کانونی یەکەم 18, 2018

كاركردنی كارمەند كەمتر لە سنووری یاسایی تاوانە!

عومەری چنگیانی

 

ستوونی ئەمڕۆمان بەشێكە لە پازدەیەمین وتاری هەینیمان كە لە 4 ی محەڕەمی 1440ی كۆچی بەرانبەر بە 14 ی ئەیلولی 2018 لەسەر دوانگەی"مزگەوتی خەدیجەتولكوبرا"ئاراستەمان كرد و، تیشكمان خستە سەر چەند بابەتێكی گرنگی وەك: 1- هەندێك مامەڵەی باوی حەرام. 2- باسكردن لە حەرامێتی نانی كارمەندێك كە سەعاتەكانی كاركرنی تەواو نەكات . 3- باسكردن لە گرنگی پارێزگاری كردن لە زمان .4 - لە گەڕانەوەدا بۆ لێكدانەوەی ئایەتی حەوتی سورەتی فاتیحە باسكردن لە جۆرێكی تر لە جۆرەكانی گمڕایی. 5 - وەبیرهێنانەوەی ڕۆژووی دەی مانگی محەرەم .
یەكەم: هەندێك مامەڵەی باوی حەرام: ئەوەی لە فیقهی ئیسلامی شارەزا بێت، دەزانێ لە بنەماكانی شەریعەت ئەوەیە كە "نە زیان بەخۆ گەیاندن، نە زیان بە خەڵك گەیاندن دروست نین" بەشێوەیەكی گشتی هەر مامەڵەیەك سوو خواردنی تێدا بێت حەرامە و خوا ئەو جۆرە مامەڵە بە ڕاگەیاندنی شەڕ لە دژی خوا و دژی پێغەمبەر- دروود وسڵاوی خوای لەسەربێت – ناوی دەبا و لە دووسەد و حەفتا و پێنج هەمین ئایەتی سورەتی "بەقەرە"و بەدواوە، زۆر بەڕوونی ئەوەمان تێدەگەیێنێت و تایبەت لە دووسەد و حەفتا و نۆ هەمین ئایەتدا دەفەرمێت: "ئەگەر ئێوە واز لە ڕیبا نەهێنن ئەوە شەڕێك ڕابگەیێنن لە بەرانبەر خوا و پێغەمبەرەكەی".گومان لەوەیشدا نییە كەسێك لەبەرانبەر خوا شەڕ ڕابگەیێنێ، تا چەند دۆڕاوە. جا ئەوەی جێی داخە ئێستا چەندین مامەڵەی پڕلە سوو پەیدابووە، وەك ئەوەی پێی دەڵێن ڕاكێشانی كڕیارو فرۆشتنی شتی خەیاڵی و زیادكردنی پارە، كە زانایانی دنیا فەتوای حەرامێتییان دەركردووە لەسەری و یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستانیش بە توندی لە بەرانبەریدا ڕاوەستاونەتەوە .
دووەم: حەرامێتی نانی كارمەندێك كە سەعاتەكانی كاركرنی تەواو نەكات: لە زۆربەی ناوچەكانی ئێمە و دەوروبەرماندا، بە پێی یاسا هەر كارمەندێك لانی كەم هەفتانەی دەبێ چل سەعات ئیش بكات، كە ئەمە كەمو زۆرییەكی تێدا هەیە و هەندێك جیاوازی هەیە، بەڵام كارمەندێك هەر كارنەكا و بن دیوار بێ، یان كاركردنەكەی مانگی چەند ڕۆژێك بێت، ئەمە جگە لەوەی یاسایی نییە، كارێكە پێی دەگوترێت "سوحت" و ستەم و خواردنی ماڵی خەڵك لەسەر بنەمای بەتاڵ، كە لە شەست و دوو و شەست و سێهەمین