارترین بارودۆخدا له‌و به‌رپرسیارێتیه‌ی که‌ ده‌که‌وته‌ سه‌رشانیان رایان کرد و داوای رووخانی حکومه‌تی کوردستانیان کرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ سزادران که‌ خۆیان ئاماده‌کردبوو له‌به‌رده‌م قه‌ڵای هه‌ولێر و ده‌روازه‌ی شاری دهۆک پێشوازی له‌حه‌شدی شه‌عبی بکه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ سزادران که‌ له‌جێبه‌جێکردنی سیاسه‌تی برسیکردن دژی کوردستانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا هاوهه‌ڵوێست و هاوکار بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ سزادران که‌ له‌ماوه‌ی چوار ساڵی رابوردوودا به‌بیانوی دواکه‌وتنی موچه ‌و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری یارییان به‌هه‌ست و سۆزی خه‌ڵکی کوردستان کرد ......هتد. به‌پێچه‌وانه‌ی سزادانی ئه‌و حزبانه‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌ڕێگای سندوقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه‌ رێزیان له‌سیاسه‌تی راست و دروست و واقعیانه‌ی پارتی گرت و دووباره‌ متمانه‌یان پێ به‌خشیه‌وه‌، ئه‌م رێزگرتن و متمانه‌ به‌خشینه‌ به‌پارتی، ئه‌رێکردنی ئه‌و سیاسه‌ته‌ حه‌کیمانه‌یه‌ بوو، که‌ له‌م سێ چوار ساڵه‌دا سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی له‌پێناو گارانتیکردنی ئاینده‌یه‌کی گه‌ش و ژیانێکی پر له‌به‌خته‌وه‌ری و پاراستنی خاک و خه‌ڵکی کوردستان پیاده‌ی کردو به‌رێوه‌ی برد . رێزگرتن بوو له‌هه‌لۆێسته نه‌گۆڕ و چه‌سپاوه‌کانی سه‌رۆک بارزانی که‌ پڕ بوون له‌جوامێری و مه‌ردایه‌تی،نواندنی سۆزو وه‌فاو خوشه‌ویستی بوو،بۆ سه‌رۆکێک که‌به‌و په‌ری ئازایه‌تی و مه‌ردایه‌تیه‌وه‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو ناحه‌زو دۆژمنانی کورد وه‌ستایه‌وه‌و ئاماده‌ نه‌بوو به‌هیچ نرخێک ده‌ست له‌مافی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان هه‌ڵگرێت، خه‌ڵکی کوردستان له‌سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان پاداشتی تاڵی و زه‌حمه‌ت و فیداکاریه‌کانی پێشمه‌رگه ‌و سه‌رۆک بارزانیان دایه‌وه‌ که‌ له‌به‌رده‌م هێرش و په‌لاماره‌کانی داعش و حه‌شددا سنگیان کرده‌ قه‌لغانی پاراستنی خاک و خه‌ڵکی کوردستان. دووباره‌ متمانه‌دان به‌پارتی له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو که‌ دوای خیانه‌تی شازده‌ی ئوکتوبه‌ر و له‌سه‌ختترین و دژوارترین بارودۆخدا پارتی ملی دایه‌ به‌ر به‌رپرسیارێتی و له‌ڕێگای داڕشتنی سیاسه‌تێکی حه‌کیمانه رووبه‌رووی هه‌موو ئه‌و مه‌ترسیه‌ جدیانه‌ بویه‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر کورد هه‌بوون، بێ گومان له‌سایه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ بوو که‌ هه‌موو مه‌ترسی و گه‌مارۆکان له‌سه‌ر کوردستان لابران و دۆخی کوردستانیش ئاسایی بویه‌وه‌. که‌واته‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ کورد ده‌ڵێ چ ده‌چینی ئه‌ویش ده‌دروویه‌وه‌. پارتی له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌رهه‌می کاروخه‌باتێکی دلسۆزانه‌ی کۆ کرده‌وه، خه‌ڵکی دیکه‌ش به‌رهه‌می ڕاکردن له‌به‌رپرسیارێتی و یاریکردن به‌هه‌ست و سۆزی خه‌ڵکیان کۆ کرده‌وه‌.

© 2017 Hawler