کانونی یەکەم 18, 2018

درۆی دیموكراسیه‌ت و دیكتاتۆریه‌تی هه‌ڵبژاردن

یاد سرێشمه‌یی

 

كورد له‌دوای كۆڕه‌وه‌ی ساڵی 1991 قۆناغی بنیاتنانی كوردستان و پێكه‌وه‌ ژیانی سیایی و ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستپێكرد، دواتریش له‌ رێگای تاقیكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئه‌زموونی دیموكراسی له‌ ئاڵی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ری گه‌ل له‌ 1992 و پێكهێنانی یه‌كه‌م كابینه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی به‌سه‌ركه‌وتووی ئه‌زموونكرد، پیشاندانی ڕووی دیموكراسی تاك و حزبی كوردستانی به‌ دونیایی ده‌ره‌وه‌، تروسكایی ئومێدێك بوو به‌چه‌سپاندنی دیموكراسی له‌ هه‌رێمێك چوارده‌وری وڵاتانێكن ئیمانیان به‌ دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن لاواز بوو، ته‌نانه‌ به‌شێكیان بێ ئیمان له‌ ئاست ئه‌و پرسه‌.
كورله‌ ئیداره‌دانی وڵات پێنج كابینه‌ی حوكمڕانی ئه‌زموونكردووه‌ كه‌ له‌ رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ نوێنه‌ری گه‌ل هه‌ڵده‌بژێردرێن، به‌ڵام ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له‌ دواهه‌مین هه‌ڵبژاردن له‌ به‌شێكی وڵات كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردن ڕاسته‌وخۆ پاشه‌كشه‌ی دیموكراسی لێده‌خوێندرێته‌وه‌، ئیتر به‌ درۆی دیموكراسی په‌رده‌پۆشناكرێن، دیكتاتۆریه‌تی هه‌لبژاردن قوتده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌نێو ئه‌م نه‌هجه‌ له‌ سیاسه‌تكردنه‌دا پێمان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئێمه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بین، ئه‌نجامه‌كان قبوڵناكه‌ین، هێزی سه‌ربازی به‌كارده‌هێنین، له‌كوێ‌ ئه‌نجامه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندیمان نه‌بێت بنكه‌كانی ده‌نگدان تێكده‌ده‌ین و كه‌لوپه‌له‌كانی كۆمسیۆن ده‌شكێنین و په‌یوه‌ندی ئۆفیسی كۆمسیۆنی سلێمانی و له‌گه‌ڵ ئۆفیسی نشتمانی ده‌پچڕێنین، بڕیاره‌كانی كۆمسیۆن كه‌ رێگری له‌ ساخته‌كاری ده‌كه‌ن ره‌د ده‌كه‌ین.
سه‌یركه‌ن، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی هه‌ڵبژاردن كه‌ ئه‌نجامه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی نه‌بوون، كۆمه‌لێك ئه‌ندام و سه‌ركرده‌ی ئه‌و حزبه‌ به‌ وته‌بێژی یه‌كێتیشه‌وه‌ له‌ رێگای لێدوانی بوغزاوی كه‌ راسته‌وخۆ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌، پێمانیان گووت ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كان ئه‌وانه‌ نه‌بن كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت، ئه‌نجامه‌كان قبولكراو نابن، له‌ماوه‌ی ته‌نها چه‌ند كاتژمێرێك یان ڕوونتر بڵێین پێش ساخته‌كاری و دوای ساخته‌كاری قوباد تاڵه‌بانی دوو لێدوانی جیاوازی هه‌بوو پێش ساخته‌كاری ئه‌نجامه‌كان قبولكراو نه‌بوو، دوای ساخته‌كاری به‌ قودره‌تی ساخته‌بازان هه‌ڵوێستی گۆڕا و ته‌پڵی سه‌ركه‌وتن لێدرا.
جگه‌ له‌وه‌ی ئۆفیسی كۆمسیۆن له‌ سلێمانی په‌یوه‌نده‌كانی له‌گه‌ڵ ئۆفیسی نیشتمانی پچڕا، كاتژمێر 12ی نیوه‌ڕۆ زانیاری و داتای گه‌یاندووه‌، به‌ پێی رێككاره‌كانی كۆمسیۆن ده‌بێت دوای ته‌واو بوونی واده‌ی هه‌ڵبژاردن دواهه‌مین داتا بگه‌یێنێت، به‌ڵام ئۆفیسی سلێمانی سێ كاتژمێر دوای كۆتاهاتنی پرۆسه‌كه‌ دوا داتای ناردووه‌ كه‌ تێیدا رێژه‌ی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر گۆڕانی به‌سه‌ر داهاتووه‌، له‌ پێنج كاتژمێری یه‌كه‌م له‌ %9 ده‌نگده‌ر ده‌نگی داوه‌، به‌ڵام له‌ شه‌ش كاتژمێری دوای نیوه‌ڕۆ رێژه‌كه‌ به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رووی %50 كه‌ ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كی روونه‌ ساخته‌كاریه‌كی گه‌وره‌ ئه‌نجامدراوه‌، له‌ كاتێكدا به‌ پێی ئاماری نوێنه‌رانی حزبه‌ سیاسیه‌كان به‌ گشتی رێژه‌ی به‌شداری هاوڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردن نه‌گه‌یشتۆته‌ %20.
به‌و حه‌مله‌ میدیاییه‌ی یه‌كێتی و هیستریایی سه‌ركرده‌كانی ته‌نها مه‌به‌ستیان بوو چاوی میدیاو خه‌ڵك له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی ساخته‌كاری و پێشێلكاریه‌كانی دژ به‌ كۆمسیۆن لاده‌ن، كه‌چی زۆرترین ساخته‌كار به‌رێگای ره‌گه‌زنامه‌ی ساخته‌و چاوسوركردنه‌وه‌ له‌ ده‌نگده‌رو پچڕاندنی په‌یوه‌ندی كۆمسیۆن به‌ ئۆفیسی نیشتمانی ئه‌نجامدراوه‌.
ئێستا یه‌كێتی ته‌پڵی سه‌ركه‌وتن لێده‌دات دوێنێ سه‌ركرده‌كانی ده‌یانگووت ئه‌نجامه‌كان قبولناكه‌ین، ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ رووری راستی دیموكراسی ئه‌و حزبه‌مان پێ‌ پیشانده‌دات ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندیان بێت هه‌ڵده‌په‌ڕن، له‌به‌ژه‌وه‌ندیان نه‌بێت سنودقه‌كان ده‌ڕفێنن و بنكه‌كانی كۆمسیۆن ده‌شكێنن، ده‌بێت هه‌ڵبژاردنی دوێنێ‌ رووی دیموكراسی سنوری ده‌سه‌ڵات و پارێزگاكان پیشانی خه‌لكی بدات، چیتر به‌ درۆی دیموكراسی، له‌به‌رامبه‌ر دیكتاتۆریه‌تی هه‌ڵبژاردن بێده‌نگ نه‌بن.

© 2017 Hawler