ئایەتی سورەتی "مائیدە"دا كە باس لە یەكێك لە ئاكارە خراپەكانی لادەرە جوولەكەكان و بەرپرسیارێتی "حاخام" و "مالوم"ـەكانیان دەكات كە ڕێگرییان لێ نەدەكردن دەفەرمێت: "دەبینی زۆربەیان كێبڕكییانە و پێشبڕكێ دەكەن بۆ تاوانكردن و دوژمنایەتی و خواردنی ماڵ بە ناهەق و ستەم، كە بە ڕاستی خراپ كردەوەیەكیان ئەنجام دەدا * گەربێت و خواناسەكان و بۆ خوا سوڵحاوەكانیان ڕێگرییان لێنەكەن و شارەزاكانیان لە ئایین، رێگرییان لێ نەكەن لە قسەی خراپەكردن و ستەمخۆری، ئەوا پیسترین كارە ئەنجامی دەدەن". لە سەد و هەشتا و هەشت هەمین ئایەتی سورەتی"بەقەرە"یشدا دەفەرمێت: "نەكەن ماڵتان بە بێ هەق بخۆن و بیبەن بۆ كاربەدەستەكانتان بۆئەوەی ڕێگاتان بۆ ئاسان ببێت تا هەندێك لە ماڵ و سامانی خەڵك بخۆن بە تاوان و هاوكات ئێوە دەشزانن كە نابێ وا بكەن".
سێیەم: باسكردن لە گرنگی پارێزگاری كردن لە زمان: خوای گەورە لە هەژدەیەمین ئایەتی سورەتی"قاف"دا دەفەرمێت: "هیچ وشەیەك نییە مرۆڤ بیڵێت لەسەروویەوە چاودێرێكی بەهێز و وردبین هەیە". تەنانەت لە سی و شەش هەمین ئایەتی سورەتی"ئیسرا"دا دەفەرمێت: "بەڕاستی گویچكە و چاو و دڵ بەرپرسیارن لە هەر وتن و كردەویەكی تاك و لێپێچانەوەیان لەگەدا دەكرێت".
چوارەم: باسكردن لە جۆرێكی تر لە جۆرەكانی گمڕایی:لە گەڕانەوەدا بۆ لێكدانەوەی ئایەتی حەوتی سورەتی فاتیحە و باسكردن لە جۆرێكی تر لە جۆرەكانی گمڕایی، دەچینە خزمەت بیست و دووهەمین ئایەتی سورەتی"زومەر" كە خوا دووری لە یادی خوا بە گمڕایی ناودەبات و دەفەرمێت: "ئەرێ كەسێك كە خوا دڵی بە نوری ئیسلام گەشاندبێتەوە و بەردەوام بێت لەسەر ڕووناكی وەك كەسێكی تر وایە؟ دۆزەخ و سزا بۆ ئەو كەسە بێت كە دڵڕەقن لە ئاستی یادی خوا كە ئەوانە لە گمڕاییەكی دیاردان".
پێنجەم: ڕۆژووی دەیەم ڕۆژی مانگی محرەرەم: لە دەیەم ڕۆژی مانگی محەڕەمدا بەڕۆژوو بوون خێرە، بەڵام دەبێ بڕوادار لەوە ئاگاداربێت كە ئەو ڕۆژووە لە نزیك و لە دور هیچ پەیوەندی بە كوشتنی حسێنی كوڕی عەلییەوە نییە و خۆ ئەشكەنجەدان بۆ پاكبوونەوە لە گوناهی خەڵكی تر یان گوناهی خۆت لە ئیسلامدا نییە و بۆماوە و لاساییەكی نەفامانە و كوێرانەیە و لە چەندین جێگای قورئاندا هاتووە كە هیچ كەسێكی تاوانبار تاوانی تری بەملدا نادرێت چ جای ئەوەی بێ تاوانێك تۆڵەی لێ بستێندرێت لەسەرتاوانی خەڵك".

© 2017 Hawler